دووبارە شانەدەر

دووبارە شانەدەر

لە ئەنجامی هەوڵی مرۆڤی نیشتەجێی چیاکانی زاگرۆس لە چاخی بەردینی نوێدا بۆ ماڵییکردنی ڕووەکەکان، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پێوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە و سەرچاوەکانی ئاو، بۆ پەیداکردنی خواردنی ڕۆژانە، بە تایبەتیش خواردنی گۆشتی ئاژەڵان، ڕوویدا. ئەزموونی دوور و قووڵی ڕاوچییەکانی سەردەمی چاخی بەردین لە ناسین و تەڵەنانەوە بۆ باشترین ئاژەڵ لە کۆمەڵی ئاژەڵە کێویەکانی وەکو ئاسک، بزن و مەڕ، بۆ چەند هەزار ساڵێک مرۆڤی لە ترۆپکی زنجیرەی خواردنی سەر زەوی هیشتەوە. ئەو پرۆسەیە مەشخەڵێکی گەرم و گوڕی لە پێوەندی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤ هەڵگیرساند، تێیدا گۆڕانکاری بێ وێنەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤی بەر لە شارستانییەت بەرپا کرد. توانای ڕێکخراوەیی بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی توند و تۆڵ کرد. ئەو هەلومەرجانە ماڵییکردن و ئاژەڵداریی ئاسانکرد و بەرەبەرە مرۆڤی ئامادەکرد تا جۆری ژیانی تازە، پلان و هەڵسوکەوتیان بۆ قۆناغی داهاتوو، لەبەرچاو بگرن

 

کۆمەڵگەی مرۆڤی دامێنی شانەدەری ناو چیاکانی برادۆست لە باشووری کوردستان بە ئەزموونی ئاژەڵداریی و شوانکارییدا تێدەپەڕی. لەگەڵیدا لە ژینگەی دەوروبەری خۆی دەڕوانی و ئەو ڕووەکانەی دەستنیشاندەکرد بۆ خواردن شیاو بوون وەکو دوو جۆر گەنمی خۆرسک و جۆ. دەستی بە بەڕێوەبردنی مێگەلە مەڕەکانی کردبوو و  بەرەو توندوتۆڵکردنی ئەو پێوەندییە بوو. بەڵگەکانی شوێنەوارناسیی پێمان دەلێن نزیکەی ١١ هەزار ساڵ پێش زایین سەرەتای گۆڕانی ژیانی مرۆڤ بووە لە کۆمەڵەی ڕاوچی لێرە و لەوێ، بۆ دەرکەوتنی یەکەمین نیشتەجێی هەمیشەیی. نیشتەجێیانی گوندی زاوی چەمی شانەدەر لە هاویناندا لە پێکهاتەی بازنەیی بەبەرد هەڵچنراوی سەر داخراو لە دامێنی برادۆست و لە زستاندا لە ناو ئەشکەتی شانەدەردا، دەژیان

 

ئەوەی ڕالف سۆلیکی لە گەڕانەکانی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو ئینجا گەڕانەکانی دواتر لە شانەدەر دۆزیانەوە، تۆمارێکی دەوڵەمەند و باشی ئامراز و کەرەستەکانی ئە وکۆمەڵگەیەی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەریان خستە بەردەستی توێژەران. ئەو کۆمەڵە دۆزراوانە چۆنییەتی لە ئامێزگرتنی ژیانیان لە لایەن مرۆڤی دێرینی شانەدەر نیشان دەدا، هاوشان لەگەڵ نیشتەجێ و چالاکی ڕۆژانەیان کۆی وێنەی ئەوکاتەمان بۆ دروست دەکەنەوە. ئەو دۆزراوانە لە بابەتی هێماداریی کە هەیانبوو لە بازرگانیی و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ناوچەی جیاجیای هەریمەکانی زاگرۆس گەیشتبوونە ئەوێ، تا دەگاتە ئامراز و بابەتی دیکەی بەسوود لە پارچەی ئێسقان، عاج، شاخی ئاسکە کێوی و چەندین ئامرازی لەبەرد دروستکراو بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، دەگرێتەوە

 

ئامرازە نائاساییەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەری سەردەمی ژیانی چاخی بەردینی نوێ، هەر لە نەخشاندنی بابەتاکان، ئامرازەکانی گۆشت داماڵین، ئامرازی کونکردن وەکو دەزری و سوژنی لە ئێسقان دروستکراو، ئامرازی پێست کونکردن و خۆشکردن، دروستکردنی حەسیر، دروستکردنی سەبەتە و تۆڕ هەموویان ئاماژەن بۆ پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای کەموێنەی ئە وکۆمەڵگە بچووکەی شانەدەر و زۆر لە دروستکردنی ئامرازی مرۆڤی چاخی بەردینی کۆن لە ئێسقانەکان، جیایە . بۆ دروستکردنی ئامرازەکانی مرۆڤی دێرینی شانەدەر بەردی لە داتاشینی ئەو ئامرازانەی بەکارهێناوە. موورووی بەرد بەڵام ئەو جۆرە بەردەی ئەو موورووانە لە ناوچەی شانەدەر نین، ئامرازی بەردی تەنک تەنک بۆ بڕین و داماڵین، بنە بەردی گەورەی کوتانی دانەوێڵە و تۆو، بەردی دەسکهاوەنی کوتان و ووردکردن، بەردی دیکەی کوتان و هاڕین لە هەردوو شوێنی ناو ئەشکەوت و گوندەی چەمی زاوی شانەدەر دۆزرانەوە. ئەو ئامرازانە بۆ داکردنی (پرۆسەکردنی) خواردن و ئامادەکردنیان بوون

 

شییکاری ئیزۆتۆپی جێگیری (ئیزۆتۆپ: دوو جۆر ناوکی توخمێکن لە ژمارەی پرۆتۆنەکان یەکسانن، بەڵام لە ژمارەی نیوترۆندا جیاوازن) ماددەی ئەندامیی ٨ نموونەی ئێسقانی ئەوانەی لە چینەکانی بنەوەی زەوی ئەشکەوتی شانەدەردا نێژرابوون و تەمەنیان بۆ سەردەمی گۆڕانی ژیانی کۆمەڵەی ڕاوچی بۆ ژیانی پێش دەرکەوتنی کشتوکاڵ و جێگیربوون لە نیستەجێی هەمیشەیی دەگەڕێتەوە، دەریخستووە تا نزیکەی ڕێژەی ٩٠٪ی خواردنی ئەو نێژراوانە بۆ چەند ساڵێکی پێش مردنیان، زۆرتر شتی بە ڕووەک و بەروبوومی ڕووەک بەستووە وەک لە گۆشتی ئاژەڵان. ئەو ئەنجامە لەگەڵ دۆزراوەکانی ئامراز و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بۆ کوتان و هاڕینی بەرووبوومەکانی ڕووەک، تەواو تەریبە. سەبارەت بە جۆر و شێوازی خواردن و ژیانی مرۆڤی دێرینی شانەدەری بەر لە شۆڕشی کشتوکاڵ، ئەو ئەنجامە بە پێچەوانەی پێشبینییەکان بوو. چونکە باوەڕ وابوو بە هەبوونی ڕاوی باش لەو ناوچەیە و بڕێکی زۆری مەڕی ماڵییکراو، دەبێ خواردنی ئەوان هەر گۆشت بووبێ

 

بڕێکی زۆر لە ئێسقانی مەڕ و بزنی کێویی و ئاسکە سوور لە هەڵکۆڵینەکانی زاوی چەمی شانەدەر دۆزرانەوە. لەگەڵیاندا ئێسقانی مەڕ هەبوون لەچاو ئەوانەی مەڕی کێوی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەو جۆرە گۆڕانکارییە لە ئێسقانی مەردا تەنیا لەو مێگەلانەدا ڕوودەدەن کە ماڵییکراون. ئەوە وەکو بەڵگەی یەکەمین ماڵییکردنی مەڕە لە شانەدەر، ئەو ماڵییکردنە ٩ هەزار ساڵ پێش زایین بووە. لە لایەکی دیکەوە، مرۆڤی دێرینی شانەدەر لەپاڵ ئەو هەموو سەرچاوە ڕووەکانەی لە دەوری خۆی هەبووە وەکو هەڵوەراندنی دەنکی گەنم و جۆ لە لاسکەکانیان، بەهۆی ئەوەی دەستی بە بەڕێوەبردنی مێگەلە مەڕ کردووە، سەرچاوەی گۆشت و بەرەبوومی ئاژەڵیشی لەبەردەست بووە. دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگیرێ هەرچەندە ئاژەڵداریی کردووە، بەڵام بەبێ پشت بەستن بە ڕووەک و بەرهەمەکانی، نەیدەتوانی دەست بەو میگەلەوە بگرێ، کە هەیبووە. لەگەڵ دابینکردنی گژوگیا بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانیان شارەزایی زۆرتریان لە کۆکردنەوە و هەڵگرتنی دانەوێڵەکان پەیداکرد.

گۆڕانکاریی لەوجۆرە بوو، بەرەبەرە کۆنترۆڵی مرۆڤی لە شانەدەر بەسەر بەرهەمهێنانی خواردندا زۆرتر کرد، بەو پێێە پێکهاتەی کۆمەڵگەکان خۆیان بۆ ژیانی نوێ و ئەرکی نوێ ئامادەکرد. خۆڕێکخستن و کەلتووری ژیانی ڕۆژانەی تێکەڵ بە ئابووریی ئاژەڵداریی لە ئاسۆدا دەرکەوت، ئەوانە پالنەری هاتنەکایەی بیروڕا و بۆچوونی جیاواز بوون. تێگەیشتن لە ژیان و ژیانی دوای مردن لە هەڵسوکەوت و ڕێوڕەسمی ناشتنی مردووەکانیان لە ناو ئەشکەوتی شانەدەردا دیارە و ئەوانەی شانەدەر لە ناوچەی زاگرۆس لە جیهاندا کۆنترینن. گۆڕانی شێوازی ژیانی مرۆڤی دێرینی شانەدەر بەرەوپێشچوونێکی تاک-ئاراستە بوو تێیدا کۆمەڵە ڕاوچییەکان ژیانی گۆزەگۆز و ڕاویان لێ بوو بە ڕابردوو. هەموو ئەو گۆڕانانە پێکەوە دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵ لە دامێنی زاگرۆس، دەنوێنن

 

هەوڵی ئاشنابوون بە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکانی ١١ هەزار ساڵی ڕابردوو لە شانەدەر، هەر لە بەڕێوەبردنی مێگەلە مەڕ و ماوە ماوە کوشتنەوەی نێرەکان تا دەگاتە بەکار‌هێنانی خوری و شیر، ڕێڕەوێكی دروستی ئەو پێشکەوتنە گەورەیە نیشان دەدات مرۆڤ لە شۆڕشی کشتوکاڵدا بەدەستیهێناوە. لێرەدا تیشک دەخەینەوە سەر کوشتنەوەی نێرەی مێگەلەکان تا بایەخی خۆراکیی شیری مێیەکان زۆرترین سوودی بۆ مرۆڤ هەبێ. ئینجا زۆربوونی سەرەمەڕەکان، داهاتی خۆراک و بایەخی ئابووریی دیکەی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا، تا وایلێهات بەهای ئەو سەرە مەڕانە لە بازرگانیی و ئاڵوگۆڕدا دەرکەوت. دەکرێ هەر ئەو ئاڵوگۆڕ و بازرگانییە سەرچاوەی ئەو بابەتانە بێ لە زاوی چەمی شانەدەر و لەگەڵ نێژراوانی ناو ئەشکەوتەکە دۆزرانەوە و لە ماددەی ئەو ناوچەیە دروست نەکراون، واتا لە شوێنێکی دیکەوە گەیشتوونەتە ئەوێ. بازرگانیی لەگەڵ ئەناتۆلیا و میسۆپۆتامیا لە ئارادا بووە

 

ئەوەی تا ئێستە سەبارەت بە شانەدەر و مرۆڤی دیرینی ئەوێ دیتوومە و خوێندوومەتەوە لە پایەیەکی سەرسووڕمانەوە دەمباتە پایەیەکی لەویش بەرزتر. لەو نێژراوانەی ناو ئەشکەوتی شانەدەر دوو پەیکەری ئێسقان دۆزرانەوە ناویان لێنراوە شانەدەر ١ و شانەدەر ٥، تەمەنیان بۆ ٤٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. هەردوو کەللەسەری ئەو دوو پەیکەرە ئاسایی نین، بۆ مەبەستی جوانکاریی کەللەی سەریان لە تەپڵی سەرەوە، درێژکراوە. هەرچەندە دەستکاریی لەوجۆرەی کەللەسەر پیشتر لە زۆر شوێنی جیهان دۆزراوەتەوە، بەڵام نەدەزاندرا تەنانەت نیاندرتاڵیش ئەو کارەی کردووە. ئێریک ترینکاوس لە بڵاوکراوەی زانکۆی شیکاگۆدا لە ساڵی ١٩٨١ باسی ئەو دیاردەیەی هەردوو پەیکەرە ئێسقانەکە دەکات. بەڵام لە زاگرۆسدا تەنیا لە شانەدەر ئەوە نەکراوە، دۆزراوەکانی گەنج دارە کە ئەویشیان شوێنەوارێکی بەر لە دەرکەوتنی شۆڕشی کشتوکاڵە لە دیوی ڕۆژهەڵات، هەمان درێژکردنەوەی کەللە سەری تیدا سەرنج دراوە

 

دۆزراوەکانی شانەدەر نیشانی دەدەن کەلتوور و ژیانی شانەدەریەکان لەو سەردەمە کەلتووریەی ناوی زارزیانە، تەواو جیایە. داهێنان لە کارەکانی دروستکردنی ئامرازەکانی لە دار، ئیسقان، شاخی ئاسک و عاج دروستکراون، هەیە. ئەو بابەتانە پێشتر تەنیا لە بەرد دروستکراون. لەگەڵ ئەوانیشدا ئەو قۆناغانەی گوندی زاوی چەمی شانەدەر پێیدا تێپەڕیوە، لە چۆنییەتی دیوار هەڵچنین و دروستکردنی پێکهاتەی خانووەکانیان جیاوازیی تەواو دەبیندرێ. نێژراوەکانی شانەدەر لە ئاڵۆزترین ڕیوڕەسمی ناشتنەکانی ئەو سەردەمەیە. هەریەک لەوانە هەنگاوێکی دیاری گۆڕانی کۆمەڵگە و بیروباوەڕی شانەدەرییەکان لە چاخی بەردین و کلتووری زارزیان بەرەو سەرەتای دەرکەوتنی سەردەمی کشتوکاڵ لە زاگرۆس، نیشان دەدات

 

شانەدەرییەکانی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ بەردەوام هەڕەشەی مردنیان لەسەر بووە. هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ و گەورە و بچووکیان لە منداڵەوە تا تەمەن ٥٠ ساڵەکانیان، کەللەی سەریان جێگەی لێدان/پێدادان/پێکەوتنیان پێوەیە. دەکرێ ئەو جۆرە برینانە لە ئەنجامی چالاکیی ژیانی ڕۆژانەیانەوە بووبێت و گەڕان بە بەردەڵانی چیاکانی زاگرۆسدا بەشێک لەو برینانەی دروست کردبێ. هەمان جۆری نیشانە لەسەر پارچەی دیکەی ئێسقانەکانیان هەیە. تەنانەت برینداریی پیاوێکیان درێژەی کێشاوە و ماوەیەکی زۆری پێچووە تا چاک بووەتەوە. بەڵگەی ئەوەیە ئەو کۆمەڵگەیە ئەو بریندارەی تێدا ژیاوە پێکهاتەیەکی توندوتۆڵ بووە. لەبەرئەوەی لە دوای چاخی بەستەڵەک سەردەمێکی وشک بەسەر ناوچەکەدا دێ و دۆڵی برادۆست ژینگەیەکی لەباری ڕووەک و ئاژەڵ بووە، ئەوانیش هۆی هاتنی مرۆڤن بۆ ئەو شوێنە، دەکرێ پێکدادان لەگەڵ مرۆڤی دیکە بۆ دەستکەوتنی خواردن و سەرچاوەی دیکەی ژیان بووبێ. هەڵمەت و هێرش، بۆ بردنی خواردن یان تەنانەت فڕاندنی ئافرەتیش ئەگەری بەهێزن بۆ ڕوودانی ئەو جۆرە برینداریی و لێدانانە

 

لە تێڕوانینیکی گشتیی بۆ ئەو هەموو پاشماوەیەی لە ئەشکەوتی شانەدەر و گوندی زاوی چەمی شانەدەر دۆزراونەتەوە دەبینین هەر پارچەیەک ئاماژەی جۆرێک لە شێوازی ژیانی ئەوکاتەی مرۆڤی دێرینی ئەو ناوچەیە دەکات و وێنای باری ژیانی کۆمەڵایەتی و کلتووریان دەکاتەوە. لایەنە ڕێکخراوەییەکانیان بۆ دەستکەوتنی تەکنۆلۆجیای باشتر و باری ئابووری، دەنوێنێت. هەڵسوکەوت و چالاکیی ژیانی ڕۆژانەیانمان بۆ دەردەخەن. تەنانەت دەتوانین کەمێک لە جۆری بیر و هزریشیان نزیک ببینەوە

 

 

سەرچاوە

https://www.researchgate.net/publication/365286448_The_Proto-Neolithic_People_of_Zawi_Chemi_Village_and_Shanidar_Cave_in_the_Western_Zagros_Highlands_Adaptations_Innovations_and_the_Advent_of_Neolithic_Revolution_Sumer_2021_V_67_p_11-26