درۆ، ئاوێنەی خۆ

مرۆڤ تەنیا ١٠٪ی مێشکی بەکاردەهێنێ. گێزەر بینینی چاو بەهێز دەکات. ڤیتامین سی نەخۆشییەکانی سەرما و هەڵامەت چاک دەکاتەوە. ڕێژەی تاوان لە ئەمەریکا هەردەم بەرزە. پێم وانییە کەس هەبێ هەرنەبێ یەکێک لەوانەی بەگوێدا نەدرابێ. هیچ لەوانە ڕاست نییە

 

زۆرجار ڕاستیی زۆر بایەخی نامێنێ، دەستەواژەو بوچوون هەن هێندە دووبارە دەکرێنەوە باوەڕیان پێ دەهێنین. ئەوە پێی دەڵێن (کاریگەری ڕاستیی نادروست). ئەوە خاسیەتێکی مێشکی مرۆڤە باوەڕ بە دووبارەکردنەوە دەهێنێ و وەک ڕاستی دەیبینێ. کاڵا فرۆشان و سیاسەتوانان مامۆستای یاریکردنن بەو بەشە. ئەو کاریگەرییە لەسەر مرۆڤ زۆر کارا دەبێ کاتێک مرۆڤەکە ماندوو بووە، یان مێشکی بە زانیاری دیکەی لا بە لا،  پەرش و بڵاو بووە

 

ترەمپ زۆر بە باشی یاری بە مێشکی خەڵکی ئەمەریکا دەکرد، ئەو کاریگەرییەی بەکاردەهێنا و وەک ڕێکلام لە ماوەی سەرۆکایەتیی خۆی بەکاریدەهێنا. چەندین جار دووبارەی دەکردەوە، ڕێژەی تاوان لە ئەمەریکا زر بەرزبووەتەوە. بەڵام بە تەماشاکردنی ئامارەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا، لە ٢٠٠٨ ەوە تاوان ٨٪ کەمی کردووە. ئەی ئەو هەموو هات و هووتەی ترەمپ لە چی بوو؟ تەنیا دووبارەکردنەوەی درۆیەک بوو تا دەبێتە ڕاستیی و لە مێشکی ئەمەریکاییەکاندا دەچەسپێ، ئینجا ڕێژەی تاوانی ڕاستیی نیشان بدەن و بگووترێ لە سەردەمی ترەمپدا، تاوان کەم بووەتەوە

 

لە سەردەمی ترەمپ دەستەواژەی "هەواڵی هەڵبەستراو" زۆر بەکاردەهات، هەر ترەمپ خۆی چەندین جار بۆ وەلانانی ئەو میدیایانەی سەر بە دیموکراتەکان بوون، لەدژیان بەکاری دەهێنا. وای لێهات هەموو کەس دەیزانی واتای ئەو دەستەواژەیە چییە. لە سەرێکی دیکەوە، هەرچی تەمپ بە دڵی نەبووایە هەر هەمان تاوانی دەخستە پاڵ. بەرلەوەی بڵاببێتەوە، دەستەواژەکە لە ساڵی ٢٠١٢ لە توێژینەوەیەکی زانکۆی واشنتۆن بەکارهاتووە، ئەو کاتە ئەو توێژینەوەیە لەسەر کاریگەری دووبارەکردنەوەی هەر زانیارییەک بووە، لە زۆر بەکارهێنانی وەک ڕاستی باوەڕی پێدەکرێ. لاو زۆربەی کەسیش ئاشکرایە هیتلەر و وەزیری پروپاگەندەکەی، تەواو بڕوایان بەوە هەبووە

 

ئەو کاریگەرییە لەبەر دوو هۆ، کاری خۆی دەکات

 

یەکەم: ئەگەری ئەوەی ئەو زانیارییە وەک تێگەیشتنی خۆیانە. ئەوەیان بەشێکە لە ژیروێژی، مرۆڤ زانیارییەکان لەگەڵ ئەو زانیارییەی خۆیان بە ڕاستی دەزانن، بەراورد دەکەن. ئینجا لە ڕاستگۆیی هەردوو سەرچاوە دەکۆڵنەوە. بەڵام توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە دووبارەبوونەوەی زانیارییەک لە عەقڵانییەت بەهێزترە. واتا بە دووبارەبوونەوە، مێشک هێندە خۆی ماندوو ناکات، بە ڕاستیی وەریدەگرێت. هێندە دووبارەدەبێتەوە، هەست بە ئارامی دەکات و باوەڕی تەواوی پێدێنێت

 

بە گەڕانەوە بۆ ئەو دوو فەرمانە ئیدارییەی ترەمپ دەریکردن تیاییاندا دەڵی حوکوومەتی ئەمەریکا هەموو هەوڵێک بۆ سەلامەتیی ئەندامانی پارێزگارییکردنی یاسا و جێبەجێکردنی یاسا، دەدات. لەو دەستەواژە و دەربڕینانەدا ئەوە دەخوێندرێتەوە کە پۆلیسی ئەمەریکا هەڕەشەی لەسەرە و لە مەترسییدایە، بۆیە دەبێ سەرۆکێکی بەهێز یاسا بچەسپێنێ و پەیڕەوبکرێت. لێرەدا بەشێک لەو دەستەواژانە بەرزکردنەوەی سەرۆکە بۆ ئاستی نا ئاسایی و بگووترێ جگە لەو کەسی دیکە ناتوانێ سەرۆک بێ. هەمان بیروڕا هەردەم لە وڵاتە دواکەوتووەکان و تاکڕەوەکاندا هەیە

 

دووەم: ئەگەری ئەوەی ئەو زانیارییەیان پێشتر هەبووە، واتا پێشتر زانیویانە. لەو بارەیشدا، دووبارەکردنەوەی دەمانگەیەنێتەوە هەمان ئەنجامی سەرەوە

 

https://www.wired.com/2017/02/dont-believe-lies-just-people-repeat/?utm_medium=social&mbid=social_facebook&utm_social-type=owned&utm_source=facebook&utm_brand=wired&fbclid=IwAR3nwI4nQfSHO6zJvOvf5CpKcNHNKcU1ugEiziZ9OM6jpXDCBLiOH5fijtY