خواردنی ئیندۆمی

لە چەند ساڵی دواییدا، خواردنێکی ئاسیایی بڵا بووەوە بەناوی ئیندۆمی، منداڵان زۆر ئاڵوودەی ئەو خواردنەن و هەردەم داوای دەکەن. ئیندۆمی سەرەتا لە ساڵی ١٩٥٨ بە ناوی رایمنی مریشک لە ژاپۆن، لە لایەن دوو کۆمپانیای ژاپۆنی بە ناوی  (مۆمۆفوکو ئاندۆ و نیسین فوودس) کەوتە بازاڕ

 

پێکهاتەی جۆرە سادەکەی رایمن بریتییە لە ئارد، زەیتی خورما و خوێ. بەڵام ئەوانەی تامی دەدرێتێ، دەکرێت مۆنۆ سۆدیۆم گلوتامەیت، داو و دەرمان، یان، گژوگیا بۆ تام و بۆن خۆش کردن و شەکریان تێدەکرێ. رایمن زۆر ناوی بازرگانیی هەیە، لە هەر ناوچەیەک یان وڵاتێک ناوێکی هەیە. ئەوەی لێرە هەیە ناوی ئیندۆمییە (اندومی یان سوپەرمی)  و جگە لەوانەی سەرەوە چەوری، چەوری تێر و چەوری ترانز دەکرێتە ناوی. بەرچەسپی بەرهەمەکە بخوێنەوە، ئەوانەی تێدا دەبینی

 

با بزانین زیانی خواردنی ئیندۆمی چییە

 

١. سۆدیۆم: ئیندۆمی توخمی سۆدیۆمی زۆری تێدایە. زیانی سۆدیۆم ئەوەیە پەستانی خوێن بەرز دەکات. ئاوی زۆرتر لە ناو خوێندا دەهێڵێتەوە، بۆیە پەستانی خوێن بەرز دەبێتەوە. بەرزیی پەستانی خوێن دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و زیانی بۆ گورچیلەش، هەیە. لە بەرچەسپی سەر ئیندۆمی دەڵی بۆ هەر ٧٠گم ئیندۆمی، ١٧٠٠ میللی گرام سۆودیۆمی تێدایە. بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان، مرۆڤ ڕۆژانە دەتوانێ تا ٢٠٠٠ میللیگرام سۆدیۆم بخوا. کەواتە لە هەردوو ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ، یان، بەیانی و ئێوارە، دەبێ تەنیا ٣٠٠ میللیگرام سۆدیۆم بخۆی، ئەوەش ئەستەمە. تەنیا پارچە نانێک ٢٥٠ میلیگرامی تێدایە

 

٢. مۆنۆ سۆدیۆم گلوتامەیت: ئەو ماددەیەزیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە ژاپۆن لە گیایەکی ناو دەریا دۆزراوەتەوە. زانرا تامێکی تایبەت و خۆش، دەبەخشێ. ئێستە لە پیشەسازی خواردندا بە ترشاندنی ئاردی گوڵەدان، قامیشی شەکر، ڕووەکێکی دیکەی پڕ شەکر (بیتس) و شیلەی پاشماوەی قامیشی شەکر، دروست دەکرێت

 

کۆمپانیاکان وەک زیادکراوی خۆراک لە ئەندۆمی دەکەن. هەرچەندە هێشتا پێوەندی نێوان ئێم ئێس جی و هەندێ نەخۆشی تەواو نەسەلمێندراوە، بەڵام زیانەکانی بریتین لە سەرهێشە، دڵ تێکەڵ هاتن، بێ هێزیی، ماسولکە ئێشە، سنگ ئێشە، دڵە کوتە و وشک بوونەوەی پێست. ئەگەر مەبەستت بوو، زانیاری وردتر لەم لینکەدا وەرگرە

 

 https://www.parkwayeast.com.sg/healthplus/article/instant-noodles-health-impact


٣. ڕیشاڵ و پرۆتین: هەردوو ماددە وەک پێویستیی ڕۆژانە بۆ مرۆڤ دەستنیشان کراون. نەبوونی پرۆتین لە خواردندا هەستی برسییەتیی نوێ دەکاتەوە، نەبوونی ڕیشاڵێش وا دەکات هەرس کردن قورس بێ و بەکتیریا سوودبەخشەکانی ناو ڕیخۆڵە کەم دەکاتەوە

 

٤. کرداری میتابۆلیزم (پرۆسەی وەرگرتن، وردکردن، سووتانی خۆراک له زیندەوەردا) تێکدەدات. لە توێژینەوەیەکی وەزارەتی تەندروستیی کۆریای باشوور دەڵێ، خواردنی ئەندۆمی کرداری میتابۆلیزم لە ئافرەتاندا زۆرتر وەک لە پیاواندا تێکدەدات. ئەگەرەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش بەرز دەکاتەوە


 https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/24966409/


٥. چەوری تێر، جۆرە چەورییەکە لە خواردندا بە گشتیی هەیە، بەڵام خواردنی باش نییە.  لەسەر بەرچەسپی ئەندۆمی خۆی دەڵێ ٦ گم چەوری تێر لەهەر ٧٠ گم ئەندۆمیدا هەیە، کەچی لە ١٠٠ گم گۆشتدا تەنیا ١.٢گم ئەو جۆرە چەورییە هەیە

 

خواردنی چەوری تێر، کۆلسترۆڵ لە خوێندا زۆر دەکات. ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەرز دەکاتەوە. لە ماڵپەڕی سەندیکای نەخۆشییەکانی دڵی ئەمەریکا دەتوانی ببینی چەوری تێر چییە و مەترسییەکانیشی چین


 https://www.heart.org/en/healthy-living/healthy-eating/eat-smart/fats/saturated-fats


٦. چەوری ترانز، ئەوەشیان بە سروشتیی لە هەناوی ئاژەڵاندا دروست دەبێت و بە خواردنی گۆشتی سوور و شیری ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دێت. بە شێوەیەکی گشتیی خواردنی ئەو چەورییە کۆلسترۆڵی خراپ لە خوێندا دروست دەکات، تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زۆر دەکات و ئەگەری توشبوون بە شەکرەی جۆری ٢ زۆر دەکات. هەرچەندە بەرچەسپی ئەندۆمی دەڵێ هیچ چەوری ترانز لە بەرهەمەکەیدا نییە. بەڵام من خۆم باوەڕم بەو زانیارییە نییە

 

پرسیاری من بۆ ئێوە ئەوەیە. چییە ژەمە ئەندۆمییەک دەخوات، دەتەوێ منداڵەکەت بەو هەموو مەترسییانەدا بڕوات، چونکە حەزی لێیەتیی؟ ئەوە دەهێنێ؟ یان زۆربەی جار لەکۆڵ خۆتی دەکەیەوە و بۆی دەکڕی؟؟

 

ئەگەر تا ئێستە وات کردووە، هیچی دی وا مەکە