کورد و ئەفسانەی ئاریایی
ئەناتۆلی کلیۆسۆڤ زانایەکی دیار و بە توانای بواری جینناسییە لە جیهاندا، ٩ پەرتووک و نزیکەی ٢٠٠ توێژینەوە جینناسیی هەیە، کلیۆسۆڤ ناوێکی زۆر دیاری ئەو بوارەیە و توێژینەوە و ڕاوبۆچوونەکانی لە جیهانی جینناسیی و لێکۆڵینەوەکانی جین بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕەچەڵەک، بە هەند وەردەگیرێت. پێکەوە لەگەڵ ئیگۆر ڕۆژانسکیی لە ئەکادیمیای زانستی جینناسیی دی ئن ئەی، نیوتن، ئەمەریکا لە شوباتی ساڵی ٢٠١٢ توێژینەوەیەکی بە پێزیان سەبارەت بە هەڵگرانی جینی ئاڕ وەن ئەی و ئەفسانەی ئاریایی، بڵاوکردەوە. هەڵبەت چەند دەیەیەکە کورد خۆی وەکو ئاریایی دەناسێنێ و شانازی بە ئاریاییبوونی خۆیەوە دەکات. ئەو ڕاوبۆچوونە کۆنانە لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینی دی ئن ئەی توێژەینەوە نوێیەکاندا یەک ناگرێتەوە
کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی مێژووی کۆچی ماوەی نێوان ٢٠ هەزار تا ٣٥٠٠ ساڵ لەمەوبەری هەڵگرانی جینی ئاڕ وەن ئەی وەن (بە ئاریایی ناسراون) ئەو کارەیان کردووە تا بتوانن سەرەتای زمانە هیندۆئەوروپییەکان دەستنیشان بکەن. نموونەی ٤٤٦٠ کەس وەکو بنچینەی ڕەگ و ڕیشەی هاپلۆتایپی ئاڕ وەن ئەی وەن و ماوەی کاتەکانی هاوبەشبوونی باپیرەگەورەکانیان، لە باشووری سیبیریا، هیندستان، باکوور/ڕۆژئاوای باکووری چین، نیپال، پاکستان، ئێران، ئەناتۆلیا، ئاسیای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەلکان، میسر، عومان و دوورگەکانی کۆمۆرۆس، وەرگیراون
توێژینەوەکەیان پاڵپشتی بیردۆزی سەرهەڵدانی جینی ئاڕ وەن ئەی وەن بەر لە ٢٠ هەزار ساڵ لە ئاسیای ناوەڕاستدا، دەکات. بەر لە ١٢ هەزار ساڵ گەیشتوونەتە هیندستان، لە نێوان ١٠٠٠٠ تا ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە ئەناتۆلیادا تێپەڕیون. هەرنەبێ لە نێوان ٩٠٠٠ تا ٨٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بەلکان بوون و لەوێوە بە ئەوروپادا بڵاوبوونەتەوە. لە ڕەچەڵەکی هیندۆ-ئەوروپییەکان دەکۆڵێتەوە، کە بەر لە ٣٥٠٠ ساڵ هاتوونەتە ئێران، ئەناتۆلیا و میسۆپۆتامیا. نزیکەی ٢٠٠ ساڵە گرفتی رەچەڵەکی ئاریاییەکان هەیە، بیروڕای جیاواز و دژ بەیەک لە نیوان زمانناسان، شوێنەوارناسان و توێژەراندا، دەرکەوتوون. بەڵام ئەنجامەکانی کلیۆسۆڤ وڕۆژانسکیی خەوش لەسەر مێژووی ئاریاییەکان ناهێڵێ، چونکە پشت بە پشکنینەکانی جینناسیی دەبەستێ
وەک لە توێژینەوەی ساڵی ٢٠١٢ی کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکییدا هاتووە، ڕەچەڵەکی قەوقازی ٥٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتووە. بەرە بەرە بۆ هاپلۆگروپی وردتر دابەشبوون و بەرەو ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات، کۆچیان کردووە. هاپلۆگروپی ئێن ئۆ پی بەشێک لەوان بوون و بەر لە ٤٨ هەزار ساڵ دەرکەوتوون و بەرەو باشوور بۆ سیبیریا و دەورووبەری، ڕۆیشتوون. هاپلۆگروپی پی نزیکەی ٣٨ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە سیبیریا، دەرکەوتوون و لەوانەوە هاپلۆگروپی ئاڕ دەرکەوتووە، دواتریش لەوانەوە لە نێوان ٣٠ تا ٢٦ هەزار ساڵ، ئار وەن دەرکەوتووە. دواتریش بەر لە ٢٠ هەزار سال لەمەوبەر ئاڕ وەن ئەی وەن دەرکەوتووە. دەکرێ کاتی دەرکەوتنی هاپلۆتایپەکان لە زنجیرەی زانیارییەکانی ئاڕ وەنی بنکەی زانیاریی جینەکان، دابڕێژرێتەوە
زانیارییەکانی پشکنینی دی ئن ئەی بۆ هەڵگرانی جینی ئاڕ وەن ئەی وەن دەریدەخات بەر لە ٩٠٠٠ ساڵ بە ئەناتۆلیادا تێپەڕبوون. کۆنترین بەڵگەی زمان لە ئەناتۆلیا، کە زمانناسان بۆ ٩٤٠٠ تا ٩٦٠٠ تا ١٠١٠٠ ساڵ لەمەوبەری دەگەڕێننەوە، تەواو لەگەڵ ئەنجامەکانی پشکنینی جینی ئاڕ وەن ئەی وەن ، جووتن. هەڵگرانی جینی ئاڕ وەن ئەی وەن دوای ئەوەی بە شەپۆلێکی دیکە دەگەنەوە سیبیریا لە ساڵانی نێوان ٤٦٠٠-٤٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی ڕێکخراوی سەرباز ئاسا بەرەو باشوور و باشووری ڕۆژئاوا (ئەناتۆلیا، میتانی، باشووری ئۆراڵ، ئێران، هیند و باشووری سیبیریا)، ڕەوت دەکەن. سەیرە، لە هەموو ئەو ناوچانەدا زمانی هیندۆ-ئەوروپی یان ئاریایی، باوە و باڵادەستە. پێشیان دەڵێن زمانە ئێرانییەکان (هەڵبەت مەبەست وڵاتی ئێرانی ئێستە و زمانی فارسی نییە)
بە پێی توێژینەوەی فرە پسپۆریی زانای نەمسایی هەنەر بیشلەر، کۆچی ئاریاییەکان لە نووسینەکانی سۆمەرییەکاندا هاتووە و دەستەواژەی ئومان-مان-دا ئاماژەیە بەو کۆچە سەرباز ئاسایەی کلیۆسۆڤ باسی کردووە. بە ڕای هەنەر بیشلەر، ئاریاییەکان بەر لە ٣٥٠٠ ساڵ بەرەو میسۆپۆتامیا و میتانی هاتوون و ئەوکاتە باپیرە گەورەی ئەوانەی ئێستە خۆیان بە کورد دەزانن و بە زمانی کوردی دەدوێن، لەسەر خاکی خۆیان بوون. باپیرەی کوردەکان بەر لە کۆچی ئاریاییەکان لە بەرزاییەکانی زاگرۆس و هەردوو تەختاییەکانی ئەنادۆڵ و ڕۆژئاوای دەریای کاسپیان (قەزوین) نیشتەجێ ببوون و لەگەڵ باشوور و باکووری میسۆپۆتامیادا بازرگانی و هاموشۆیان هەبوو. بەڵگە بۆ ئەو بازرگانیکردنە شوێنەوارەکانی بێستانسوور، بانەهیلک، سورێژە، گردی شیخ مارف ١ و ٢، گەنج دارە، شمشارە، بۆسکێن، قەڵاتی سەید ئەحمەدان، گردی ڕۆستەم، گردی دەڵما، گردی تانجەڕۆ، گورگەچیا و تەپە مارانی ... هتد. دۆزراوەکانی هەموو ئەو شوێنەوارانە بە ڕاپۆرتی زانستیی شوینەوارناسیی پشت ڕاستکراونەتەوە
توێژینەوەی نوێتر لەوەی کلیۆسۆڤ و ڕاوبۆچوونی نوێتر لەوەی هەنەر بیشلەر دەرکەوتوون و هەمان ڕاستیی دەسەلمێنن کە دەڵێ بەر لە هاتنی ئاریاییەکان باپیرەی کوردی هاوچەرخ بە زاگرۆسدا بڵاوبووبوون. توێژەر، دلاوەر خان لە ساڵی ٢٠٢١ لە توێژینەوەی وردتری جینناسیی بۆ پاشماوەی مرۆڤی دێرین لە شوێنەواری سەردەمی چاخی بەردینی گردی حاجی فەیروز لە دۆلی شنۆ لە ڕۆژهەڵات، لەگەل شوێنەواری حەسەنلو نزیکەی ٢٨٠٠ سال کۆن و نێژراوەی سەردەمانی مادەکانی تێدایە، دەریانخستووە ئەو مرۆڤانەی ئەو کاتە لەسەر خاکی کوردستان دەژیان ئەوانەن لەگەڵ نیشتەجێی حاجی فەیروز هاموشۆیان هەبووە و لەو سەردەمەدا ژیاون. ئەوکاتە ئاریاییەکان پێیان لەسەر خاکی کوردستان دانەنابوو و ئەوەی لە حەسەنلو نێژراوە پرشنگی ڕۆژی کوردستانی نەدیبوو. باب و باپیرانی ئێمە گەنم، جۆ، نیسک و بەرهەمی دیکەی ماڵییکردبوو، یەکەمین بزن و مەڕی کێوی ماڵییکردبوو و بەشێکی ژیانی ئەوکاتەیان، ئاژەڵداریی و شوانکاریی بووە. نزیکەی ٤ هەزار ساڵ بەر لە دەرکەوتنی ئاریاییەکان لەسەر خاکی کوردستان، باپیرە گەورەی ئێمە زەوی دەکێڵا و دروێنەی دەکرد
ئەوەی لە تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی دیکەی ڕاگەیاندندا لە باشوور تا ئێستە دەگووترێتەوە هەمان ئەو بانگ و ئاوازە ناسازەی ئاریاییبوونی کوردە. ئەوانەی ئەو ڕاوبۆچوونانەیان هەیە و لە ڕاگەیاندنەکاندا بەرنامەی مێژوو بەگوێی خەڵکی باشووردا دەدەن، لە توێژینەوەی نوێ و ئەنجامی زانستیی نوێ بێ ئاگان. پشتیان بە بیردۆز و ڕاوبۆچوونی ساڵانی ٦٠ و ٧٠ی سەدەی ڕابردوو بەستووە. سەرچاوەکانیان هەمان ئەو سەرچاوە کۆنانەن و هەر ئەوانیش وەکو بەڵگە دەخەنەڕوو. هەڵەیەکی گەورەیە کورد لە تەڵەی ئاریاییبوونی دەرنەچێ. زمانی کوردیش، ئەگەر بە هیندۆ-ئێرانیش ناسراوە، بەڵام بە کاریگەری کۆچبەرە ئاریاییەکانی ٣٥٠٠ ساڵی بەر لە زایین و بەدواوە، زمانی باب و باپیرانمان گۆڕاوە. مەرج نییە ئەوانەی لە تەپکی حاجی فەیروز ٥٠٠٠ تا ٥٤٠٠ ساڵ پێش زایین ژیاون هەمان زمانی ئاخاوتنی ئێمەیان هەبووبێ، بەڵام ئەوان لە کوردانی هاوچەرخ نزیکترن وەک لە کۆچبەرە نا شارستانە ئاریاییەکانی خاکی ئێمەیان تەنییەوە
سەرچاوەکان
توێژنەوەکەی کلیۆسۆڤ و ڕۆژانسکیی
http://dx.doi.org/10.4236/aa.2012.21001
توێژینەوەکەی دلاوەر خان