هونەرەکان بە گشتیی ئامرازی ڕەخنەگریین، جیا لەوەی نیشاندانی لایەنە جوان و بریقەدارەکانی ژیانیشن. هونەر بۆیە قورسە چونکە ئاسان نییە شتە جوانەکانی ژیان جیابکرێنەوە و دووبارە بە تێکەڵکردنی هەندێ بیروڕای دیکە، نیشان بدرێنەوە. سینەما لە هونەرە هەرە قورسەکان و هەرە جوانەکانیشە. سەرەڕای قازانجی زۆری کارکردن لەو بوارەدا، بەڵام ترۆپکی داهێنان و ئەفراندنیشە، هەموو ئەندێشەکانی مرۆڤ لە سینەمادا بەرجەستە دەکرێ. هەر خۆی تێکەڵەی چەندین لقی هونەرە و لە یەک کاتدا، چەندین ئاماژە و هێما نیشان دەدات. ئەو فیلمانە زۆرن ڕەخنە لە سیستەمی سیاسیی، ڕاو بۆچوونی سیاسییەکان دەگرن. ئەوانەی ڕووداوەکانیش دەگێڕنەوە و پێمان دەڵێن سیاسییەکان چییان کردووە، هەر زۆرن.
فیلمی "تەماشای سەرەوە مەکە" لە فیلمە نوێیەکانی ڕەخنەگرتنە لە ئاراستە سیاسییەکان و شەپۆلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. هەواڵ و ناکۆکی نێوان هونەرمەندان تەوژمی خەڵکی لەگەڵە، کەچی ڕووداوێکی کوشندە بۆ هەموو گۆی زەوی دەبێتە جێی پێکەنین و ڕاو بۆچوونی سیاسیی و سەرمایەدار. ئەوە هەمان ئەو سەردەمەیە ترەمپ تێیدا سەرۆک بوو. دیاردەی قەتیس بوونی گەرمیی، هەر بە گوێی ترەمپدا نەچوو. چونکە دەبەنگە.
دەبەنگی و نەدیتنی ڕاستییەکان دوو شتی لەیەک جیاوازن. دەبەنگی ئەوەیە درک بە ڕووداوەکانی دەورووبەر و لێکەوتەکانی نەکەی. نەدیتنی ڕاستییەکانیش ئەوەیە هێندەت مێشک لەکەللەدا نییە ڕاست و چەوت لێک جیا بکەیەوە. ترەمپ و ئەو هەناسەیەی دەیویست جیهانی پێ بەڕێوەببا تێکەڵەیەکی هەردووکیان بوو. بێگومان ئەو فیلمە بەڵگەنامەیی نەبوو تا ناوەکان وەکو خۆیان بهێنێت، بەڵام ڕەخنە لەو گوێنەدانەی ترەمپ وەکو کەسایەتیی، دواییش ترەمپ وەکو نوێنەری چینێک خەڵکی دەبەنگ و خەم سارد، لەو فیلمەدا تەواو دیارە. تەنانەت ئاماژەکانی جووڵەی لەش و هەڵبژاردنی ئەو وشانەی سەرۆکی ئەمەریکا (میریل ستریپ، ڕۆڵەکەی وەرگرتووە) دەیانڵێ، هەموویان ترەمپ و دارودەستەکەی نیشان دەدەن.
بەشێک لەو ڕەخنەیەی ئەو فیلمە هەڵیدەگرێ ئەوەیە دەبێ گوێ لە زانست و زانایان بگیرێ. ئەوەی ڕاستیی زانستییە کەس ناتوانێ نکۆڵی لێبکات. پاساو هێنانەوە و بڕوبیانوو هیچ لە ڕاستییە زانستییەکان ناگۆڕێ. دوو زانای زانکۆی میشیگان تەنێکی گەورە (١٥ کیلۆمەتر تیرەیەتی) دەدۆزنەوە لە سەر ڕێڕەوی بەریەککەوتنە لەگەڵ گۆی زەوی، ئەگەر ئەو بەریەککەوتنە ڕووبدات، ژیان لەسەر زەوی دەسڕێتەوە. بوون و نەبوونی مرۆڤ وەک پرسیار نامێنێ، ئەوە ڕاستیی زانستییە و ژیان نامێنێ. کەچی خەڵک گوێیان بۆ ناگرێ. لەسەرووی هەموویانەوە، سەرۆکی ئەمەریکا دڵەڕاوکێی ژمارەی دەنگەکانی زۆرترە لە مان و نەمانی هەموو زەوی.
بەشێکی دیکەی ڕەخنەی ئەو فیلمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەوەندەی خەڵک بەدوای هەواڵ و ڕووداوەکانی ژیانی هونەرمەندان و ناودارانن، نیو ئەوەندە بەتەنگ هیچ شتێکی دیکەوە نین. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای قازانجەکانی، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵک، بە تایبەتیش هەرزەکاران، بووەتە دەرزی هۆشبەر. وەک بڵێی لەسەر تەختی نەشتەرگەیین و ئاگاو هۆشیان نەماوە. کۆمەڵگە هەمووی هەر هەرزەکارنییە، بەڵام بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو ناوەڕۆکەی زۆربەی خەڵک بە دواوایەتی، بەشێکی زۆری کۆمەڵگە لەگەڵ هەرزەکار جیاوازییەکی زۆری نەماوە.
ئەو بەرنامانەی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن نیشاندەدرێن داڕمانی ناوەڕۆکە. ئەوە بە ئاشکرا لە فیلمەکەدا دیارە و ئەو جۆرە بەرنامانەی تەلەفزیۆن لە ئەمەریکا زۆرترین بینەریان هەیە. هەر بۆیە خێزانی کارداشیان لە هەموو جیهان ناسراون، کەچی بینەری بەرنامەیەکی زانستیی، لە هەزارکەس لەوانەیە ٥ بن.
لە کوردستانیش بەهەمان شێوە، هەموو بابەتێک بەرگی کۆمیدی بەبەردا دەکرێ، ڕیکلام لە زەڕەزەڕ دەچێ نەک بانگەشە بۆ باشیی کاڵایەک. دوو سێ کەس لە ڕیکلامێکی مارکێتێک خۆیان دەکەنە پەڕۆی بێ نوێژ، بە شێوازی سووک و ئاست نزم و قیڕەقیڕ و نواندنی پڕ بێز، دەردەکەون. دواتر، لە بەرنامەیەکی دیکەدا وەک هونەرمەند نیشان دەدرێن و لەسەر ئەو ڕێڕەوە، بەردەوام دەبن.
هونەر بە هەڵگرتنی کامێرا و تۆمارکردن بەدینایەت. هونەر دەبێ چێژبەخش بێ، دەوڵەمەندکاری زانست و زانین بێ، دەرگاکەرەوەی زانیارییە نادیارەکان بێ، هەڵگری مەشخەڵی پێشکەوتن و چاکسازیی بێ. هەموو هونەر هەر کۆمیدیا و پێکەنین نییە. ئەوە ئەوپەڕی نقووم بوونە لە زەلکاوی نەزانین و بێ مێشکیدا، هەمان کەس، ڕیکلام بۆ ١٠٠ بەرهەم لە ٢٠ شوێنی جیادا بکات و هەر هەموویان پێکەنین ئامێز و کۆمیدیا بن. ئینجا هەمان ئەو ڕێکلامانە لە ١٠ کەناڵدا ببینی. شتی وا مێژووی مرۆڤایەتیدا، نەبووە و نابێتەوە.