عەقڵی سیاسیی ئێران

سوود لە پەرتووکی کوردناسی، زەکەریا قادری وەرگیراوە

مێژوونووسانی کورد لە لایەکەوە بەهۆی نەبوونی بیری فەلسەفیی، ناسینی واتاکان و بابەتەکان. لە لایەکی دیکەیشەوە بە تێنەگەیشتنی فەلسەفی لە لۆژیکی کردەوەیی کوردایەتیی، ناتوانن لە ئاستی باسکردنی ڕووداوە مێژوییەکان سەرووتر بچن، تا مێژویەکی سەربەخۆ لە مێژووی ئێران، بۆ کورد پێناسە بکەن. لەبەر نەبوونی دەوڵەتی خۆی، کورد وەکو بەشێک لە شوناسی ئێرانی یان ئیسلامی ناوبراوە. بەم پێیەیش بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ لە مێژووی کورد، پێویستمان بە تیۆری نوێ دەبێت. پرسی کورد لە چوارچێوەی بیرۆکەکانی سیاسیی و زانستی کۆمەڵایەتییدا شرۆڤە ناکرێت. لە شۆڕشە کوردییەکاندا، چالاکی و هەنگاونان لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بە ڕوانگە و تیۆری لۆژیکی عەرەبی یان ئێرانی بووە

 

نهێنی ئەو هەموو شۆڕش و شکستە یەک لە دوای یەکەی کورد لە نەبوونی یەکڕیزی تیۆری و کردەوە سەرچاوەی گرتووە نەک لە خزمەت و خیانەتی ئەندامانی. ئەگەر لۆژیکی کردەوەیی کورد واتا و کەلتووری گونجاوی خۆی نەدۆزێتەوە، ئەوا لە ناو کەلتووری داسەپاوی داگیرکەراندا بەرەو نەمان دەڕوات. کورد لە ڕوانگەی ئەوانەوە، یان بە بێ تێگەیشتنێکی فەلسەفی دەڕوانینە مێژووی خۆمان. هەر لەبەر ئەوەیە توانای تێگەیشتن و دەرهێنانی واتاکان و رۆحی نەتەوەیی کوردمان نییە

 

بۆچی ئێران بە ئەزموونی هەزاران ساڵەی دەوڵەتبوونەوە، توانیویەتی بەسەر هەموو کۆسپ و ئاڵۆزییەکاندا سەرکەوێ بەڵام توانای چارەسەری پرسی کوردی نییە؟! لۆژیکی سیاسی ئێران لە ئەفسانەکان و ئایینی زەردەشت سەرچاوەی گرتووە. دواییش بە کەلتووری ئیسلامی تینوویەتی خۆی دەشکێنێت وبە ئایدۆلۆجیای هاوچەرخ خوێنێکی نوێ دەچێتە دەمارەکانییەوە، هەموو کات دەمامکی خۆی بەبەر مێژوودا دەکات و سیستەمی واتا و دروستکراوە فیکرییە دێرینەکانی خۆی، سەرلەنوێ بونیاد دەنێتەوە

 

وەڵامی ئەو پرسیارە دوو لایەنی هەیە. لایەکیان ئەوەیە هەرچی کوردەکان دەیانەوێت لە لایەن کەلتوور و داسەپاوە مێژووییەکانەوە نەفرەتی لێکراوە. کوردەکان ئازادی لە چیاکان بە شارستانییەت و کۆیلایەتیی شارەکان ناگۆڕنەوە. کوردەکان لە نووسراوەکانی سۆمەرەوە تا ئەمڕۆ، بە نەتەوەیەکی یاخی و سەرەڕۆ وشەڕخواز ناسراون. لایەکەی دیکەیان ناوەڕۆک و هۆکارەکانی لۆژیکی سیاسی ئێرانی دژایەتی کردنی کوردە، هەر لە سەردەمی کۆرشەوە تاکو ئێستە، هیچکات توانای قبووڵکردن و چارەسەری پرسی کوردی نەبووە. لەو کاتەوە دژایەتی کورد یان بە دژە واتای شەڕ، ئەهریمەن، دێو و بێگانە ( کورد بەو ناوانە وەسف کراوە)، یانیش بە واتاکانی ئێرانی ڕەسەن، هەوڵی ناشیرین کردن و سڕینەوەی کوردی داوە

 

سەرەتای دەرکەوتنی عەقڵی سیاسییی ئێران تەنیا بە دژایەتیکردنی کوردەکان و شوناس و وڵاتی مادەکان داڕیژراوە. لەسەر بنەمای شەڕی ئایینی/ئایدیۆلۆژی لەگەڵ شیوازی ژیان و بوونی دیۆنیسۆسی (لە یۆنانی کۆندا، دیۆنیسۆس کوڕی زیۆسە و خوای سروشت و بەرهەمە، بە خوای شەراب و کەیف و سەفا ناسراوە) و دژە میتافیزیکی کوردەکان داڕێژراوە. دەستەواژەکانی دیموکراسی، ڕێککەوتن، ڕەوایی زەمینی، دادپەروەری یەکسانیی و کەلتووری دژە ئایینی، دژی عەقڵی سیاسی ئێرانن. شەڕو پێکدادانی عەقڵی سیاسی ئێران دژ بە نائێرانییەکان شەڕی نەتەوەیی/سیاسییە. وەک شەڕەکانی کۆرش دژ بە ئاستیاگ، داریوش دژ بە گنوماتا و ئەنوشیروان دژ بە مەزدەک. واتا سیستەمی پلە و پایە و چینایەتیی کۆمەڵگە دژ بە سیستەمی یەکسانی کۆمەڵایەتیی، مافی خودایی دژ بە گرێبەست و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی، زۆرەملێی ئایین دژ بە دیموکراسیی ڕیککەوتن. ئەوە شەڕی دوو ڕوانگەی جیای دونیاناسییە. دونیای ئایینی زەردەشتی دروستکراوی فارس بۆ دژایەتیکردنی ئایینی میترای ڕەسەنی کوردان. میترا بە گاکوژ ناودەبرێت، زەردەشت پیرۆزیی بۆ گا دادەنێت. میترا ئایینی زەمین و مرۆیی بووە، زەردەشت ئایینێکی میتافیزیکیی و خودایی بووە

 

بەم پێیە، شەڕی نەتەوەیی/سیاسیی فارس لەگەڵ ماد، شەڕێکە لە نێوان دوو ڕوانگەی بوونناسانەی لوگوس بەرانبەر ئوروس، ئایین بەرانبەر عەقڵی مرۆیی، رۆح بەرانبەر جەستە و ئاسمان بەرانبەر زەوی. هێماو سونبولەکانیشی بریتیین لە ڕووناکی بەرانبەر تاریکیی، ئاهورا بەرانبەر ئەهریمەن، هەڵۆ بەرانبەر مار، گا بەرانبەر شێر و لە کۆتاییدا خێر و چاکە بەرانبەر شەڕ و خراپە. هەموو ئەو ناولێنان و دابەشکردنە بۆ دوو جەمسەری خێر و شەڕ لە لایەن زەردەشت بەسەر میترادا سەپێندراوە. ئەوانە هەمووی کەرەستە و هێماکانی هەژموونی دەسەڵاتی فارس بووە بەسەر مادەکاندا. لە سەردەمی زەردەشت و هەخامانشینەکانەوە، واتا دژبەرەکانی عەقڵی سیاسی ئێران لە ڕۆحی نەتەوەیی کورددا خۆی نواندووە، بە واتایەکی دیکە، هەموو واتایەک دژ بە زەردەشت بووبێت، ئەوا کورد بووە

 

کوردەکان لە ڕوانگەی ڕەچەڵەک و نەتەوەییەوە نەک تەنیا ئێرانی نەبوون، بەڵکو خەڵکی رەسەنی پێش ئاریایی/فارسی بوون. کوردەکان بەرلەوەی ئاریاییەکان کۆچ بکەن، لەسەر ئەو خاکەی دەوڵەتی مادی لەسەر دامەزرا، هەبوون و هەر لەوێش ماونەتەوە. عەقڵی سیاسی ئێران لەسەر بناغەی ڕەتکردنەوە و جیاکردنەوە و بە (ئەوی دیکە) ناسنامەی کوردی دروست بووە. ئێرانیە کۆچبەرەکان بە زۆرەملێ و شەڕ وڵاتی مادەکانیان داگیر کردووە و ناوی ئێرانیان بەسەردا سەپاندووە. ئایینی ئێرانی زەردەشتیش بۆ دژایەتیی ئایینی مادەکان (میترایی) داڕێژراوە. تەنانەت هێما و ئاسەوارە ئێرانییەکانی وەکو تەختی جەمشید و نەخش و نووسراوی بەردینی بێستوون، وێنە و هێمای سەرکەوتنەکانی فارس بەسەر کوردەکاندا، بووە. زمانی فارسیش زمانێک نەبووە بە گەشەی سروشتیی و دەوڵەمەندی خۆی پێکهاتبێت، بەڵکو زمانێکی کرچ و کاڵ بووە، بە فەرمانی داریوش و بە دەستی نووسەرانی عیلام و بابلییەکان بەمەبەستی تۆمارکردنی سەرکەوتنەکان بەسەر کورددا، داڕیژراوەتەوە

 

کوردەکان و ئایینە ڕەسەنەکەیان لە ئەفسانە و کولتووری ئێرانییدا بە ناوی ئەهریمەن، دێو، ئاژی دیهاک (زوحاک)، ئەفراسیاو و توورانی، بێباوەڕ، کافر، جندۆکە و سیخوڕی بیانیی ناودەبرێن. لە کاتێکدا دەوڵەتی ماد لەسەر بناغەی یەکسانیی، نەبوونی باڵادەستیی سیاسیی، بەدیهاتنی سیستەمی سیاسیی ڕێککەوتن، ئاشتەوایی، یەکسانیی کۆمەڵایەتیی، پێکەوەژیان، بەرابەریی لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە، بێ جیاوازی نێر و مێ، گەورە و بچووک، بەدەسەڵات و بێ دەسەڵات، هەژار و دەوڵەمەند .... هتد، دامەزرابوو. دەوڵەتی فارسیش (پارس) لەسەر بناغەی چینایەتی کۆمەڵگە، باڵادەستیی پاشا، پلەبەندیی دەسەڵات، داگیرکردن و تالانکردنی وڵاتانی دراوسێ، ڕەوابوونی پاشایەتیی لە ئاسمانەوە، جیاکاریی لە نێوان پاشا و بنەماڵەکەی لەگەڵ خەڵکی دیکەدا، سیستەمی زۆرەملێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ... هتد، دامەزراوە