خاکی باشووری کوردستان بەشێکە لەو ڕووبەرەی بەر لە ١٠ هەزار ساڵ پێش زایین، بۆ یەکەم جار کەلتووری چاخی بەردینی تێدا دەرکەوتووە. لێرە، کەلتووری چاخی بەردینی نوێ لە نێوان ١٠ هەزار تا ٥٣٠٠ ساڵ بەر لەزایین، درێژ دەبێتەوە. لە ساڵی ٥٣٠٠ پێش زایین کەلتووری عوبێد (سەرەتای کەلتووری مسە)، دەردەکەوێ. لەو کاتەدا، ئەگەرچی ڕاو بەشێکی گرنگی ژیان بوو، بەڵام بەرهەمهێنانی خۆراک پەیدا بووبوو و کۆمەڵگە بچووکەکانی مرۆڤ بەرە بەرە لە کۆمەڵەی ڕاوچییەوە دەبوون بە جووتیار. لەو شوێنەوارانە دەتوانین ناوی نەمریک، معلیفات، قرمز دارە، چەرمۆ، گینیگ، تەل مەغزەلییە، گرێ مرازان و کۆتێ بەرچەم بهێنین
کەلتووری حەسوونە لە کۆتایی چاخی بەردینی نوێدا دەرکەوتووە و لە ناوی ئەو گردەوە هاتووە ٣٢ کیلۆمەتر لە باشووری شاری موسڵە. وەکو شوێنەوار بۆ یەکەمین جار بابەتەکانی ئەوەی بە کەلتووری حەسوونە ناونراوە، لێ دۆزراوەتەوە. شوێنەوارناس هۆوی برایدوود لە شێوازی خانوو دروستکردنی هەردوو شوێنەواری حەسوونە و چەرمۆدا، دەڵێ بەردەوامیی ئەو کەلتوورە لە نێوان ئەو دوو شوێنەوارەدا هەیە. شوێنەواری ئوم دەباغییە، لە حەسوونە کۆنترە و وەکو پردی نێوان حەسوونە و چەرمۆی، هەژمار دەکات. لێکچوونی ئەو دوو شوێنەوارە لە جوانکاریی سەر گڵسازییەکان و ملوانکە و بازنی دەنکە بەرد و تەوری بەرد، دەردەکەوێ
پێکهاتە و خانووەکانی سەردەمی حەسوونە، ئینجا چی ئەوانەی گردی حەسوونە بێ یان ئەوانەی یاریم تەپە لە ڕۆژهەڵاتی شنگال بێ، سادە و ساکار بوون، بناغەی بەبەرد هەڵچنراو و دیواری بەرز و ئەستووریان نەبووە، بۆیە هیچ پاشماوەیەکیان لێ بەجێنەماوە. زۆربەی شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمە وەکو گردی عەلی ئاغا، تەل الخان، شمشارە و نەینەوا هیچ شوێنەواری خانوو و دیوارەکانیان دیار نەماوە. لە شمشارە تەنیا کۆگەیەکی بچووکی خواردن و ئاگردانێک دۆزرانەوە. هەرچەندە کۆمەڵەیەکی خڕە بەرد هەبوون، دەکرێ وەکو بناغە کەڵکیان لێ وەرگیرابێ، بەڵام لەوە زیاتر هیچ دیارنەماوە. لە نەینەوا، تەنیا پاشماوەی پارچە داری ڕزیو و شیی بووەوە دۆزرانەوە، بەڵگەن بۆ ئەوەی شێوە کووخێک یان خانوویەکی سەر بە دار داپۆشراویان هەبووە
کۆمەڵە ڕاوچییەکانی ئەو ناوچەیە لە نیشتەجێی حەسوونە و یاریم تەپە ژیاون. لەوێ هەندێ پاشماوەی حەسیر و قامیشی تێکهەڵکێشراو و چەندین بابەتی ژیانی ڕۆژانەیان دۆزرانەوە. دوای ئەوە کۆنترین پاشماوەی خانوو چەند خشتێکی قوڕ خانوویەکی یەک ژووریان پێکهێنابوو، دۆزرایەوە. لە سەردەمی دوای ئەوە ئینجا شوێنی خانووی دیکەی ڕێکتر دەردەکەون. هەیوانێک و چەند ژوورێک لە دەوری هەبوون. خانوو هەبووە زۆر لەوە گەورەتر بووە
هەندێک پاشماوەی ژیانی ڕۆژانەی ئەوانەی لە گردی حەسوونە ژیاون، بەجێماوە.لە چینەکانی بنەوەی گردەکە بەردی دەسکداری گڵ هەڵکەندن دۆزراوەتەوە، ئەو کاتە ئەو جۆرە ئامرازەیان بۆ کێڵان بەکارهێناوە، دیارە دانیشتووانی حەسوونە، ئەگەر بە شیوەیەکی واڵا کشتوکاڵیان نەکردبێ، بەڵام زەوی کێڵانیان زانیوە و چالکی کشتوکاڵکردنیان هەبووە. دواتر ئەو ئامرازە، بە شیوەیەکی دیکە گۆڕاوە، بەردەکە لایەکی تیژ بووە و وەکو داسی جاران درێژکۆلە و کەمێک بە پێچ بووە. لە یاریم تەپە ئامرازی بەردی بڕین و گۆشت داماڵین و ڕووەک بڕین دۆزرانەوە
لێکچوونی بابەتەکانی کەلتووری حەسوونە لە زۆر شوێنی دیکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتدا تۆمارکراوە. هەڵبەت هیچ لەو نیشتەجێیانەی چاخی بەردیینی نوێ گۆشەگیر و تەنیا نەبوون. ڕایەڵەیەکی هاتووچوون و گۆڕینەوەی کەلتوور لە نێوانیاندا بە سستیی هەبووە. لە هەردوو نیشتەجێی حەسوونە و یاریم تەپەدا، ملوانکەی بەردی ترکواز و کریستاڵی بەرد دۆزراونەتەوە. ئەو جۆرە بەردانە لەوکاتەدا لەو ناوچەیەدا نەبووە. بەردەشووشە لەزۆر شوێنەواری باشووری کوردستان دۆزراوەتەوە، سەرچاوەی ئەو جۆرە بەردە لە نزیک دەریاچەی وانە
کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی بەردەشووشە لە کوردستان لە چینی سێیەمی ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە و تەمەنی بۆ ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هێندێکیان لە چیای نەمرود داغ لە دەریاچەی وانی کوردستانی باکووەرەوە هاتوون، سەروو ٣٠٠ کیلۆمەتر لە شانەدەرەوە دوورە. ئاسانترین ڕیگەی هێنانی بە هەکاریدا تێدەپەڕێت. بەردەشووشەی چیاکانی دەریاچەی وان لە ئەشکەوتی زارزی لە بازیان و چەرمۆ، دۆزراونەتەوە. ٨٠٪ی ئەو ئامرازانەی لە شمشارە دۆزرانەوە هەر لە هەمان سەرچاوەوە گەیشتوونەتە ئەوێ. هەر لە شانەدەر بەردەشووشەی ناوچەی کەپەدۆکیا هەبووە، ئەو سەرچاوەیە لە دەریاچەی وانیش دوورترە
بەردەشووشەی دەریاچەی وان زۆر لەوە باشوورتر چووە. بە پێی هەڵکۆڵینەکانی ڕێنفرو دیکسن لە ساڵی ١٩٦٦ ڕاپۆرتەکەی بڵاو کراوەتەوە، لە هەزارەی ٦ و ٧ دا لە شوێنەواری سەراب، تەپە گوران و عەلی خۆش بەردەشووشەی وان دۆزراونەتەوە. هەرسێ شوێنەوار، لە گەرمیانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن
سەرچاوە
https://repozytorium.amu.edu.pl/bitstream/10593/25659/3/Mardas_Joanna_doktorat.pdf