شەش خۆر لە ئاسماندا

شەو و رۆژی خۆمان لەسەر زەوی بەندە بە سووڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا، ئەو لایەی پشت لە خۆرە ئیدی تاریکە  شەوە. ئەو رووداوە هەموو رۆژێکە، مرۆڤ تەنیا لەگەڵ ئەوەش راهاتووە و ژیانیشی تا چەند ساڵی دواییش هەر بەوەوە بەند بووە. تەنانەت کاتی خەویشمان هەر بە شەو و رۆژەوە بەستراوەتەوە. چ کاتژمێری جەستە خۆی بێت (کاتژمێری بایۆلۆجی) یان کردارەکانی دیکەی لەش هەر هەموویان هەر بەوەوە بەندن.


لە سەرەتاکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، جار جار لێرەو لەوێ لە گۆڤارەکاندا بەرچاوم دەکەوت، کە لەوانەیە لە شوێنێکی دیکەی ئەو گەردوونە فراوانەدا هەسارەیەک هەبێت زیاتر لە یەک خۆری لە ئاسماندا هەبێت، ئەوەم زۆر پێ سەیر بوو، ئەوکات نەمدەتوانی تێبگەم چۆن دوو خۆر لە ئاسماندا دەبێت. دوای چەندین ساڵ لە خوێندن و خوێندنەوە و هەندێ جار بە دواکەوتنیش، گەیشتمە ئەوەی نەک هەر دوو خۆر بەڵکو سێ خۆریش هەیە. لەچەند ساڵی رابردوو هەندێ سیستەمی دیکە دەست نیشان کران، کە ٤ خۆریان هەیە.


ناسا لە مانگی نیسانی ٢٠١٨ مانگێکی دەستکردی هەڵدایە بۆشایی ئاسمان بە ناوی تێس. تێس کورتکراوەی چوار وشەی ئینگلیزییە، ئەو مانگە دەستکردە ئەو هەسارانە دەدۆزێتەوە کە لە روانگەی ئێمەوە بەبەردەم خۆراکەنیاندا تێدەپەڕن. تێس بۆ ئەوە دروست کراوە بتوانێ رووناکی هەر ئەستێرەیەک کەمی کرد، بپێوێ و بزانێ ئەگەر ئەوە هەسارە بوو رووناکی ئەو ئەستێرەیەی کەم کردەوە یان نا. کاری سەرەکیشی ئەوەیە لە ئەستێرە نزیکەکان بگەڕێ نەک دوورەکان، تێس تا ئێستا  ٦٦ هەسارەی نوێ و ٢١٠٠ دانەشی وەک پاڵێوراو دەست نیشان کردووە.


لە رۆژی ٢١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، هەواڵی دۆزینەوەی سیستەمێکی نوێی خۆر بڵاوبووەوە، لەبەر ئەوەی تێس تەنیا تەکنیکی کەم بوونەوەی رۆشنایی ئەستێرەکان بەکاردەهێنێت، بۆیە بینرا لەو شوێنەی ئاسماندا ئەستێرە هەیە گەش دەبێ و پاش ماوەیەک کز دەبێتەوە، ئەو سیستەمە لە جیاتی یەک خۆر، شەش خۆرن بە دەوری یەکدا دەسووڕێنەوە، هەر جارێک بەبەردەمی یەکتردا تێدەپەڕن، رووناکی ئەوەی پشت خۆی دەگرێت. ئەوە یەکەم جارە سیستەمێکی لەو شێوەیە ببینین. پێشتر سیستەمی دووانە و سیانە و تەنانەت چوارینەش دۆزراونەتەوە، بەڵام شەش ئەستێرە پێکەوە بن و یەک سیستەم پێک بهێنن، نەبووە.


سیستەمەکە ١٩٠٠ ساڵی تیشکیی دوورە. جووڵانەوەیان بە جۆرێکە، هەر جووتێک ئەستێرە لە دوەری یەکتر دەخوولێنەوە، ئەو جووتانەش لەگەڵ دوو جووتەکەی دیکە بە دەوری خاڵی چەقی بارستاییان لەگەڵ ئەوانی دیدا، دەخوولێنەوە. هێشتا گەڕان بەدوای هەسارەدا لەو سیستەمە ئاڵۆزەدا بەردەوامە، نازانین هیچ هەسارەیەک لەو سیستەمە ٦ خۆرییەدا هەیە یان نا. ئەستێرەکانی دوو جووتیان هێندە لەیەک نزیکن و خێرا دەخولێنەوە، قورسە هەسارەیان هەبێت.


دەتوانی بیهێنییە بەرچاوی خۆت، لە ئاسمان ٦ خۆر هەبێت هەندێکیان ئاوا دەبن یان ئاوا بوون، هەندێکیان وا هەڵدێن، یەكیشیان لەسەر تەوقی سەرە.