دوای بەرپابوونی شۆڕشی کشتوکاڵ بەر لە ١٠ تا ١٢ هەزارساڵ لەمەوبەر، لە تەواوی جیهاندا، بۆ هەر ١٧ ئافرەت وەچەیان دەنایەوە، تەنیا یەک پیاو هەبووە وەچەی ناوەتەوە. ئەوە ڕووداوێکی یەکجار سەیری مانەوە و زۆربوونی مرۆڤە لەسەر زەوی. نێرینەی مرۆڤ لە لێواری قڕبوونی تەواو بووە، واتا مرۆڤایەتی هەمووی لەسەر لێواری قڕبوون بووە، بەڵام بۆ؟ چی ڕوویداوە؟
لە مرۆڤدا، گۆڕان لە جینەکاندا تەنیا بە جین گۆڕین لە ئاستی کرۆمۆسۆمەکاندا ڕوونادات. گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییش جینەکان دەگۆڕن. بە کۆکردنەوە لە نێوان بیردۆزەکانی مرۆڤناسیی (ئەنثرۆپۆلۆجیا) و تویێژینەوەکانی جینەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی مۆدێلەکانی بیرکاری، دەکرێ گریمانەیەکی کۆمەڵایەتیی و کەلتووری بۆ باوکسالاریی و خزمایەتیی لەسەر بنەمای پشت و خزمانی باوک، بخەینە بەردەست. ئەو گریمانەیە دەتوانێ ئەو خاڵە شلۆقەی تێیدا ژمارەی پیاو لە کۆمەڵگەکانی ئەو کاتەدا زۆر کەمی کردووە، لێکبداتەوە
هۆکارەکانی کەلتووری کۆمەڵە مرۆڤێک دەکرێ کاریگەریی لەسەر کۆچەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و ژیانیان هەبێ. پێکهێنانی خێزان لەگەڵ ئامۆزا و خزمەکانی باوکدا، لەگەڵ ئەوەی جینەکان هەمە چەشن دەکات، بەڵام مێژوویان لە یەک هێڵەوە هاتووە و لەسەر کرۆمۆسۆمەکان ئەو تۆمارە هەر دەمێنێ
بە توێژینەوە لە ٤٥٦ نموونەی کرۆمۆسۆمی وای (لە باوکەوە بۆ نەوە دێ) دەرکەوتووە لە نێوان ساڵانی ٥٠٠٠ تا ٧٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین، لە چەندین ناوچەی جیهاندا ژمارەی پیاوەکان بەرەو کەمیی چووە. هەمان تێڕوانین بۆ کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا کراوە (تەنیا لە دایکەوە بۆ نەوە دێ)، کەمبوونی ژمارەی مێینە لە کۆمەڵگەکانی مرۆڤی کۆندا، نەبووە
لە بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە ڕاوچییەکانی بەر لە مێژوو و دەستپێکردنی کشتوکاڵ، کرۆمۆسۆمی وای پیاوەکان بڵاوبوونەوە و هەر کۆمەڵێک نیشانەکانی جینی خۆی لە کۆمەڵگەدا پاراست. کێبەرکێ و گرتنەدەستی سەرچاوەکانی خۆراک لە ناو کۆمەڵگە نوێیەکانی سەردەمی دەرکەوتنی کشتوکاڵدا وایکردووە پیاوەکان پێکهەڵپڕژێن و یەکتری لەناو بەرن
ئەو گۆڕانکارییانەی کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی لەو کۆمەڵگەکانی سەرچاوەکەیان بۆ یەک پیاو دەگەڕێنەوە، نەوە بۆ نەوە دەمێنێتەوە. لەبەرئەوەی پیاوانی ناو یەک کۆمەڵگە خزمی یەکتری بوون بەوەی لە هەمان کۆمەڵە ڕاوچییەکانەوە ماونەتەوە، بۆیە لەیەکچوونی کرۆمۆسۆمی پیاوانەیان تەواو نزیکە. لە کاتی کێبەرکێیاندا، هەر ئەو کرۆمۆسۆمانەی لە باپیرەگەورەیانەوە بۆیان هاتووە لە ناودەچێ. کەواتە بە نەمانی ئەو کەسە، کرۆمۆسۆمەکانی چیدی بۆ نەوەکانی ناگوازرێتەوە و بە تەماشاکردنی مێژووی کۆمەڵگەکان، دەبینین پچڕان لە بەردەوامبوونی ئەو کرۆمۆسۆمە و سیفاتە بۆ ماوەییەکانیدا هەیە
لە کۆمەڵگە بچووکەکانی ئەو کاتەدا، کاتێک کۆمەڵێک بەسەر کۆمەڵێکی دیکەدا سەردەکەوتن، ئافرەتەکانی کۆمەڵەی دۆڕاو دەبوونە موڵکی کۆمەڵەی براوە. بەو شێوەیە جینەکانی مایتۆکۆندریا وەکو پێشتر فرەجۆر دەبوو و بڵاو دەبووەوە، بەڵام کرۆمۆسۆمی پیاوانە، لەگەڵ کێبەرکێیەکاندا نەدەمان. دووبارەبوونەوەی ئەو کێبەرکێیانە لە کۆمەڵگە جیاجیاکانی هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهاندا، وایکرد فرەیی لە ژمارەی هەڵگرانی کرۆمۆسۆمی پیاوان، بەرەو کەمبوونەوە بێ
کەمبوونەوەی کرۆمۆسۆمی وای پیاوان گەیشتە لێواری مان و نەمان. بێگومان نەمانی پیاوان واتای نەمانی هەموو مرۆڤ دەگەیەنێ. لەوانەیە بڵاوبوونەوەی زۆرتری کۆمەڵگە بچووکەکان بە پانتایی زۆرتری خاک، وایکردووە کۆمەڵگفەکان لەیەک دوور بکەونەوە و دەرفەتی پێکهەڵپرژان کەم ببێتەوە. بەو هۆیەوە کۆمەڵگفەکان گەورەبوونەوە و مرۆڤایەتی لە قڕبوونی یەکجارەکی، ڕزگاری بوو
سەرچاوە
https://genome.cshlp.org/content/early/2015/03/13/gr.186684.114.full.pdf+html