عەقڵی کەسی حزبی و ناحزبی

لە وڵاتانی پێشکەوتوو و ئەوانەی سەربەستی تاکیان بەرفراوان کردووە، مافی هزر و دەربڕینیان بۆ هەموو کەس وەکو یەک فەراهەم کردووە (هەڵبەت مافی تاکەکان ئەوانەن سنووری مافی دیکە نەبەزێنن). ئەو فەراهەمکردنە گەلێک کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەگرێتەوە، لە ناویاندا مافی پێکێهانی ڕێکخراو و حزبەکان، هەموو ئەوانە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکخراون

 

هەموو کەس وەک مافی سەرەتایی خۆی دەتوانێ ئەندامی هەر ڕێکخراو و حزبێک بێت، دیسانەوە بەمەرجێک بەپێی یاسا لەو وڵاتەدا ڕێ بەو ڕێکخراوە یان حزبە درابێ. بەو پێیە ئەندامبوون لەو ڕێکخراوانەدا مافی تاکە کەسە و کەس ناتوانێ ئەو مافەی لێ زەوت بکات

 

لە ڕۆژهەڵاتیش هەمان ئەو جۆرە یاسا و چوارچێوانە دیاریکراون، بەڵام جیاوازییەکە لەگەڵ کۆمەڵگەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو ئەوەیە لێرە هەندێ جار ئەندامبوون لە حزبێکدا ڕەنگە ببێتە مایەی تانە و تەشەری خەڵکی دیکە. حزبیبوون هیچ نەنگی لە چاو خەڵکی دیکە و بە هەمان شێوە هیچ پلە باڵاییەکی لە چاو خەڵکی دیکە، تێدا نییە

 

سەرەڕای بانگەشەی ئەوانەی حزبی نین، لەگەڵ ئەوەیشدا تەنانەت لە ناو کۆمەڵگەکانی وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوودا باوەڕ وایە کەسی ناحزبی نەبێ. ئەوانەی لەو باوەڕەدان دەڵێن، ئەوانی دیکە هەر حزبین بەڵام تا ئاشکرا نەبن نا حزبیبوونی خۆیان نیشان دەدەن. بێگومان ئەو دوو ڕایە و ئەو دوو بۆچوونە تەنیا بە قسە نییە، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان بە جۆرێکی دیکە لەو جیاوازیانە دەڕوانن، بۆیە بۆ سەلماندنی هەر ڕایەک پەنا بۆ زانست و توێژینەوە دەبەن لەبری نووسین و ڕادەربڕین، ئینجا ناساندنی ئەو نووسین و ڕادەربڕین و بۆچوونانە وەک راستی ڕەها

 

توێژینەوەیەکی نوێ بە توندی بەرپەرچی ئەو بۆچوونانە دەداتەوە و وای بۆدەچێ مێشکی حزبییەکان لەگەڵ نا حزبییەکان جیاوازە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری (هەڵبژاردن، ڕای گشتی و حزبەکان)ی ئەمەریکا بە ناوی "مێشکی ناحزبییەکان"، بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە لە کاتی یاری (گرەو یان قومار) دا بۆ دوو هەڵبژاردەی (یەکەم: پاداشت وەردەگری، دووم: لەوانەیە پارەیەک ببەیەوە یان بدۆڕێی) ، سەرنجی هاتووچووی خوێنی لە مێشکی هەردوولای (کەسە حزبی و ناحزبییەکان)ی سان دییگۆی داوە. دواتر توێژینەوەکە بۆ بەراوردکردن، لە تۆماری دەنگدانی هەردووکیان گەڕاوە بۆ زانینی کێ حزبیە و کێ نا

 

لە پشکنینەکان دەرکەوتووە لە کاتی بڕیاردان لەو یاریەی سەرەوە باس کراوە، هاتووچووی خوێن بۆ جەمسەری بەشی ژێرەوەی ڕاست، پشتێنەی/ناوەڕاستی توێکڵی پێشەوە، ژێرەوەی توێکڵی پێشەوەی لای ڕاستی مێشکی ئەوانەی حزبین لە چاو ئەوانی ناحزبین، جیاوازە. ئەو شوێنانەی مێشک بە بیرەوەی پێوەست بە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بڕیاردان و وەڵامدانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجن. هەر ئەو شوێنانە لە توێژینەوەکانی پێشتردا سەلمێندراون لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییاکاندا، پێویستن. ئەم ئەنجامە ئەوە نیشان دەدات، کە مێشکی ناحزبییەکان بە شیوازێکی جیا گرفتی نا سیاسی چارەسەردەکات، ئەوەیش لە مێشکی حزبییەکان جیایە. بۆ زانینی ئەگەری هەبوونی جیاوازی نێوان مێشکی ئەو دوو جۆرە، دەبێ توێژینەوەی زۆرتر بکرێت

 

نموونەکانی ئەو توێژینەوەیە تەنیا ١١٠ کەس بوون، بەڵام لەبەر نەبوونی توێژینەوەی هاوشێوە ،ئەم توێژینەوەیە پڕبەهایە و بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زۆرتر، دەستپێکێکی زۆر گرنگە. ئەگەرچی توێژینەوەکە لە چوارچیوەیەکی تەواو زانستیدا ئەنجامدراوە و مەرامی ناسینی مێشکی مرۆڤ و کەسایەتی مرۆڤی هەیە، بەڵام دەکرێ ئەنجامەکانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەمەریکا گەلێک گرنگ بێ. دەکرێ ئەو ئەنجامانە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێ و دەنگی زۆرتر کۆبکرێتەوە

 

ئەنجامەکان نیشان دەدات ئەوە تەنیا خۆشاردنەوەی کەسە ناحزبییەکان نییە، بەڵکو شیوازی کارکردنی مێشک لە کاتی هەڵبژاردندا دەردەخات. باوەڕ وایە لە ئەمەریکا ٤٠٪ ی دەنگدەران بە لایەکدا نەشکابنەوە، واتا سۆزیان بەلای هیچ کام لە دوو حزبە گەورەکەی ئەمەریکادا نییە، بۆیە ئەوانە بە توێژی سێیەمی کۆمەڵگە دادەنرێن و لە هەڵبژاردندا گەلێک چارەنووس بەخشن. توێژینەوەی پێشتر دەریدەخات هەڵمەتە نەرێنییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئەمەریکا دەبێتە ڕێگری دەنگدانیان. دەبێ لەمەودوا مامەڵەی سیاسییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئەو بەشەی کۆمەڵگە جیاواز بێت، بۆیە دەکرێ هەڵمەتی ئەرێنی دەنگەکانیان بەدەست بێنی. لە کاتێکدا گوتاری گەر و پڕ جۆش و خرۆش بۆ حزبەکە باشە، بەڵام ئەو دەنگدەرانە دەتەکێنێتەوە

 

چەندین توێژینەوەی دیکە، جیاوازی ڕاو بۆچوونەکان بۆ جیاوازی مێشکەکان دەگێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو توێژینەوانە ڕێگەچارەی گرفتە سیاسیەکانمان نیشان نادەن، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان ڕێنیشاندەری باشن. دەبێ مامەڵەی جیا لەگەڵ ئەوانەی لە باوەشی حزبە سیاسییەکاندا نین، بکرێت. بەو شێوەیە دەکرێ بەرەو دەنگدان و بەشداربوونی کارا ڕابکشیرێن. لەوانەیە ئەو ئەنجامە سیاسییە کۆنەکانمان ڕاچڵەکێنێ، بەڵام سوودی بۆ گوتاری سیاسی دەبێت