لانکەی مرڤایەتیی کوێیە؟ حەوا دایکی هەموومانە؟؟

ئادەم و حەوا، دوو ئادەمیزادی بەهەشت فڕێدرانە سەر زەوی، دەبنە دایک و باوکی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی. بە پێی چیرۆکی ئایینەکانی حەزرەتی ئیبراهیم، ئەوە کورتەی چۆنییەتی هاتنی مرۆڤە بۆ سەر زەوی. کەواتە حەوا دایکە گەورەی هەموومانە. هەموومان لەسەر ئەو چیرۆکە پەروەردە کراوین وئەوەش تاکە راستیی بووە دایکان و باوکان بە منداڵانییان بڵێن، لەوە زیاتر کەس هیچی نەزانیوە

  

لەگەڵ پێشکەوتنی بوارەکانی زانست، پشکنینی دی ئێن ئەی بووە ئامرازێکی هەرە گرنگی دەستی زانایان بۆ گەڕان بەدوای راستییە نەزانراوەکان، چارلس داروین لە کۆتایی سەدەی ١٩ خزمایەتیی مرۆڤ و مەیموونی باسکردووە. سەرەڕای رای جیاواز لە نێوان گروپی هاودەنگ و گروپی دژی ئەو بیرۆکەیە، زانست کۆڵی نەداو رۆژ بە رۆژ توێژینەوەی زیاتری ئەنجام داوە

  

بە کورتی، زانست پێی وایە مرۆڤی ئێستا پاشماوەی تاکە یەک جۆری باپیرەی مرۆڤە، پێش ئەوە و تەریبیش لەگەڵیدا، جۆری دیکەی مرۆڤ هەبوون، لە ئێسقانی ڕان و هەندێ سیفەتی دیکەی قاچەکان دیارە لە سەر دوو پێ رۆیشتوون. مرۆڤی نیاندرتال و دێنیسۆڤانس، هەردووکیان هەبوون بەڵام لە ناو چوون، وەک مرۆڤی ئێستا (ناوی زانستیی: هۆمۆ سێپیانس) نەیانتوانی بمێننەوە. هۆمۆ سێپیانس لە ئەفریقا هەبوون، لەوێوە کۆچی کردووە تا هەموو زەوی تەنیوە، بەڵام چۆن ئەوە وەک راستییەکی زانستیی بەڵگەدار یەک لا دەبێتەوە؟ لێرەوە دەچمە قووڵایی باسەکە

  

لە ناو هەموو خانەیەکی لەشمان ئامێرێکی بایۆلۆجی هەیە پێی دەڵێن مایتۆکۆندریا، کاتی خۆی لە پۆلی ٢ و ٣ ی ناوەندی لە وانەی زیندەوەرزانی، ئەوە فێردەکراین. مایتۆکۆندریا، خۆی بە پەردەیەک دەورە داوە، کاریشی لە ناو خانە ئەوەیە، کە وزە بۆ ئەو خانەیە دروست بکات، ئەو وزەیە لە شوێنێکی تایبەت لە ناو خانەدا، تا کاتی پێویست کەڵەکە دەکرێت. جگە لەوەی هەر خانەیەک کرۆمۆسۆمی خۆی هەیە، مایتۆکۆندریا کرۆمۆسۆمی تایبەت بە خۆی هەیە، کرۆمۆسۆمی خانەکان تێکەڵەی کرۆمۆسۆمی دایک و باوکە، کەچی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا تەنیا لە دایکەوە بۆ وەچەکانی دێت. هیچ شتێک لە باوکەوە بۆ مایتۆکۆندریا نایەت. ئەو کرۆمۆسۆمەی مایتۆکۆندریا هەموو رووداوەکانی ژیانی هەموو دایکەکانی هەر منداڵێک تۆمار دەکات، هەر لە دایکی یەکەمەوە (با ناوی بنێین حەوا) تا دایکی منداڵەکە خۆی

 

لە ساڵی ١٩٨٠ یەکەمین هەوڵی تێگەیشتنی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا درا، دواتر توێژینەوەکان بەردەوام بوون و زانرا کە کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا تۆماری هەموو مرۆڤایەتیی لەسەرە، هەوڵەکان چڕ کرانەوە تا کۆتایی ساڵانی ١٩٩٠ەکان بووە وێردی سەر زمانی زانایانی ئەو بوارە و گەرمترین باسی گفتو گۆی زانستیی بوو. لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بیردۆزێکی تەواو نوێ گەڵاڵە بوو، کە پشت بە پشکنینەکانی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا دەبەستێت و تۆمارەکان نیشان دەدەن، رۆژهەڵاتی ئەفریقا لانکەی هەموو مرۆڤایەتی بووە

 

کاتێک جۆری مرۆڤی ئێستا (هۆمۆ سێپیانس) لە ناوەڕاستی ئەفریقا دەرکەوتوون (مەبەستم لە دەرکەوتن پرۆسەیەکی سروشتیی چەند ملیۆن ساڵە، گۆڕانکاریی جەستەیی لە هەموو جۆرەکانی باپیرە گەورەکانی مرۆڤدا دروست کردووە)، ئەوانە مانەوە، دوای چەندین سەدە و خۆگونجاندن توانییان وەچە بنێنەوە و بەرامبەر هەموو گۆڕانکارییەکان خۆ بگرن. ئەنجام، ئێمەی مرۆڤی لێ ماینەوە

 

توێژینەوەی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریای هەموو مرۆڤ لە هەر شوێنێکی جیهان بێت دەریدەخات، کە هەموومان لە یەک مێ هاتووین. جۆرەکانی دیکەی پێشکەوتووی باپیرە گەورەی مرۆڤ چ بە هۆی برسییەتی، کەش و هەوا، نەخۆشیی، رووداوی کوشندە، پەلاماری ئاژەڵان .. هتد، لەناو چووبن، هیچیان بەجێ نەهێشتووە، تەنیا یەک مێ و نەوەکانی، دایک و باوکی هەموومانن. مرۆڤ هاوشێوەی نییە، نزیکترین ئاژەڵ لێمانەوە مەیموونی شامپانزیی سەروو ٩٥٪ ی جینەکانمان وەک یەکن، چونکە باپیرە گەورەی هەردووک یەکن و ٧ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە

 

یەکەم کۆچی باپیرەی مرۆڤ (هۆمۆ ئیرەکتۆس) بۆ دەرەوەی ئەفریقا ملیۆن و هەشت سەد هەزار ساڵ پێش ئێستا روویداوە. وا مەزەندەیە، لە شوێنی ئێستای کەناڵی سوێسەوە پەڕیونەتەوە کیشوەری ئاسیا، گەیشتوونەتە باشووری ئەوروپاش و بەوێشدا بڵاو بوونەتەوە.  هۆمۆئیرەکتۆس بە باپیرەی مرۆڤی هۆمۆسێپیانس دادەنرێت، لەو بوونەوەرە کەمانەیە، کە لەسەر دوو قاچ رۆیشتووە. بوونەوەرەکانی توانیویانە لەسەر دوو قاچ بڕۆن بەر لە ٤ ملیۆن ساڵ هەبوون

 

هەڵبژاردنی سروشتیی گۆڕانکاری بەسەر هۆمۆئیرەکتۆسدا هیناوە، قاچەکان درێژ بوون، پەنجەی گەورەی قاچ لە تەنیشت هاتووە بۆ ریزی پەنجەکانی دیکە، پەنجەکانی دەستیش کاتێک دارەوانی نەماوە، بە هەمان شێوە بۆ ریز یەک گۆڕاون، لە چاو هەموو جۆرەکانی دیکەی مرۆڤی پشت راست، گەورەترین مێشکیشی هەبووە، بەر لە ٨٠٠ هەزار ساڵ فێری بەکارهێنانی ئاگر بووە، بەوە دەرفەتی زیاتری پێشکەوتنی مێشکی بۆ رەخسا،  تا ئەوەی مرۆڤی ئێستا (هۆمۆسێپیانس) بەر لە نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ناوەڕاستی ئەفریقا دەرکەوتووە، لە هەمان کاتدا مرۆڤی نیاندرتال، کە لەگەڵ مرۆڤی ئێستا لە باپیرەدا یەک دەگرنەوە، دەرکەوتووە. بڵاوبوونەوەی نیاندرتال وەک لە نەخشەی خوارەوەدا هەیە زۆر شوێنی گرتووەتەوە

  

لە کوردستان مرۆڤی نیاندرتال ژیاوە، لە ساڵی ١٩٥٧ تا ١٩٦١ لە ئەشکەوتی شانەدەر ئێسک و پروسکی ٩ مرۆڤ دۆزرایەوە، پێش ٥٦ هەزار ساڵ لەوێ ژیاون، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ هەندێکی دیکە دۆزرانەوە، کە بەر لە ٧٥ هەزار ساڵ لە شانەدەر ژیاون

 

مرۆڤی نوێ یان ئێمە، لە ناوەڕاستی ئەفریقا بەرەو رۆژهەڵات و باکوور کۆچیان کردووە، دەمەو ئاو لەگەڵ کەنارەکان رۆیشتوون، لە گەرووی باب المندب نریکەی ٧٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر پەڕیونەتەوە یەمەن، ئێستا ئەو گەرووە ١٨ کیلۆمەتر پانە، لە سەردەمی بەستەڵەکەکان تا ٣ کیلۆمەتر پاشە کشە دەکات، ٧٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر هەمان ئەو کاتەیە کە سەردەمێکی دیکەی بەستەڵەک دەستی پێکردووە، ئاستی ئاو نزم بووەتەوە. بەڵام هەر زۆر سەختە بۆ مرۆڤی ئەو کاتە توانیبێتی لەو ئاوە بپەڕێتەوە، شوێنەوارناسان پاشماوەی مرۆڤیان لە تەواوی ئەو کەنارانە دۆزیوەتەوە، بۆ وێنا کردنی رێڕەوی کۆچ کردنەکان پشتیشیان بەو شوێنەوارانە بەستووە. دەکرێ لە جێی کەناڵی سوێسی ئێستا گەیشتبنە ئاسیا، بەڵام ئەو کاتە ناکرێ یەکسەر بەرەو تەواو باشوور رێڕەویان گۆڕیبێت! هەرچەندە شوێنەواری دیکە لە ناوچەی سینا دۆزراوەتەوە، بەڵام مێژوویان بۆ ئەو کاتە ناگەڕێتەوە.  بۆیە باوەڕەکە هەر وایە، کە لە باب المندب چوونەتە یەمەن، لەوێوە کەنارەو کەنار رۆیشتوون بۆ ئیمارات، ئینجا لە گەرووی هورمز بەرەو ئێران و دواتر بەرەو هیند و باشووری ئاسیا

  

دەکرێ لەو رێیەدا لقیان لێ بووبێتەوە بەرەو ئاراستەی باکوور رۆیشتبن، بە ناو عێراقی ئێستادا بەرەو باکوور ئینجا بەرەو ناوەڕاستی ئاسیا، یان ئەوانەی بەرەو ئێران پەڕینەوە بەشێکیان بەرەو باکوور چووبن. کە دەگەنە ناوەڕاستی ئاسیا کەش و هەوا بەرەو بەستەڵەک دەچێت، سەردەمێکی بەستەڵەکی بچووک دێت، بۆیە لە وێ بۆ ماوەی چەند هەزار ساڵێک دەمێننەوە، وەک خۆ گونجاندن لەگەڵ کەش و هەوای ساردی ئەو ناوچەیە، بۆ پاراستنی چاو، بەز و چەورییان لەدەوری چاو بۆ دروست بوو، لە ئەنجام کرانەوەی چاو بچووک بووەوە و هەردوو پێڵووش گەورە و ئەستوور بوون، بەهەمان شێوە هەردوو روومەت بۆ پاراستنی بەشەکانی دەم و چاو لە سەرما ئەستوور بوو، ئەو ئاکارە تا ئێستاش لە خەڵکی گەلانی ناوەراستی ئاسیادا ماوە، دوای خۆشبوونی کەش و هەوا، لەوێوە بەرەو چین رۆێشتوون، تا دەگاتە مالیزیا، فیلیپین و ئیندۆنیزیا

  

نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، دەگەنە ئوسترالیا و دواتر بەوێشدا بڵاو دەبنەوە. لەوانەشە، بە رێچکەیەکی دیکە لە هیند و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو باشووری ئاسیا چووبن، بەڵام زۆر نەبوون و زۆریش نەماونەتەوە، چونکە خەسڵەتی چاو لە هەموو باشووری ئاسیا وەک یەکە، بچووک و کەم کراوەیە، بۆیە باوەڕ وایە کە ئەوانەی لە ناوەڕاستی ئاسیا قەتیس مابوون باپیرەی هەموو گەلانی رۆژهەڵات و باشووری ئاسیا بن

  

هەر ئەوانەی لە ناوەڕاستی ئاسیا قەتیس بوون، دواتر بەشێکیان رێڕەوێکی دیکەی کۆچیان گرتەبەر، بەرەو باکوور (سیبیریا) چوون، لە گەرووی (بیرینگ) کە ئالاسکا بە رووسیا دەبەستێتەوە بۆ ئەمەریکای باکوور پەڕینەوە. ئێستا گەرووی بیرینگ هاوینان ئاوە، بەڵام ئەو کات زستان و هاوین هەر بەستەڵەک بووە. شوێنەوارەکانی لەوێ و لە کەنەدا و ئەمەریکا جێماون و دۆزراونەتەوە بۆ ١٠ تا ١٢ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوانەی گەیشتنە ئەمەریکا دواتر هیندییە سوورەکانیان لێ کەوتەوە


لەو رەوتەیان بەرەو ئەمەریکای باکوور گەلی ئەسکیمۆیان لێ پەیدا بوو، ئەوانەی لە ناوچە ساردەکان مانەوە شێوازی ژیانیان بۆخۆیان دۆزییەوە و توانیان خۆیان لەگەڵ سەرما و بەستەڵەکدا بگونجێنن. ئەوانەش گەیشتنە ئەمەریکای باکوور، بەرەو ئەمەریکای باشوور چوون و بە هەردو کیشوەردا بڵاو بوونەوە. شوێنەواری مرڤ لە ئەشکەوتەکانی ئەوپەڕی باشووری ئەرجەنتین، کە نزیک بازنەی جەمسەری باشوورە بۆ نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە

  

هەر لە ئەفریقاوە گرووپێکی دیکە بەرەو رۆژژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا رەوتیان کردووە، ئەوان لە دەریای سوور پەڕیونەتەوە، شوێنەوارەکانیان لە خاڵێک دەپچڕێ، بۆیە دەبێ لەوێ پەڕیبنەوە. لە نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار ساڵ لە ئەوروپا هەبوون و ژیاون، جگە لە باکووری هەرە دوور (فینلاند و نەرویج) ئەو کیشوەرەیان تەنیوەتەوە. لە هەموو ئەو ناوچانەی لە نەخشەی سەرەوە دیارە، کە شوێنی ژیانی مرۆڤی نیاندرتالن، شان بە شان, هەردوو مرۆڤی نیاندرتال و باپیرەی ئێمە پێکەوە ژیاون، لەوانەیە لە راو و خۆپاراستنیشدا هاوکاری یەکتر بووبن. نەک هەر ئەوەندە بەڵکو نەوەشیان خستووەتەوە. هەموومان کرۆمۆسۆمی نیاندرتالمان تێدایە، ئەوەش واتای ئەوەیە کە لەگەڵ نیاندرتال جووت بوون هەبووە. بە شیوەیەکی گشتی ٩٩٪ ی کرۆمۆسۆممان لەگەڵ نیاندرتال وەک یەکن، لەگەڵیشیان بووین بە خوشک و برا

 

دەگەڕێمەوە باسە سەرەکییەکە؟ ئایا حەوا دایكی هەموو مرۆڤایەتییە؟ لە خوێندنەوەی هەموو ئەوەی سەرەوە، دوو راستی دەردەکەوێت


١. ئەفریقا لانکەی هەموو مرۆڤایەتیی بووە، لەوێوە باپیرە گەورەی مرۆڤ لەسەر هەردوو قاچ رۆیشتووە و بە جیهاندا بڵاو بووەتەوە. لەهەمان کاتیشدا، زیاتر لەیەک جۆر مرۆڤ هەبووە، بەڵام مرۆڤی (هۆمۆ ساپیانس) کە ئێمەین، لە هەموویان سەرکەوتووتر بووە و ماوەتەوە، ئەوانی دی لەناو چوون


٢. کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریای خانەی هەموو مرۆڤەکان هەمان تۆماری تێدایە، ئەو کرۆمۆسۆمانەش تەنیا لە دایکەوە بۆ وەچە دەگوازرێتەوە، دایە گەورەی هەموو مرۆڤ یەک مێی ئەفریقا بووە کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە. ئەو دایە گەورەیە هەموومانی خستووەتەوە


 بەڵێ حەوا دایکی هەموومانە