شوێنەواری حەسەنکێڤ/حسکێڤ

تێگەیشتن لە سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵ لە ئەناتۆلیا کلیلی تێگەیشتنی ماڵییکردنی ئاژەڵ و ڕووەکە، ئەو ناوچەیە لە سەرەتای چاخی هۆلۆسیندا (نزیکەی ١١٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەستەڵەک بەرەو توانەوە چووە، ئەو سەردەمە ناوی نراوە هۆلۆسین)، گۆڕانی لە ژیانی گەڕیدەیی کۆمەڵە ڕاوچییەکان بۆ ژیانی جێگیر و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بە خۆوە دیوە

 

لە ساڵی ٢٠٠٩ تیمێکی تورک کنە و پشکنینیان بۆ شوێنەواری حەسەنکێڤ کردووە، دواتر لە ساڵی ٢٠١١ تیمێکی زانکۆی تسوکوبای ژاپۆن بەردەوامییان پێداوە. شوێنەوارەکە لەسەر کەناری ڕووباری دیجلەیە و نزیک شارە کۆنەکەی حەسەنکێڤە (چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بابەتێکم لەسەر بڵاو کردەوە)، بەڵام دیار نییە چەند لەوێوە دوورە. شوێنەوارەکە نزیکەی ١٥٠ مەتر تیرەیەتی و ٨ مەتر لە چواردەوری خۆی بەرزترە. جگە لەو پاشماوانەی سەدەکانی ناوەڕاست، شوێنەوارەکە بۆ ١١٠٠٠ تا ١١٥٠٠ ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە واتا چاخی بەردیینی نوێ

 

وەکو هەموو شوێنەوارەکانی دیکەی چاخی بەردیین، خانووەکانیان شێوەی بازنەیی هەبووە، یان کەمێک لە چاڵایی زەویدا بوون یانیش دیوارێکی بازنەیی بە بەرد هەڵچنراو دروستکراوەو و سەری بە پووش و پەڵاش و گەڵا، گیراوە. هەمان ئەو شێوە بازنەییانە لە لە شوێنەواری حەسەنکێڤ دۆزرانەوە. خانووەکان ٤-٥ مەتر تیرەیان هەبووە، هەبووە بچووکتر بووە و لە ناوەوە بۆ ژووری بچووک دابەشکراوە. وەک لە شێوەی ٢ ی لاپەڕە ٣ی ڕاپۆرتی توێژینەوەکەدا هاتووە، شێوەی خانووەکان وێنە کراوە و شوێنی دۆزینەوەی پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ، دیاریکراون

 

لە زەوی خانوو و پێکهاتەکانی حەسەنکێڤدا  ١٠٧ گۆڕی مرۆڤ دۆزرانەوە. هەبوو یەک کەسی تێدا نێژرابوو، بەڵام هەبوو دوو یان سێ، دوای جیاکردنەوەی ئێسقانەکان، کۆی ١٢٤ پەیکەری ئێسقانی مرۆڤ لە کارەکانی نێوان ساڵی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٥، دەرهێندرانەوە. ڕێژەی ٧٣٪ی پاشماوەی پەیکەری مرۆڤ ددانەکان بوون ٧١٪یش دەست و قاچەکان بوون. تێکڕای باڵای نێرەکان لە نێوان ١٦٧ بۆ ١٧٤ سانتیمەتر بووە و بۆ مێیەکانیش لە نێوان ١٥٥ تا ١٥٩ سانتیمەتر بووە. ئەو باڵایە بۆ زۆربەی دانیشتووانی چاخی بەردیینی نوێ لە ناوچەی لێڤانت، ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، ڕۆژئاوای ئەوروپا و ئەوانەی لە عێراق و ئێرانی ئێستە ژیاون، هەر ڕاستە

 

تەمەنی سەروو نیوەیان لە کاتی مردنیاندا لە ٢٠ ساڵ تێپەڕبووە، ١٢٪یش منداڵی خوار تەمەن ٦ ساڵ بوون. لە ناو ئەوانەی تەمەنیان سەروو ١٢ ساڵ بووە، ڕێژەی نێر بۆ مێ ٣٥ بۆ ٢٨ بووە. پێچەوانەی شوێنەواری گرێ چەتاڵە، کە مێ لە نێرەکان زۆرتر بوون. لە شوێنەواری ئەبو هورەیرە لە سوریا بەهەمان شێوە، ژمارەی مێ لە نێر زۆرتربووە

 

بە بەکارهێنانی کۆمەڵیک تەکنیکی نوێ لەسەر ددانەکان و ڕژەی داخوران و کلۆربوونیان لەگەڵ ئێسقانەکانی قەفەسی سنگ و چەندە پەنجەکانی دەست لەیەک نزیک بوون، بۆ تیمی توێژینەوەکە دەرکەوتووە، تێکڕای تەمەن لەو نیشتەجێیەدا لەوکاتەدا لە نێوان نزیکەی ٢٦ تا ٣٠ ساڵ بووە. لە پاشماوەی ددانەکان دیارە بەشیکیان کلۆری ددانیان هەبووە. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ نیشتەجێیەکانی دیکە و ئەو ددانانەی لێیان دۆزراونەتەوە، دەبینین ڕێژەی کلۆر بوونی ددان لە نیشتەجێی حەسەنکێڤ زۆر لەوانی دیکە کەمترە، بۆ نموونە لە چاو ئەوانەی لە گرێ چەتاڵ و ناوچەی لێڤانت دۆزراونەتەوە و بۆ هەمان سەردەمی چاخی بەردیینی نوێ دەگڕێنەوە. دیارە ئەو ڕێژەیەی کلۆر بوون بۆ جۆری خواردن دەگەڕێتەوە، ئەوانەی حەسەنکێڤ کەمتر بەرهەمەکانی ڕووەک و دانەوێڵەیان خواردووە

 

دۆزراوەکانی شوێنەواری گرێ کۆرتک، چەمی هەللان و گردی دیمیرکۆی (ناوە کۆنەکەی مەلەک سەمۆکۆڤ) نیشان دەدەن بەشێکی کەم لە خواردنی ڕۆژانە بەرهەمەکانی ڕووەک و دوولەپەکان بووە. ئەو وێنەیە تەواو پێچەوانەی ئەو دۆزینەوانەیە لە شوێنەوارەکانی حەوزی فورات کراوە. لەوان، لە سەردەمی چاخی بەردیینی نوێدا ئەو ڕووەکانەی بەرهەمیان گەورە بووە ماڵییکراون و ئەگەری زۆر هەیە بەر لە ماڵییکردن، زەوی کێڵانیان کردبێ. دەبێ توێژینەوەی زۆرتر لە ئێسقانە دۆزراوەکانی شوێنەوارەکانی دیکە بکرێ، تا دەگەینە ئەنجامی ڕوون سەبارەت بە سەرەتای جێگیربوون و دەستپێکردنی کشتوکاڵ وەکو سەرچاوەی خۆراکی ڕۆژانە

 

چەند پارچە ئێسقانێکی قاچ و دەست دۆزرانەوە شوێنی شکان و چاکبوونەوەیان لەسەر دیارە. لە شوێنی چاکبوونەوەکانەوە دەبینین دوای ماوەیەکی زۆر لە شکانی ئێسقانەکان خاوەنەکەی مردووە، کەواتە لەگەڵ ئەوەی نەیتوانیوە ڕاو یان کشتوکاڵ بکات، بەڵام خواردنی هەر هەبووە و یارمەتیی دراوە. تیمی توێژینەوەکە لە ڕووبەر و قەبارەی ددانەکانی کۆڵیوەتەوە و لەگەڵ ددانی خەڵکی ئێستا بەراوردی کردوون. بە شێوەیەکی گشتیی ددانی مرۆڤ لە نێوان چاخی بەردینی کۆن و سەردەمی ئێستەدا، بچووک بوونەتەوە. ددانی مرۆڤەکانی حەسەنکێڤ لە ناوەڕاستی ئەو غۆڕانەدان. بۆ تیمەکە دەرکەوتووە کۆی ڕووبەری ددانەکانی خرێنەی مرۆڤی حەسەنکێڤ لەوانەی چاخی بەردیینی کۆن بچووکترن، بەڵام لەوانەی مرۆڤی ئێستە گەورەترن

 

ڕێژەی ٦٥٪ی ئێسقانی ئاژەڵ لە ناو گۆڕەکاندا هەبوون، ئێسقانی بزنە کێوی بوو. ئینجا بەرازی کێوی بە ڕێژەی ١١٪ و ئاسکەسوور بە ڕێژەی ٦٪ هەبوون. لەگەڵیاندا ئێسقانی ڕێوی کەروێشک و قاوغی کیسەڵ هەبوون. بڕێکی زۆری ئێسقانی باڵندە وماسیش دۆزرانەوە. پشکنینی تاکە ترشەئەمینی ئێسقانی مرۆڤ نیشانی دەدات، دەستیان بە سەرچاوەکانی خوارن لە ئاوی شیریندا، گەیشتووە. لە شوێنەوارەکانی دیکە بەڵگە بۆ ئەوە نەدۆزراوەتەوە. بەڵگەی کەم و لاواز بۆ خواردنی بەرهەمەکانی ڕووەک دەستکەوتن، بەڵام بەڵگەی خواردنی بادام، بستە، نیسک و تووی کێوی هەبوون

 

سەرچاوە

 https://www.jstage.jst.go.jp/article/ase/130/2/130_220122/_html/-char/en