بۆچی هەست دەکەین لە کاتی ترسدا کات زۆر لەسەرەخۆ دەڕوا، لە سەیران و خۆشیشدا زۆر خێرایە
چۆن ئێمەی مرۆڤ لە کات تێدەگەین و بۆچی کات هەیە؟ کات خۆی بریتییە لە زنجیرەیەکی بەردەوامی یەک ئاراستەی بوون و ڕووداو لە ڕابردوو بۆ ئێستە و ئاییندە دەڕوات. بۆ زنجیرەکردنی ڕووداوەکان، بەراوردکردنی درێژیی ڕووداوەکان، یان، درێژیی نێوان ڕووداوەکان، بە چەند جۆرێک دەپێورێ. یانیش، بۆ نمرەکردنی جیاوازی گۆڕانی ماددەکان و گۆڕان لە دەورووبەرمان
کات باسێکی گرنگی توێژینەوە و لێکدانەوەکانی ئایین، فەلسەفە و زانست بووە. هەرچۆنێکی پێناسە بکرێ لە لایەکی دیکەوە ناکۆکی لەسەرە. بەڵام هەموو لایەکیان، هەست بە بایەخی کات دەکەن. کات بە شێوەیەکی گشتیی لە هەموو گەردوون هەیە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی بیردۆزی کێشی گشتیی ئاینشتاین، پێمان وابوو کات لە هەموو شوێنێکی گەردوون وەکو یەک دەڕوات. بەڵام دواتر بە تاقیکردنەوە و سەرنجدان لە ڕووداوەکانی گەردوون بۆمان دەرکەوت، تێپەڕبوونی کات، بە پێی مەرجی هەر شوێنێک خێرا و لەسەرەخۆ دەبێت
بۆ ئێمەی مرۆڤ، کات لە هەموو لایەکی زەوی وەکو یەک دەڕوات، لای هەموومان کات یەک پێناسەی هەیە و لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دیکە ناگۆڕێ. واتاکەی بۆ ئەو ڕووداوانەی لە جیهاندا ڕوودەدەن، وەک یەکە. بەڵام لەگەڵ گشتیی بوونی کات لە دەورووبەرمان، کات لە مێشکماندا کاریگەریی و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی (بە پێی ڕووداوەکانی دەورووبەرمان و ئەوەی بەسەر مێشکدا دێ)، هەیە. واتا مێشک کاتی خۆی هەیە پێی دەڵێن (كاتی مێشك)
کەواتە، مێشکمان لەوانەیە بە پێێ پێویستیی خۆی بە شێوەیەکی دیکە جیا لە کاتی گشتیی دەرەوەی جەستە، لە کات تێبگات. دەکرێ کات لە هەندێ باردا دۆستی نزیکمان بێ، لەوانەیشە دۆژمنمان بێ، ئەوە لە بارێکەوە بۆ بارێک دەگۆڕێ
بۆ نموونە، بۆچی بیری منداڵان تیژترە لە گەورەکان؟ بۆ ئەوەی منداڵ دەیبینێ و بەسەری دێ قووڵتر و پڕ وەردەکاریی لە مێشکیدا دەمێنێتەوە؟ ئەوە نمونەیەکی سادەی چۆنیەتی تێگەیشتنی مێشکە لە کات. لە منداڵییماندا، کات لە مێشکماندا لەسەرەخۆیە بۆ ئەوەی هەموو ڕووداوەکانی دەورووبەرمان بە وردی هەڵگرین و بۆ ئاییندە بەکاریان بێنین. پێدەچێ وەک پژەڵ (غەریزە) لە باپیرە گەورەکانمانەوە بۆمان مابێتەوە. کە گەورە دەبین ئەو پێویستییە بۆ تێگەیشتن لە دەورووبەرمان کەمتر دەبێتەوە، بۆیە مێشک هەموو وردەکاریەکان تۆمار ناکات. شارەزاییمان لە ژیان بەشی هێندەیە، مێشک پێویستی بە کات نەبێ. ئەگەرچی ڕای دیکە لەسەر هەمان بابەت دەڵێ گەورەکان بە گرفتەکانی ژیانەوە سەرقاڵن بۆیە کەمتر هەست بە کات دەکەن. بەڵام بەڵگە نییە وابێ
ئەگەر ڕووداوێک مەترسیی لەسەر ژیانمان هەبێت، کاتی مێشک زۆر لەسەرەخۆ تێدەپەڕێ. بۆیە لە دوای ڕووداوەکان هەندێ جار نازانین چی لە دەورووبەرمان گوزەرا. تۆماری ڕووداوەکە لە مێشکدا بە جووڵەی هێواش دەکرێ، کە بیری لێ دەکەینەوە بە خێرایی ئاسایی بە بیرمان دێتەوە، بۆیە ئەو کاتە هەست دەکەین ڕووداوەکان زۆر زۆر خێرا بوون. زۆر جاریش هەندێ لەو وردەکارییانەی ڕوویاندا دەم و دەست بیرت نایەتەوە، لەوانەیە دوای چەند ڕۆژێک دێتەوە یادت چیت لە بیر نەمابوو ئێستە بیرت هاتەوە. لێکدانەوەیەکی زانستیی ورد بۆ ئەو دیاردەیە نییە. بەڵام هەموو کەس تووشی بارێکی وا ببێ هەمان بیرەوەری دەگێڕێتەوە، کات زۆر خێرا بوو نازانێ چی ڕوویدا
هەندێ ڕای توێژەران دەڵێن مرۆڤ لە باری مان و نەماندا دەبێ زۆر خێرا کاردانەوەی هەبێ. مێشك وامان نیشان دەدا، بەرلەوەی بگاتە هەڕەشەی ژیانمان، بۆ بیرکردنەوە و بڕیاردانی کاری داهاتوومان، کاتی زۆرترمان هەیە. هەوڵ دەدا زۆرترین زانیاریی لە دەرەوە وەرگرێ و شیی بکاتەوە. بەڵام ئەوەی بە ڕاستی ڕوودەدا ئەوەیە بە هۆی ڕژانی ئەدرنالین بۆ ناو خوێن هەموو شتێکی ناو لەشمان لەچاو جیهانی دەرەوە، خێراتر کاردەکات. ماسوولکە و ئەندامانی لەش لەوپەڕی ئامادەباشییدا دەبن. ئەوکات مێشک، جیهانی دەرەوە بە خێراییەکی کەمتر دەبینێ. مێشكمان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدا خۆی لە هەڕەشەکانی دەرەوە بپارێزێ، وا لە هەموو کردارەکانی ناو لەش دەکا بەوپەڕی خێرایی و توانایان کار بکەن. هەر پێنچ هەستمان دەکەوێتە باری نائاسایی تا زۆرترین زانیاریی لە جیهانی دەرەوە، وەربگرێ
زۆر بە ئاسانی دەگەینە ئەو ئەنجامەی میشکی مرۆڤ هێشتا لەگەڵ بارودۆخی ژیانی ڕاوچییەکانی ئافریقادا سەروبەندی هەیە. کرداری گۆڕان وخۆگونجاندن لەگەڵ هەڕەشەی دەورووبەرمان بە باشترین شێوە ڕوویداوە. گەشتی ٢ ملیۆن ساڵە لە باپیرەگەورەمانەوە تا ئێستە، تا پێی کرابێ خۆی بۆ هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی جیهانی دەرەوەمان ئامادە کردووە. بێگومان هەموو زیندەوەرانی دیکەیش لەو گەشتەدا لەگەڵمان بوون، هەر وابووە. کاتێک مێشک کاتی خۆی هێواش دەکاتەوە، تەنیا جۆرێکە لەو میکانیزمانەی بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانی سەر ژیانی، ئەنجامی دەدات