کام جین، کام کار دەکات؟

زانست ئەوەی یەکلایی کردەوە، کە خانەکانمان توخمەکانی بۆماوەییان تێدایە و هەموو بوونەوەرێک ئاژەڵ بێ یان ڕووەک، کرۆمۆسۆمی هەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر کرۆمۆسۆمەکان هەڵگیراون، هەموو خەسڵەتەکانی هەر بوونەوەرێک دەردەکەون و ئەو بوونەوەرە لە باب و باپیرانی خۆی دەچێ. گۆڕان لەو زانیارییانە لە ئاستی جینەکاندایە و دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەرک و شێوازی کارکردنی ئەندام و پێکهاتەکانی ئەو بوونەوەرە. دەکرێ گۆڕانی ڕەنگ و قەبارە بێ، تا دەگاتە گۆڕان لە پێناو خۆپاراستن لە دوژمنەکان

 

زانایانی زیندەوەرزانی جینەکانیان بۆ چوار پیت دابەشکردووە. بە ئینگلیزی دەبنە ئەی، تی، سی و جی، بەڵام چۆن لەوانە تێبگەین و چۆن بزانین چۆن کار دەکەن. ئەوە زانایانی بواری زیندەوەرزانی بۆ چەند دەیەی سەرقاڵ کردووە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو توانیمان نەخشەی هەموو جینەکانی سەر کرۆمۆسۆمەکانی لەشی مرۆڤ، بکێشین. بە زانینی شوێنی هەر جینێک، ئەوکاتە پێمان وابوو ئیدی لەمەودوا بە ئاسانیی دەتوانین هەر جینێک بگۆڕین، لابەین، زیادبکەین و بەو شێوەیە لە نەخۆشییەکانمان دەرباز بین و نەوەی نوێ بەپێی ویستی خۆمان، بەرهەم بهێنین

 

دواتر بۆمان دەرکەوت ئەو خەونانە هەروا بە ئاسانی نایەنە دی. خانەکان بە پێی پێویستی خۆیان و ئەو ئەرکەی هەیانە، جینەکان کارا دەکەن، یان دەکوژێننەوە. کەواتە لەش بە تەنیا گۆڕینی جینێک، گۆڕانی بنەڕەتیی بەسەردا نایەت. ڕیزبەندیی جینەکان لەسەر پەتی کرۆمۆسۆمەکان خەسڵەتەکانی هەر خانەیەک دیاریی دەکات. دواتر خانەکان پێکەوە چۆن لەگەڵ یەکتر ڕیزدەبن و پێکەوە کاردەکەن، ئەرکی ئەندامەکان و زیندەوەرەکە بە گشتیی، نیشان دەدەن. ئەو پێوەندییەی نێوان ڕیزبەندیی جینەکان و دەرکەوتنی خەسڵەتەکان هەوێنی سەدان و هەزاران تاقیکردنەوە بوون و وردەوردە زانیارییەکانی لەو بوارەدا لەسەر یەک دانا و تێڕوانینی بۆ چۆنییەتی کارکردنی جینەکان، فراوان کرد

 

لە توێژینەوەیەکی هاوبەشی لە نێوان سەنتەری شێرپەنجەی زانکۆی نیویۆرک و زانکۆی کالیفۆرنیا، بە بەکارهێنانی ئامێری کریسپەر، تیمی توێژینەوە نەخشەی جینەکانی ٢ ملیۆن و نیو خانەی مرۆڤیان ئەنجامدا. بەو نەخشەیە کاریگەریی کارا کردن و کوژاندنەوەی هەر جینێک دیاریکراوە. لەش نزیکەی ٢٠ هەزار جینی هەیە، بەڵام مەرج نییە خانەکان هەموویان وەکو یەک کاربکەن و هەمان ئەرک بەجێبێنن. بۆ نموونە بە لابردنی هەمان جین لە دوو خانەی جیادا، ئەو دوو خانەیە وەکو یەک کاردانەوەیان نابێ. ئەو گۆڕانکارییە لە جینەکەدا بۆ هەر خانەیەکیان جۆرێکی دیکە ڕەنگدانەوەی دەبێ

 

ئەو تەکنۆلۆجیایەی لە توانایدایە جینی خانەیەک بگۆڕێ و دوایی گۆڕانکاری لەو خانەیەدا ببینێ، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٦ دەرکەوتووە و پێی دەڵێن پێرتێرب-سیک، واتا زنجیرەی تێکدان. بەو ڕێگایە دەتوانرێ جینەکان یەکە یەکە کارا بکرێ، یان لەکار بخرێن و دوایی سەرنج لە کاریگەرییەکانی لەسەر ئەرکی خانەکان، بدرێ. تەکنیکەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ ناوبانگی دەرکرد و بڵاو بووەوە. تا دێ تاقیکردنەوەکان بەو تەکنیکە زۆرتر دەبن. لە هەندێ باردا جینێکیان بە بەکارهێنانی کریسپەر کوژاندەوە، بینیان لە دابەشبوونی خانەدا، کرۆمۆسۆمێک کەم دەکات. هەرچەندە ئەوە جارێ هیچ چارەسەرییەک بۆ نەخۆشیی (داون – یان ئەوەی پێی دەڵێن مەنگۆل) ناخاتە بەردەست، بەڵام بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو نەخۆشییەدا، هیوابەخشە. نەخۆشیی (داون) کرۆمۆسۆمێکیان لە کەسانی دیکە زۆرترە

 

تیمەکە بنکەیەکی زانیارییان بۆ ئەو تاقیکردنەوانە بە پێی جینەکان دامەزراندووە. ئەو بنکەیە دەبێتە بناغەی تاقیکردنەوەکانی ئاییندە و چەندی دێ گەورەتر دەبێ. تەکنیکە نوێیەکەی کریسپەر بایەخێکی یەکجار لەبن نەهاتووی بۆ توێژینەوەکانی ڕەگەخانەکان هەیە. بە تێگەیشتن لە ئەرکی هەر جینێک لە ئاییندەی نزیکدا مرۆڤ دەستی بە تەکنۆلۆجیای پێویست دەگات تا بتوانێ بە ڕەگەخانەکان نەخۆشییەکان چارەسەربکات و بەپێی هەر ئەندامێک ڕەگەخانەی خۆی بۆ دروست بکرێ

 

سەرچاوە

 https://www.cell.com/cell/fulltext/S0092-8674(22)00597-9?_returnURL=https%3A%2F%2Flinkinghub.elsevier.com%2Fretrieve%2Fpii%2FS0092867422005979%3Fshowall%3Dtrue