لەگەڵ باسکردنی کێشەی کەشوهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی تا دەگاتە ئەوەی لەوانەیە لەناوچوونی تەواوی شارستانییەتی مۆرڤی بە دوادا بێت، بیرمان بۆ دووم ئۆکسیدی کاربۆن دەچێ، دەزانین هەموو ئەو گرفتە ئەو گازە دروستی کردووە، ئەو گازەیش لە ئەنجامی سووتاندنی سووتەمەنییە بەردینەکانە (نەوت، گازی سروشتی و خەڵوزی بەردین). لە سەد ساڵی دواییندا، مرڤ زۆرترین لەو سووتەمەنیانەی بۆ دەستکەوتنی وزە و گواستنەوە بەکارهێناوە، بۆیە زۆرترین ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیش لەو ١٠٠ ساڵەوە ڕژاوەتە بەرگەهەوای زەوی.
لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵ و تەقەلایەی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە زانسییەکانی جیهان بۆ نیشاندانی گەورەیی ئەو مەترسییە لەسەر مرۆڤ، هێشتا ئەو وڵاتانەی دەستی باڵایان لە دروستکردنی ئەو گرفتەدا هەبووە ئامادە نین هەنگاو بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی ئەو گازە کەم بکەنەوە. لە سەروویانەوە ئەمەریکایە، هەرچەندی کۆنگرەی جیهانی کەشوهەوا دەبەسترێ، ناتوانن لە پێناو کەمکردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، دەستبەرداری گەشەی ئابووری خۆیان بن. نزیکەی ٧٣٪ی ئەو گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەی خزاوەتە بەرگەهەوا لە پێناو دەستکەوتنی وزە بووە. وڵاتان چاوەڕێی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیان ئەو گرفتە چارەسەربکەن. ئەو کارەیش هێندە ئاسان نییە چونکە تا ساڵی ٢٠٣٠تەکنۆلۆجیا تەنیا ١٥٪ی ئەو گرفتە چارەسەر دەکات.
لەبەرئەوەی دەستکەوتنی وزە زۆرترین کاریگەری هەبووە، بۆیە دەبێ ڕێگەکانی دەستکەوتنی وزە و بەرهەمهێنانی کارەبا بگۆڕدرێن. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە سەروو ٢٥٠٠ کاتژمێر تیشکی ڕۆژی هەیە. ئەگەرچی ناوچەکە تەنیا لە ٨.٦٪ی ئەو گازەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی دەکەوێتە ئەستۆ، کەچی پرۆژەکانی وزەی پاک و بێ کاربۆن چەندی دێ زۆرتر سەرنجی ئەو وڵاتانە ڕادەکێشێ و پرۆژەی باشتر و گەورەتر ئەنجام دەدەن.
گەورەترین گرفت لەبەردەم هەموو وڵاتان، بە تایبەتیش ئەوانەی دەڕواننە داهاتوویەکی گەشی وزەی نوێبووەوە ئەوەیە توانای هەڵگرتن و کۆگاکردنی وزە نییە. واتا ئەگەر وزەی با کارەبا دروست دەکات، بە بەردەوامی باوە بەندە و لەگەڵ نەبوونی با، چیدی وزە دەست ناکەوێت. هەمان شت بۆ وزەی خۆریش ڕاستە. وزەی خۆر بەشەو بەدەست نایەت، بۆیە وێستگەکانی وزەی کارەبا لە تیشکی خۆر شەوانە سوودیان نییە. ئەگەر بەڕۆژ لە پێویستیی بەکارهێنانیش تێپەڕن، کەچی هەر ناتوانن ئەو زیادەیە بۆ شەو بەکاربهێنن.
سعودستان لە پێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە و چەند پرۆژەیەکی زۆر زەبەلاحی لە بواری وزەدا بەدەستەوەیە. شاری نیۆم بەتەواوی پشت بە سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە یان وزەی سروشتیی دەبەستێ. پرۆژەی کۆگاکردنی وزە لە دەریای سووردا پرۆژەیەکی دیکەی ئەو وڵاتەیە بۆ کۆگاکردنی وزە و بەکارهێنانی لەوکاتانەی بەرهەمهێنانی وزە کەمە. سعودستان پرۆژەی جاندنی ١٠ ملیار داری لە وڵاتی خۆیدا و ٤٠ ملیاریش لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕاگەیاندووە.
هەرچی ئیماراتە دەیەوێ تا ساڵی ٢٠٥٠ سەروو نیوەی پێویستیی خۆی لە وزەی نوێبووەوە بەرهەم بهێنێت. لە ناویدا، ئیمارەتی دوبەی بە نیازە تا ٧٥٪ی وزەی خۆی لە سەرچاوەی نوێبووەوە تا ساڵی ٢٠٢٥، بەدەستبێنێ. ئیمارات بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانیا، یەکەمین پرۆژەی بەرهەمهێنانی هایدرۆجینی سەوز، لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندووە. ئیمارات لە پێشەنگی وڵاتانی ناوچەکەدایە بۆ وەگەڕخستنی ژیریی دەستکرد و تەکنۆلۆجیای هەورەکۆمپیوتەرەکان بۆ وەدەستهێنان و کۆگاکردنی وزە. بەبێ بەکارهێنانی ئەو تەکنۆلۆجیایانە، شۆڕش لە بواری وزەدا بەرپا نابێت. ئەوە پێی دەڵێن وزەی نمرەیی یان وزەی دیجیتاڵ.
گرەوەکە تەنیا لە وەدەستهێنانی وزەدا نییە، بەڵکو کۆمپانیا و وڵاتان نایانەوێ توانای ڕکابەریی خۆیان لە پێناو وزەی پاکدا لەدەست بدەن. بۆیە بە هێنانی تەکنۆلۆجیا و وزەی نمرەیی دەیانەوێ بەردەوامیی بە گەشەی ئابووری خۆیان بدەن و لە پێشەنگدا بمێننەوە. تەنیا بەو کارانە دەتوانن هەلی کار بۆ نەوەکانی ئاییندە دابین بکەن و گەشەی ئابووری بەردەوام بێ.
ئەوەی تا ئێستە دیارە ئەوەیە، وڵاتانی دەوڵەمەند و بە توانا دەتوانن بەرەو وزەی پاک و نوێبووەوە بڕۆن، بەڵام ئەو وڵاتانی هەژار کە جارێ تەنانەت ناتوانن بە سووتەمەنیی بەردینیش وزەی پێویستی خۆیان بەهەم بهێنن، چون دەتوانن لەگەڵ ئەو کاروانە نوێیەی وزەی نمرەیی هەڵکەن. پێشبینی وایە تا ساڵی ٢٠٣٠، نزیکەی ٤٠٪ی کۆی پێویستیی کارەبای جیهان لە وزەی نوێ بەرهەم بێ. دەبێ چۆن وڵاتانی هەژار هانبدرێن تا بەرەو وزەی نوێ بڕۆن و دەرکردنی گازی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن، کەم بکەنەوە.