قەڵای زێرزەڤان لە دیاربەکر

قەڵای زێرزەڤان یان کۆشکی زێڕزەڤان دەکەوێتە دیاربەکر. لە خاڵێکی گرنگی ڕێگەی نێوان دیاربەکر و ماردین، ئینجا ئیدیسا (شانلی ئورفە) و نسێبین، بووە. لە سەردەمی ئاشوورییەکان ناوی قەڵای کیناب بووە و بۆ مەبەستی سەربازیی و بازرگانیی لە نێوان ٨٨٢ تا ٦١١ بەر لە زایین، بەکارهاتووە. لەسەر ڕێی هاتووچوونی سوپاکانی ساسانی و ڕۆمانەکان بووە. یەکەمجار لە لایەن کارستن نەیبور ماتماتیکزانی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٧٧٦ سەردانی کراوە و ئەو بە کۆشکی زێڕزەڤان ناوی هێناوە، ئەو کاتە شتێکی وای لەو شوێنە نەدۆزیوەتەوە. دواتر چەندین گەڕیدە سەردانیان کردووە و تێبینی زۆر کورتیان لەسەر نووسیوە. گەڕیدەکان ناویان بە زێڕ زاوا یان زێڕ زەوە هێناوە، دیارە ئەو ناوە لە زێڕی کوردییەوە هاتووە

 

ئەو قەڵا سەربازییە و نیشتەجێیەکەی لەگەڵی بووە بە پانتایی ٦٠٠ هەزار مەتر دووجا بووە. تا ئێستە کەمێک لە پاشماوەی تاوەری سێ قاتی پاسەوانان و تاوەری بەرگریی، کڵێسا، دامودەزگەی بەڕێوەبردن، کۆگەی چەک و شوورەی دەوریان، دیارن. دیواری دەورەی نیشتەجێیەکە ١٢٠٠ مەتر درێژ بووەتەوە و  ١٢ تا ١٩ مەتر بەرز و ٢ تا ٣.٢ مەتر پانن. لە هەندێ شوێندا دیواری هەڵچنراو لەگەڵ بەردی داتاشراوی شاخی شوێنەکە تێکهەڵکێشکراون تا دیوارەکان بەهێز ببن. لە سەدەی سێی زایینیەوە تا ساڵی ٦٣٩ی زایینی ژیانی تێدا بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ کنە و پشکنینی شوێنەوارناسیی لێکراوە

 

بەشی زۆری خانووەکان لە لای باکووری ئەو گردەیە نیشتەجێیەکەی لەسەر دامەزراوە. زۆربەیان خانووی بچووک و یەک ژوورن. تاکە خانوویەکی گەورەی ٩.٦ بە ١٢.٤ مەتر هەیە بۆ چوار ژوور دابەشکراوە. بەردەکانی زۆر گەورە و جیان. پێدەچێ خانووی گەورە دەسەڵاتی ئەو نیشتەجێیە بووبێ. خانووەکانی دیکە لە دیواری تەنکتر و نزمتر دروستکراون. هەندێ شوێنی نێوان خانووەکان بە بەردی تەخت وەکو شەقام دروستکراون. هەیانە بەردی شاخەکە خۆی وەکو بناغەی دیوارەکان بەکارهاتووە. زۆربەی خانووەکان دوو قات بوون، قاتی خوارەوە بۆ ئەسپ و مەڕوماڵات بووە، هەرچی قاتی سەرەوەیە شوێنی ژیان بووە. دیاری هەندێ لەو خانووانە تا ئێستە بە پێوە ماون

 

پەرستگەیەکی ئایینی میترایی لەو نیشتەجێیەدا هەبووە. گەورەترین پێکهاتەی ئەو کاتەی قەڵاکە بووە. هەموو پەرستگەکە لە بەردی شاخەکە هەڵکۆڵدراوە. دوو ستوونی بەرد لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا هەیە و نەخش و نیگاری لەسەرە. دوو تاقی گەورە و دووی بچووک لە ناو دیوارەکان کۆڵدراون. لە سەر دەگەی چوونەژوورەوەیدا وێنەی نێرەگا کێشراوە. لەسەر دیوارێکیش وێنەی کوشتنەوەی نێرەگا هەیە. چوار کون لە بن میچدا هەیە بۆ هەڵواسینی نێرەگایەکان دروستکراون. چاڵێکی بچووکیش بۆ کۆکردنەوەی خوێنی ئاژەڵی قوربانیکراو، لە زەویدا کۆڵدراوە. جۆگەیەکی بچووکی ئاویش دروست کراوە. هەموو ئەوانە نیشانەی پەسرتگەی میترایین

 

دواتر، ئایینی کریستیان بووەتە ئایینی دەوڵەتی ڕۆما، کڵێسایەکیان لەوێ دروست کردووە. کڵێسایەکە دەکەوێتە ژێر زەمین و بە ٧ پلیکانە دەچیتە خوارێ. لەبەردی شاخەکە هەڵکەندراوە. لە سەر لایەکی دیوارەکان وێنەی خاچ و هەندێ نیشانەی دیکە کێشراوە. پێشتر ئەو شوێنە گۆڕی تێدا بووە، بەڵام گەورەکراوە تا بۆ کڵێسا بشێ. دواتر لە سەدەی شەشەمدا کڵێسایەکی دیکە لە سەرەوە دروستکراوە و تا ئێستە بە پێوەیە

 

گەورەترین پێکهاتە لە هەموو ئەو نیشتەجێیەدا ژوورێکی گەورەی ١١ بە ٢٦ مەتر گەورەیە و لە بەردی شاخەکە کۆڵدراوە و دەکەوێتە ژێر زەمین. ئەو ژوورە بۆ دوو ژووری بچووکتر دابەشکراوە.  ئەو شوێنە وەکو شوێنی خۆ شاردنەوە لە کاتی جەنگ و شوێنی هەڵگرتنی خواردن و دانەوێڵە لە کاتی ئاشتیدا بەکارهاتووە. هەرنەبێ تا ٤٠٠ کەس لەو شوێنەدا جێگەیان بووەتەوە. ٥ کونی تێدابووە بۆ هەوا گۆڕکێ کون کراون. بەرزی ئەو دوو ژوورە ٤ مەتر و ٣٠ سانتیمەترن

 

لە هەموو ئەو شوێنەوارەدا ٥٤ حەوزی ئاو هەیە. هەر هەموویان لە بەردی شوێنەکەی خۆیان هەڵکۆڵدراون و ئاوی نیشتەجێیەکەیان دابین کردووە. حەوزێکی گەورە لە ناوچەیەکی گشتی هەبووە، هەر ماڵێکیش حەوزێکی ئاوی خۆی لەبەردەم ماڵەکەیدا هەبووە. کۆگەیەکی گەورەی ئاو هەبووە بە درێژی ١١ بە ٢٢ مەتر و نیو لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا و لە تەنیشت دیوارە بەرزەکاندا بووە. سەری بە پێکهاتەیەکی چەماوە، داپۆشراو بووە. ئەوە ئاوی هەموو نیشتەجێیەکەی دابین کردووە. ئەو کۆگە گەورەیە لە دەرەوەوە بە جۆگە ئاوی بۆ هاتووە، لە هەڵکۆڵینەکاندا دەرکەوتووە پانی ئەو جۆگەلەیە ٥١ تا ٦٨ سانتیمەتر و قووڵایی ٤٨ تا ٦١ سانتیمەتر بووە. ٦١٦ مەتریش (سەرچاوەکەی یونسکۆ دەڵێ ٨٠٠ مەتر) لە دەرەوەی دیوارەکانەوە درێژ بووەتەوە

 

گۆڕستانێکی گەورەی لێیە دەکەوێتە دیوی دەرەوەی دیوارەکان لای ڕۆژئاوا، شوێنی ناشتنی مردووەکانیان بووە. سێ جۆر گۆڕی تێدایە. دوو گۆڕیان بە بەرد داپۆشراون  و گومبەزێکیان لەسەر دروستکراوە. دوو گۆڕی دیکە هەیە لە بەرد هەڵکۆڵدراون و ٨٨ مەتر لە دیوارەکانەوە دوورن. وەکو ژووری گەورە دروستکراون، دواتر سەکۆیەکی بەرد هەبووە مردووەکانیان لەسەر داناون. لەو دوو گۆڕەدا هیچ نەدۆزرایەوە، دیارە لە سەردەمانێکدا دەستی دزی پێگەیشتووە و هیچیان تێدا نەهێشتووە. وایلێهاتووە، بووەتە شوێنی حەوانەوەی مەڕو ماڵات.

 

پێنچ گۆڕی دیکە هەن وەکو سندووقی مردوو لە بەرد هەڵکۆڵدراون. بە شێوەیەک دروست کراون ئاوی باران نایانگرێتەوە، بەسەر بەردەکەی سەرەوەیدا دەڕوات و ناچێتە سەر تەرمەکەی ناوی. ئەوەی مایەوە، گۆڕی ئاسایین و لە گڵی ناوچەکەدا نێژراون

 

سەرچاوە:

https://dergipark.org.tr/tr/download/article-file/778981 و https://whc.unesco.org/en/tentativelists/6472/

 

وەرگێڕانی بابەتەکە تەواوبوو

لەبەرئەوەی لە قەڵای زێڕزەڤان پەرستگەی ئایینی میترایی هەبووە، بە پێی ئەوەی لەسەر بەردەکانی ئەو شوێنەدا هێماکانی ئایینی میترایی دۆزراونەتەوە. کەواتە بەر لە هاتنی ساسانییەکان و دەرکەوتنی ئایینی زەردەشتی، ئەو نیشتەجێیە هەبووە. بۆیە دەبێ ڕۆمانەکان لە قەڵای زێڕزەڤان بووبن. بە پێچەوانەوە ئەگەر ساسانییەکان لەوێ بان، پەرستگەکەی میتراییان دەکردە پەرستگەیەکی زەردەشتییەکان. ئایینی میترایی لەو کاتەدا لە لایەن ڕۆمانەکانیشەوە شوێنکەوتووانی هەبووە و لە تەواوی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمادا بڵاو بووە و ئازاد بووە، دەسەڵاتی ئەوکاتەی ڕۆما گەیشتبووە ناوچەی دیاربەکر، یان لە سنوورێ نێوانیاندا لەگەڵ مادەکان و دواتر ساسانییەکان بووە. دەکرێ هەر ئەو پەرستگە میتراییە تەمەنی بۆ بەر لە زایین بگەڕێتەوە بەڵام ڕۆمانەکان بۆ سەربازگە گۆڕیبیان