ئۆتۆمبیلی کارەبایی

لەگەڵ زۆربوونی بەڵگەکانی گەرم داهاتنی کەشوهەوای زەوی بە گشتیی و دیاردەی قەتیسبوونی گەرمیی لە بەرگەهەوای زەویدا، ڕێگایەکی چارەسەریی ئەوەیە دەرکردنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کەم بکەینەوە. بەشێکی زۆر لەو گازە بەرهەمی ئۆتۆمبیلەکانە. بۆیە دەبوایە چارەسەری ئەو هەموو ئۆتۆمبیلانە بکرێ بە بەنزین و گاز کاردەکەن، ئاراستەکە ئەوەیە لەمەودوا ئۆتۆمبیل بە کارەبا کاربکەن و هیچ بەرهەمێکی لاوەکیی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنیان نەبێ. بەڵام ئایا چەند لەو بۆچوونە ئەفسانەیەدا ئاساییە و چەندی ڕاستییە؟


فرۆشی ئۆتۆمبیلی کارەبا لە ساڵی ٢٠٢١ دوو ئەوەندەی ساڵی پێشتر بووە. کۆمپانیاکان لە کێبەرکێیەکی خێرا و بێ هوودەی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی و پاترییدان. ئەگەرچی تا ئێستە هەموو بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی لە جیهاندا نەیانتوانیوە کێشە هەرە بنچینەییەکەی تەمەن و کارایی پاتری چارەسەربکەن، بەڵام خواست لەسەری زۆرە. ڕاستییەکەی ئەوەیە


١.نرخی یەکەم کڕینی ئۆتۆمبیلی کارەبایی بەرزترە. هەرچەندە لە چاو سەدەی پێشوو، ئێستە نرخەکەی وەکو ئەوەی ئۆتۆمبیلی بەنزین و گاز وایە، بەڵام نرخی دروستکردنی پاتری لیثیۆم-ئایۆن لە نێوان ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٩٧٪ دابەزیوە. چاوەڕوان دەکرێ لەوە هەرزانتریش بێ. بەڵام کۆی تێچووی هەبوونی ئۆتۆمبیلی کارەبایی  بە هەموو چاککردنەوە و تێچوویەکانی کارپێکردنی لەوەی بەنزین و گاز هەرزانتر دەکەوێ


٢. هەبوونی ئەو هەموو ئۆتۆمبیلە کارەباییانە پێویستییان بە بارگاویکردن هەیە، بۆیە ئەو قورساییە دەکەوێتە سەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا. ئەوەی دیارە ئەوەیە تۆڕی دابەشکردنی کارەبا لە ئەمەریکا زۆر کۆن بووە، بەرگەی ئەو هەموو بارە گەورەی ئۆتۆمبیلی کارەبایی ناگرێ. ڕایەکی جیاوازیش دەڵێ تەنیا ٢٥٪ بار زیاد دەبێ، ئەویش لەماوەی چەندین ساڵ دەبێ. ئەو کاتە کۆمپانیا و حوکوومەتەکان کاتیان هەیە چارەسەری تۆڕەکانی کارەبا بکەن


٣. زۆربەی خەڵک پێیان وایە پاترییەکانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی تا ٦٥ هەزار کیلۆمەتر دەتوانن بێ بارگاوی کردنەوە، کاربکەن. ڕاستییەکەی ئەوەیە هەندێ جۆر هەیە تا ٢٦٠ هەزار کیلۆمەتر پێویستیی بە بارگاویکردن نابێ. زانیارییەکانی کۆمپانیای تێسلا بۆ مۆدێلS  دەڵی تەنیا ٥٪ی کارایی پاتری دوای ٨٠٤٠٠ کیلۆمەتر دادەبەزێ، ٥٪ی دیکە دوای ٢٤٠ هەزار کیلۆمەتری دیکە، دادەبەزێ


٤. هەرچەندە ئۆتۆمبیلی کارەبایی پێویستیی ڕۆژانەی زۆربەی خەڵک دابین دەکات، چونکە تێکڕای پێویستیی خەڵک تەنیا ١٥٠ کیلۆمەترە لە ڕۆژێکدا. بەڵام لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتاندا جارێ ئەوەندە بنکەی بارگاویکردن لەسەر ڕێگەوبان دانەندراوە ئۆمبیلەکان بارگاوی بکەنەوە. کەواتە ئەوەی ئۆتۆمبیلی کارەبایی بکڕێ دەبێ ئەوەی لە یاد نەچێ پاترییەکەی بەشی یەک سەری گەشتێکی تێدابێ. ئەوە گرفتیكی گەورەی وڵاتانی ڕووبەر گەورەیە وەکو ئەمەریکا، کەنەدا، چین و ئوسترالیا


٥. بارگاوی کردن کاتێکی زۆری دەوێ. لەگەڵ ئەوەی تەکنۆلۆجیا پێشکەوتووە و ٨٪ پاتری ئۆتۆمبیل بە ١٨ خوولەک بارگاوی دەبێ، بەڵام ئەوەیشیان هەر گرفتە. بەڵێن هەیە لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا بارگاویکردن کەمتر لە ١٠ خوولەکی پێبچێ. ئەوکاتە گەشتکردنی دێژ گرفتێکی گەورە نامێنێ


٦. پاترییە کۆنەکانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی بارێکی گرانی تەکنۆلۆجیا و پیشەسازیین. هیچ چارەسەرێکی باشمان بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی پاتریمان نییە. جگەلەوە مەترسیی ژینگەییشی هەیە. ئێستە نزیکەی ١٠٠ کۆمپانیا لە توێژینەوە بەردەوامن تا پاترییەکان دووبارە بەکاربهێننەوە. چارەسەرێک ئەوەیە بخرێنە ناو تۆڕی کارەبا، چونکە لەوێدا کارایی پاتری گرنگ نییە، ژمارەیان گرنگترە. کەواتە دەکرێ هەردەم پاتری زۆرتر ببەسترێ


٧. هەر بزوێنەرێکی بەنزین و گاز تەنیا ٢٠٪ی ئەو وزەیەی لە سووتەمەنیدا هەیە دەیگۆڕن و بەکاریدەهێنن. بێگومان ئەوە ڕێژەیەکی زۆر کەمە. بۆ سەدەی ڕابردوو گونجاو بوو، بۆ سەدەی ٢١ نا. کەواتە ٨٠٪ی سووتەمەنی کەڵکی لێ وەرناگیرێ. هەرچی ئۆتۆمبیلی کارەباییە نێوان ٦٠٪ بۆ ٧٧٪ی ئەو وزەیەی لە پاترییەوە دێ بۆ جووڵە دەگۆڕێ. کەواتە کارایی ئۆتۆمبیلی کارەبایی سێ ئەوەندەی بزوێنەری ئاسایی ئۆتۆمبیلەکانی دیکەیە. بەوپێیە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلی کارەبایی، کە تەنانەت وێستگەی کارەباکەی بە خەڵووزی بەردیین کارەبا بەرهەمدەهێنێت، باشترە لە ئۆتۆمبیلی ئاسایی بەنزین و گاز


٨. پارچەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی زۆر لەوەی ئاسایی کەمترە. بۆیە سەرچاوەکانی ماددە خاوەکانی کەمتر دەوێ. کەواتە زنجیرەی دابینکردن بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیلی کارەبایی سەوزترە (واتا کەمتر دوەم ئۆکسیدی کاربۆن دەڕێژنە بەرگە هەوای زەوی). مەبەست لەوە ئەوەیە، ئەو کانگا و کارگانەی پارچەکان دروست دەکەن، کەمتر کاردەکەن تا ئۆتۆمبیلێی کارەبایی دروست بکەن. کەواتە زینگە پارێزترن


ئەگەرچی نووسینی ئەم بابەتە کەمێک لە ڕێکلامی دروستکردنی ئۆتۆمبیلەکانی کارەبا دەچێ، بەڵام بەشی هەرە زۆریشی ڕاستییە و حاشا هەڵنەگرن. ئاییندە هەر بۆ ئۆتۆمبیلی کارەباییە. مرۆڤ دەبێ کارامەتر سەرچاوەکانی زەوی بەکاربهێنی، دەنا کاتێکی ئەوەندە زۆر نەماوە (کەمتر لە هەزار ساڵ) هەموو سەرچاوەکانی زەوی دەگەنە بنبەست و مرۆڤ دەکەوێتە سەر ساجی عەلی.