سەما و گۆرانی کوردەکان

نووسینی ڕالف سۆلیکی، ساڵی ١٩٥٥

\ناوی کوردستان واتا ئەو خاکەی کوردی لەسەر دەژی. بە واتای هاوچەرخ بۆ دەوڵەت، خاوەن دەوڵەتی خۆی نەبووە. دوای جەنگی جیهانی یەکەم پەیماننامەی سیڤەر بەڵێنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بە کوردان دابوو. کاتێک یاخیبوون لە ناو کورداندا سەریهەڵدا ئەو پلانە چووە ناو ئەرشیف. کوردستان ناوی پارێزگایەکی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی فارسیشە. لە چوارچێوەی سنووری ئێتنۆگرافیای کوردستانی گەورەدا، کورد گرووپێکی زمانەوانی و کەلتوورین و ژمارەیان زیاتر لە ٣ ملیۆن کەسە. نزیکەی هەموویان بە ئایین موسوڵمانن. کەمینەیەکی گەورە، ناوچەیەکیان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک داگیرکردووە و لە ناو سنووری چوار وڵات تورکیا، ئێران (فارس)، عێراق و سوریادان، بەو ڕیزبەندییە دانیشتووانی کوردیان هەیە.  بەشێکی بچووکیش لە ناو ئەرمەنستانی یەکێتی سۆڤیەتیش هەیە


نیشتمانی گەورەی کورد ڕووبەرێکی کەمێک تەسکە ٦٠٠ میل درێژە و پانی لە ١٢٠ تا ١٥٠ میلە و کۆی هەمووی ٧٤٠٠٠ میل چوارگۆشەیە، یان وەکو نیوئینگلاند و نیوجێرسی پێکەوە. ئەو خاکە لە ناوچە شاخاوییەکانی وڵاتەکانی ناویان هات، پێی ناحەزن، لە بەرزاییەکانی بەرانبەر تۆرۆس لە ناو تورکیا تا کۆتایی چیاکانی زاگرۆس لەباشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی فارس، درێژ دەبێتەوە. بنەچەی ڕەگی کوردەکان جارێ نەزانراوە. وەک لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە، دەگووترێ نەوەی مادەکانن. کۆنترین دەقی سۆمەریەکان لە سەر سواڵەتێک نووسراوە بۆ ٤٠٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، باسی گەلێک دەکات بە ناوی گوتو، یان کوتی. لە ناو جەرگەی شاخ ودەشتاییەکانی عێراقی ئێستە، شانشینێکیان هەبووە بە ناوی گوتیوم. دواتر ئاشووریەکان پێیان گوتوون کورتی. هەندێک هۆز لە سەدەی شەشەمی پێش زایینەوە تا ئێستە ناوەکانیان خۆیان ماوە


کوردەکان زۆر شانازیی بە پاکی ڕەگەز و بنەچەی خۆیانەوە دەکەن و پێیان وایە لە هەموو نەتەوەیەکی ئەوروپا بەهێزتر و پاکترن، چونکە لە ساڵی ٢٤٠٠ پێش زایینەوە لە زێدی خۆیان ماون. بەڵام لە ئاکار و جەستەیاندا پێدەچێ ڕەگەزی جیاوازیان لەناودا بێ. نزیکترین پێوەندییان لەگەڵ رەگەزی ئێرانیدا هەیە  و تێکەڵەی ڕەگەزەکانی ئەرمەن و دەریای ناوەڕاستیان تێدایە. ئاکاری دەموچاویان توند و بەهێزە، قژ ڕەشن، چاو قاوەیین، زۆر جار ئێسقانی لووتیان دەرپەڕیوە. ‌هەیشە چاو شین و قژ کاڵن، بەڵگەی تێکەڵەی باکوورن. باڵایان مام ناوەندە و قەڵەویان کەمە. لە دەرەوەی ژینگە توندەکەیدا، لەوانەیە لە پیشەی وەک حەمباڵ، میکانیک، سەرباز، فڕۆکەوانی فڕۆکە و کەسایەتییە سیاسییەکاندا ببینرێت


کورد لە گەرمای هاویندا لە نێوان گرد و دەشتەکاندا دەبرژێ و لە زستانیشدا سەرما تا سەر مۆخ لێیان دەدا. ئەوە جۆرە کەشە، بازرگانانی پێشووی ڕێگا بازرگانییە گرنگەکانی بە کوردستاندا تیدەپەڕین، دەبەزاند. بەڵام کورد وەک پۆڵا بەدەستی هێناوە. چیاکانی زاگرۆس بەشێکی زۆری کوردستانە و تا ١٥ هەزار پێ بەرزن، هیچیان ئەوەندە نین نەپێورێ. ئەو چیایانە ڕووی باکووری نیمچە کەوانۆکەی باکوور دادەخەن، زۆربەی دەم گردەکان بێ بەرهەمن، کەمێک دار بەڕووی نزم لێرە و لەوێ ماون جارێ دەمی بزنی ناگاتێ یان بۆ خەڵووز نەبڕدراونەتەوە. وانەیەکە لە ڕووتانەوەی سروشت، ئەم گردانە سەردەمانێک بە دارستان داپۆشرابوون و کانگای دارەکانی میسۆپۆتامیا بوون. ئەوان هەر لە کۆنەوە بەوە ناوبانگیان دەرکردووە کە نابێ تووشت بە تووشیانەوە بێ. مەیلی تەقەکردنیان زۆرە، بۆیە دەستتێوەردانی دەرەکییان کەمە. کەوڵکردنی کوردە دیلەکان و نیشاندانیان لە دەرەوەی پایتەختەکانی پێشووی ئاشوور هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ورەی ئەو خێڵەکیانە نەبووە


جیا لە نەتەوەکانی دیکە، کوردەکان هەرگیز فیرنەبوون بە ئاشتییانە لەگەڵ یەکدا بژین. زۆرتر لەگەڵ دراوسێکانیان لە ئاشتیدان. تۆڵەی خوێن لە ناو هۆزەکاندا، سەرەکیترین بەفیڕۆدانی هێزی مرۆیی و کار بووە. ژنخوازیی لە نێوان خۆیاندا زۆر بڵاوە و بۆ بەهێزکردنی هۆزە، بەو جۆرە ناکۆکی هۆزەکان بەردەوامیی دەبێت. مێژووی کورد نادیارە، گرفتی زۆریان بۆ سۆمەریەکان، ئاشوریەکان هەبووە، لە دژی زەینەفوونی یۆنانەکان و سەلووقی فارسەکاندا جەنگاون. سەڵاحەدیینی مەزن زۆربەی هۆزەکانی لە سەدەی ١٢ دا لە ژێر رکێفی خۆی کۆکردەوە. ئەرکێکی خێرای هۆلاکۆ ئەوەبوو کوردەکانی شارەزوور بشکێنێ (کوردی کوهـ)، ئەوان دڕکی بن پێی مەنگۆل بوون. شارەزوور گەورەترین شانشینی سەربەخۆی کورد بوو، لە نێوان سەدەکانی ١١ تا ١٦، دەسەڵاتی لە هەمەدانی وڵاتی فارسەوە تا ڕووباری دیجلە، باڵی کێشابوو. تورکانی عوسمانی زۆر هەوڵی نەزۆکیان دا، تا کوردەکان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. بەڵام بێ ئەوەی سەربازیی بۆ عوسمانییەکان بکەن و سەرانە و باج بدەن، بۆ ماوەیەکی درێژ مانەوە


چیرۆکەکانی پاشا کۆرەی ڕەواندز تا ئێستە لە کوردستانی عێراق دەگووترێتەوە. پاشایەکی یاخیبوو بوو، لە ساڵی ١٨٣٦بە تیر و کەوان تا نان و ئاوی لێ بڕا، بە گژ سوپای عوسمانیدا چووەوە. تا ئێستە کوردەکان چەک لە شانن و بۆ دوژمنەکانیان ئامادەن. ئەگەر لە نێوان خۆیاندا تەبا بووبن، ئەوا هەر زوو هێرشیان بۆ سەر دراوسێکانیان بردووە. هەردوو ئەرمەن و ئاشوورییەکانیان ڕووخاند. چالاکی سیاسیی کوردەکان هەردەم لە دژی حکوومەتەکان بووە، ڕقیان لەهەر دەسەڵاتدارێک بووە، هەرکێ بێ. لە ساڵی ١٩٢٣وە ١٠ جار شۆڕشیان کردووە. دوایینیان ئەوەی ١٩٤٧ بوو، کاتێک مەلا مستەفای هۆزی بارزان لە دژی حکوومەتی عێراق و ئێران شۆڕشی هەڵگیرساندەوە و لە کۆتاییدا خۆی و ژمارەەیکی زۆر لە هاوەڵەکانی، بەرەو سۆڤیەت چوون


بە گوتەی دادوەری دادگای باڵا ویلیام ئۆ دۆگلاس، بارزانییەکان و مەلا مستەفا کە لەلایەن ڕووسیاوە پاڵپشتی دەکران، یەکگرتوو بوون. لە ئازەربایجانی ڕووسیا لە مانگی ئابی ١٩٥٠ مەلا مستەفا ئامادە بوو شەڕێکی نوێ لە کوردستان دەستپێبکاتەوە. بەڵام سەرکەوتنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆریا، پێشگیریی لەو بەرە مەترسیدارە کرد. لە ساڵی ١٩٢٧ەوە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی کورد بە ناوی "خۆیبون" هەیە. بەلام تا ئێستە چالاکییەکانی سەرکەوتنی کەمی دیوە. هەڵبەت لەبەر پەرتەوازەیی و نەبوونی هاریکاری کوردە لە ناو خۆیەوە. هەوڵێک بۆ پاڵپشتی ئاشووریەکان و ئەرمەنەکان هەبوو، بەڵام گوێی بۆ شل نەکرا


کوردەکان لە خانووی بن میچ تەخت و نزمدا دەژین، لە شوێنێک بەردی لێ نەبێ، لە قوڕ دروستی دەکەن. لە خانووی یەک ژووری هەژارەکاندا پەنجەرە نییە، چونکە شووشە گرانە. بۆ ماڵی جووتیارانیان کا و چیلکە و کۆڵەکە بەکاردەهێنرێت. خانووی گوندەکان بەگشتیی وەکو تۆپەڵە لەیەک نزیکن و لە سەرچاوەی ئاو نزیکن و بە کێڵگە دەورە دراون. ژوورەکەیان بۆ چوار چارەک دابەش دەکرێن، هەموو خێزانەکە و ئاژەڵەکان لەو ژوورەدان. خواردن و سووتەمەنیش هەر لەو تاکە ژوورەدایە. شوێنی ژیانی هەمیشەییان زۆر پاک و خاوێنە. چینی دەوڵەمەندانی کۆمەڵگە، خانووی باشتریان هەیە، سەرۆکی هۆز یان گوند سەرەڕای ئەوەی خانوویەکی باشی بۆ ژنەکەی هەیە، دیوەخانیشی بۆ میوان، کاروان و کۆبوونەوەی هاوڕێکانی هەیە. لە ماڵە سادەکاندا، چرایەکی پڵیتەی نەوتی سپی دوکەڵاوی بۆ ڕووناکی بەسە، لەویش باشتر چرای نەوتی سپی شووشەداریان هەیە، لە ماڵەکانی چینی سەرەوەدا چرای "لۆکس"یان هەیە، بە پەمپ لێدان کاردەکات. ئەوانەی لە گوندە دەوڵەمەندەکانن کارەبایان هەیە. بە دروستکردنی بەنداو لە کوردستانی عێراق، بەم زووانە ئەو توێژەی کوردستان کارەبای هەرزانیان دەکەوێتە بەردەست


خواردنی ماڵی جووتیاران تاڕادەیەک سادەیە. بە شێوەیەکی سەرەکیی بە بەرهەمی ئاژەڵەکانی خۆی و کشتوکاڵ دەژی. هەرچەندە لە ڕابردوودا کورد بەردەوام خۆراکی خۆی بە ڕاوکردن دەستەبەر کردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئاژەڵە کێوییەکان زۆر کەم بوونەتەوە. چونکە موسوڵمان نایخۆن، بەراز تاکە ئاژەڵە کێوییە ماوە. گورگ، ئاسک، ئاسکەسوور و ورچ زۆر بە کەمیی لەسەر ئەو خاکەی ئاشووریەکان وەکو وەرزش شێریان لێ ڕاودەکرد، دەبیندرێن. خواردنی سەرەکی کورد نانی گەنمی تەنک و بێ خەمیرەیە، لەسەر پارچە ئاسنێکی قۆقز لەسەر ئاگرێکی کراوەدا، دەبرژێندرێت. نان و قاپێک ماست و چایەکی پڕ شەکر ژەمێکە. پارچەیەک لە پەلەوەر و گۆشتی مەڕ یان بزن، تەواوکەرن. جگە لە کەمێک شەکر و چا، ماڵی جووتیار خۆ بژێون، بە بەرهەمی خۆیان دەژین. ئەگەر چەرخ و شقارتەیان نەبوو، وەکو جاران زۆر کارامانە لە پارچە بەرد و ئاسنێک ئاگر دەکەنەوە


بە پێوەری ڕۆژئاوا بێ، جووتیاری کورد ناوماڵێکی وای نییە، جێی نووستن، مێز و کورسی نییە. گرانبەهاترین بابەتی ماڵیان، بەڕ، سەرین و سەماوەر "ئەگەر هەیانبێ"، پیاڵەی چا و قاپ و قاچاخی مسە. ماڵی کورد بۆ تێکنان و پێچانەوە ئاسانە، زۆر جار ماڵ دەگوازنەوە، زۆر خێزانی کورد تێکەڵەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی دەکات. بەشێکیان هەیە هەر کۆچەر ماونەتەوە و لەم دیو بۆ ئەودیوی سنوور دەگوازنەوە، بە شوێن پێێ هەزاران ساڵەیاندا زستان لە دەشتەکان و هاوین لە ناو چیاکاندا، بۆ لەوەڕی باشتر بۆ مەڕوماڵاتیان، گۆزەگۆز دەکەن. ڕەشماڵە ڕەشەی خوری بزنیان بەرگەی هەموو کەشوهەوایەک دەگرێ. ئەسپ، هێمای پلەی کۆمەڵایەتیی و کەر ئاژەڵی بارکردن و گواستنەوەیانە. کشتوکاڵکردن سادەیە. گەنم، جۆ، لۆکە، تووتن و هەموو جۆری سەوزە و میوە، برنجیش ئەگەر ئاوی باش هەبێ لەدەم گردەکان، دەچێنن. پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کورد دوو سەرەیە، لە لایەک بە پێوەندی هۆز و خێڵەوە، لە لایەکەی دیکەوە بە خوێن و خاوەنداری زەوی و موڵک بەستراوەتەوە. هەردوو سیستەمەکە وا ووردە ووردە لاواز دەبن


لە خاکی کوردانی موسوڵمان، میوانداریی بەشێکی کەلتوورە. هەرچەندە ئەو داب و نەریتانە بەرەو نەمان دەچن، ڕێگە نوێیەکان بە خێرایی ئاکاری کوردستان دەگۆڕن. حکوومەتەکان بەرەی جەنگەکانیان لە دژی کورد شل دەکەن و بەرەبەرە نەخۆشخانە و قوتابخانەی زۆرتر دروست دەکرێن و نوێنەرایەتی خۆیان لە ناو خەڵکدا زۆرتر دەکەن. بەڵام ئەو سوودانە لە حکوومەتێکەوە بۆ یەکیکی دیکە جیاوازە. گومان زۆرە لەوەی ئایا کوردستان وەکو نەتەوەیەکی یەکگرتوو و سەربەخۆ دەبێتە خاوەن دەوڵەتی خۆی، بەڵام گومان لەوەدا نییە، جیهانی دەرەوە دەگاتە تاکی کورد. گۆرانییەکانمان لە دۆڵی شانەدەر تۆمار کردووە، زۆری نەماوە لافاوی بەرزترین بەنداوی جیهان، نقوومیان دەکات


هەڵپەڕکێ سەمای کوردەکانە، لە بۆنەکانی موسوڵمانان و ئاهەنگدا دەیگێڕن. لە دەرەوە دەکرێ، دەست لە ناو دەست دەنێن و بە دوای "سەرۆک" سەرچۆپی دەکەون، لەسەر ئاوازی تەپڵ و زوڕنا/توزەلە یان بە تەنیا گۆرانیبیژێک، هەنگاو بۆ پێشەوە و دواوە دەنێن و لە دەوری میوزیک ژەنان دەخولێنەوە. سەرچۆپی دەسەسڕێکی پێیە ڕایدەوەشینێ و هیمای گۆڕنی هەنگاوەکان دەدات و لەبەرخۆیەوە دەنگ و قیژە دەکات. ئەگەر شاییەکە بچووک بێ، نمایشێکی پڕ جووڵە و هەنگاو و باز، دەکات. ئەگەر ژن تێکەڵ بوون، هەڵپەڕکێیان ئارام دەبێ و وەکو سەمای مینویتی (مینویت، لەسەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا باو بوو) لێدێ. ڕەنگە لەو هەڵپەڕکێیانەدا جلیان بشێوێ و پێڵاویان لە پێدا نەمێنێ، بەڵام لە شایی ناکەوێ و چەند کاتژمێرێک دەخایەنێ. دوو یان سێ گۆرانیبێژ لە ناو سووڕانەوەی شایی دەبن و بە دەنگێکی تۆنی بەرزتر لە دەنگی ئاسایی خۆیان گۆرانی دەڵێن و وەکو سەمای ئیسپانی هەرجارە و لەسەر تۆنێک دەیڵێنەوە. زۆرجار لەگەڵ گۆرانی گووتندا، دەستی ڕاست بە بان گوێیانەوە دەگرن


سەرنج لەسەر گۆرانییە تۆمارکراوەکانمان

ئەو گۆرانییانە بەڕێکەوت و وەکو بەشێک لە توێژینەوەی شوێنەوارناسیی لە کوردستان لەلایەن ڕالف سۆلیکی لە ساڵی ١٩٥٣ تۆمارکراون. هەرچەندە زۆربەی گۆرانییەکان مۆرکی هۆزەکانیان پێوەیە و لەلایەن کرێکارە بارزانییەکانی لە هەڵکۆڵیندا کاریان دەکرد، گووتراون. ئەوانی دیکە لە لایەن بنکەی پۆلیسی گوندی شانەدەر درامانێ. شێخی گوندی باتاس دوو لەو گۆرانییانەی، بۆ ناردین. قەرزداری ئەو خەڵکانەی دیکەین بە ئارەزووی خۆیان ویستیان دەنگیان تۆمار بکرێ. نووسەر سوپاسی زۆری خاتوو فەزیلە ئەلجەمالی لە بەغداد، دەکا کە ئامێرەکانی تۆمارکردنی خۆی داینێ، بێ ئەو ئامێرانە بێگومان ئەو دەنگانە تۆمار نەدەکران. بە هەمان شێوە قەرزداری بەکر دلێرین لە بەشی خزمەتگوزاری زانیارییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، توانی گۆرانییەکانمان بۆ ئینگلیزی بۆ وەرگێڕێ


وەکو هۆنراوەکانی نیشتەجێیەکانی گرد و تەپۆلکەکانی ئاپالاچی لە ئەمەریکا، لە مەزاجدا کوردەکانیش لەوان دەچن، گۆرانی کوردەکان لە ئەوین، گرفت و جەنگ دەدوێن. ئامێرەکانیان سادەن، دوو داری کۆڵدراوی کون کون ٢٥ سانتیمەتر درێژن لە تەنیشت یەک داندراون پێی دەڵێن توزەلە. توزەلەی باشتر لە ئێسقانی باڵندە هەیە دەنگی بەرزترە (مەبەستی شمشاڵە). توزەلەژەن ئەو سەرەی دەنگەکەی لێوە دێ بە تەواوی دەخاتە ناو دەمی و هەردوو گووپەکانی پڕ هەوا دەکات. ئامێرێکی دیکەیان پێی دەڵێن تەپڵ، سەرێکی بە پێستی ئاژەڵ داپۆشراوە و درێژیەکەی نزیکەی ٣٠ سانتیمەترە بەشێکە لە کەلتووری ئەوان. ئەگەر تەپڵلێدەر دانیشێ، ئەوا دەیخاتە بن ئانیشکی خۆی و لەسەر ڕانی دایدەنێ. ئەگەر بە پێوە بوو بە پەتێک لەملی خۆی هەڵیدەواسێ. پەنجەکان و لەپی دەست بەکاردەهێنێ تا لە سەرە کراوەکەی تەپڵ دەنگەکان بینە دەرەوە و لەگەڵ توزەلە ریتمی هەڵپەڕکێ دەپارێزن. ئەوەی تەپڵی دیبێ دەزانێ پەنجەکان لەگەڵ هەڵپەڕکێ و سەما دەنگەکان دەگۆڕن


گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، وەکو زۆری دیکە، بە دەنگی سروشتیی لەناو دۆڵی نێوان چیاکان، خۆشە. گۆرانی کوردی کەلتوور و داب و نەریت دەپارێزێ. ئەوەی لە تۆمارەکان هەمانە پێی دەڵێن لاوک و حەیران و بێ هیچ ڕێککەوتن و سازدانێک وەکو دەنگێکی سروشتیی بێ دەستکاری، تۆمارکراون. هەیانە خەمبارانە دەگووترێ و هەیانە، بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ هەڵپەڕکێدایە و زۆر دووبارە دەبنەوە، کەیف سازدەکات و زۆر زیندوون. جێی سەرنجە کوالیتی گۆرانییەکە لەوەدایە لە هەڵکیشانی هەناسەیان هەر دەنگ دەردەکەن، زۆر جاریش قورگیان ساف دەکەن. لەگەڵ هەڵپەڕکێدا ئەوانەی لەوێن بە چەپڵە و هەلهەلە و هایو هو بەشداری دەکەن. دەنگێکی دیکە بە پەنجە پێکدادان دروست دەکەن لە تۆمارەکانمندا نییە (مەبەستی چەقەنە لێدانە)


سەبارەت بە نووسەر


ڕالف ستیفان سۆلیکی (١٥ تشرینی یەکەم ١٩١٧-٢٠ ئادار ٢٠١٩) لە گەڕەکی برکلینی نیویۆرک لە دایک بووە. لە خێزانێکی کوچبەری پۆڵەندایی بووە. شوێنەوارناسێکی ئەمەریکایی بوو لە ناودارترین کارەکانی دۆزینەوەی نیاندرتاڵ بوو لە ئەشکەوتی شانەدەر و دواتریش لەگەڵ خێزانەکەی گوندی زاوی چەمی شانەدەریان دۆزییەوە. دوو شوێنەواری یەکجار بە بایەخی شوێنەوارناسیی و کوردستانن. بەڵگەی یەکەمین مالییکردنی مەڕ لە جیهاندا، لە زاوی چەمی شانەدەرە


بەستەری گۆرانییەکانی رالف سۆلیکی تۆماری کردوون، گوێیان لێبگرە پەشیمان نابییەوە بەتایبەتی ئەگەر تەمەنت سەروو پەنجا بێ


https://folkways.si.edu/kurdish-folk-songs-and-dances/islamica-world/music/album/smithsonian


سەرچاوە

https://www.kurdipedia.org/files/books/2012/73866.PDF?ver=129982682390000000