هۆمۆسایپیان و نیاندرتاڵ

باشترین بیردۆزی دەرکەوتنی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) ئەوەیە مرۆڤ لە ناوەڕاستی ئافریقاوە بەر لە ٢٥٠ تا ٣٠٠ هەزار ساڵ بەرەو باکوور کۆچی کردووە و بەرەبەرە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوایی بەرەو ناوەڕاستی ئاسیا و ئەوروپادا بڵاو بووەتەوە. نزیکەی ٨٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لێرە و ئەوروپادا لەگەڵ مرۆڤی نیاندرتاڵ، بەیەک گەیشتوون و جووت بوون، نەوەیان لێوە پەیدابووە. بە هەمان شێوە لەگەڵ مرۆڤی دینۆسۆڤان تێکەڵ بووە و نەوەی لێ پەیدا بووە. هەموو دانیشتووانی جیهان، جگە لەوانەی لە ئافریقا مانەوە، نەوەی ئەو کۆچ یان کۆچانەن ئەو کاتەو دوایی، ڕوویانداوە.


بەو پێیە، شوێنپەنجەی جینەکانی نیاندرتاڵ و دینۆسۆڤان دەبێ لە ناو کرۆمۆسۆمەکانماندا هەبێ و مابێ. لە گەڕان بەدوای ئەو ڕاستییەدا، بێ هیچ گومانێک دەرکەوت، بەڵێ ئەو جینانە لەناو خانەی هەمووماندا هەن و ماون. هەموو مرۆڤێک تا ئێستە بەشێکی دی ئێن ئەی مرۆڤی نیاندرتاڵ و دینۆسۆڤانی هەڵگرتووە. بە شیوەیەکی گشتیی ئەوەی نیاندرتاڵ لە مرۆڤی نوێدا هەیە، بەشێکی زۆر کەمە. بەڵام ئەوەی ئەو دوو جۆرەی مرۆڤ (نیاندرتاڵ و دینۆسۆڤان) لە نێوان خۆیاندا هاوبەشە زۆر گەورەیە.


بەشێوەیەکی گشتیی، کرۆمۆسۆمی وای (کرۆمۆسۆمی نێرە) مرۆڤی نوێ لەگەڵ ئەوەی نایندرتاڵ زۆر لەیەک دەچن. دیارە ئەو کرۆمۆسۆمە لە مرۆڤی نوێوە (هۆمۆسایپیان) بۆ نیاندرتاڵ چووە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر وابێ، کەی ڕوویداوە و بۆ ڕوویداوە؟ ناکرێ ئەو گۆڕانە گەورەیە بەر لە تەنیا ٨٠ هەزار ساڵ ڕوویدابێ، بۆیە دەبێ زۆر لەوە زووتر بووبێ، واتا لە ئافریقا ڕوویدابێ. لەوانەیە چەند سەد هەزار ساڵێک بەر لەوە ڕوویدابێ. کەواتە ئەو مرۆڤە نیاندرتاڵانەی مرۆڤی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لەگەڵ مرۆڤی نوێدا بەیەک گەیشتن، چەند سەد هەزار ساڵێک پێشتر، کرۆمۆسۆمی وای یان لە مرۆڤەوە وەرگرتبوو.


کۆنترین نموونەی کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریا (تەنیا لە دایکەوە بۆ نەوەکان دەچێ) لەبەردەستمان  بێ، لە پەیکەرێکی ئێسقانی نیاندرتاڵ لە ئیسپانیا دەرهێندراوە و تەمەنی بۆ ٤٣٠ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، بە پشکنینی ئەو کرۆمۆسۆمەی مایتۆکۆندریا لەو نموونەیەدا دەبینین ئەو کرۆمۆسۆمە بەر لە ٤٣٠ هەزار ساڵ لە ناو خانەکانی مرۆڤی نیاندرتاڵدا هەبووە و زۆر لەوەی مرۆڤی دینۆسۆڤان، نزیکە و لە ئێمەوە دوورە. بەڵام لە نموونە نوێیەکانی (٥٠ تا ١٠٠ هەزار ساڵ کۆن) ئەو لێكچوونەی لەگەڵ کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریای دینۆسۆڤان نەماوە، زۆرتر لە کرۆمۆسۆمی مرۆڤی نوێ دەچێ. واتا بەتەواوی گۆڕاوە.


مەزەندە وایە بەر لە ٢٧٠ هەزار ساڵ، هەر نەبێ یەک ئافرەتی کۆچێکی مرۆڤی نوێ لە ناوچەی یورۆئاسیادا (ئەندامانی ئەو کۆچە نەوەیان نەماوە و بە تەواوی سڕدراونەتەوە) لەگەڵ مرۆڤێکی نیاندرتاڵدا جووت بووبێ و نەوەی لێوە بەرهەم هاتبێ، دوای ئەوە هەموو نەوەکانیان هەر کرۆمۆسۆمی هەمان دایکی مرۆڤی نوێیان بۆ منداڵانیان گواستەوە، بەو جۆرە هەموو کرۆمۆسۆمی مایتۆکۆندریای نیاندرتاڵ لە دینۆسۆڤانەوە بوو بەوەی مرۆڤی نوێ. لە کۆتاییدا دوای چەند سەد نەوەیەک، ئوەی دینۆسۆڤان بە تەواوی نەما.


ئەگەر بەبەکارهێنانی هەمان ڕیکار بەدوای کاتی گۆڕانی کرۆمۆسۆمی وایدا بگەڕێێن ناگەینە بەڵگەی تەواو وەکو ئەوەی لە کۆرمۆسۆمی مایتۆکۆندریادا دۆزیمانەوە، چونکە هەرچی نموونەی کرۆمۆسۆمی وای نیاندرتاڵ هەیە هێندە کۆن نین، کرۆمۆسۆمەکەی دینۆسۆڤانی تێدا بێ. هەموویان کرۆمۆسۆمی وای مرۆڤی نوێیان تێدایە.


ڕاستییەکی ئاشکرایە، گۆڕان لە کۆمەڵگە بچووکەکاندا زووتر جێگیر دەبێ و دەمێنێتەوە وەک لە کۆمەڵگە گەورەکاندا. کۆمەڵەکانی مرۆڤی نیاندرتاڵ بچووک بوون، بۆیە لەگەڵ هاتنی کرۆمۆسۆمی وای لە مرۆڤی نوێوە (هەڵبەت لەگەڵ مێیەکی نیاندرتاڵ) ئەو گۆڕانەی کرۆمۆسۆمی وای هەر زوو جێی کرۆمۆسۆمەکەی دینۆسۆڤانی گرتووەتەوە و ماوەتەوە. لەو کاتەدا مرۆڤی دینۆسۆڤان تەنیا لە چەند ناوچەیەکی بچووکدا مابوون و ئەو تێکەڵییەیان لەگەڵ نیاندرتاڵ نەمابوو، بۆیە کاریگەرییان لەسەر کرۆمۆسۆمی وای نەمابوو. بەو شێوەیە کرۆمۆسۆمەکەی مرۆڤی نوێ ب نیاندرتاڵی نێر گوازرایەوە و لەوێوە بەرەبەرە لەنەوەکاندا دووبارە بووەوە. بێگومان، دیارە ئەو کرۆمۆسۆمەی وای مرۆڤی نوێ زۆر چاکتر خۆی لەگەڵ ژینگەی نیاندرتڵدا گونجاندووە بۆیە جێگیربووە.


سەرچاوە:

 https://www.nature.com/articles/ncomms16046

 https://news.cnrs.fr/articles/neanderthal-y-chromosome-is-closer-to-us-than-thought#:~:text=DNA%20analysis%20has%20revealed%20that,puzzle%20with%20many%20missing%20pieces.