ئۆلیگارشی پوتین

ئۆلیگارش، وشەیەکە لە روسیای دوای سۆڤیەت بەکارهات، سەرچاوەکەی وشەیەکی یۆنانی کۆنە (ئۆلیگارسیا-واتا حوکم بدە، فەرمان بدە)  بەوانە دەگووترێ لە حکوومەتدا دەسەڵاتیان هەیە و ئەو دەسەڵاتە بۆ مەرامی خۆیان بەکاردەهێنن


یەکەم جار لە دوای ڕووخانی سۆڤیەت بە بەرگوێمان کەوت. ئەو کات لە سەردەمی دەسەڵاتی بۆریس یڵتسن کۆمەڵیک پەیدابوون دەیانویست دەست بەسەر موڵک و ماڵ و پاشماوەی سۆڤیەتدا بگرن، یان، بۆ خۆیانی بە هەرزان فرۆش بکەن. بە دەرکەوتنی ڤلادیمیر پوتین زۆربەی ئەوانە دیار نەمان، هێندێکیان خزێنرانە زیندانەکان، بەشێکی دیکەیان رووسیایان جێهێشت. ئەوەی مایەوە، یان، لەگەڵ سەرۆکدا کەوتە کێبەرکێ، دیسانەوە لە شانۆی سیاسی و ئابووریدا، دیار نەمان. یانیش، لە سەرۆک نزیک بوونەوە و دەوڵەمەند تر بوون. ئەوانە ئۆلیگارشی سەردەمی پوتینن


روسیا لە وڵاتە هەرە نا یەکسانەکانی جیهانە. ١٠٪ ی دەوڵەمەندە ڕوسەکان ٨٩٪ی هەموو موڵکی ناو ڕوسیایان هەیە. ڕێژەکە لە چین ٧٣٪ و لە ئەمەریکا ٧٨٪ ە.  ڕێژەی دەوڵەمەند بوون بە نزیک بوون لە دەسەڵات لە روسیادا لە چاو تێکڕای بەرهەمی ناوخۆ گەیشتووەتە ١٨٪، یەکەمین وڵاتی جیهانە، مالیزیا بە دوایدا دێت بە رێژەی ١٣٪ ، دواتریش فیلیپین بە ١١٪


ژمارەی ملیاردێرەکانی روسیا بە پێی گۆڤاری فۆربس، لە ١٧ ملیاردێر لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٩٦ ملیاردێر لە ساڵی ٢٠١٦ دا، بەرز بووەتەوە. ئەو زۆربوونە بە هەموو شیوەیەک لەگەڵ ئاماری وڵاتانی دیکەدا، یەک نییە


لە نەوەدەکاندا، فرۆشتنی موڵک و ماڵی حکوومەت بە دوو قۆناغ بوو، یەکەم لە ١٩٩٢ بۆ ١٩٩٤ بوو، دووەمیش لە ١٩٩٥ دەستی پێکرد، کێبەرکێ نەمابوو، کێ لە دەسەڵات نزیکتر بێ، بێ تەندەر بەو دەدرا. کاتێک پوتین لە ساڵی ٢٠٠٠ گەیشتە دەسەڵات، گێڕانەوەی هەندێکیان باڵی بەسەر روسیادا کێشا. بە فشاری زۆری دەوڵەت، زۆربەی کۆمپانیاکانی سەرچاوە سروشتییەکان (نەوت، گازی سروشتیی، کانزا و ماددە خاوەکان) گەڕێندرانەوە دەست دەوڵەت. لێرەوە سەردەمێکی نوێی ئۆلیگارش دەستی پێکرد و کەسانی نوێی نزیک پوتین، دەرکەوتن. ئۆلیگارشی سەردەمی پوتین شێوازی نوێی دەوڵەمەندبوونیان گرتە دەست. گرێبەستەکانی حکوومەت، کڕین و دابین کردن بۆ دەزگەکانی حکوومەت بە نرخی دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندەی نرخی بازاڕ و بەرتیل دانی فەرمانبەران، دەرفەتی زێڕینیان بوو. لە ناکاو یەکجار زۆر دەوڵەمەند بوون


لە ماوەی یەکەمی دەسەڵاتی پوتین لە کریملیندا ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٤، پوتین لە هەمان دووری دیڕوانییە زۆربەی ئۆلیگارشەکان، کەچی لە ماوەی دەسەڵاتی دووەمیدا، لە هێندێکیان نزیک بووەوە. لەوانە (گینادی تیمچینکۆ، یوری کۆڤاڵچوک و برایانی ڕۆتنبێرگ). خاوەن بزنسەکانی دیکە و ئۆلیگارشەکانی دیکە، بوونە هاوڕێی هاوڕێکانی سەرۆک. لە ساڵانی ٢٠٠٠، کۆمپانیای گازی سروشتیی نۆڤاتێک لە ژیر فشاری گازپرۆمدا بوو، دەیانویست لەدەست خاوەنەکەی (لیۆنید میکیلسۆن) دەری بێنن. میکیلسۆن لە جیاتی فرۆشتنی کۆمپانیاکەی، بەشیکی بە گینادی تیمچینکۆ فرۆشت، لەو کاتەوە نۆڤاتێک نەک هەر سەربەخۆ مایەوە، بەڵکو گەورەش بوو. ئینجا گەورەترین کۆمپانیای پێترۆکیمیایی روسیایان لە گازپرۆم بەنک کڕییەوە. گرێبەستەکانی حکومەت میکیلسۆنی کردە شای دەوڵەمەندەکانی روسیا، بەپێی فۆربس، لە ٢٠١٦ میکیلسۆن ١٤.٤ ملیار دۆلاری هەبووە


ئۆلیگارشی پوتین سێ جۆرن. یەکەمیان: هاوڕێ نزیکەکانی پوتین لە ڕێگەی کۆمپانیای (ئۆزێرۆ داچا)، یان، ئەوانەی لە هیوایەت و کارەکانی پێشووتری پوتین دەیانناسی، ئەوەیان تۆڕێکی زۆر بە دەسەڵاتن. دووەم: ئەوانەن پێیان دەڵێن (سۆلیڤارچ) لە دەزگەی ئەمنی فیدراڵی و سوپا نزیکن و یەکجار زۆر دەوڵەمەندن. سێیەم: خەڵکانی دیکەی دەرەوەی ئەو دوو کۆمەڵەیەن. کۆمەڵەی یەکەم و دووەم لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە دەستیان بەسەر ئابوری سیاسیی روسیادا گرتووە. لە دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا و دەزگە حکوومییەکاندان و بەشیان لەو کۆمپانیایانەدا هەیە، کە لەگەڵ حکوومەت کاردەکەن و حکوومەت پێویستیی پێیانە، وەکو سێکتەرەکانی (وزە، گەیاندن، بەرگری و بیناسازیی)


چاودیرانی سیستەمی سیاسیی ڕوسیا گەندەڵی بە چیمەنتۆی دەسەڵاتی پوتین دەبینن، بێ ئەو چیمەنتۆیە سیستەمی دەسەڵاتی پوتین دەڕوخێ. لە نێوان ساڵی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٦ ئابڕووچوون (فضيحة) لە چەند گرێبەستێکی دابین کردنی کەلوپەل بۆ سوپا لە لایەن (کۆمپانیای سپێتسترۆی)، بۆ ئاژانسی بۆشاییگەریی روسیا (روسکۆسمۆس) و بۆ هێڵەکانی شەمەندەفەر، دەرکەوتن. چەند ملیار دۆلارێک لە دەوڵەت بۆ کۆمپانیاکانی ئۆلیگارش لووش درابوون. سیستەمی بەنکیش لە روسیادا، بە دزینی بەڕێوەبەرەکانیانەوە دەناڵێنن. لەبەر ئەو هۆیە هەرسێ بەنک (ڤنێشپرۆم، پرۆبزنس و نۆتا) تەواو شکستیان هێنا


پیاوانی دەزگەی ئەمنی فیدراڵی روسیا لە نێو فایل و گرێبەستەکانی ئۆلیگارشە کەم دەسەڵات و زۆر دەوڵەمەندەکاندا، بە دوای نا یاسایی و نەگونجاوی ئەو گرێبەستانەدا دەگەڕان. هەر بەڵگەیەک دەدۆزرایەوە، بۆ خاوە وسەرانە وەرگرتن بەکاردەهات


بۆ بە فەرمیی کردنی ئۆلیگارش لە روسیادا و شان تەکاندنی لەو مێژووە چەپەڵەی ئۆلیگارش، لە کۆڕبەندی داڤوسی ساڵی ٢٠١٧ دا، جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا (ئەرکادیی دڤۆرکۆڤیچ) گووتی "ئۆلیگارش لە روسیا نەماون، ئەوە لە نەوەدەکان بوو. ئێستە بزنسمانی گونجاو و خاوەن بەرپرسیارییەتیمان هەیە، وڵاتیان خۆش دەوێ و بە یاسایی قازانج وەدەست دێنن". زانیاریی زۆرتر لەم ڕاپۆرتە بەدەست بێنە


https://www.researchgate.net/publication/336413380_Big_Business_in_Putin%27s_Russia_Structural_and_Instrumental_Power


لە ٢٠٠٦ هەرێمی (پێرم کرای) دەوڵەمەند بە نەوت، غاز، زێڕ، گازی سروشتیی، ئەڵماس و هیدیکەش، ڕێژەی باجی لەسەر کۆمپانیاکان بە ڕێژەی ٤٪ کەم کردەوە، لە ٢٠٠٩ کەمتریشیان کردەوە. لە نێوان ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ ئەو هەرێمە ٥٩ ملیار رۆبڵی لێ ڕۆیشت (نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار). زۆربەشی چووە گیرفانی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای نەوتی لوک ئۆیڵ. کەمکردنەوەکان لەبەر چاوی ڕەشی ئەوان بوو. لە کۆی ٢٥ هەرێم لە ٢٠٠٦ ڕێژەی باجیان کەم نەکردەوە، لە ساڵی ٢٠١٧ تەنیا ١٢ هەرێم مابوونەوە. هەموویان بە فشاری ئەو کۆمپانیایانە باجیان کەم کردەوە. کۆمپانیاکانیش یان لە لایەن کەسی نزیکی سەرۆکەوە خاوەندارییەتیی دەکرێن، یان، ئەوان، یانیش هاوڕیێ هاوڕێکانی سەرۆک بەشیان تێدایە. زیاتر زانیاری لەسەر پێرم کرای لێرە ببینە


https://en.wikipedia.org/wiki/Perm_Krai

بە گۆڕینی دەستووی روسیا، پوتین بۆ دوو جاری دیکە دەتوانێ وەک مڵۆزم بە کورسییەکەیەوە بمێنێتەوە، بەڵام پلانی تەواوی بۆ سەردەمی دوای پوتین هەیە. بێ ئەوەی دڵنیا بێت ئەو سیستەمەی دایناوە هەر وا بە ئاسانی تێک ناچێ و تەواوی بەرژەوەندییەکان وەک خۆیان دەمێنن، وا بە ئاسانی مل نادات


ئۆلیگارشەکان دەستیان لە بینەقاقای رووسیا قایم کردووە و دەستی لێبەرنادەن. جارێ هەتا سەرۆک لەوێ ماوە، هەر دەبێ بڵێن بالروح بالدم نفدیک یا پوتین


https://www.researchgate.net/publication/319019037_Oligarchs_and_Corruption_in_Putin%27s_Russia_Of_Sand_Castles_and_Geopolitical_Volunteering

https://www.researchgate.net/publication/336413380_Big_Business_in_Putin%27s_Russia_Structural_and_Instrumental_Power

http://cecrilouvain.be/wp-content/uploads/2021/03/The-Russian-Elite-in-the-post-Putin-era.pdf