پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی کەوانۆکەی بەپیت

کارەکانی هەڵکۆڵین و تەکنیکی ڕادار و دیاریکردنی کات بە تیشک لە ئەشکەوتی پەلیگەورە  لە ناو بازیان لە توێژینەوەیەکی زانستیی ساڵی ٢٠١٩دا، لە لایەن چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکی زانستیی بەریتانیا بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی کراوە، لە دامێنی چیاکانی زاگرۆسدا گەیشتە یەکەمین بەڵگەی ژیانی مرۆڤی کۆن لە دوایین چاخی بەستەڵەک تا کۆتایی چاخەکە، واتا ١٩٦٠٠ تا ١٣ هەزار ساڵ پێش ئێستە و لە سەردەمی (ئیپیپالایۆلیثیک-لە زانستی شوێنەوارناسییدا دەکاتە ١٠ بۆ ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر). ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە تەریب بە ئەنجامەکانی زارزی (لادێیەکی بچووکە لە شەقامی سەرەکی سلێمانی-دوکان دوای دلکان دێت) و ئەشکەوتی حاجی بەهرامی پارێزگای فارس لە ئێران، دێنەوە. ئەو ئەنجامانە دەمانخەنە بەردەم پرسیاری ئەوەی ئایا ئەو ناوچانە لە چاخی بەستەڵەکدا، ژیانی لێبووە

 

ئەنجامەکان، بەپێی شیکردنەوەی پاشماوەی ڕووەکەکانی لە زارزی دۆزرانەوە، ئەوە دەردەخەن ئەو ناوچانە دارستانی تەڕ، لەوەڕگای تێر وئاژەڵانی ناو ئاو و دەم ئاوەکانی لێبووە. ئەوانە هەموو هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی باشووری خۆرئاوای ئاسیا و خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، لەلایەن کۆمەڵگەی زارزی زووتر لە ١٠ هەزارساڵ لەمەوبەر واتا چاخی بەردینی کۆن، بەکارهاتوون. بە بۆچوونی شوێنەوارناسان ئەشکەوتی پەلیگەورە، کە بەسەر دۆڵی بازیاندا دەڕوانێ، لە ئاو نزیک بووە، چەندین ئامرازی بەردیینی تێدا دۆزراوەتەوە، ئەوا جێنشینێکی سەرەکی مرۆڤی کۆن بووە. ئەو پارچە ئێسقانانەی لەو ئەشکەوتەدا دۆزراونەتەوە بەڵگەی ڕاوی ئاژەڵی وەکو (گا، مانگا، ئاسکە سوور، ئەسپ، ئاسکی کێوی، بەراز)ن

 

دۆزینەوەی کۆمەڵێکی تەواوی ئامرازی بەردیین لە زارزی نیشانەی نیشتەجێبوونی مرۆڤی کۆنە لەو ناوچەیە. دەرهێنانی چەندین پارچە و ئێسکی هەمەجۆر لە چەندین چینی ئەشکەوتی پەلیگەورە نیشانەی بەردەوامیی ژیان بۆ چەندین هەزار ساڵە، تا دەگاتە چاخی بەردینی کۆن. هەمەجۆرەی ئامرازەکانیش نیشانی دەدات کۆمەڵگەکان ئەرکی جیاجیایان بۆ تاکەکانیان، هەبووە. دروستکردنی ئامرازی بەردین، ئێسقان، دارتاشیی، گۆشت داتاشین، سەربڕین و ئامادەکردنی لاشەی گیاندارەکان، دەرهێنانی ئێسقانەکان، تا دەگاتە کۆکردنەوەی گژوگیای دەورووبەر

 

هەردوو شوێنەوارگەی زارزی و پەلیگەورە، دەکەونە دوو شوێنی هاوشێوە. نزیکن لە ئاو، لە ناو ئەشکەوتدان و بە ئاسانی بۆ ڕاوکردنیان دەگەنە لەوەڕگاکانی ئاژەڵان. جگە لەوانیش، هەردووکیان چەندین ئامرازی بەردیینی هاوشێوەی تێدابووە. جۆری چالاکیی، هەڵسوکەوت و شێوازی ژیانی هەردوولامان لەسەردەمی چاخی بەردییندا، بۆ دەردەخات

 

بە تەواوبوونی چاخی بەستەڵەک و گۆڕانی کەشوهەوا، هیچ گۆڕانێکی دیار لە شێوازی ژیان و شوێنگەی مرۆڤی کۆن لە هەردوو شوێنەوارگەی زارزی و پەلیگەورە، ڕووینەداوە. پەنابردن بۆ بن بەرد و ئەشکەوتەکان و ڕاوکردن، تا کۆتایی چاخی بەردین وەکو خۆی ماوەتەوە. بەڵام بەو کۆتاییەی چاخی بەستەڵەک نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ئاستی نێچیر و ڕووەک و دار و دارستان و دابەشبوونی بەسەر ناوچەکاندا گۆڕانی بەسەردا هات. ئەوەیش وای کرد جێنشینانی ئەشکەوتەکان لە سروشتی شاخ و داخ و دیمەنە جوانەکانی، دووربکەونەوە

 

ئەو چەقبەستووییە لە شێوازی ژیانی دانیشتووانی ئەشکەوتی شانەدەر لە ناوچەی بلە و بارزانی هەولێر، نەبووە. چونکە ئەوان لە ئەشکەوتەکە بەر لە ١٠ هەزار ساڵ بۆ دەشتاییەکان دابەزیون و لەوێ نیشتەجێ بوون. دوو جار، شێوە بازنەیەک بە بەرد و ئێسقان لەسەر یەک دروستکراوە. واتای ئەوەیە بۆ ماوەی درێژ لەو دەشتەکان ماونەتەوە و ئەوە هەنگاو بووە بۆ دەرکەوتنی لادێ و نیشتەجێ هەمیشەییەکانی مرۆڤی کۆن. پرسیاری زۆر ماون وەڵامبدرێنەوە تا بمانگەیەنێتە ئەنجامی یەکلاکەرەوە بۆ چۆنییەتی گۆڕانی ژیانی بن بەرد و ئەشکەوت بۆ تەختایی و دەرکەوتنی کشتوکاڵ

 

چیرۆکی دەرکەوتنی ئەو هۆکارانەی گۆڕینی شێوازی ژیانی مرۆڤی کۆن لە دامێنی چیاکانی زاگرۆس، وا ڕۆژی لێ هەڵدێت. لە ساڵی ٢٠١٩ سەروو  ٦٠ گروپی جیاجیای زانایانی شوێنەوارناسیی زانکۆکانی جیهان لە سەر خاکی کوردستان بەدوای شوێنەوارەکان و سەرەداوی چۆنییەتی ژیانی مۆرڤی کۆن، شوێنەوارەکانیان، شارستانییەتەکانی لەو ناوچەیەدا دەسەڵاتدار بوون، و زۆری دیکە، دەگەڕێن. ئەنجامی زۆر باش لە ساڵی ٢٠١٠وە بەدەست هاتوون. بەڵام زۆریشی ماوە

 

دوای ٧٠ ساڵ لە یەکەمین نێردەی شوێنەوارناسیی بۆ چەرمۆ، توێژینەوە و شوێنەوارگەڕی زۆر پێویستن تا بتوانین نەخشەیەکی هاوچەرخی تەواوی شوێنەوار و نموونەکانی هەر شوێنەوارگەیەک دروست بکەین. بەوشێوەیە دەتوانین جۆر و پێشکەوتنی نیشتەجێیەکانی مرۆڤی کۆن لە خۆرئاوای زاگرۆس، بدۆزینەوە و لێیان شارەزا بین. ڕەنگە ئەو جۆرە ژیانەیان لەبەر تەسکیی شوێنەکەیان و بەردەڵانیی ناوچەکانیان بووبێ، یانیش لەبەرئەوەبێ دووربوون لە کۆمەڵگەکانی دیکەی ناوچەکە وکاریگەریی کەسیان لەسەر نەبووە

 

سەرچاوە

https://journals.plos.org/plosone/article?id=10.1371/journal.pone.0239564