بابەتێکی زۆر قورس خەڵکی ئێستە قبووڵی بکەن ئەوەیە هەموو مرۆڤ لە ئافریقاوە بڵاو بووەتەوە و باپیرە گەورەی هەموومان لەوێ ژیاوە. ئەگەرچی لە ئاکاری دەرەوە گۆڕاوین، بەڵام لە ژێر پێست، هەموومان هەر ئافریقایین. مرۆڤی بەرز، کورت، قەد باریک، قەڵەو، خڕیلە، سپی، ڕەش، گەنم ڕەنگی، چاو شین، سەوز، قاوەیی و ڕەش، لووت پان و گەورە، باریک و درێژکۆلە ...هتد، هەن. کەچی لە ئاستی جینەکاندا تەواو لەیەک نزیکین. هەر گۆڕانێکمان بەسەردا هاتبێ دوای دەرکەوتنی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) بووە، کەللە سەرێکی خڕشێوە، ئێسقانی برۆ گەڕاوەتەوە پشتەوە، دەموچاو بەرەو پاش چووە، چەناگە هاتووەتە پێش و هەموو گۆڕانەکانی دیکە. بەڵام بۆ ئەو گۆڕانانە، ڕوویانداوە؟
زۆر وەڵام هەیە، بەڵام تەنیا دوویان جێی سەرنجن. یەکەم: هەڵبژاردنی هاوژین و هەڵسوکەوت. مەبەست لەوەیان وەچەنانەوە تەنیا لە ناو یەک جۆر کۆمەڵە مرۆڤ ڕوودەدەن و وەچەکان وەکو خۆیان دەردەچنەوە. هەر ئەوە خۆی بەشێکە لە جۆری هەڵسوکەوت لە ناو مرۆڤدا. دووەم: خۆ گونجاندنە لەگەڵ کەشوهەوا
پشکنیەنەکانی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا (تەنیا لە دایک بۆ وەچە دەمێنێتەوە)، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەندامانی لەشی مرۆڤەکان و کارێکی جەستەیی پێویست بۆ ژیان، نیشان نادات. واتا، هیچ جیاوازییەک نییە خزمەتێکی کۆمەڵە مرۆڤێک بکات. جیاوازی ئاکار و قەبارە بەپێی کەشوهەوا و شوێنی ژیان گۆڕاوە، بۆ نموونە شێوەی لووت و ڕەنگی پێست، پلەی گەرما و تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە ڕووناکی ڕۆژدا، دەبێتە هۆکاری گۆڕانی ڕەنگی پێست. هاوسەنگیی نێوان دروستکردنی ڤیتامین دی و خۆپاراستن لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی (زۆربێ ترشی فۆلیک کەم دەکات، فۆلیک لە کاتی دووگیانییدا زۆر پێویستە)، بڕیاردەری ڕەنگی پێستە
کەواتە ئەوانەی ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر وردەوردە لە ئافریقاوە (تیشکی سەروو وەنەوشەیی زۆرە) بەرەو ناوچەکانی کەم تیشک کشاون، وەکو باشووری ئافریقا، ئوسترالیا، کەنەدا، فینلاند و نۆرویج، پێویستیان بە خۆپاراستن لە تیشکی سەروو وەنەوشەیی نەماوە و خواردنیان کەمتر ڤیتامین دی تێدا بووە، بۆیە بەر لە ١١ هەزار ساڵ ئەوانەی لە ئەوروپا بوون بازێکی جینیان هاویشت و گۆڕانکارییان لە ڕەنگ و ئەستووری پێستدا، کرد. چاوی شینیش دەکرێ لە زۆر شوێندا پێکەوە لەو ناوچە ساردانەی تیشکی ڕۆژ تێیاندا کەمە، دەرکەوتبێ، بەڵام بڵاو نەبووە. لەبەر کەمیی ڕووناکیی ڕەنگی چاوی دانیشتووانی نیوەی باکوور، شین بووە. هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە، بە گۆڕینی ڕەنگی چاو، کاتێکی زۆرتر ئاسمان بە رەنگی شین دەبینرێ، وا دەکات لە خەمۆکیی دوور بکەویەوە
پشکنینی کەللە سەری مرۆڤی هۆمۆسایپیانی بەر لە ٣٠ هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی پرێدمۆستی لە چیک، مرۆڤێکی ئافریقایی نیشان دەدات. کەچی کەللەی سەری مرۆڤێکی کۆنی ئەشکەوتی ژۆوکۆدیان لە چین، کەللە سەری یەکێکی دانیشتووانی ڕەسەنی ئوسترالیا، نیشان دەدات. بە هەردوو باردا ئەوە دەسەلمێنن گۆڕانەکان بە پێێ شوێن و جۆری کەشوهەوا ڕوویانداوە و مەرج نییە زۆر کۆن بن
پشکنینی دی ئێن ئەی شەش مرۆڤی نیاندرتال (سێ نێر و سێ مێ) لە ئەشکەوتی ئێل سیدرۆن لە ئیسپانیا نیشانی دەدات، سێ نێرەکە دوور یان نزیک لە هەمان دایک یان داپیرە بوون و خزمی یەکتری بوون، بەڵام سێ مێیەکە هەریەکەو لە دایکێک بووە. بە واتای ئەوەی سێ پیاو سێ ژنیان لە کۆمەڵێکی دیکەوە وەرگرتووە و خێزانیان لەو ئەشکەوتەدا دروست کردووە. هەمان ئەو کەلتوورە لە ناو کۆمەڵە ڕاوچییەکانی چاخی بەردین هەبووە، ئێستەیش لە ناو مرۆڤی هاوچەرخدا هەیە
جینی فۆکس پی ٢ لە مرۆڤی نیاندرتاڵی ئیسپانیا، دۆزراوەتەوە. هەمان جین لە ئێمەی مرۆڤی نوێدا هەیە و کاری فێربوونی زمان و گونجاندنی قورگ و جووڵەی ماسوولکەکانی قسەکردن ڕێک دەخات. کارێکی دیکەی ئەو جینە ئەوەیە کۆنترۆڵی کارکردنی چەندین جینی دیکە دەکات. هەر ئەو جینە کاری درککردنیش دەکات. هەمان جین لە چامپانزیشدا هەیە، بەڵام ئەو کارانە ناکات. لە نیاندرتاڵدا، بە پێی ئەو ئێسقانانەی گوێچکەی ناوەڕاست و قورگ دۆزراونەتەوە و بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی ئێمە، گریمانەی ئەوە لە ئارادایە توانای دەربڕین و شیوازێک لە قسەکردنی هەبووبێت. ئەو ئەگەرە بە ئاڵۆزی سیستەمی کۆمەڵایەتیی، هێڵێ بەرەو پێشچوون و پێشکەوتنی نایاندرتاڵ وەکو جۆرێکی مرۆڤی سەر دوو قاچ و پێکهاتەی مێشکییەوە، بەندە
ئەو هەمەجۆرییەی لە ئێمەدا هەیە لە نیاندرتاڵدا نەبووە. بۆیە جۆراوجۆری کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا لە نیاندرتاڵدا نییە و لە ناو ١٦ هەزار جووت جین تەنیا ٥٥ جین جیاوازییان هەیە. لە مرۆڤی هۆمۆسایپیاندا، ئەو جیاوازییە گەلێک گەورەترە. پرۆژەی دووبارە ڕیزکردنەوە و دۆزینەوەی تەواوی نەخشەی دی ئین ئەی نیاندرتاڵ بەڕێوەیە. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە تا ئاستێکی بەرز دەتوانین لە زۆر خەسڵەت و توانای مێشک و جەستەیی نیاندرتاڵ شارەزا بین. ٥٠ توێژەر لە چەندین وڵاتەوە لە پرۆژەی نەخشەسازیی دی ئین ئەی ئافرەتێکی ئەشکەوتی ڤیندیژای کرواتیا، کە بەر لە ٤٠ هەزار ساڵ ژیاوە، بەشدارن و ٣ ملیار یەکەی زانیارییان لەسەر کرۆمۆسەمەکان داناوەتەوە. ئەو ئەنجامانەی تا ئێستە دەرکەوتوون، رەچەڵەکی نیاندرتاڵیش هەر بۆ ئافریقا دەگەڕێنێتەوە و بەر لە ٣٥٠ هەزار ساڵ لە هێڵی ئێمە جیابوونەتەوە
سەیر لەوەدایە، ٢٪ جینەکانی نیاندرتاڵ لە مرۆڤی ئێستەی ئەوروپا، چین و نیوگینیاوە نزیکترە وەک لە مرۆڤی ئافریقا. چونکە جینی نیاندرتاڵ لە ناو مرۆڤی ئەو شوێنانەدا، بە ئێمەیشەوە لە کوردستان، هەیە. تاکە لێکدانەوەی هەبوونی جینەکانی نیاندرتاڵ لە ناو مرۆڤی نوێدا ئەوەیە، لە کۆندا مرۆڤ لەگەڵ نیاندرتاڵ جووت بووە و وەچەیان ناوەتەوە و جینەکانی بۆ ئێمە هاتووە