گردی تانجەڕۆ

گردی تانجەڕۆ ١٠ کیلۆمەتر لە باشووری شاری سلێمانییە و نزیکی ٣ کیلۆمەتر لە چۆمی تانجەڕۆوە دوورە. ٩٠ مەتر پان و ١٢٠ مەتر درێژە. نێوان ٤ بۆ ٥ مەتر لە چواردەوری خۆیەوە بەرزە. کاری کنە و پشکنین لە ١٢ی نیسانی ٢٠٠٨ دەستیپێکردووە. ڕووی سەرەوەی گردەکە بۆ چوارگۆشەی ١٠ بە ١٠ مەتر دابەشکرا. لە تەپکی سەرەوەدا چاڵێکی ٥ بە ٥ مەتر لێدرا و هەڵکۆڵین گەیشتە گڵی هەرە بنەوە. چوار چین دەستنیشان کران، ئەوەی سەرەوە ناوی نرا چینی یەکەم و ئەوەی بنەوە بووە چینی چوارەم. لە چینی یەکەمدا دیوارێکی ٦٠سانتیمەتر پان لە خشتی گڵ دۆزرایەوە. تەنیا ٩٠ سانتیمەتر بەرزیی لێمابووەوە. لەسەر زەوی چینی یەکدا هەندێ خۆڵەمێش دۆزرایەوە، ،دیارە ئەو شوێنە یان کوورە بووە، یانیش ئاگردان

 

لە هەڵکۆلێنەکاندا زۆر دیوار دۆزرانەوە، لەوانە دیواری بە بەرد هەڵچنراوی بە ئاراستەی جیاجیا درێژبووبوونەتەوە. لەبەر زۆری دیوارەکان نەزانرا تەواوی نەخشەی ئەو شوێنە چۆن بووە. ئەو دیوارانە لەگەڵ ئەوانەی چینی دوومدا یان تێکەڵ بووبوون، یانیش یەک لەسەر ئەوەی دیکە داندرابوون. لەوەندەی هەڵکۆڵینی تێدا کرا، چەند ژووری بچووک دیاربوون. یەکێکیان بە پێی ئەوەی تەسک و بچووک بوو، لە کۆگەی هەڵگرتنی خواردن دەچوو. ڕووبەری بچووکی هەڵکۆڵین ڕێی نەدا نەخشەی تەواوی شوێنەکە بکێشرێتەوە

 

لە چوارگۆشەیەکی دیکەدا دوو کۆمەڵە گۆڕ دۆزرانەوە، یەکێکیان لەگەڵ گۆزەڵەیەکی نەخشێندراودا ناژرابوو. ژمارەیەکی دیکە منداڵی بچووک لەناو کوپەدا ناژرابوون. لەبەر خراپیی مانەوەیان، بەشێکی کەمی پارچەی کوپەکان دەرهێندرانەوە و دروستکرانەوە. لەبەرئەوەی لەسەردەمی عوبێددا منداڵ لەگەڵ گەورە نەدەنێژرا، بۆیە دیارە ئەو منداڵانە پێش گەورەکان نێژراون. دواتر چەندین ئامرازی بەرد و بەردئەستی دۆزرانەوە

 

لە چینی دوو و قووڵتر هیچی وا لە دیوار و پێکهاتەکانی ئەو نیشتەجێیە، نەدۆزرایەوە. چونکە دیوارەکان لەسەر دیوارە کۆنەکان بە ئاراستەی دیکە هیڵچنرابوون. ئەوەی دیاربوو ئەوەبوو دیوارەکانی چینی دووەم لە خشتی قوڕ دروست کرابوون. بەشێکیان ڕووخابوون و چاک کرابوونەوە. بەرد و قوڕ خزێنراونەتە شوێنە ڕووخاوەکان، وەک بڵێی بۆ هەڵچنینی دیواری سەرەوەی خۆی ئامادە کراوەتەوە. گڵی چینی دوو بە دواوە زۆر ڕەق و توند بوو، هەندێک پارچەی خشتی قوڕی سووتاو دۆزرانەوە بەڵام نەتوانرا ژوور و پێکهاتەکان دیاری بکرێن

 

بە گشتیی، ٦٣ پارچەی سیرامیک، ١٠ لەوانە بابەتی گڵسازیی تەواون، دۆزرانەوە. هەیانە دەفری پەلن، هەیانە قووڵ و ملدارن. چەندان ئامرازی بەرد بەتایبەتی لە چینی ٢ دا دۆزرانەوە. لە یەکێک لەو چوارگۆشانەی دیاریکرابوون بەشێکی زۆری بەردی کوتان دۆزرانەوە، دیارە ئەو شوێنە دانەوێڵە و خواردنی تێدا داکراوە. ئەو ئامرازە بەردانە بۆ چاخی بەردین دەگەڕانەوە، هەیانە دووبارە تیژ کراونەتەوە و چاککراون وەکو بڕەر بەکارهاتوون، هەشیانە دەستی لێنەدراوە. ئامرازی بەردە شووشە و بەرئەستێ تێیاندا زۆر بوو. بەردە تەورێکی لووسکراویش دۆزرایەوە. هەموو ئەوانە لە ئامرازە بەردەکانی بەر لە ٥٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەچن

 

١٠ گڵە تەشی دۆزرانەوە لە گڵی تێکەڵ بە ڕووەک و لە ئاگر برژاو، دروست کراون. ٦ پارچەیان لوولەیی قووچەکیی بوون و لە چینی ٣ و ٤ دا دۆزرانەوە. هەرچی ٤ پارچەکەی دیکە بوو خڕیلەی گۆیی بوون و لە چینی دووەمدا دۆزرانەوە.  ٤ بابەتی دیکە دۆزرانەوە لە گڵی تێکەڵ بە هەندێ پووش و پەڵاش دروستکراوە و کەمێک لە ئاگردا برژاوە بۆ کوتان و پان کردنەوەی گروگیا بەکارهاتوون. شوێنەواری داخورانی بەکارهێنانیان پێوە دیارە

 

هەرچی پەیکەری گیاندارانە، ٤ پەیکەری لە قوڕ دروستکراو بۆ گا دۆزرانەوە. بەپێی ئەوەی پشتەوەیان نزمە و سەروکەللەیان بەرزکراوە، لە گا دەچن. قاچی کورتیان بۆ دروست کراوە. ئەو شێوازەی دروستکردنی پەیکەری گیانداران لە هەزارەی پێنجەمی بەر لە زایین لە کەلتووری عوبێددا، لە زۆر شوێن دۆزراونەتەوە. لەبەر کورتیی ماوەی کار، لە هەموو چاڵەکاندا نەگەیشتینە بنی بنەوەی گڵی گردەکە، بۆیە دەکرێ لە زۆر شوێنی دیکە پاشماوەی دیکە هەبن و نەدۆزرابنەوە

 

سەرچاوە: https://www.academia.edu/36264388/Saber_S_A_Salman_S_Rasheed_K_M%C3%BChl_S_2014_Two_salvage_excavations_in_Southern_Kurdistan_Sulaymaniyah_Province_Iraq_Tell_Tanjero_season_2008_and_Tell_Greza_season_2003_Mitteilungen_der_Deutschen_Orient_Gesellschaft_146_139_168


ئەوەی لە دۆزراوەکانی گردی تانجەڕۆ دەردەکەوێ هاوتەریب و هاوکاتی دۆزینەوەکانی دیکەی ئەو ناوچەیەیە، ئەوە دەسەلمێنن کە مرۆڤی چاخی بەردین لە سەر خاکی کوردستان ژیاوە و لەگەڵ دەرکەوتنی شارستانییەت لە میزۆپۆتامیادا، لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانی شێوازی ژیانی نوێدا هەڵیان کردووە و تەنانەت بەشداریش بوون. لەگەڵ دەرکەوتن و دۆزینەوەی شوێنەوارە زۆرەکانی کوردستان، بەرەبەرە بیرۆکەی ئەوەی میزۆپۆتامیا لە باشوور لە داڕشتنی شارستانییەت بە تەنیا نەبووە دەردەکەوێ، بەڵکو تۆڕێکی واڵا و گەورە هەموو ناوچەی میزۆپۆتامیا و نیمچە کەوانۆکەی باکووری گرتووەتەوە. هەموو ئەو نیمچە کەوانۆکەیە، کوردنشین بووە و هەر وا ماوەتەوە