دەرکەوتنی قسەکردن لە مرۆڤدا وەرچەرخانێکی یەکجار مەزنی مێژووی هەبوونی مرۆڤە لە سەر زەوی. قسەکردن بۆ گۆڕینەوە یان ناردنی زانیارییە بۆ گوێگر. مرۆڤیش تاکە بوونەوەرە ئە وتوانایەی هەبێ. هەر بۆیە بەشێک لە باڵادەستیی مرۆڤ بۆ هەبوونی توانای ئاخاوتن و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان تاکەکانیدا، ئەو توانایە لە بوونەوەرەکانی دیکەدا دەرنەکەوتووە.
زمانەکانی ئاخاوتن بەپێی کۆمەڵ و دوور و نزیکیی لەیەکتری گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و زمانی تازەیان لێ دەرکەوتووە. چەند هەزار زمانێک لە سەر زەوی قسەی پێدەکرێ و هەر هەموویان بۆ هەمان مەبەست و هەمان ئەرک، بەکاردەهێندرێن. بەڵام بۆچی هەندێ زمان هەیە بۆ گوێمان خێرایە، هەندێکی دیکە هەیە لەسەرخۆترە؟ ئاخۆ جیاوازی نێوانیان لە ڕووی بڕی زانیارییەکان لە وشەکاندا لە زمانێک بۆ زمانێک جیاوازە؟ گوێ لە زمانی ئیسپانی بگرە، بۆ ئێمەی کورد و تەنانەت زۆر نەتەوەی دیکە، زۆر خێرا دەردەکەوێ؟ تۆ بڵێی زمانی ئیسپانی لە گواستنەوەی زانیارییدا لە زمانەکانی دیکە، کارا تر بێ؟
شییکردنەوەی زانستیی زمانی ئیسپانی نیشانی دەدا لە زمانی ئیسپانیدا بڕگە دەنگییەکان زانیاری کەمتریان لەوانەی زمانی ئینگلیزی تێدایە. بڕگە دەنگییەکانی زمانی ئیسپانی ٣٦٩ ملیۆنن، بەڵام لە زمانی ئینگلیزیدا ١٢٧ ملیۆن و نیون، هەر بۆ نموونە لە زمانی تورکیدا نزیکەی ٥٦٥ ملیۆن بڕگەی دەنگیین. بەڵام کۆی زانیارییەکان لە یەک خوولەکدا لە نێوان هەردوو زمانی ئیسپانی و ئینگلیزیدا تا ڕاددەیەکی یەکجار زۆر، وەکو یەکن. کەواتە تۆ بڵێی بڕی زانیاریی گواستراوە جیاواز بێ؟
بەڵام چۆن بزانین مەبەست لە بڕی زانیاریی چییە؟ دەکرێ چەند زانیاریی ناوبنێین یەک بڕ تا بتوانین ئاڵوگۆڕی بڕە زانیارییەکان لە زمانەکاندا بپێوین؟ بۆ وەڵامی هەر پرسیارێک بەڵێ و نەخێر بێ، دەتوانین بە سفر و ١ پێنوێنی بکەین. وەڵامی بەڵێ ١ بێ و نەخێر سفر بێ. ئەو یەک و سفرە پێکەوە لە زمانی نمرەییدا (دیجیتاڵ) پێی دەگووترێ ١ بت یان بیت (یای زۆر کورت لە نێوان هەردوو پیتەکەدا هەیە). مۆرێک (زار) ٦ ژمارەی لەسەرە. بۆ ٦ دانە مۆر دەتوانین بە تەنیا ٣ بت زانیاریی پێنوێنیی بۆ هەموو ئەگەرەکانی هەڵدانی ئەو ٦ مۆرە بکەین. بۆ ٢٦ پیتی زمانی ئینگلیزی تەنیا ٥ بت پێویستە. ئەگەر پیتی گەورە و بچووک، ژمارەکان لە ٠ تا ٩ و هێماکانیش دانێین هەموویان پێکەوە دەبنە ٩٥، ئەوکاتە تەنیا ٧ بت بەشی هەمووی دەکا
هەرچی لە ڕووی نووسینەوەیە دەبینین لە چوارگۆشیەکی نووسیندا بۆ هەر پیتێک یان نووسینێکی زمانی چینی، زانیاریی یەکجار زۆرتری لە چاو زمانەکانی دیکە، تێدایە. نووسینی چینی شێوە چوارگۆشەی هەیە، پیتەکانی چینی وەکو وێنە دروست دەکرێن. بۆ چاوی مرۆڤ لە چاو نووسینی درێژکۆلەی چەپ و ڕاست، زۆر زۆر گونجاوترە. ئەو جیاوازییە وای لە زمانناسان کرد بڵێن خوێندنەوەی زمانی چینی لە زمانەکانی دیکە خێراتر و کاراترە
ئەگەرچی نووسینی چینی زۆر چڕە و پڕ واتاترە، کەچی لەویشیاندا، تاقیکردنەوەکان نیشان دەدەن خوێندنەوەی چینی خێراتر نییە. هەر خوێنەرێکی زمانی ئینگلیزی بە یەکجار لە نێوان ٧ بۆ ٨ پیت دەبینێ و لێکیان دەدا، کەچی لە زمانی چینیدا، تەنیا ٢.٦ پیت دەبینێ و لێکیان دەدا. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، لە هەر زمانێکدا تێکڕای نزیکەی ٣٨٠ وشە لەیەک خوولەکدا دەخوێندرێتەوە. ئەوە دەبێتە بەڵگەی ئەوەی زۆری پیت یان وشەی زمانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە نێوان مرۆڤدا، بەربەست نین. بەڵکو توانای درککردنی مرۆڤە ئەو سنوورەی نەبەزاندووە. ئەوە سنووری توانای درککردنی مرۆڤە نزیکەی ٣٨٠ وشەی پێ دەخوێندرێتەوە/گوێ لێ دەبێ دەتوانێ تێی بگات
لە زمانەوە دەچینە ناو خانەکانی خۆمان. جینەکانمان لە ٤ گەرد پێکدێن بە ٤ پیتی ئینگلیزی سی، جی، ئەی و تی ناومان ناون. هەر یەک لەو پیتانە تەنیا بە ٢ بت زانیاریی نمرەیی پێنوێنی دەکرێ. مرۆڤ ٦ ملیار جینی هەیە، کەواتە دەکرێ هەموو جینەکانی مرۆڤ بە ١٢ ملیار بت نیشان بدرێن. بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانە لە کۆمپیوتەردا هەڵگیرێ ئەوا دابەش ٨ بت دەکرێ چونکە کاری کۆمپیوتەر بە ٨ بتی دەکرێ. ئەو کاتە دەبینین هەموو جینەکان تەنیا ١.٥ گێگا بایتیان دەوێ. هەموو زانیاریی خانەیەکمان لە سەر یەک دیسکی دی ڤی دی جێی دەبێتەوە و شوێنی بەتاڵیش دەمێنێتەوە. مرۆڤ نزیکەی ٤٠ تریلیۆن خانەی هەیە. کەواتە هەموو لەش نزیکەی ٦٠ زێتا بایت (٦ و ٢١ سفری کەبەردەمدایە) زانیاریی تێدایە
هەر کەسێک لە جیهاندا ٩٩.٩٪ لە هەر کەسێکی دیکەی جیهان دەچێ. تەنیا ئەو ٠.١٪ ە لە یەکتری جیاوازین. واتا تەنیا ١ بەش لە هەزار جیاوازیمان لە نێواندا هەیە. ئێستە ئەگەر تەنیا ئەو جیاوازییەی هەر کەسێک بۆ نمرەیی بگۆڕین، دەبینی جیاوازییەکان دەبێتە کەمتر لە ١ مێگا بایت! واتا لە سەر فلۆپی دیسک هەڵدەگیرێ (چەند کەس لە ئێوە فلۆپی دیسکی بیر ماوە؟)