گژوگیا، دەرمانی نەخۆش لە باکووری کوردستان

ڕووەک خواردن و ئۆکسجین بۆ مرۆڤ دابین دەکات. لە دێر زەمانەوە مرۆڤ کەڵکی لە هەمەجۆرەی ڕووەک وەرگرتووە و چارەسەری چەندان نەخۆشیی پێ کردووە. جۆری دیکەیش بۆ مەبەستەکانی جوانکاریی بەکارهێندراون. تەنانەت لە زانستی نوێی دەرمانسازییشدا، سوودی ڕووەکەکان و گژوگیا کەم نەبووەتەوە. بە گشتیی، ڕووەکەکان ئاو و توخمەکانی ناو زەوی بۆ دروستکردنی کاربۆهایدرات، پرۆتین، ڤیتامینەکان بەکاردەهێنن. هەر ئەوانیش دەکرێ بۆ لەشی مرۆڤ سەرچاوەی کانزاکان بن. زۆرجار گژوگیایەکان سەرچاوەی ناوکە تیشکدەرەکانی وەکو یورانیۆم، ڕادیۆم و پۆتاسیۆمن و لە سییەکان، گورچیلەکان، ڕژێنی دەرەقی و ماسولکەکان، کۆدەبنەوە

 

لەبەرئەو هۆیە، توێژینەوەی زۆر کراون بۆ دەرخستنی باشیی و مەترسییەکانی ئەو جۆرە گژوگیایانە و زانینی ڕێژەی ئەو توخمە تیشکدەرانە لە ناویاندا. هاوکۆلکەیەکی زۆر گرنگ ئەوەیە بزانین ڕێژەی گواستنەوەی ئەو توخمانە لە خۆڵەکەدا چەندە و چەند لەو ڕیژەیە بۆ گژوگیایەکان دەگوازرێتەوە. بۆ ئەویشیان لە جیهاندا توێژینەوەی زۆر کراوە

 

پارێزگای قارس لە باکوور ١٧٦٨ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. نزیکەی ١٢٥٠ جۆر ڕووەک لە چیا و دەشتەکانیدا هەیە، ١٠٠ جۆریان لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهاندا نین، لەوانە (ئۆنۆسما نیگریکاول ڕەگەکەی باکاردێت و خۆڕسکە، ڕومیۆک پاشێنتا گەڵایەکەی بەکاردێت و خۆڕسکە، ئورتیکا دیۆسیا گەڵایەکەی بەکاردێت و خۆڕسکە، ثیمەس گەڵایەکەی بەکاردێت و خۆڕسکە، مێنثا پیپێریتا گەڵایەکەی بەکاردێت و دەچێندرێ، پیترۆ سیلینەم کریسپوم گەڵایەکەی بەکاردێتە دەچێندرێ، ڕۆزا کانینا بەرەکەی بەکاردێت و خۆڕسکە، کامیلیای ڕۆمانی گوڵەکەی بەکاردێت و خۆڕسکە) -هەڵبەت توێژەرەکان لەوەیاندا هەڵەن، ئەو ڕووەکانەی ناوی هێناون بە تەواوی چیاکانی زاگرۆسدا بڵاون – نموونەی ئەو ڕووەکانە و گڵی بنیان وەرگیراون و لە تاقیگەدا وشک کراونەتەوە. ئینجا ماوەی ٣٨ ڕۆژ بەجێهێڵدراون تا توخمی تیشکدەری رادۆن٢٢٦ و ثۆریۆم٢٣٢ شیی ببنەوە

 

ئەو ڕووەکانە وەکو ئازارشکێن، لادانی کەڕووەکان لە نەخۆشییەکانی پێست، بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگریی لەش، ئازاری رۆماتیزم و سووڕی مانگانەی ئافرەتان، باشکردنی سووڕی خوێن لەلەشدا، دژە شەکرە، تەندروستیی دەم و ددان، دڵ تۆران لە خواردن، هەرسکردن، دەرکردنی کرمی کۆئەندامی هەرس، دەردانی گاز و میز، کۆکە و دەنگ نووسان، هەناسە تەنگیی، سستیی کاری گورچیکە، کەم خوێنیی، تەندروستیی چاو، بەردی زراو، شێرپەنجە، پووکانەوەی ئێسقانەکان، سکچوون، بۆنی ناخۆشی دەم، میز گیران، ماندوویەتیی، سەرئێشە،  هەوکردن، کەمخەویی، برینی گەدە، چارەسەری برین و چارەسەری سووتان، بەکاردەهێندرێن

 

لە پشکنینی وردی تاقیگە بە دوای ڕێژەی ئەو ماددە تیشکدەرانەی باسکران لە ناو گەڵا، گوڵ و ڕەگی ئەو ڕووەکانە، بۆمان دەرکەوت بڕی ماددەی تیشکدەری رادۆن٢٢٦، ثۆریۆم٢٣٢  و پۆتاسیۆم٤٠ لە ڕووەکی ئورتیکا دیۆسیا لەوەی لە سربیا لە لایەن دیێلیچ و تیمەکەی لە ساڵی ٢٠١٦ هەمان پشکنینی بۆ کراوە، بەرزترە. بەڵام ڕیژەکەی لە ناو ڕووەکی پیترۆ سیلینەم کریسپوم لەوەی لە میسر ئەحمەد و تیمەکەی لە سالی ٢٠١٠ بۆ هەمان ڕووەکیان کردوە، نزمترە. بەڵام ڕێژەی پۆتاسیۆم بە گشتیی لەوانەی لە شوێنی دیکەی جیهان پشکنینیان بۆ کراوە، بەرزترە

 

گوڵەکان بە گشتیی ڕیژەیەکی زۆرتری رادۆن٢٢٦یان تێدایە وەک لەوەی لە گەڵا و ڕەگەکان دەرکەوتووە. بەڵام بۆ ثۆریۆم٢٣٢ ڕێژەکەی لە گەڵایەکاندا زۆرترە وەک لە گوڵ و ڕەگەکان. بەڵام ڕیژەی پۆتاسیۆم٤٠ لەو ڕووەکانەدا بە گشتیی بەرزتر بوون وەک لەوەی لە گژوگیای دیکەی ئەو ناوچەیەدا هەیە و لە لایەن عەبدو، حیجازی و عیسا لە ساڵی ٢٠١٧ و شایب و تیمەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکراونەتەوە

 

جیاوازی نێوان هەبوونی جۆرێک ماددەی تیشکدەر لە ڕووەکێک زۆرتر وەک لە ڕووەکی دیکەی هەمان ناوچە شتێکی ئاساییە و پێوەستە بە توانای مژینی ئەو ڕووەک بۆ ئەو ماددەیە لە گڵ و خۆڵی ئەو جێگایەی لێی شین بووە. تەنانەت هەندێک توێژینەوەی دیکە وەکو چاندراشیکارا سۆماشیکاراپا لە ساڵی ٢٠١٥ و جەزار و ثاباینا لە ساڵی ٢٠١٤ توێژینەوەکانیان بڵاو کردووەتەوە، گەیشتوون بە ئەنجامی ئەوەی تەنانەت لە یەک ڕووەکدا جیاوازی ئەو ماددانە لە بەشێک بۆ بەشێکی دیکەی ڕووەکەکە هەیە، ئەمیشیان هەر بۆ جیاوازی هەر پارچەیەک لە رووەکەکە دەگەڕیتەوە و شتێکی ئاساییە

 

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەدا بۆمان دەرکەوت هەموو ئاستەکانی تیشکدانی ئەو سێ ماددەیەی ناویان هاتووە لە ئاستی ئاساییدان و وەکو هەر جێگایەکی دیکەی جیهانە. بۆیە بەکارهێنانی ئەو گژوگیایانە وەکو دەرمان بۆ چارەسەری ئازار و نەخۆشییەکانیان (ئینجا لەبەر هۆی کەلتوور بێ یان هۆی ئایینی) مەترسیی لەسەر ژیانیان نییە

 

سەرچاوە

 https://www.researchgate.net/publication/361312963