جەنگی بەریتانیا بۆ چا

چا پلەی یەکەمی لیستی هەموو خواردنەوەکانە. بە تەنیا بارتەقای هەرسێک لە قاوە، خواردنەوە گازییەکان و کحول پێکەوە، دەبێ و زیاتریشە. لە بەریتانیا، ٨٤٪ی هەموو خەڵک بەردەوام چا دەخۆنەوە. بەبەراورد لەگەڵ تورکیا ئەوە هێشتا هیچ نییە. لە تورکیا بە تێکڕایی، هەر کەسێک ڕۆژی سێ بۆ چوار چا دەخواتەوە. بازرگانیی چآ لە جیهاندا ساڵانە سەروو ٢٠٠ ملیار دۆلارە، تا ساڵی ٢٠٢٥ دەبێتە ٣٠٠ ملیار

 

لە زۆر کولتووردا چا بایەخی گەورەی هەیە. هەندێ جار ئەفسانەی لێ دروست بووە، وەکو ئەوەی دەڵێ جارێک بودا لە خەڵوەتدا خەوی لێدەکەوێ، کە هەڵدەستێ زۆر لەخۆی ناڕازی دەبێ لەوەی نەیتوانیوە لە کاتی خەڵوەتدا بە ئاگا بمێنێتەوە، بۆیە بڕیار دەدا هەردوو پێڵووی چاوی ببڕێ تا هەرگیز لە خەڵوەتدا نەنوێتەوە. پێڵوەکان فڕێ دەدا، دەڕوێنەوە و دەبنە گەڵای چا، ئیدی چا خەڵوەتکارانی ئایندە لە نووستن ڕزگار دەکات

 

چا بۆ هەندێ کەس زۆر گرنگە، بۆ ئیمپراتۆریەتی بەریتانیای کۆنیش هەروا پڕ بایەخ بووە. ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەیانی گۆڕیوە. لە سەردەمی ئیستیعماردا و لەکاتی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای دوور، ئەستەم بوو بازرگانانی ڕۆژئاوا خۆ لە چا بە دووربگرن. لە سەردەمی دەسەڵاتی خێزانی تانگدا کە دەکاتە سەدەی ٩ی زایینی ، چا لای هەموو خێزانێکی چینی ناسرابوو. پورتوگالەکان لە ساڵی ١٥٥٧ دا یەکەم جار چایان دیت. ئینجا هۆڵەنداییەکان دوای ئەوان، یەکەم باری چایان بۆ ئەوروپا ناردەوە. جارێ بەریتانیاییەکان بەو ئاهەنگەی چا نەگەیشتبوون

 

چا بۆ یەکەم جار ساڵی ١٦٦٠ لە ناو بیرەوەریەکانی سامۆئیل پێپیزی ئینگلیزدا بە ناوی (خواردنەوەی چین)، دەرکەوتووە. چەند ساڵێک بەر لەوە گەیشتووەتە بەریتانیا. خێزانی شا چارلسی دووەم پۆرتوگالی بوو، ئەو بە ناو کۆشکی شاهانەدا بڵاوی کردەوە و بووە خواردنەوەی ڕۆژانەی کۆشک، ئینجا بە تەواوی بە بەریتانیا و وڵاتە ژێردەستەکانیدا، بڵاو بووەوە و چا خواردنەوە بووە مۆدەی سەردەم. بە هاتنی بەریتانیاییەکان بۆ ناو بازرگانی چا، بووە بازرگانییەکی مەزن. کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندستان قۆرخی تەواوی هەموو بازرگانی چای کردبوو، حکوومەتیش ١٢٠٪ باجی لەسەر هێنانی چا دانا. قاچاخچییەتی چا پەرەی سەند، تا چا بگاتە هەموو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و فێرببن چا بخۆنەوە. تا ساڵی ١٧٨٤ سەرۆک وەزیران باجی هێنایە سەر تەنیا ١٢.٥٪ و بەوەیش دەستی قاچاخچییەکانی پەلبەست کرد. لەو ڕۆژەوە، چا بووە خواردنەوەی هەموو پیاوێکی ئینگلیز، دەگوترا دەرمانە، چالاککەرەوەیە و بەتامە

 

چەندی دەهات بایەخی چا زۆرتر دەبوو. وایلێهات بەریتانیا جەنگی لە پێناو چادا دەکرد. لەهەموویان ناودارتر، کاتێک بەریتانیا ٣ پێنسی بۆ هەر پاوەندێک، باجی لەسەر ناردنی چا بۆ ئەمەریکا دانا. ئەو کارەی بەریتانیا وای کرد چەند کەشتییەکی چا هەڵگر لە کەنارەکانی بۆستنی ئەمەریکا لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ١٧٧٣، بەر تووڕەیی خەڵک بکەون و نقووم کران. لەندەنیش کاردانەوەی زۆرتری نواند، لە ئەنجامدا ئەمەریکاییەکانی ئەو کاتە جەنگی سەربەخۆبوونیان بەرپاکرد

 

بەڵام لەویش سەیرتر، چا بووە هۆی دوو جەنگی دیکەی بەریتانیا لەگەڵ چین. ئەوکاتە، چا تەنیا لە چین بەرهەم دەهات و هەناردەی هیندستان دەکرا و دواییش بە سەرانسەری ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیادا بڵاو دەبووەوە. بازرگانی چا لاسەنگ بوو، چین تەنیا داوای زیوی بەرامبەر چا لە بەریتانیا دەکرد. ئەو بازرگانییە بەریتانیای شێت کردبوو. لە بەرانبەردا، بەریتانیا دەستی کرد بە چاندنی ئەفیون، ئینجا وەک لافاو بۆ چینی دەنارد. کە چین ناڕەزایی دەربڕی، بەریتانیا کەشتییە پڕچەکەکانی بۆ ناردن. دیاربوو جەنگی ئەفیون هەر بەلای باریتانیادا دەشکێتەوە، بۆیە چینیان دادگایی کرد، ٢٠ ملیۆن دۆلاریان سزا دا. ناچاریش کرا دەست لە هۆنگ کۆنگ هەڵگرێ و بیداتە بەریتانیا. تا ساڵی ١٩٩٧ هەر لای بەریتانیا مایەوە

 

ئەو جەنگانە پارسەنگی بازرگانی چای نەگۆڕی. هەوڵەکانی چاندنی چا لە هیندستانی سەر بە بەریتانیا مایەپووچ بوون. بۆیە وەک پیشەی هەمیشەییان، پەنایان بۆ فرت و فێڵ و تەڵەکەبازیی برد. ڕووەکناسێکی سکۆتلەندی بە ناوی ڕۆبەرت فۆرچنیان ناردە چین. کاری ڕۆبەرت ئەوە بوو بچیتە چین، لەگەڵ جووتیارانی چیندا بمێنێتەوە و بژی، نهێنی چۆنییەتی چاندنی چایان لێ بدزێ، ئەگەر کرا، ڕووەکی چایشیان لێ بدزێ. کەشتییەکەی ڕۆبەرت تووشی نەهامەتی زۆر بوو. دز و چەتە ڕێیان پێ گرت، تاڵان کرا. کەوتە ناو زریانی تایفوون و نەخۆشیش کەوت. لە کۆتاییدا گەیشتە مەبەستی خۆی، لەگەڵ کۆمەڵگەی جووتیارانی دەوروبەری شاری سۆژوو، کە هەمووی کێڵگەی چاندنی چا بوو، تێکەڵ بوو.  لە ماوەی سێ ساڵدا چەندین باری شەتڵی چای ناردەوە هیندستان. تەواو شارەزاییشی پەیدا کرد. دواجار بەریتانیاییەکان پشت ئەستوور بە شارەزایی هەزاران ساڵی دزراوی چینییەکان، توانییان لەسەر زەوی هیندستان چا بچێنن و هەناردەی بەریتانیای بکەن

 

زۆری پێنەچوو، چایەکەی هیندستان باڵی بەسەر جیهاندا کێشا و بووە داواکراوی بازرگانانی ڕۆژئاوا. تەنیا لە ماوەی ٢٠ ساڵدا، کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندستان زیاتر لە ٥٠ بەڵێندەری لە ناو هیندستاندا هەبوو و چایان بۆ هەموو جیهان ڕەوانە دەکرد. ئێستە، ئەو بارە دیسانەوە وەرگەڕاوەتەوە، چین بە تەنیا زۆرتر لە کۆی ٩ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی چا لە جیهاندا پێکەوە، چای هەیە. ٤٠٪ ی هەموو چای جیهان سەرچاوەکەی لە چینە