مەزەندەی نوێ وایە ئێمەی مرۆڤ (هۆمۆ سێپیان) بەر لە ٤٠٠ هەزار ساڵ لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، سەرمان هەڵدابێت. مرۆڤی تازە، یان ئێمەی هۆمۆسێپیان، ئەو کاتە لەگەڵ چەند جۆری دیکەی مرۆڤ ژیاوین، لەوانە نیاندرتاڵ، ئیرەکتەس، ناڵێدی و دێنیسۆڤان. هیچ کام لەوانە نەیاتوانی وەک ئێمە خۆیان بگونجێنن و بەسەر کێشەکانیاندا، زاڵ ببن
سەرەتای ژیانی مرۆڤی تازە، هەر وەک هاوەڵەکانی وابووە. گەڕان بە دوای خواردن، تاکە خەمی ڕۆژانە بووە. جیاوازی لەگەڵ ئەوانی دیکە ئەوەیە لە مرۆڤی تازەدا هۆش دەرکەوت. مەرج نییە ئەوانی دیکە هەیانبووبێت. دەرکەوتنی هۆش بە شۆڕشی درککردن (إدراك) دادەنرێت. ئەو شۆڕشە وای لە مرۆڤ کرد لە گیانلەبەرێکی زۆر ئاسایی ناو دارستان و جەنگەڵەکان بەرەبەرە ببێتە بوونەوەرێکی هۆشمەند، ئاگا و هۆشی لەخۆی و دەورووبەری هەبێت. هەر لەو سەردەمەدا بووە، بۆشایی ناو کەللەی سەر گەورە بووە. مێشک فراوانتر بووە و بەرەوپێشیش چووە
ئەگەرچی باپیرە هەرەگەورەکانی مرۆڤ، کە لە سەر دوو قاچ رۆیشتوون و وەک ئێمە توانیویانە بە پێوە بڕۆن، زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو ساڵ بێ گۆڕانکاریی ڕیشەیی مانەوە. ژیانی ڕۆژانەیان بریتیی بوو لە خواردنی گژوگیا، گەڵای دار، میوەکان و ڕاوی گیانداری دیکە. کەچی تەنیا لە نێوان ٤٥ بۆ ٧٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی درککردنیان لێ پەیدا بووە!! هیچ بەڵگەیەکی زانستیی بەرجەستە نییە، تا بێ مشتومڕ نیشانمان بدات کەی ئەو شۆڕشە لە ئارادا بووە، خۆ ناشتوانین بچینەوە ناو مێشکی ئەو مرۆڤانەی ئەو کات ژیاون. لەو ماوەیەدا مرۆڤ هەندێک ئامراز و ئامێری بەکارهێناوە، وەکو بەلەم، چرای ڕۆنی ئاژەڵان، تیروکەوان و دەرزی (دەرزی لە ئێسقانی گیانلەبەرەکان دروست دەکران)، ئەوانە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە چۆنییەتی بەرەوپێش چوونی هۆش و تواناکانی میشکی مرۆڤی ئەو کاتە، دەردەخەن
هەر لەو سەردەمەدا پەیکەری مرۆڤ بە سەری شێر دروست کراوە. ئەوە یەکەمین ئاماژەی هونەرە لە مرۆڤدا. ئەو پەیکەرەی مرۆڤ، کە سەری شێری لەسەر دانراوە، ٣٢ هەزار ساڵ پێش زایین دروست کراوە و لە ئەشکەوتی شتادێل لە ئەڵمانیا دۆزراوەتەوە. زانیاری زیاترلەم لینکەدا بڕوانە: https://en.wikipedia.org/wiki/Hohlenstein-Stadel یان http://www.visual-arts-cork.com/prehistoric/lion-man-hohlenstein-stadel.htm
مرۆڤ ئەو کاتە بە کۆمەڵ ژیاون. لە ڕاو و هەرەوەزی دیکەی خێزانییدا لەگەڵ یەکدا بەشدار بوون. هەمان شیوازی ژیان لە ناو نیاندرتاڵیشدا هەبووە. لە چەندین شوێنی جیاجیادا ئێسک و پروسکی نیاندرتاڵ دۆزراونەتەوە. هەندێک لەو ئێسکانە پاشماوەی برینی قووڵیان لەسەرە، کەچی بەو برینانەشیان نەمردوون. زۆر ئەستەمە ئەو مرۆڤە نیاندرتاڵانە بە تەنیا ژیابن، بێگومان خیزانەکانیان، یان کۆمەڵگە بچووکەکەی لەگەڵیدا بوون، لە دابین کردنی خواردن و خزمەتکردنیاندا، هاوکاریان بوون، دەنا نەدەژیان. ئەوەش واتای دروست بوونی کۆمەڵگە، یان پێکەوەبوون دەگەیەنێت. تەنانەت چامپانزی، کە نزیکترین خزمی مرۆڤی ئێستایە، هەمان سیفاتەکانی بەتەنگ یەکەوەبوون و نزیکبوون لە یەکتریان، هەیە
مەزەندە وایە تەنیا مرۆڤی وەک ئێمە (هۆمۆسێپیان)، باسی هەندێ شتی کردبێت، کە لە دەورووبەری خۆیدا نەبووە. وەکو بەهای شتێک، دانانی یاسا و ڕێسا، دروستکردنی پەیکەر وەک هێمایەک...هتد، مەبەستم ئەو بیر و ووشانەی واتای مەعنەوەی دەبەخشن. بەهەمان شێوە هەبوونی خوا، بەهەشت، دۆزەخ و هزرە هاوشێوەکانیشی. بۆ کۆمەڵگە بچووکەکانی ئەو کات، ئەوە ناواخنی هەموو هزرەکانی پەیدابوونی ئایینەکان بووە، لەوێوە تا دەگاتە تاک خواوەندی، بەرەوپێش چووە. کاری کردن نییە، بتەوێ بە مەیموونێک بڵیی ئەگەر مۆزەکەی دەستتم بدەیەی، دوای مردنت بێ کۆتا مۆز دەخۆی
گومانمان لەوەدا نەماوە، کە مرۆڤ هەر لە کۆنەوە بە کۆمەڵ ژیاون. کاتێک ژمارەیان زۆر بووە، بڕێکی یەکجار زۆر لە زانیاریی ژیانی ڕۆژانە دەبووایە لە نێوان تاکەکاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت. بۆ کۆمەڵێکی تەنیا ٥٠ کەسیی، ١٢٢٥ پێوەندی دوو کەسیی دروست دەبێت. بزوێنەری سەرهەڵدانی دەنگی جۆراوجۆر بۆ گوزارشت کردن لە زانیاریی جیاجیا، ژیانی رۆژانەی ئەو کۆمەڵە مرۆڤانەیە. بۆ هەر جۆرێک لە زانیاریی دەبێ جۆرێکی تایبەت لە دەنگ هەبووبێ تا ئەندامەکان لێی تێبگەن. هەمان شت ئێستە لە جیهانی ئاژەڵاندا دەبینین. دەنگەکانیان بۆ ئاگادار کردنەوە لە مەترسیی، لە بانگکردن بۆ شوێنی خواردن، جیاوازە
بۆ مرۆڤی کۆن، ئەوە کرۆکی سەرهەڵدانی زمانە. ئاواهی، لە دەنگە جیاوازەکانەوە وشەی پێکهێنا، ئینجا ئەو وشانە واتایان درایە، پاشان رستەی لێ دروست کرا. کەواتە، گۆڕینەوەی زانیارییەکان وایان لە مێشکی مرۆڤ کرد زمان بەرهەم بهێنێت، بە گۆڕینەوەی زانیارییش، توانای مرۆڤ بۆ زاڵ بوون بەسەر ئاژەڵان و ڕاوکردن، چەند بەرابەر بەرز بووەوە. هەر ئەوەیش، بوو بە هۆکار بۆ باڵا دەستیی مرۆڤی هۆمۆسێپیان بە سەر هەموو سەرچاوەکانی زەویدا. دەکرێ هۆیەکیش بووبێت بۆ ڕکابەریی و ئینجا سەرکەوتن بەسەر جۆرەکانی دیکەی مرۆڤیش
لە ناو شۆڕشی درککردندا مرۆڤ واتای ئێمە و ئەوانی داهێنا، گروپی خۆی لە گروپی دیکە جیا کردەوە. شۆڕشی درککردن، هەزاران ساڵ بەردەوامیی هەبوو. بەر لە ١٢ هەزار ساڵیش شۆڕشی کشتوکاڵ، سەری هەڵدا. بەوەیش مرۆڤایەتیی کەوتە وەرچەرخانێکی تاک ئاراستە. مرۆڤ لە ناو شۆڕشی کشتوکاڵدا پەنگی خواردەوە. هەرگیز نەیتوانی و ناتوانێ بۆ کۆمەڵگەی ڕاو و خۆشاردنەوە لە دڕندەکان، بگەڕێتەوە. مرۆڤ بوو بە دیلی کشتوکاڵ و بە تەواوی وابەستەی بوو