خۆر سەرچاوەی وزەی ژیانی سەر زەوییە. بە بێ خۆر هیچ گیانەوەر و ڕووەکێک ناتوانێ بژی. هەرنەبێ جارێ زانست ئەوەندەی لێ تێگەیشتووە. بەڵام لەوە دڵنیاین، ژیان لەسەر زەوی بەبێ هەبوونی تیشکی خۆر ئەستەمە. لەگەڵ ئەوەی خۆر سەرچاوەی ڕووناکی و وزەیە بۆ هەموو ژیان، کەچی لە هەمان کاتدا، مەترسی زۆریشی بۆ سەر ژیان هەیە. مەترسییەکانی تیشکی خۆر بۆ سەر ژیانی ڕۆژانە تیشکی سەروو وەنەوشەییە. ئەو تیشکە بە بەردەوامی لە خۆرەوە دەردەچێت و دەگاتە سەر زەوی. بۆ ئەوەی ژیان بەو شێوەیەی ئێمە دەیناسین و دەیزانین لەسەر زەوی دروست ببێ، پێویستیی بە پارێزگارییکردن هەیە. ئەوە ئەرکی چینی ئۆزۆنە تا ئەو پارێزگارییە لە هەموو ژیان بکات. وەکو قەڵغان دژی تیشکی سەروو وەنەوشەیی وایە
تیشکی سەروو وەنەوشەیی سەرچاوەی دروستبوونی شێرپەنجەی پێستە (میلانۆما) لە مرۆڤدا. ئوسترالیا لە وڵاتە هەرە زەرەرمەندەکانی ئەو نەخۆشییەیە. بەرزترین ڕێژەی میلانۆمای لە جیهاندا هەیە. ڕێژەی تووشبووانی میلانۆما بۆ تەمەنی نێوان ٢٠ تا ٣٩ ساڵ لە ئوسترالیا، دوو ئەوەندەی ئەوەی بەریتانیا و ئەمەریکایە. بۆ گەنجانی ئوسترالیا بڵاوترین نەخۆشییە. بۆیە ئەو وڵاتە، کاراترین ڕێکاری خۆپارێزیی هەیە لە جیهاندا. ژمارەی تووشبووانی میلانۆما لە ژناندا لە ئوسترالیا ١٠ ئەوەندە و لە پیاوانیشدا، ٢٠ ئەوەندەی ئەوەی ئەوروپان
لەبەر لاریی گۆی زەوی لەسەر تەختی سووڕانەوەی بە دەوری خۆردا، نیوەی باشووری گۆی زەوی لە هاوینی ئەوێدا (زستانی خۆمان) لە خۆرەوە نزیکترە وەک لە هاوینی خۆمان لە خۆرەوە. واتا زەوی کاتێک لای ئێمە زستانە، لە خۆر نزیکە. بەڵام ئەو کاتە لە ئوسترالیا، هاوینە. بۆیە تینی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە نیوەی باشووری گۆی زەوی زۆرە و زیانی زۆرترە
تینی تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە نێوان سفر و ١١ دایە. بە پێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی، تینی ژمارە ٣ و سەرتر، مەترسیی هەیە. تیشکی سەروو وەنەوشەیی دی ئێن ئەی خانەکان تێکدەشکێنێ. بەڵام خانەکان دوای نەمانی ئەو تیشکە خۆیان چاک دەکەنەوە. بەردەوامبوون لە دووبارەبوونەوەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی، خانەکان لە خۆ چاککردنەوە پەک دەخات و ئیدی چاک نابێتەوە، ئەوکاتە زەمینەی دروستبوونی میلانۆما، لەبارە. لە ساڵی ٢٠١٩ لە جیهاندا سەروو ٦ ملیۆن و نیو توشبووی ئەو جۆرە شێرپەنجەبوون، لەوانە ١١٨ هەزار گیانیان لە دەستداوە. بۆ خۆپارێزیی، بەکارهێنانی کرێمی دژەخۆر زۆر پێویستە.
لەبەر تەنکیی پێستی منداڵان، ئەو چینەی کۆمەڵگە زۆترین مەترسییان لەسەرە. بەڵام هەرگیز نابێ کرێمی دژەخۆر بۆ منداڵانی خوار ٦ مانگ بەکاربێت. هەرچی تەمەن خوار ١ ساڵە، نابێ بەر تیشکی سەروو وەنەوشەیی بکەوێت. کەواتە باشترین ڕێکار بۆ منداڵان سێبەری تەواو، جلی تەنک و کوڵاوی (شەبقە) گەورەی سەرە. هەرچی نەخۆشیی (هەتاو بردن)ە کە لە منداڵاندا بڵاوە، زۆر خراپە. ئەگەری تووشبوونی منداڵانی هەتاو دەیانبات، بە شێرپەنجەی پێست لە تەمەنی گەورەدا، دەبێتە دوو ئەوەندە
زیانی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بە پێی پلەکانی گەرما ناگۆڕێ. دەکرێ لە وڵاتێکی ساردیشدا لە ڕۆژێکی ساودا هەتاو بتبات و تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانی زۆر بە خانەکانت بگەیەنن. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێستە ڕەنگ کاڵەکان (سپی) زۆرتر و زووتر زەرەرمەند دەبن. لەوانەیە تەنیا لە ١٠ خولەکدا هەتاو ئەو کەسە ببات. کەواتە مەرج نییە وڵاتە گەرمەکان ڕێژەی تیشکی سەروو وەنەوشەییان زۆر بێ
کرێمەکانی دژەخۆر بۆ کەمکردنەوەی تیشکی سەروو وەنەوشەیی زۆر باشن، بەڵام بە تەنیا ناتوانن لە مەترسیی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بمانپارێزن. ئە وکرێمانە هیچ کات نابێ لە پلەی گەرمیی سەروو ٣٠ پلەی سەدییەوە، هەڵگیرێن. تەنانەت لە کەنار دەریاکانیشدا، نابێ گەرمیی لێیبدات. ئەو کرێمانە هەرگیز پارێزەری تەواو نین، بۆیە دەبێ وەکو دوایین چارەسەر تەماشا بکرێن. خۆپارێزیی لە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی درێژ، دەبێ هەردەم هەبێ. شوێنی سێبەر، جلوبەرگ، کوڵاوی گەورە و عەینەک دەبێ بەکاربهێندرێن
لەشی مرۆڤ پێویستیی بە نزیکەی ٧ کەوچکە چا لە کرێم هەیە تا بەتەواوی هەموو لەشی بپارێزرێ. هەر دوو کاتژمێر جارێک دەبێ دووبارەبکرێتەوە. لەو وڵاتانەی هەتاو زۆرە دەبێ هەرنەبێ جۆری ٣٠ ئێس پی ئێف، یان زۆرتر بەکاربێت. دەبێ ٢٠ خولەک بەر لەوەی خۆت بدەیە بەر هەتاو ئەو کرێمەت لە لەشت دابێ
لەگەڵ زیانەکانی تیشکی سەروو وەنەوشەییدا، کەچی لەس پێویستی بە تیشکی خۆرە تا ڤیتامین دی بەرهەم بهێنێت. هەڤوونی ڤیتامین دی لە لەشدا وا دەکات کالسیۆم لەسەر ئێسقانەکاندا کۆ ببێتەوە. کەواتە تیشکی خۆر بۆ گەشەی پەیکەری ئێسکی منداڵان زۆر پێویستە. باشترین کات بۆ خۆدانە بەر تیشکی خۆر بەیانیان زوو و ئێواران درەنگە. ئەوکاتانە تینی تیشکی سەروو وەنەوشەیی کەمە. نیوەڕۆیان زۆرە و زۆر خراپە
سەرچاوە:
https://www.bbc.com/future/article/20220704-why-childhood-sunburns-are-so-dangerous