گوێدریژ

پێش بەربڵاوبوونی بەرهەمەکانی شۆڕشی پیشەسازیی وەکو ئۆتۆمبیل، شەمەندەفەر و فڕۆکە، ئاژەڵەکان خزمەتی زۆری شارستانییەتی مرۆڤیان کردووە. لە ئاستی جەنگ و بازرگانیکردن، وڵاخ بە گشتیی، ئەرکی قورسی هەبووە. هەرچی لە ژیانی ڕۆژانە و باری نێوان لادێ و شارەکاندایە، ئەوا گوێدرێژ، ئەرکێکی قورسی هەبووە. گوێدرێژ لە جەنگەکانیشدا دەرکەوتووە و بەشی خۆی نەهامەتییەکانی مرۆڤی لەگەڵ خۆیدا تۆمار کردووە. گوێدرێژ بە توانای هەڵگرتنی باری قورس ناسراوە. لە زۆر کەلتووریشدا، ناڕەوایانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ، تەنانەت بەبێ عەقڵێش ناوزەد کراوە و وەکو سیفاتێکیش بۆ سووکایەتی بە مرۆڤی دیکە، ناوەکەی بەکاردەبرێت.


تیمێکی شوێنەوارناسان لە کۆشکێکی ڕۆمانەکان لە لادێیەکی فەرەنسا بە ناوی بۆینڤیل زەن واڤر، ٢٨٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای پاریس پەیکەری ئێسقانی چەند گوێدرێژێکیان دۆزییەوە بە قەبارە  زۆر لەوانەی ئێستە هەن، گەورەترن. تەنانەت تێیاندایە لە ئەسپێک گەورەترە. بەرزیی سەرەتای ملیان تا ١٥٥ سانتیمەتر بەرزبووە. تێکڕای ئەو بەرزییە بۆ گوێدرێژی ئێستە تەنیا ١٣٠ سانتیمەترە. تاکە جۆری گوێدرێژ  ئەوەندە گەورە بێ لە ئەمەریکا هەیە پێی دەگووترێ گوێدرێژی مامووث و زۆربەی جار تەنیا بۆ وەچە نانەوە بەخێودەکرێ. پرۆژەکە بۆ ئەوەیە بە بەکارهێنانی زانیارییە تۆمارکراوەکانی دی ئێن ئەی، کاتی ماڵییکردنی گوێدرێژ و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بدۆزرێتەوە.


لە نێوان سەدەی دووەم تا پێنجەم، ڕۆمانەکان گوێدرێژیان لە ڕۆژئاوای ئافریقاوە بۆ دەهات، بۆ وەچەنانەوە لەگەڵ ماییندا جووتیان دەکرد و ئێستریان بەرهەم دەهێنا. ئێستر ڕۆڵی گەورەی لە گواستنەوەی سەربازان و کەلوپەلیان هەبوو. هەر بە توانای ئێستر و وڵاخ بە گشتیی، ڕۆمانەکان توانییان پەلوپۆ بهاون و دەست بەسەر زەوی و زاری زۆری ئەوروپا و ئاسیادا بگرن. لە هەردوو میسۆپۆتامیا و میسر، گوێدرێژ لەگەڵ پاشا و دەسەڵاتداردا نێژراوە، هەڵبەت ئەوە بۆ بایەخی بەرزی گوێدرێژ لەو کۆمەڵگەیانەدا دەگەڕێتەوە.


لە پرۆژەیەکی گەورەدا بۆ زانینی ڕۆڵی گوێدرێژ لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتییدا، تیمێکی نێودەوڵەتیی لە ٤٩ شارەزای جیاجیا و ١٧ تاقیگە پێکهاتووە، دەستیان بە کۆکردنەوەی نموونەی دی ئێن ئەی ٣١ گوێدرێژی کۆن و ٢٠٧ نموونەی دیکەی گوێدرێژی ئێستە لە هەموو جیهان، کرد. بە پەیڕەوکردنی مۆدێلێکی تایبەتی نەخشەی جینەکان توانییان گۆڕانی ژمارەی گوێدرێژەکان بە پێی کات، بزانن. گوێدرێژ بەر لە نزیکەی ٧٠٠٠ ساڵ لە گوێدرێژی کێوی لە ناوچەی کینیای ئێستە و ئەوەی پێی دەڵێن قۆچی ئافریقا، ماڵییکراوە. نەخشەی جینی نزیکەی هەموو ئەو گوێدرێژانەی ئێستە هەن، نەوەی ئەو ماڵییکردنەن.


ماوەیەکی کورت دوای ماڵییکردن، ژمارەی گوێدرێژ بەرەو کەمی دەچێ، زۆری پێناچێ ژمارەیان دیسان لە ناکاو بەرزدەبێتەوە و لە لێواری قڕبوون دەرباز دەبن. ئەویشیان بۆ هەموو کارەکانی ماڵییکردن ئاساییە، هەموو ئەو ئاژەڵانەی مرۆڤ ماڵییکردوون بەو هەڕەشەیەی لە ناوچووندا تێپەڕیون و دواتر، دەربازیان کردووە. ماڵییکردنی گوێدرێژ هەرنەبێ نزیکەی ٣٠٠٠ ساڵ پێش مالییکردنی ڕەشەوڵاخ بووە.


پێشتر باوەڕ وابوو گوێدرێژ لە یەمەن هەوڵی ماڵییکردنی درابێ. بەڵام ماڵییکردن لە کیشوەری ئافریقا لەگەڵ زەردبوون و بە بیابان بوونی ناوچەکە تەریبە. ئەو بیابانە لەو کاتەدا سەوز و شێدار بووە، کزبوونی بای وەرزیی لە نزیکەی ٨٢٠٠ ساڵ بەر لەمڕۆ و زۆربوونی چالاکییەکانی مرۆڤ لە لەوەڕگە و سووتاندن، بارانی کەمکردەوە و بیابان فراوانتر بوو. بە گۆڕانی کەشوهەوا، مرۆڤ پێویستیی بە گوێدرێژ بوو تا بتوانێ باروبارگەی بۆ ماوەی دوور، پێ بگوازێتەوە. چەندەی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە میسۆپۆتمیا و نیل لە میسر کاریگەرییان لە بازرگانیی و گواستنەوەدا هەبووە، گوێدرێژیش ئەوەندە ئەو ڕۆڵەی لە گواستنەوەی وشکانیدا هەبووە. تەنانەت لە پاککردنەوەی کۆلانە تەسکەکانی شاری ماردیندا تا ئیستە گوێدرێژ لەخزمەتی مرۆڤایەتییدایە.


لە ڕۆژهەڵاتی ئافریقاوە، گوێدرێژی ماڵییکراو بەرەو سوودان و ئینجا میسری کۆن گوازراوەتەوە. کۆنترین پەیکەری ئێسقانی گوێدرێژ لە میسر بۆ ٦٥٠٠ ساڵ دەگەڕیتەوە. لە ماوەی ٢٥٠٠ ساڵدا، ئەو گوێدرێژە ماڵییکراوە بە هەموو ئەوروپا و ئاسیادا بڵاو بووەوە و نەوەی ئەوان ئێستە بە جیهاندا بڵاون. کۆنترین پەیکەرە ئێسقانیش لە ئاسیا لە باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە و تەمەنی بۆ ٤٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. پێدەچی ئەو لقەی لە گوێدرێژی ئافریقا جیابووەوە و بوو بە لقی ئاسیا، هەر لەو کاتەدا لە گوێدرێژی ئافریقا، جیابووبێتەوە.


سەرچاوە:

 https://www.bbc.com/future/article/20230113-how-extinct-animals-could-be-brought-back-from-the-dead