هەرچی مێژووی مرۆڤایەتیی هەیە لەنگی و نەنگی پێوەیە. زۆربەی جار مێژوو لە لایەن باڵادەست و سەرکەوتووەکانی جەنگ دەنووسرایەوە. هیچ پاشایەکیش نییە باسی ئازار و مەینەتییەکانی گەلانی دەربەدەر و کوشتارکراو بگێڕێتەوە. هەردەم سەرکەوتنی خۆیان و پایە بەرزی و ڕەوایی خواییان بە خۆیان داوە. نەخش و نیگاری سەر بەردەکانی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر و دواتریش تابلۆکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست، هەمان ڕاستیی دەگێڕنەوە
مادەکان بەدەستی کۆچبەرە پارسەکان ڕووخان، لەسەر شارە خاپوورکراوەکانی ماد، شارەکانی پارسەکان دامەزران. داریوش و کۆرش مێژووی سەرکەوتنەکانی خۆیان بەسەر مادەکاندا لەسەر چیای بێستون و تەختی جەمشید، بەجێهێشتووە. ئەوان پاشای سەرکەوتوو بوون، چەندی بۆیان لواوە بە شان و باڵی خۆیاندا هەڵیانداوە. وەک هەموو سەردەمێکی باڵا دەستیی، نووسەران و نیگارکێشان زۆر جار بە ویستی پاشا، نەخش و نیگاریان کێشاوە. زانای کۆمەڵناسی عێراقی علی الوردی دەڵێ "لە مێژووی فتوحاتی ئیسلامدا هەر باسی قارەمانییەتی سەرکردەکان و سەرکەوتنەکان کراوە، هەرگیز باسی نەهامەتی و ئازارەکانی ئەو گەلانە نەکراوە، بەدەست ئیسلامەکانەوە چییان بەسەر هاتووە". هەمان وتەی ئەو زانایە بۆ هەموو مێژوو ڕاستە
لەسەر ئەو بنەمایە، هەرچی مێژوونووسی یۆنانی و ئەوانەی دوای ئەوانیش هەرچییەکیان لەسەر مادەکان و وڵاتەکەیان و سەرکەوتن و نشوستییەکانیان نووسیبێ، هەر هەمان سەرچاوەی چیای بێستون، تەختی جەمشید و نووسەرانی سەردەمی کۆرش و داریوشیان بەکارهێناوە و وەکو ڕاستیی ڕەها لە مێژوودا، دەرکەوتووە. بەڵام خۆ ئەوە ڕاست نییە و هەڵبەستراوی پاشا و باڵا دەستەکانە
لە ململانێی پارس لەگەڵ کوردەکانی ماددا، دواییش لە سەرکەوتنی پارسەکان بەسەر مادەکاندا، بێگومان پارسەکان و پاشاکانیان کوشت و کوشتاری خۆیان لە تەختی جەمشید تۆمار نەکردووە. مێژوونووسانی یۆنان (هیرۆدۆتس و زەینەفون) و زۆری دیش دوای ئەوان، هەمان قەوانی تەختی جەمشیدیان دووبارەکردووەتەوە، تەنانەت ڕق و نەفرەتیی سەرچاوەکانی هیرۆدۆتس بە ڕوونی لە نووسینەکانیدا دیارە. بۆیە ئەو سەرچاوانە (مەبەست هیرۆدۆتس و زەینەفون)، مێژووی کوردیان پشتاو کردووە. هیچی وا لە دەستنووس و پاشماوەکانی مادەکان بۆ ئێمە نەماوەتەوە وەکو سەرچاوەی مێژووی کوردی هەژمار بکەین و پشتی پێببەستین، ئەوەیش لەبەر سێ هۆیە
یەکەم: مرۆڤایەتیی تا سەردەمی مادەکان مێژووی نەنووسیوەتەوە. نووسینەوەی مێژوو لە یۆنانەکانەوە دەستیپێکردووە، ئەوکاتەیش مادەکان نەمابوون. پارسەکان (ساسانەکان و دواتریش هخامنشینەکان) لەسەدەڵات بوون
دووەم: مادەکان خولیای داگیرکاریی و تاڵان کردنی دەورووبەریان نەبوون تا وەکو پاشاکانی پاشتر، سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیان تۆمار بکەن. مادەکان مەبەستیان بەرگری لە خۆکردن و پاراستنی کۆمەڵگەی یەکسانی خۆیان بووە
سێیەم: پارسەکان کوشتەی سەری مادەکان بوون، لە بەرانبەر ئایینی میترایی مادەکاندا، ئایینی زەردەشتییان باڵا دەست کرد و بەوە کولتوور و ئەفسانەی مادەکانیان بۆخۆیان دزی و چۆنی ویستیان بەپێی ویستی پاشا و موغەکانی زەردەشتیی، سووڕاندیان. نەک هەر ئەوە، هەرچی لەبەردەستیان بوو لەو پێناوەدا وەک ئامرازی باڵادەستیی و هژموونی خۆیان بەسەر مادەکاندا، وەگەڕیان خست
موغەکانی ئایینی زەردەشت لەوسەردەمەدا وەکو هەموو پیاوانی ئایینی هەموو سەردەمەکانی دیکە لە میژووی مرۆڤایەتییدا، بەشان و باڵی پاشاکانیان هەڵدەدا. بۆ ئەوان نەمانی ئایینی میترا، سەرکەوتنی زەردەشت و ئایینەکەی بووە. بەهەمان شێوە، کاهنەکانی بابل، کۆرش بە ڕزگارکەر ناودەبەن و ڕەوایی پێدەبەخشن. لە سەردەمی ئەسکەندەری مەکدۆنیش، پیاوانی ئایین هەمان هەڵوێستیان هەبوو. دەست لەناو دەستی دەوڵەمەندەکان و پیاوانی ئایینی زەردەشت هۆکارێکی ڕووخانی مادەکان بوو. مادەکان دژی چینایەتیی و دەرەبەگایەتیی بوون، تاکەکان لە کۆمەڵگەکانی ماددا یەکسان بوون
کۆرش، جیاوازییەکی لەگەڵ تەیمورلەنگ، هۆلاکۆ، نادرشا، پاشا ئیسماعیل ... هتد، نەبووە. جیاوازی نێوانیان ئەوەبووە، لەسەردەمی پاشاکانی پارسەکان مێژوونووس، پاشاکان یان دارو دەستەکەی بووە. لە سەردەمی پاشا ئیسماعیل لەدەرەوەی کۆشکی پاشا مێژوونووس هەبوون، چیرۆکەکەیان لە ڕوانگەیەکی جیاواز لەوەی پاشا و باڵادەستەکانەوە، گواستووەتەوە. ئەوەی کۆرش بەجێی هێشتووە، بە شان و باڵ هەڵگوتنی خۆیەتی، هەموو دژبەرانی خۆی (مادەکان/کوردەکان) بە ئەهریمەن (شەیتان، دژی خوا، بێ دین، کافر، جندۆکە، ناپاک) ناو دەبات. ئەو میژووەیە بۆ جولەکە و مەسیح و ئیسلامیش گواستراوەتەوە. هەریەکەیان کورد بە شێواز و ناو و ناتۆرەیەک ناو دەنێت
دەتوانین کەسایەتی ڕاستەقینەی کۆرش بەپیی تۆمیرس، شاژنی سکاییەکانەوە، بناسین. تۆمیرس کۆرش بە خوێنمژ و چاوبرسی ناودەبات و پیی دەڵێت "ئەی تینووی خوێن، بە خوێن تینوویەتیت دەشکێنم". هۆکاری ناساندنی کۆرش بە فریادڕەس و نەرم و نیان لە مێژووی پارسەکاندا، ئەوەیە کۆرش لە بازنەی مێژوو دەرچووە و بە کەسایەتییەکی ئەفسانە ناسێندراوە. سروشتی ئەفسانەیش ئەوەیە ڕاستییەکان بپاڵێوێت، بۆیە کۆرش بە بێتاوان ناودەبات. نهێنی پێناسەکردنی ئەخلاق بەرزیی کۆرش بۆ نەبوونی هۆشیاری مێژوویی لەو سەردەمەدا، دەگەڕێتەوە. هۆشیاری مێژوویی نەبووە تا زوڵم و کۆمەڵکوژی کۆرش ئاشکرا بکرێت
لەسەردەمی ساسانەکاندا، شۆڕشی مەزدەک هەڵگیرسا. شۆڕشگێڕان مادەکان بوون، لە پێناو ڕزگارکردنی مادە کۆیلەکراوەکانی دەستی پارسەکان، ڕزگارکردنی وڵات و نەتەوەی خۆیان لە ژێردەستەیی، شۆڕشیان کرد. لەو کاتەدا شای پارسەکان (کەمبوجیە) لە هێرش بۆ سەر میسر بووە. ساسانەکان شۆڕشەکەیان داپڵۆساند، نزیکەی ٨٥ هەزار مادیان کوشت و بڕ، کرد. سەرکەوتنەکان دیسانەوە لە زاری پاشاکانەوە تۆمارکران. مادەکانیش/کوردەکانیش لە مێژوودا لەبیرکران و ناویان تا چەند سەدەیەک، لە هیچ شوێنێکدا نەهات. مێژووی نووسراو ئاوا کوردی لە تۆمارەکانی خۆیدا سڕییەوە