نەوالێ چۆرێ -واتا دۆڵی چۆر

Newalê Çorê

نەوالێ چۆرێ دەستەخوشکی گرێ مرازایە و تەنیا ٣٠ کیلۆمەتر لەوەوە دوورە. نیشتەجێیەکی سەرەتای شۆڕشی کشتوکاڵ بووە. تەمەنی بۆ ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی بەر لە دەرکەوتنی گڵسازییدا، هەبووە. وەکو شوێنەوارە تازە دۆزراوەکانی دیکە، دەکەوێتە دامێنی چیای تۆرۆس، لە سەر لقێکی ئاوی فوراتە بە ناوی کانتارا (نەمتوانی ناوە کوردییەکەی بدۆزمەوە). شوێنەوارەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٩١ کنە و پشکنینی تێدا کراوە. گەڕانەکان بە دوای شوێنەواردا لەبەر دروستکردنی بەنداوی ئەتاتورک بوو، دیارە بە تەواوبوونی بەنداوەکە وشوێنەواری نەوالێ چۆری ژێر ئاو دەکەوێ. لە زانستی شوێنەواردا، بایەخی نەوالێ  چۆرێ زۆر گەورەیە

 

زانکۆی هایدڵبێرگ لە ئەڵمانیا سەرپەرشتی هەڵکۆڵینەکانی کردووە. شوێنەوارەکە لە چاخی بەردینی نوێدا هەبووە. سەرەتای دەرکەوتنی ژیان لەوێ بە دروستکردنی کوخی بچووکی بە پووش و پەڵاش داپۆشراو، یان بە پێستی ئاژەڵ داپۆشرابوون. شێوەیان هێلکەیی یان بازنە بووە. لەگەڵ دەرکەوتنی کشتوکاڵ خانووەکان بۆ شێوە لاکێشە دەگۆڕێن و زیاتر لە یەک ژوور لەخۆ دەگرن. بۆ چەند جارێک خانوو لەسەر خانوو دروستکراوەتەوە. نیشتەجێیەکە لە پێنچ چینی جیای پێکهاتەی خانوو و پاشماوە پێکدێت. شێوازی دروستکردنی خانووەکان هەروەکو ئەوانەی شوێنەواری کۆتێ بەرچەم لە بن خانووەکان بۆشایی هەیە وەکو جۆگەیەکی ئاوی بچووک بەبنیاندا دەڕوات، بەڵام ئاوی پێدا نەڕۆیشتووە. بەڵکو ئەوانە وەکو لوولەی هەوا بوون بۆ هەواگۆڕکێ دروستکراون. بەوپێیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەو شوێنە کۆگەی دانەوێڵە بووە. لە زۆربەیاندا ئەو لوولە هەوایانە بە پێچ پێچ دروستکراوە. ٢٩ خانووی لەو جۆرە لە هەڵکۆڵینەکاندا دەرکەوتن

 

زەوی ئەو خانووانە کونی تێدایە بە بەرد دەورە دراوە، بۆ دانانی کۆڵەکەی دار بەکارهاتووە تا بن میچی لەسەر دابنرێ. لە نەوالێ  چۆرێ ٣٩٠ هەزار پارچەی شوێنەوار دەرهێندرانەوە. لە ئامرازی بەردینی بچووک، نموونەی دانەوێڵە و خۆراک، ئێسقانی ئاژەڵان تا دەگاتە پەیکەر و داتاشراوی گەورەی بەرد. شارەزایان چەندان ئامرازی بەردینی چاخی بەردینیان دەستنیشان کرد بۆ دروێنەی ڕووەکی خۆڕسک و چاندراو بەکارهاتوون. تەکنیکی کاربۆن ١٤ تەمەنیان بۆ ٨٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین نیشان دەدا

 

لە تەنیشتێکی ئەو نیشتەجێیەدا، خانوویەکی جیا هەبوو. زەویەکەی بە مۆزائیکی بەرد داپۆشراوە. وەکو پێکهاتەکانی گرێ مرازا دوو بەردی گەورەی تەخت بە بەرزی ٣ مەتر لەسەر پێ داندراون و لە زەوی گیر کراون. جگە لە گرێ مرازا لە هێچ شوێنێکی دیکەدا ئەو جۆرە بەردە قیتانە نەبیندراون. ئەو بەردانە ٨١٠٠ ساڵ بەر لە زایین داتاشراون و داندراون. بە قووڵایی ٣٠ سانتیمەتر لە زەوی ئەو شوێنەدا چەقێندراون. دوورییەکانی ئەو بەردە قیتانە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لەگەڵ ژمارەکانی زنجیرەی فیبۆناچی، ڕێکن. بڕوانە

 

https://www.academia.edu/45006528/The_T_Shaped_Pillar_From_Nevali_%C3%87ori_and_the_Rectangle_of_Fibonacci_Dimensions.

 

لە چاو نیشتەجێیەکانی سوریا و لێڤانت بە گشتیی، خانوو و پێکهاتەی لاکیشە لە نەوالێ  چۆرێ بە تەواوی نیشتەجێیەکانی چیاکانی تۆرۆسدا بڵاون. لەبەرئەوەی دۆزراوەکانی ئەو خانووە لاکێشەیە زۆر کەم بووە، نەتوانراوە مەبەستی دروستکردنی ئەو لاکێشەیە بزانرێ چی بووە. خانووەکانی نەوالێ  چۆرێ زۆربەیان بەشی پێشەوەیان بۆ ژیان و بەشی دواوەیان وەکو کۆگەی خواردن، تەرخان کردووە

 

یەکێک لەو خانووانەی زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە خانووی ژمارە ٦ لە چینی ٣ی هەڵکۆڵیندا بوو. ئەو خانووە زۆر وردەبەردی لایمستۆنی تێدابوو. هەر لەوێدا، چەند پەیکەرێکی بچووکی لەبەرد دروستکراو و ستوونێکێ هاوشێوەی پیتی تی ئینگلیزی دۆزرانەوە. دیارە ئەو ژوورە بچووکەی ئەو بابەتانەی تێدا دۆزرایەوە، شوێنی کارکردن بووە. ئامرازە بەردەکان و پەیکەرە بچووکە ناودارەکانی نەوالێ  چۆرێ لەو ژوورەدا دروستکراون. دواتر باسێکی تەواوی ئەو پەیکەرانە بە جیا دەکەین. لە نزیک هەر خانوویەک، شوێنێک وەکو چالێكی خاشاک تەرخانکراو بووە، هەموو پارچە ئێسقانەکانی ئاژەڵان لەوێدا دۆزرانەوە. ئەوە شتێکی زۆر سەرسامکەر بوو، دیارە نیشتەجێیانی نەوالێ  چۆرێ ئاستێکی باشی ڕۆشنبیریی و پاک و خاوێنیییان هەبووە (هەڵبەت بۆ سەردەمی چاخی بەردین)

 

تاکە پێکهاتەی چوارگۆشە لە نەوالێ  چۆرێ ١٤ بە ١٤ مەترە و بۆ ماوەیەکی درێژ بە پێوە بووە. لە هەموو خانووەکان گەورەترە. لە یەکەم چینەوە دروستکراوە و ماوەتەوە، ٣ جار نۆژەنکراوەتەوە و دروستکراوەتەوە. لە هەردوو لای دەرگەی چوونە ژوورەوە دوو بەردی گەورە وەکو ئەوانەی گرێ مرازا هەبوون. ئینجا هەر ٢٣٠ تا ٢٤٠ سانتیمەتر بەردێکی دیکە لەو ژوورە چوارگۆشەیەدا داندراوە. زۆربەیان هیچیان لەسەر دیارنەماوە. بەڵام هەرنەبێ دوویان وەکو ئەوانەی گرێ مرازا وەکو دەستی مرۆڤ لە تەنیشتیانەوە کێشراوە و تا پێشەوە هاتوون. ئاشکرایە دانانی ئەو بەردە گەورانە (هەیانە دەگاتە ٣ مەتر بەرزیی) هاوشێوەی ئەوانەی گرێ مرازا، وەکو پەرستگا بووە و شوێنی کۆبونەوە و پەرستن بووە

 

دیواری ئەو خانووە بە چینێکی وەکو گەچ داپۆشراو بووە. یەک تاکە بەرد هەیە پاشماوەی ڕەنگی سوور و ڕەشی لەسەر بەجێماوە. زەمینەی شوێنەکە وا بە باشی لە بەرد و قوڕ تێکەڵ و کوتراو بووە، تەنانەت دوای ١٠ هەزار ساڵێش، ئاو نامژێ و تێکناچێ. بۆ دروستکردنەوەی هەمان تێکەڵەی ئەو زەمینەی پێ داپۆشراوە، تیمەکە بەردی ناوچەکەیان خستە ناو ئاگرێک بە دار وچیلکەی ناوچەکە کردیانەوە. دەبێ پلەی گەرمیی ئەو بەردانە هەرنەبێ تا ٨٥٠ پلەی سەدی بەرز ببنەوە تا گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەربکەن. ئاگرەکەی ئەو تیمە تا ١١٠٠ پلەی سەدی گەرم بووبوو. بەڵام نەیانتوانی هەمان ماددە دروست بکەنەوە، چونکە ماددە تازەکە زۆر لووستر بوو لەوەی زەوی ئەو ژوورەی پێ سواغ درابوو


نزیکەی هەموو پەیکەرە داتاشراوەکانی نەوالێ  چۆرێ لەو خانووە چوارگۆشەیەدا دۆزرانەوە. پەیکەرەکان یان لە ناو دیوارەکاندا چەقێندرابوون، یانیش وەکو پارچەی داڕماوی دیوارەکان کەوتبوونە ژێرەوە. ئەگەر ستوونە بەردەکان بە کۆڵەکەی هەڵگرتنی بن میچی ئەو ژوورە بژمێردرێن، ئەوا ١١ پەیکەر دەمێنێ لێکدانەوەیان بۆ بکرێ. بە واتای ئەوەی ئەگەر ئەو ستوونانە نیشانەی پەرستگا نەبن، ئەوا ئەو ١١ پەیکەرە گومان دەڕەوێننەوە

 

تاکە پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ لە نەوالێ  چۆرێ لە چینی سیێیەمدا دۆزرایەوە و لە چاخی بەردینی نوێدا ژیاوە، واتا نێوان ٨٧٢٠ تا ٨٢٧٠ ساڵ بەر لە زایین. پشکنینی ئێسقانەکانی دەریخست ئەو پیاوە هەوکردنی کونیلەکانی لووتی هەبووە. لە منداڵیدا تووشی مەلاریا بووە و چاکبووەتەوە. دوای مردنی ئێسقانەکانی شکاوە، دیارە شێوازی ناشتنی مردووەکانیان نەرم و نیان نەبووە

 

دۆزینەوەی ئامرازی بەردی تیژ وەکو سەرە ڕم و تیر بەکارهاتوون کە بە شێوەیەکی ئاڵۆز دروستدەکرێن، هەبوونی چەندان جۆری دانەوێڵە و بەرهەمی کشتوکاڵ و دواتریش  بەڵگەی ماڵییکردنی ئاژەڵان، هەموویان نیشانەی ئەوەن نەوالێ  چۆرێ کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی نەبووە

 

سەرچاوە

 https://www.tf.uni-kiel.de/matwis/amat/iss/kap_a/advanced/ta_1_2g.html و https://www.saradistribution.com/newalacore.htm و https://www.youtube.com/watch?v=iefrEC8xbc0


 پەیکەرەکان

نزیکەی ١٣٠٠ پەیکەری جۆراوجۆری قوڕ لە نەوالێ  چۆرێ دۆزراونەوە. هەموویان بچووکن، تەنیا تا ٥ سانتیمەتر بەرزن یان درێژن. لە هەموو چینەکاندا ئەو پەیکەرانە دۆزراونەوە. هەندێکیان لە چاڵی خاشاکدا دۆزراونەوە، هەندێکی دیکەیان لە سەر زەوی ماڵەکان بووە. هیچیان لە ناو پەرستگا نەبوون. بابەتی دیکەی لە قوڕ دروستکراو زۆربوون، لەوانە موروو، سەری باڵندە و ئاژەڵ، پەیکەری دایک و منداڵ. بۆ بینینی وێنەکانیان بڕوانە

 https://intarch.ac.uk/journal/issue9/affonso/fig1.htm

 

 زۆربەیان ڕەنگی بێجییان هەبوو، زۆر کەم سوورباویان تێدا بووە. بەشێکیان لە ئاگردا سوورکراونەتەوە، بەڵام هیچ کورەیەک یان ئاگردانێک لەو شوێنەوارە و دەورووبەریدا نەدۆزراوەتەوە

 

شوێنەوارناسان بە چاوی پڕ بایەخەوە لە پێکهاتەی ئەو پەیکەرە قوڕانە دەڕوانن. بۆیە لایان گرنگە بزانن سەرچاوەی ماددەی خاوی ئەو بابەتانە لە کوێیە و لە گەرمیی چەند پلەی سەدی داندراون. بۆ ئەم مەبەستە بە مایکرۆسکۆپی ئەلیکترۆن، دوو جۆری تیشکی ئێکس و شییکرنەوە بە هاندانی نیوترۆن لە پەیکەرەکانیان ڕوانی. بۆیان دەرکەوت سەرچاوەی ماددەکان لە دوو شوێنی نزیکی نەوالێ  چۆرێن. پێکاتەی گڵ و ئەو تێکەڵەیەی پەیکەرەکانی لێ دروستکراوە، وەکو یەکن. ماددەی کالسایت بە زۆری بەکارهاتووە، ئەوەیش لەو ناوچەیەدا زۆرە. زۆربەی ئەو پەیکەرە بچووکانە لە پلەی نێوان ٤٥٠ تا ٧٠٠ پلەی سەدی داندراون

 

پەیکەرە قوڕەکان لە هەموو جێیەک هەبوون، بە تایبەتی لە چاڵەکان و بۆشایی نێوان خانووەکاندا. هیچیان لە ناو ژوورەکاندا نەدۆزراونەتەوە. بەڵام لە ناو خانووە بازنەییەکاندا هەبوون. هەموویان دوو یان زۆرتر لە دوو پارچە بووبوون. لەوەدەچێ بە مەبەست شکێندرابن، چونکە زۆربەیان لە خاڵی لاوەزەکەیانەوە نەشکاون. نزیکەی نیوەی ئەو پەیکەرانە ( ٦٨٨ پارچە) لە شێوەی مرۆڤ دروستکراون. بەشێکی زۆریان ژنی دانیشتووە، هەموویان لەیەک دەچن و زۆر کەم جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە. بەشێکی دیکەیان پیاوە، هەمان تەکنیک و شێوازی دروستکردنی پەیکەرەکانی ژن بەکارهاتووە. کۆی ١٧٩ پەیکەری پیاو و ١٥٩ پەیکەری ئافرەتن

 

دوو پەیکەر هەن ژنن و منداڵیان لە باوەشدایە. لەشی منداڵەکە بە باشی دروست نەکراوە، بەڵام ئاماژەی پێکراوە. هەمان ئەو جۆرە پەیکەرانە لە گرێ چەتاڵ (بە تورکی چەتال هۆیوک) دۆزراونەتەوە. هەشت پەیکەری دیکە دۆزرانەوە ژنی دووگیانن. ١٥٩ پەیکەری دیکەی ژن بە دانیشتوویی دۆزرانەوە. ئەوانە زۆربەیان باریک و بچووک دروستکراون، جگە لە ناوچەی حەوز نەبێ. هەرچی پەیکەری پیاوە، ١٧٩ پارچە بوون. بە زۆری بە ڕاوەستاوی دروستکراون. ئاکاری دەموچاو و قاچ و دەستەکان بە تەواوی دروست نەکراون، بەڵام هەموویان ئەندامی نێرینەیان دیارە. جگە لە یەک پەیکەری هاوشێوە لە جەفەر هۆیوک (گردی جەعفەر)، لە هیچ شوێنەوارێکدا پەیکەری پیاو هاوشێوەی ئەوانە، نەدۆزراوەتەوە

 

هەرچی پەیکەری ئاژەڵانە، لە زۆربەی شوێن تا ٧٠٪ی هەموو دۆزراوەکانە، بەڵام لە نەوالە چۆرێ تەنیا ٣٠ پەیکەرن، دەکاتە ڕێژەی ٤٪، بەڵام پەیکەرەکانی شێوەی مرۆڤ ٣٨٪ن. ئاکاری سەری ئەو ئاژەڵانە دیار نییە، بۆیە ناتوانرێ بزانرێ ئەو ئاژەڵانە چین. بەڵام لە مەڕوماڵات و بەراز دەچن. چەند پەیکەرێکی دیکە هەن ئاژەڵی پاڵکەوتوون، ئەوانیش جۆری ئاژەڵەکەیان ناناسرێنەوە. هەرچی ئەوانەن تێکەڵی ئاژەڵ و مرۆڤن، بە هەمان شێوە ژمارەیان زۆر نەبوو

 

پەیکەری کەللەسەرێکی مرۆڤ دۆزرایەوە قەبارەکەی وەکو قەبارەی سەری مرۆڤی ئاساییە و لە بەرد داتاشراوە، لە سەر سەری مارێک هەیە لە پشتەوەیەوە دێتە تەپڵی سەری. ئەو مارە بە بەراورد لەگەڵ وێنەو کێشراوەکانی شارستانییەتی میسری کۆن، زۆر لەیەک دەچن. پێدەچێ دەموچاوەکە هەر لە سەردەمی خۆیدا شکێندراوە. دواتر لە ناو دیوارێکدا لە ژووری ستوونە قیتەکاندا، بەرانبەریان داندراوە

 

ئەوەی لە پەیکەر بەدەرن دەبنە موت و موروو، خشڵ، هەڵواسراوەکان یان ئەوانەی هەڵدەواسرێن، دەفر، گۆ و پاشماوەی دیکە. ٨٤ پارچەی مت و موروو دۆزرانەوە. پێنچ جۆر بوون، موورووی خڕی تەخت ٤١ دانە بوون یان لە قوڕ یانیش لە بەرد دروستکرابوون. بە پێێ پشکنینی تاقیگە تا درەنگانی چاخی برۆنز هەر بە کارهاتوون، موورووی لوولەکی ٢٢ دانە بوون و هاوشێوەیان لە چەرمۆ لە باشووری کوردستان دۆزرابوونەوە، مورووی خڕی گۆ ٩ دانە بوون، موورووی ناوەندەکان بۆ جوانکردنی ملوانکە ٢ دانەبوون و جۆری دیکەی جۆراوجۆر ١٠ دانە بوون

 

لە ستوونەکانی نەوالێ  چۆرێ هەیانە ٨٠ تا ٢٦٠ سانتیمەترە. ئەوەی لێرە باسی دەکەین لەسەر شێوەی کوللە دروستکراوە. هەمان دروستکراو لە گرێ مرازا هەبوو. مەبەست لەو پەیکەرە وابووە بە پێوە دابنرێ، دەنا ئەگەر پاڵخرێ شێوەکە تەواو دەرناکەوێ. بەردەکە لە جۆری لایمستۆنە و بە تێپەڕبوونی کات داخوورانی زۆری پێوە دیارە، هەموو بەشەکانی دیارنەماوە.  لە لای سکیەوە، کونێکی خڕ هەیە و لەسەر ئەویشەوە شێوەیەکی سەرو دەست لە منداڵ دەچێ دیارە. گومان نییە مەبەست لەوە منداڵبوونە

 

سەرچاوەکان https://www.academia.edu/2105762/Magic_figurines_Some_Remarks_About_the_Clay_Objects_of_Nevali_Cori_in_H_G_K_Gebel_Bo_Dahl_Hermansen_and_Charlott_Hoffmann_Jensen_Hrsg_Magic_Practices_and_Ritual_in_the_Near_Eastern_Neolithic_Berlin_ex_oriente_2002_SENEPSE_8_145_162

https://www.researchgate.net/publication/273564098_Pre-Pottery_Neolithic_Clay_Figurines_from_Nevali_Cori

https://www.academia.edu/8498425/A_Nevali_%C3%87ori_Spirit-essence

https://www.academia.edu/36071222/A_Nevali_Cori_Figurine


خواردن

وەک لە سەرەوە بینیمان، ئەو شوێنەوارە لە نێوان ٩ بۆ ١٠ هەزار ساڵ لە باکووری کوردستان دەرکەوتووە. جیاکەرەوەی ئەو شوێنەوارانە ئەوەیە سەرەتای دەرکەوتنی ژیانی نیشتەجێی هەمیشەییە و مرۆڤ لە گەڕیدەی ڕاوچی بەرەو نیشتەجێی هەمیشەیی و کشتوکاڵ هەنگاوی ناوە. خانووە گەورەکانی ناوەڕاستی شوێنەوارەکان و بۆشایی نێوان خانووەکان شوێنی کارکردن و هەرەوەزی نێوانیان بووە

 

ناوچەی نەوالێ  چۆرێ بەر لە ١٠ هەزار ساڵ دارستانی چڕ و دەوڵەمەند بە ژیانی ئاژەڵانی کێوی بووە. لەو کاتەی ڕاوکردن بەشێک لە ژیانیان بووە، کشتوکاڵێش بەرەبەرە بایەخی زۆرتر بووە. کۆی ئەو نموونانەی دانەوێڵە لە لایەن تیمی شوێنەوارەوە کۆکرانەوە، گەیشتە ٣٥٠٠٠ نموونە. زۆریان سووتاوبوون. دەنکە بازێلا، نیسک، فاسۆڵیا، گەنم، بادام، فستەق و دەنکی ترێ، دۆزرانەوە

 

دۆزینەوەوی چەند هەزار پارچە ئێسقانی ئاژەڵان سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریی چۆنییەتی ژیانی خەڵکی نەوالێ  چۆریە. بە بەراورد لە نێوان ئێسقانی مەڕو ماڵات و بزنی کێوی بەر لەوەی ماڵیی بکرێن، لەگەڵ ئەوانەی دواتر ماڵییکراو بوون، دیارە قەبارەی ئێسقانەکان بچووک بوونەتەوە. کاتێک ئەو ئاژەڵانە کێوی بوون، ئێسقانیان گەورەتر و بەهێزتر بوون. دواتر پێویستییان بەو جۆرە نەماوە و، بچووک بووەتەوە. ئەگەرچی مەرجیش نییە ماڵییکردنیان تاکە هۆکاری بچووکبوونەوەی ئێسقانەکانیان بێت، لەوانەیە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی هەبووبێ، بەڵام ماڵییکردنیش دەبێ لەبەرچاو بگیرێ

 

تەمەنی ئێسقانە دۆزراوەکانی ئاسکە سوور، بەراز و بزنی کێوی بۆ نێوان ساڵانی ٩٥٠٠ تا ٨٧٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێنەوە. دوای ئەوە بەرەبەرە ئەو ئێسقانانە کەم دەبنەوە و ئێسقانی ئەو ئاژەڵانە دەردەکەون ماڵییکراون، تەمەنی ئەوانە لە نێوان ٧٥٠٠ تا ٦٣٠٠ ساڵ بەر لەزایین دەردەکەون. ئەنجامی پشکنینی کۆلاجینی ئێسقانی مرۆڤەکانی نەوالێ  چۆرێ ، ڕیژەی نێوان کاربۆن و نایترۆجین نیشان دەدات. واتا گۆشت، خواردنی سەرەکیی بووە

 

کۆی ٤٤ پارچە ئێسقان لە ٩٠ دۆزراوەی ئێسقانی مرۆڤ لە نەوالێ چۆری پشکنینی کۆلاجینینیان بۆ کرا، چونکە ماددەی جەلاتین تەنیا لە ٥٦ نموونەیاندا دەست کەوت. هەرنەبێ ڕێژەی کاربۆن بۆ نایترۆجین لە کۆلاجینەکاندا دەبێ ٣ بۆ ١ بێ تا بتوانرێ پشکنینی کۆلاجینی بۆ بکرێ. ئێسقانی یەکێک لەو مرۆڤانەی پشکنینی بۆ کرا، نیشانی دەدا بەشێک لە خواردنی ئەو کەسە ڕووەک و بەرهەمی ڕووەک بووە. لەبەر وردبوونی زۆربەی ئێسقانەکان تیمی توێژینەوەکەی ئەنجامداوە، نەیتوانی بزانێ ئەو مرۆڤە نێر بووە یان مێ

 

بە زانینی ڕێژەی نایترۆجین ١٥ لە پاشماوەی ئێسقانەکاندا دەتوانین بزانین جۆری خواردنیان چۆن بووە. نایترۆجین ١٥ بە خواردنی گۆشتی ئاژەڵ زۆر دەبێ و بە خواردنی ڕووەک و بەرهەمەکانی، کەم دەبێت. هەموو ئەو ئێسقانانەی پشکنینیان بۆ کرا ڕێژەی نزم لە نایترۆجین ١٥ نیشان دەدەن. مەرج نییە ئەو ڕیژە کەمە تەنیا بۆ نەخواردنی گۆشت بگەڕێتەوە، چونکە خواردنی زۆری دوولەپەکان (نیسک، نۆک ، بازالیا، پاقلە و فاسۆلیا ... هتد) وادەکات ڕێژەی نایترۆجین ١٥ لەلەشدا کەم ببێتەوە

 

هەرچی ئێسقانی ٣ منداڵی تەمەن خوار ٣ ساڵانە بڕێکی زۆر نایترۆجین ١٥ نیشان دەدەن، ئەو بڕە زۆرە بۆ خواردنی گۆشت دەگەڕێتەوە، بەڵام لە منداڵی ساوادا، سەرچاوەکەی شیرخواردنە. ڕێژەی نایترۆجین ١٥ لە هیچ لەو نموونانەی لەسەرەوە باسکران لە ٦٪ تێنەپەڕیوە، واتا خواردنی زۆربەی ئەوانەی نموونەکانیان وەرگیراوە ڕووەک و بەرهەمی ڕووەک بووە. بڕی نایترۆجین ١٥ لە ئێسقانەکانی مرۆڤدا لەگەڵ ئاژەڵانی ڕووەکخۆر، زۆر لەیەک نزیکن، بە واتای ئەوەی مرۆڤی نەوالێ چۆرێ زۆرتر پشتیان بە خواردنی ڕووەک و بەرهەمەکانی بەستووە، نەک گۆشت

 

ئەگەر ئەوەی سەرەوە کورت بکەینەوە، دەبینین بە پێچەوانەی پێشبینییەکان بۆ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤی بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ، لە کاتێکدا زۆربەیان کۆمەڵە ڕاوچی بوون و بە ئاسانی توانای ڕاوکردنیان هەبووە و دەستیان بە گۆشت گەیشتووە، جگەلەویش خۆیان دەستیان بە ماڵییکردنی هەندێ جۆری دیکەی ئاژەڵ کردووە و هەیانبووە، کەچی ڕیژەی خواردنی گۆشت بۆ بەرهەمە ڕووەکییەکان بۆ هەموو ئەو ئێسقانانەی پشکنینی کۆلاجینیان بۆ کراوە لە ١٠-١٥٪ تێناپەڕێ

 

ڕێژەی ئۆکسجین ١٨ لە مرۆڤدا لە دەورووبەری -٧.٣٦٪یە. ئەو ڕێژەیە واتای ئەوەیە ئەوانەی لە نەوالێ چۆرێ ژیاون هەموویان لە هەمان سەرچاوەی ئاو، ئاویان خواردووەتەوە. بە واتایەکی دیکە، ئەوانەی لەوێ ژیاون هاتووچوونی زۆریان نەبووە، لەو نیشتەجێیەدا ماونەتەوە. دیارە پلەی گەرما لە ناوچەکانی ئەوبەری تۆرۆسدا بۆ ماوەیەکی درێژ جێگیر بووە، ئەو ڕاستییە لە توێژینەوەکانی زیست و بۆتیمالە ساڵی ١٩٨٢ و هیڵمان ١٩٩٦، پشتڕاست کراوەتەوە. تاکە جیاوازی لە ناو ئەو باسەدا ئێسقانی ئەو مرۆڤەیە پێشتر باسکرا. شیکارییەکانی ئەو تاکە مرۆڤە نیشانی دەدات لە کەشوهەوایەکی گەرمتر و وشکتر، ژیاوە. پێدەچی ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی گەیشتووەتە نیشتەجێی نەوالێ چۆرێ، مردووە

 

سەرچاوە

https://www.academia.edu/217672/Stable_Isotopes_and_Dietary_Adaptions_in_Humans_and_Animals_at_Pre_Pottery_Neolithic_Nevali_Cori_Southeast_Anatolia