ئەندازەی بۆ ماوەیی و ئایندەی مرۆڤ

بۆ ماوەیی، مەبەست لەم وشەیە هەموو ئەو سیفەت و خەسڵەتانەیە کە لە باپیرانەوە بۆ نەوەکان دەمێنێتەوە. هەرچی زیندەوەری سەر زەوی هەیە بە رووەکەکانیشەوە ئەنجامی پرۆسەی بۆماوەیی تێیاندا دیارە


گریگۆر مەندل، لە کۆماری چیکی ئێستا، یەکەم کەس بووە کە هەوڵی داوە بۆ ماوەیی تێبگات. لەو کاتەوە توێژینەوە و گەڕان بە دوای زانیاری زیاتر بەردەوامە. بۆچی هەموو بوونەوەرەکانی یەک جۆر لەیەک دەچن؟ چی وایان لێدەکات لە رواڵەتدا وەکو دایک و باوکیان بن؟ چۆن هەمان سیفەت دەدەنەوە بە نەوەکانیان؟ ئەوە بووە لقێکی زانست و زۆریشی هیوا لەسەر هەڵچنراوە تا لە هەندێ گرفتی زۆر گەورە، مرۆڤایەتیی دەرباز بکات


زانست دەڵێ، هەموو بوونەوەرانی سەر زەوی لە کۆتا خاڵدا دەگەنەوە سەر یەک باپیرە گەورە، کە لە دەریادا ژیاوە، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لق و پۆپی لێ بووەتەوە، ئەوانەش بە جیا جیا لق و پۆپی دیکەیان لێ بووەتەوەو بە پێی خواردن، کەش و هەوا، شوێنی ژیان.. هتد، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەو گۆڕانکارییانە کە چەندین ملیۆن ساڵیان خایاندووە چەندین جۆری بوونەوەری لێ پەیدا بووە تا دەگاتە ئەوانەی پێیان دەڵێن باپیرە گەورەکانی مرۆڤ. دیسانەوە زانست پێی وایە کە باپیرە گەورەی مرۆڤ ئەوانە بوون کە ئێستا ئێمە پێیان دەڵێین مەیموون ( مەیموون ناوێکی زۆر گشتییە، زیاتر لە ١٠٠ جۆر دەگرێتەوە)


لە ساڵی ١٨٨٢، والتەر فلیمینگ کرۆمۆسۆمی ناو خانەکانی دۆزییەوە، کرۆمۆسۆم دوو شریتی درێژە کە پێی دەڵێن دی ئێن ئەی، لەسەر ئەوانیش جین هەیە، مرۆڤ نزیکەی ٣ ملیار جینی هەیە، ئەوانەن لە پشت هەموو شتێکی مرۆڤەکەن، باڵا چەند بەرز بێت، لووت چەند گەورە بێت، قژ کەی سپی بێت، رەنگی چاو چی بێت، پێست چەند سپی یان رەش بێت، ئەوانەو هەرچی دیکەی بە مێشکتدا دێت، هەمووی جینەکان لێی بەرپرسیارن، ئەوانن هەندێ نەخۆشی لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ئێمە دێنن، هەر ئەوانیشن هەندێ رەگی ئەنجامدانی تاوانمان تێدا هەڵدەگرن، ئەوە و بگرە زۆری دیکەش هەر لەوێوە بۆمان دێت


لە ساڵی ٢٠٠٠، نەخشەی هەموو جینەکانی مرۆڤ تەواو کرا، لە ٢٠١٢ هۆڵەندییەکان وتیان دەکرێ سیستەمی کریسپەر بۆ دەستکاری کردنی جینەکانی مرۆڤ بەکاربێت، ئەوەش تەکنیکێکی بەکتریایە کە ٣ ملیار ساڵە پەیڕەوی دەکات و نەیدەهێشت ڤایرۆسەکان لە ناو ناوکیدا خۆیان کۆپی بکەنەوە، هەمان تەکنیک دەستی مرۆڤی پێگەیشت، لەوێوە شۆڕشی ئەندازەی بۆ ماوەیی سەری هەڵدا. ئێستا ئەندازەی بۆ ماوەیی لقێکی زانستە، پێشەنگی زانستەکانە لە بواری چۆن باش کردنی گوزەرانی مرۆڤ، بۆ نموونە هەوڵ دەدات نەخۆشیە بۆ ماوەییەکان چارەسەر بکات، دەبێ ئەو جینانە بدۆزێتەوە کە لە هەر نەخۆشییەک بەرپرسیارە و بیانگۆڕێت، چالاکییان بکات یانیش لە کاریان بخات، بەو شێوەیە ئەو جینە لە زەرەر مەندەوە دەبێتە مێژوو لەسەر کرۆمۆسۆم و نەخۆشییەکە نامێنێت. بێگومان کارەکە وەک نووسین و خوێندنەوەی ئەم چەند دێڕە ئاسان نییە، توێژینەوەی زۆر و چەندین ملیۆن کاتژمێر کاری دەوێت


ئایندەی تەکنەلۆژیای (کریسپەر کاس ٩) و هەموو ئەوانەی دوای ئەو دەردەکەون وەک (کاس ١٢ أ)، کە بۆ دەستکاری جینی مرۆڤ بەکاردێن، گەلێک روونە. دەکرێ منداڵ بە پێی داواکاریی باوانی دروست بکرێت، لە نەخۆشیە بۆ ماوەییەکانی وەک شیرپەنجە و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و هتد، پاک بکرێتەوە. دەشکرێ ئاکاریشی جوان بکەی، بۆ نا ئەگەر هەمووی دەکرێ؟؟ ئاسۆی دەستکاری کردنی جینەکان لەوێ تەواو نابێت، لە ئایندەدا هەندێ نەخۆشی هەر نامێنێت، مرۆڤ بەسەر گرفتەکانی بۆ ماوەییدا تەواو زاڵ دەبێت. ئەگەر وابێت، ئەو پرۆسەیەی نزیکەی ٣ ملیار ساڵە سروشت دەیکات و داروین ناوی نا هەڵبژاردنی سروشتیی، هیچ واتا و بەهای نامێنێت، چونکە مرۆڤ خۆی چۆنی دەوێت وا نەوەکان دروست دەکات، سروشت ئیدی گۆرڕانکارییەکان ناکات. ئێستا تا راددەیاکی زۆر ئەندازای بۆ ماوەیی لە کشتوکاڵدا دەستی باڵای هەیە، بەرو بوومی ئێستا وەک ساڵان لاواز و بچووک و پڕ نەخۆشی نین، تۆوەکان دەستکارییان کراوە، هەمان داری تەماتەی ئێستا ١٠ هێندەی داری جاران تەماتە دەگرێت، دژە نەخۆشییشە. هەندێ لەوانەش خەسڵەتی داری دیکەی بۆ هێنراوە تا بەرگەی گەرمای زیاتر، یان سەرمای زیاتر فگرێت، یان بە ئاوی کەمتر بژی، یان رەگی بەهێزتر لە زەویدا داکوتێ، ئەوانە ئەندازەی بۆ ماوەیی دەیانکات


دەکرێ چاومان هێندەی چاوی باز بەهێز بکەین، هەندێ سیفەتی ماسی جەللی  لە خۆمان کۆپی بکەین تا پیر نەبین یان هەر نەمرین، ئەو ماسییە پیر نابێت و نامرێت، هەردەم خۆی نوێ دەکاتەوە، لە مرۆڤیش پرۆسەی خۆ نوێ کردنەوە هەیە، بەڵام لە تەمەنی ٢٥ سهڵیدا ئەوە رادەوەستێ، پێویستمانە تا ١٠٠ ساڵیش بەردەوام بێت، ئەوەشیان دەکرێت بیکەین. یان دەتوانین هەستی بۆنمان وەکوو گیاندارنی دیکە بەهێز بکەین، چاومان وا لێبکەین لە تاریکیدا ببینین، بەرگری لەشمان هێندە تووند بکەین ڤایرۆس و بەکتریا پێمان نەوێرن، زۆری دیکەش


کریسپەر کاس ٩، جارێ هێندە وردەکار نییە بتوانین لەسەر مرۆڤ کاری پێ بکرێت، زۆری ماوە بە تەواوی شیاو بێت، بەڵام هەر دەبێت، کرەسپەر کاس ١٢آ لە یەک کاتدا دەستکاریی چەند جینێک دەکات، ئەوەش پێشکەوتنێکی دیکەیە. مەرج نییە یەک جین یەک کاری هەبێت، هەندێکیان بە کۆمەڵ پێکەوە کار دەکەن تا تاکە پرۆتینێک دروست بکەن، پرۆتینەکان لە جینەکانەوە بەرنامەیان بۆ دادەنرێت، ئەوانن کارەکان لە ناو لەشدا دەکەن، بۆیە دەبێ هەموو ئەو جینانە دەستکارییان بکرێت تا ئەنجامی هەبێت. مەزەندە دەکرێت کە لە گەردووندا ١٠ توان  ٦٧ جۆر پرۆتین هەبێت، ئەوەش ژمارە ١ و ٦٧ سفری لەبەردەمە


وەک هەموو پێشکەوتنێکی دیکەی زانست، ئەوەش دەکرێ بۆ مەبەستی خراپ یان سەربازیی بەکاربێت، ئەو کاتە وڵاتە پێشکەوتووەکان هێندەی دی باڵا دەست دەبن و چییان بوێت وای دروست دەکەن. بۆیە دیسان بۆ گەیشتن بە کاروانی زانست و پێشکەوتن، زانکۆ و پەیمانگای باش پێویستن، زانست دەرگای ئایندە دەکاتەوە، دەنا هەر بە جێماوی دەمێنینەوە، هەرچی بیکەین نایگەینێ، لە دۆخی ئێستامان وەک بەکاربەری هیچ نەزان، دەچەقین.