ناوەندەکانی خوێندن بریتین لە زانکۆ و پەیمانگەکان. لە کۆنەوە ئەوە تاکە مۆدێلی خوێندنی مرۆڤ بووە. دوای تەواوکردنی هەر قۆناغێکیش لاپەڕەیەک وەردەگری نمرەکانی لەسەرە. بەڵام نمرەکان تاکە بڕیاردەری ئاستی خوێندن نین. بەڵکو ناو و ناوبانگ بەشێکی گرنگی ئەو پارچە لاپەڕەیەیە. بۆ نموونە دەرچووی کۆلیژی یاسای زانکۆی هارڤارد لە جیهاندا بە چاوێکی دیکە، تەماشا دەکرێ. وەکو دەرچووی هەمان کۆلێژی زانکۆیەکی ئێوارانی کوردستان نییە
شێوازی خوێندن لە زانکۆکان، وەکو سێکوچکەی شانۆ و ئەدەبی فەرەنسای سەدەی نۆزدەیەم (کات، مەبەست و شوێن) وایە. لە سەرەتای تەمەنی بیستەکاندا (ئەوە کاتە) کۆمەڵێک گەنج هەمان بابەت دەخوێنن (ئەوە مەبەستە) لە یەک زانکۆ و بەشدا کۆبوونەتەوە (ئەوە شوێنە). ئەو سێکوچکەیە وێنەیەکی بریقەداری بۆ زانکۆکان دروست کردووە. لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەو وێنە بریقەدارەی ئەو زانکۆیانە بەرەو گۆڕان دەچێ. چونکە ئێستە، دەست گەیشتن بە بابەتەکانی فێربوون و خوێندن بە ئینتەرنێت بۆ هەموو کەسێک (هەڵبەت دەبێ ئینتەرنێتی هەبێ)، بەردەستە. زانکۆکان دەبێ ئەوە بزانن، هەموو وانەکانی فێربوون لە بیستەکانی تەمەندا ناتگەیەنێتە ئەوەی لە ئاییندەیەکی پڕ تەکنۆلۆجیا و خێرا گۆڕاودا، لاقان لەبەر تاوێ هەڵخەی. هەردەم دەبێ ڕاکەی تا لەگەڵ تەکنۆلۆجیای نوێ هەڵکەی
دەبێ مۆدیلی زانکۆکان پێشبکەون، بەجۆرێک وەک ئاییندەبینی ئینگلیز ریچارد واتسون دەڵێ، دەبێ دەرچووانی ئەوەندە توانا و زانیارییان دەستبکەوێ بایەخیان لەوەدا بێ ئەو کار و ئەرکانەی رۆبۆتەکان پێیان ناکرێ، ئەوان داهێنانی تێدا بکەن و هەڵیانسووڕێنن. وانە و زانیارییە (معرفە) بنچینەییەکان لەکەڵ تواناسازیی سەردەمییانە چەکی دەرچووانی زانکۆ دەبێ. هەندێ زانکۆ هەن، بۆ ئەوەی بایەخی بڕوانامەکەیان بمێنێ فێربوونی دوای تەواوکردنی زانکۆ، بە هەند وەردەگرن. جارێ زۆری ماوە مۆدیلی خوێندن و فێربوون بە درێژایی تەمەن جێ پێی خۆی بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە پێویست بێ خوێندنی ٤ یان ٥ ساڵ نەمێنێ. بەو مۆدیلە نوێیە دەگووترێ پاسپۆرتی تەمەن
دەکرێ بڕوانامەی بەکالۆریوۆس ئەو پاسپۆرتە بێ. بۆ نموونە بە خویندنی فیزیک دید بۆ دەورووبەر دەگۆڕێ. لەوانەیە دیدی نوێ ببێتە کۆڵەکەی بیردۆزێکی نوێ. یان وانەکانی بیرکاریی، زمانی فیزیک و هاوکێشەکانییەتی، زمانی کۆمپیوتەر وئابووری و پێشبینییەکانە. ئەو دوو زانستە بنچینەی (مەعریفە) ن. پێشکەوتنی بەرچاوی شێوازەکانی کاری کۆمپیوتەر و زانستی داتا (زانیاریی)، وامان لێدەکات بیر لە زانست خۆی و ئەندازیاریی بکەینەوە. بۆیە، بنچینەیەکی دیکە لە تێکەڵەی زانستەکانی کۆمپیوتەر، بەرنامەسازیی، ئامار و فێربوونی رۆبۆتەکان دەچێتە پاڵ فیزیک و بیرکاریی. ژمارەسازیی، هەموو ئەو بنچینانەی لەسەر بەندە، ئەگەر بیزانی پاسپۆرتی ئاییندەت لەدەستە
دەبێ زانکۆکان قوتابی لە پرۆژەکان بە کاربخەن، لەوێ توانا و کارایی زۆر بەدەست دێنن. دواتر ئەو پرۆژانە لەگەڵ ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا تێکەڵ بکرێن. بۆ نموونە ئەگەر پرۆژەکە دروستکردن و داهێنان بێ لە تەختەیەکی ئەلکترۆنیدا، کەواتە قوتابی دەبێ دەستەیەکی دیکە لە وانەکانی مایکرۆئەلکترۆنیک، بخوێنێ. دەبێ تواناکان بەر لە دەستپێکردنی پرۆژەکان، هەڵچنرابن. دەشکرێ بەشێکی دیکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆژە، بەدەست بهێندرێن. ئاوا، فێربوونی چڕوپڕ وەگیر دەکەوێ
لە پرۆژەکاندا، جگە لە دەستکەوتنی تواناکان، پێوەندیکردن، بەستنی پێوەندی کۆمەڵایەتی و تواناکانی بازرگانیی و بزنس بەهێزدەبن. وەکو بیرکردنەوەی تیژ، نەخشەدانان، دەستپێشخەریکردن، ڕابەرایەتی کۆمەڵێک و دابینکردنی سەرچاوەکان. ئەوانە لەو جۆرە توانایانەن رۆبۆتەکان ناتوانن بەدەستیان بێنن، ئەو کارانەی ئەو جۆرە توانایانەیان تێدایە بۆ رۆبۆتەکان نابن. کەواتە بڕوانامەکانی بواری زانستەکان دەبێ تێکەڵەیەکی توانا هونەرییەکان و پرۆژە سەرکەوتووەکان بن. فێربوون لەو جۆرە بڕوانامەیەدا، بە درێژایی ژیان بەردەوامیی هەیە
ئەگەر زانکۆکان ئەو جۆرە فێربوونە بگرنە ئەستۆ و ئاسایی بێ، ئەوا دەبێ لەگەڵ ئاڵۆزییەکانیشیدا هەڵکەن. ژمارەی قوتابیان لەوانەیە ببێتە هەزاران، ئەوکاتە هیچ زانکۆیەک ئەو هەموو قوتابییەی پێ هەڵناسووڕێ، بە هەمان شێوە ژمارەی کارمەندی زانکۆکان یەکجار زۆر دەبن. بەڵام ئەوانەی تازە دەرچوون لەگەڵ ئەوانەی چەندین ساڵە دەرچوون و لە بوارەکانی کاردان، تێکەڵ دەبن. ئەوەیان کاریگەری زۆر باشی دەبێ. هەر ئەوە لە ناو پرۆژەکاندا لە ژیانی ڕۆژانەدا هەیە. کارمەندی کارا لەگەڵ تازە دەچوو، تازە پێگەیشتوو، تێکەڵ دەبن. بەو پێیە، هەڵگرانی بڕوانامەکان وەکو پاسپۆرت دەبێ هەر چەند ساڵ جارێک بڕوانامەکەیان نوێ بکەنەوە. لێرەدا کێشە لە دابینکردنی پارەی زانکۆکان پەیدا دەبێ. بەڵام دەکرێ خوێندنی ئۆنلاین چارەسەر بێ. سەیر لەوەدایە کۆمپانیا گەورەکانی خوێندنی ئۆنلاین وەکو کۆرسێرا و ئوداسیتی تا ئێستە هیچ درچوویەکی خۆیان لە کاری خۆیان وەرنەگرتووە!
جارێ لە هیچ وڵاتێک دەرنەکەوتووە پارەی خوێندنی بەردەوام لەسەر شانی کێ دەبێ. قوتابی، خاوەن کار یان حوکوومەت. کارمەندانی بواری تەندروستی، ئەگەرچی لە پسپۆری خۆیاندابێ، بەڵام ماوە ماوە دەبێ خوولی ڕاهێنان و فێربوونیان هەبێ، چونکە ئامێر و ئامرازەکان لەگەڵ تەکنۆلۆجیادا پێشدەکەون. بەڵام پارێزەر پێویستی بە خوولی ڕاهێنان نییە، چونکە لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیادا هیچ بەسەر کارەکەی ئەودا نایەت
لە جیهاندا زانکۆکان چاکسازییان لە ڕووی شێوازی خوێندن و چۆنییەتی خۆگونجاندن لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و کۆمەڵگەدا، پێویستە. ئەوەی لە ئارادایە ناتوانێ بەرگەی گۆڕانکارییە گەورەکانی دەورووبەر بگرێ. هەڵبەت لە چەند سەد ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵی زانستیی و ئەکادیمی زانکۆکان کەم نەبووە. بەڵام کاتی گۆڕان نزیک بووەتەوە
سەرچاوە
https://aeon.co/ideas/why-lifelong-learning-is-the-international-passport-to-success