کلۆد شانون

کلۆد شانون باوکی جیهانی نمرەیی (دیجیتال) ئێستەمانە، مرۆڤایەتی و هەموو شارستانیەتی نوێ، قەرزداری ئەون. لە ساڵی ١٩٤٨ توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە بووە بنەمای جیهانی نمرەیی. تیایدا بە تەواوی ڕوانگەی جیهانی سەدەی ٢١ی هەبوو. دەکرێ لە تای تەرازووی نیوتن و ئاینشتاین دابنرێ. ئەگەرچی زۆربەی هەرەزۆری خەڵک نایناسن، بەڵام جێپەنجەی کلۆد شانون تا چەند سەدەیەکی دیکە هەر دەمێنێ. پێوەندیکردن و ئامراز وشیوازەکانی گەورەترین خەمی شانون بوون. مێژووی پێوەندیکردن بە دەنگ دەستپێدەکات، ئینجا ئاگر، کۆتر، وڵاخ و پیادە، دواتریش کارەبا و تەلەفۆن، پەیدابوون. بەڵام شانون مانای نوێی بۆ پێوەندیکردن دروستکرد، هەنگاوی یەکەمی مرۆڤی بۆ ئایندەی نمرەیی، هاویشت

 

شانون یەکەم کاری لە پەیمانگەی تەکنۆلۆجیای ماساسوشێتس بووە، لەوێ لەسەر ئامێرێکی کارۆمیکانیک دانرا پێی دەگوترا (ئامێری بیرکردنەوە)، ئەو ئامێرە فانیفار بوش لە ساڵی ١٩٣١ دروستیکردبوو، لە هەزاران ستوون، دەسک، چەرخە و پارچەی دیکە پێکهاتبوو، ١٠٠ تۆن قورس بوو. بەڵام کرۆکی کارکردنەکەی داخستن و کردنەوە بوو. ئەوە بناغەی بەرهەمی مێشکی مرۆڤ بۆ دروسکردنی کۆمپیوتەر بوو. شانون زوو تێگەیشت ئەو ئامێرە بە چەند سەد هەنگاوێک، لە دوو بژاردە دەڕوانێ (بکەوە، دابخە  یان هەیە، نییە). شانون سفر و یەکی لە بری ئەوان دانا، بووە هێمای بوون و نەبوون. ئەو بیرۆکەیەی لە نامەی ماستەرەکەی دانا و خەڵاتی نۆبڵی گەنجانی ئەمەریکای پێ بەخشرا، تەمەنی تەنیا ٢١ ساڵ بوو

 

دوای زۆرتر لە ٣٠ ساڵ و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەندازیاران هەر لە ڕێگەکانی بەکارهێنانی بیردۆز و دۆزینەوەکانی شانون تێنەدەگیشتن و هێما و سنووری-شانون بە بیرکاری دەستنیشانی کردبوون، بەکارنەدەهات. لە ساڵی ١٩٩٣ لە کۆنگرەیەکی زانایانی بیرکاری و گەیاندن لە سویسرا بۆ یەکەم جار دوو زانای ئەڵمانیا و تایلەند نیشانیان دا، توانیویانە سنوری-شانون بدۆزنەوە. بە بێ ئەو دۆزینەوەیەی شانون و تێگەیشتن لەو سنوورە، مۆبایل دانەهات و کەس نەیدەتوانی (سنووری شانون-زۆرترین بڕی زانیاری بە خاڵێکدا بڕوات) بەکاریبهێنێ. بەبێ بیردۆز و دۆزینەوەکانی شانون مۆبایل دروست نەدەکرا. نەتوانینی دۆزینەوەی سنووری-شانون لە ماوەی ٣٠ ساڵدا بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مرۆڤ هێشتا بە سەردەمی نمرەیی نەگەیشتبوو، بۆیە لە ئامێرە کۆنەکاندا (ئەنالۆگ) نەدەکرا لە بۆچوونەکانی شانون وردبینەوە و بیاندۆزینەوە. شانون هەرنەبێ ٣٠ ساڵ پێش وادەی خۆی، ئەو کارانەی کردووە

 

شانون یەکەم کەس بووە زاراوەی (بیردۆزی زانیاری) بەکارهێناوە. چەندین ساڵ کاری لەسەر ئەو بیردۆزە کردووە. پێشتر زانیاری واتایەکی داماڵراوی هەبووە، شانون ویستی زانیاری بکاتە بڕێک لە ژیان و بپێورێ. پێناسەی نوێی بۆ زانیاری داهێنا. ئەو بیرۆکەیەی شانون (٠ و ١) ئێستە بە سیستەمی دووانە ناودەبرێ، شاکاری هەموو شۆڕشی پێوەندی و زانیارییەکانە. کارکردنی ئامێرەکانی پێوەندی ئەوەیە لە ڕیزبەندی ئەو دوو ژمارەیە تێبگات و وەکو خۆی ڕیزیان بکاتەوە، بەو شێوەیە زانیارییەکان گوازرانەوە لە خاڵكێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە، دەگوازرێنەوە. بەو دوو ژمارەیە هەرچی زانیاری (نووسین، وێنە، دەنگ، ڤیدیۆ ... هتد) دەکرێ هەڵبگیرێ و بگوازرێتەوە. بە هەمان شێوە پاکەتکردنی وشە و ژمارەکان هاتە کایەوە

 

ئێستە چەند ملیار مرۆڤێک لە سەرتاسەری جیهاندا هێما و نیشانەکانی شانون بەکاردەهێنن. تەنانەت نووسینی من و خوێندنەوەی ئێوە بەبێ داهێنان و دۆزینەوەکانی شانون نەدەکرا. قەبارەی ئەو زانیارییانەی بە هۆی شانون لە ڕۆژێکدا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە زۆر لە قەبارەی هەموو زانیارییەکانی هەموو سەردەم و چاخەکانی ژیانی مرۆڤ پێکەوە، گەورەترە. هەموو پێوەندییەکانی مۆبایل، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، پێوەندی سەربازی ...هتد، ئینجا چی بە وایەر بێ یان بێ وایەر، چی لەسەر زەوی بێ یان لە ئاسمان و بە یارمەتی مانگە دەستکردەکان جێپەنجەی شانونی تێدایە

ئەگەر مێژوونووسان هەندێ جار بۆ کاتی لە دایکبوونی پەمابەر عیسا و ڕۆژی کۆچی پەیامبەر محەمەد بۆ مەدینە مێژووی ڕووداوەکان دەنووسنەوە، دەبێ بۆ نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتیی بە سەردەمی پێش شانون (پ.ش) و دوای شانون (د.ش) بنووسرێتەوە، چونکە ژیانی مرۆڤ پێش شانون هەرگیز وەک ژیان دوای شانون، نییە

 

https://doc.aljazeera.net/%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%B1%D9%8A%D8%B1/%D8%A7%D9%84%D8%B5%D9%81%D8%B1-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%A7%D8%AD%D8%AF-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%A8%D8%AF%D8%A7%D8%B9-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B1%D8%A7%D8%AB%D8%A9-%D9%82%D8%B5%D8%A9/?fbclid=IwAR3TmMxEx-g3smP7SA2I34fB7E_M4icAfxbSYnwX6HxUSV-jVBCnwgLn_D0