Cemke Hoyuk گرێ چەمکە

نیشتەجێیەکی چاخی بەردینی نوێیە، بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی هەبووە. لە دەورووبەری گوندی ئیلیسۆیە و تەنیا ١١٠٠ مەتر لە بەنداوی ئیلیسۆ دوورە. ٤٢٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، بەرزە. لە ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەیە و تەنیا ٩٠٠ مەتریش لە شوێنەواری زەوی بە موروو یان زەڤیا مەهرک یان (بۆنجوکلو تارلا) دوورە. ڕووبەری ئەو نیشتەجێیە ٦٥ بە ١٣٥ مەترە و بە قووڵایی ٧ مەتر شوێنەواری تێدایە. لە ڕووماڵی ساڵی ٢٠٠٨ نەدۆزرابووەوە، بۆیە بە کاری ڕێگەی بەنداوی ئیلیسو بەشێکی تێکدراوە. ڕیگەکە بە ناوەڕاستی ئەو شوێنەوارەدا لێدراوە

 

پشکنینی شوێنەوارناسیی ٨ چینی بۆ هەردوو سەردەمی چاخی بەردینی نوێ و بەرلەدەرکەوتنی گڵسازیی دەگەڕانەوە، دەستنیشان کرد. جگە لەوان ژمارەیەکی زۆری پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ دۆزرانەوە. لە وردبوونەوەی چۆنییەتی دروستکردنی خانووەکانیان دیارە گۆڕان لە کەپر و کوخی بچووک بۆ پێکهاتەی گەورەتر و ئینجا بۆ دروستکردنی خانووی گەورەی بەبەرد دروستکراو، ڕوویداوە. لە چینەکانی ٢، ٣ و ٤ دا دیواری پێکهاتەکان پتەوتر و ڕێکترن و بە قوڕ سواغ دراون

 

خانووەکانی چینی ٦ خڕیلە بوون و کەمێک زەوی بۆ چاڵ کراوە، تیرەیان لە نێوان ٤ تا ٥ مەتر بوون. تەمەنی ئەو پێکهاتانەی هەردوو چینی ٥ و ٢ بە تەکنیکی کاربۆن ١٤ نیشانی دەدات چینی ٥ بۆ ساڵانی ٩٧٤٢ تا ٩٣١٧ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. ئەوانەی چینی ٢ بۆ ٩٦٦١ تا ٩٣١٣ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە. خانووەکان لە چینەکانی سەرەوە لەوانەی چینەکانی بنەوە گەورەتر و واڵاترن. خانووەکان لەوانەی گرێ کۆرتک و گرێ گوسیر دەچن. خانووە خڕەکەی چینی ٢ بەکەمێک جیاوازییەوە، هەندێ خەسڵەتی خانووەکانی گردی جرف الاحمر، تەل عەبر٣، وادی تومباق ١ و وادی الحەجانە ١ی سووریایان، هەیە

 

ئامرازە بەردەکانی گرێ چەمکە بۆ دوو کۆمەڵ دابەشکران. یەکەمیان ئەوانەن لە سەرە ڕمی نەمریک و شێوە گەڵا دەچن. بەشی هەرەزۆریان ئەوانەن شێوەی سێگۆشەی درێژکۆلەیان هەیە. بەشێکی دیکەیان ئەوەیە لایەکی بەردەکە زۆرتر داتاشراوە تا باریکتر ببنەوە، ئەوانە بۆ سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی دەگەڕێنەوە. دووەمیان ئەوانەن لە قەبارە بچووکترن. شێوە سێگۆشە، نیوە مانگ و وردە ئامرازی دیکە. هەموو ئەوانە هەمان شێوەی ئامرازەکانی ئەشکەوتی زارزی بازیانیان هەیە و سەر بە هەمان کەلتوورن، لە شوێنەوارناسییدا، بە کەلتووری زارزی زاگرۆس ناسراوە

 

بەردی هاڕینی کەمێک ناو قووڵ لە هەموو شوێنێک دۆزرانەوە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ شوێنەوارەکە بە لێدانی ڕێگەکان شێوێندرابێ بۆیە وا بڵاو بوونەتەوە. زۆربەیان بەردی مەیلەو تەخت بوون، بەڵام تێیاندا بوو خڕ بوون. بە شێوەیەکی گشتیی درێژیی ئەو بەردانە لە نێوان ٣٠ تا ٥٠ سانتیمەتر بوون. لەگەڵیاندا، بڕێکی زۆر بەردی کوتانیش دۆزرانەوە. درێژییان لە نێوان ١٢ تا ٢٣ سانتیمەتر دەبوون و هەموویان شێوەی لوولەییان هەیە

 

هەرچی ئامرازەکانی ئێسقانە، کۆمەڵێکی زۆر لە پارچە ئێسقان دۆزرانەوە لە بەشی سەرەوەیاندا کونێکی تێ کراوە. دیارە ئەو کونە بۆ هەڵواسین بووە. دۆزینەوەی ئەو جۆرە ئامرازانە بۆ شوێنەوارناسان زۆر گرنگە، چونکە بەوانە دەکرێ بەراورد لەگەڵ دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی دیکەی وەکو گرێ کۆرتک، حەسەنکێف، کۆتێ بەرچەم، هەلان چەمی و گرێ گوسیر بکرێ و زانیاریی زۆر بەدەست بێ. جگە لەوانە، هیچ ئامرازێکی لە ئێسقان دروستکراوی سەردەمی چاخی بەردین لە هیچ چینێکدا، نەدۆزرایەوە

 

لە هەڵکۆڵینەکاندا، بڕێکی زۆر لە دەفری بەرد دۆزرانەوە. زۆربەیان لە بەردی لایمستۆن دروستکرابوون، هەیانبوو لە بەردی کلۆرایت. نزیکەی هەموو دەفرەکانی کلۆرایت شێوەی ئەندازەییان لەسەر هەڵکۆڵدراوە. پەیکەر و شێوەی دیکە لە بەردەلم و بەردی دیکە هەبوون، لەوانە دەچوون لە شوێنەوارەکانی دیکەی باکووری حەوزی دیجلە وەک کۆتێ بەرچەم، گرێ کۆرتک، حەسەنکێف، گرێ گوسیر، هەلان چەمی و دەمیرکۆی، دۆزرابوونەوە. بڕێکی زۆر لە مورووی لە بەرد و قاوغی گیانداری ناو ئاو دروستکراو لە گۆڕەکاندا دۆزرانەوە. بەڵام هیچیان لە چینەکانی ٧ و ٨ نەبوون

 

هەر ١٥ پەیکەرەکانی ئێسقانی مرۆڤ هی سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازیی بوون. لە ژێر زەوی خانووەکان نێژرابوون. ١٢ پەیکەری مرۆڤی گەورەبوون و ٣ پەیکەریشیان، پەیکەری منداڵ بوون. منداڵەکان هەروا داندرابوون، بەڵام هەبوو لە گەورەکان کروش کرابوونەوە. زۆربەی مردووەکان هیچ ئامراز و بابەتێکیان لەگەڵ دانەندرارە. بەڵام مورووی قاوغی گیانداری ناو ئاو زۆرینە بوون

 

سەرچاوە

 https://www.exoriente.org/repository/NEO-LITHICS/e_NEO-LITHICS_2020_Kodas.pdf