تاسیلی ناجر و ئەشکەوتی برونیکێل

تاسیلی ناجر، پارکێکی گەورەی گشتییە دەکەوێتە خوارووی ڕۆژهەڵاتی جەزائیر و لە سەر سنووری لیبیا و نێجیرە. لە ساڵی ١٩٨٢ یونسکۆ خستییە ناو لیستی شوێنەوارەکانی جیهان. پارکەکە ٨٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە. شوێنێکی دەوڵەمەندی نەخش و نیگاری سەر بەردە. جگە لەوەی شوێنێکی سروشتیی سەرنج ڕاکێشە بە هوی شێوەی ئەو بەردانەی لێیەتی، ٣٠٠ بەردی شێوە کەوانی سروشتیی، لێیە. مرۆڤی کۆن کۆمەڵێکی زۆری لەو بەردانەی لەوێ هەن، نەخشاندووە

 

ناجر، ناوی ئەو کۆمەڵە خێڵەیە لەو ناوچەیەدا ژیاون. بە باپیرە گەورەی خێڵی تواریگ دادەنرێن، تواریگ خێڵێکی گەورەن، بە زۆربەی بیابانەکانی جەزائیر و لیبیا و خوارتردا بڵاون. تاسیلی ناجر چەندین گۆمی ئاوی تێدایە، تا ئێستەش و شوێنی ژیانی ٥ جۆر ماسیین. ٢٥٠  داری (سەرو)ی بیابانی لێیە، ئەو جۆرە دارە یەکجار دەگمەنە و تەنیا لە تاسیلی ناجر هەیە

 

ناوچەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بە جیهان ناسێندرا. شوێنەوارناسی فەرەنسایی هینری لۆوت چەندین جار سەردانی تاسیلی ناجری کردووە. لەو شوێنەدا، جەنگەڵێکی بەردی لێیە، پڕیەتیی لە نەخش و نیگاری لەسەر بەرد کێشراو بۆ چاخی بەردین، دەگەڕێتەوە. ناوچەیەکی گەلێک بە بایەخی شوێنەوارە. لە ساڵێ ١٩٨٦ یونسکۆ وەک ناوچەی ژیانەگۆ ناساندی و لە لیستی سووری ڕێکخراوی (یەکێتی نێودەوڵەتیی پاراستنی سروشت)، داینا. ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٦٤ دامەزراوە و ناوی هەموو ئەو ڕووەک و گیاندارانەی تێدایە، کە هەڕەشەی قڕبوونیان لەسەرە

 

١٥ هەزار نیگار و نەخشی سەر بەرد لە تاسیلی ناجر هەیە. هێندێکیان لە بەردەکە هەڵکەندراون، هێندیکی دیکەیان بە دەست و ڕەنگ نەخشێندراون. بەشیکیان وەک هونەری جوان، نەک هونەری سەرەتایی مرۆڤ، لەقەڵەم دراون. تا ١٩٦٠ زۆر گۆزە، دیزە، پەیکەری بەرد، قاپ و قاچاخی گڵ، مت و مورووی لێبووە. زۆربەیان لە لایەن توێژەرانی ئەو کاتەو گەشتیارانەوە براوە. بەپێی ڕا و بۆچوونی هەندێ شوێنەوارناس مێژووی ئەو نەخش و نیگارە بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەو مێژووە کۆک نین. گومانی ئەوە هەیە لەوە تازەتر بێ، بۆ ٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە

 

لەبەرئەوەی شێوازی نیگارەکان هەموویان لەیەک ناچن، بۆیە مەزەندە وایە ئەوانە بە درێژایی چەند هەزار ساڵێك لە لایەن چەندین گروپی مرۆڤەوە نەخشێندرابن. ڕاوچییەکانی باکووری ئافریقا لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو وشکیی زیاتر و فراوان بوونی ڕووبەری بیابان، بەرەبەرە ئەوێشیان بەجێهێشتووە. هەندێک لەو نیگارانە لەوانەی قورتەی باکووری میسر دەچن. بە هەمان شیوە، دەفری گڵ و پێداویستیی خواردن، لەوانەی چیاکانی ئاییری نێجیر دەچن، دۆزراوەکانی ئاییر بۆ ١١٥٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوانەی شارستانیەتی جۆمۆنی ژاپۆن، کۆنترین دەفری جیهانن

 

زۆربەی نیگارەکان مرۆڤێکی بچووک لەگەڵ ئاژەلە گەورەکانی ئافریقادا کێشراون، هەندێکی دیکەی نیگارەکان مرۆڤی سەر خڕی تێدایە، دیار نییە مەبەست لەو نیگارە سەر خڕانە چین و بە چی مەبەستێک کێشراون. لە نیگارێکی دیکەدا، ئافرەتێک هەردوو دەستی بۆ ئاسمان بەرز کردووەتەوە و لەبەردەمیدا ئاژەڵێکی گەورەش، هەیە. نیگاری دیکەش هەن مرۆڤن و سەری ئاژەڵیان پێوەیە. هەندێ نیگار لەبەرزی ٥ مەتر و هەندێکی دیکەش ٣ مەتر، کێشراون

 

نیگارەکان وردەکاری زۆری ژیانی ئەوکاتەی مرۆڤەکان لە تاسیلی ناجر نیشان دەدەن. ژیانی کۆمەڵ لەگەڵ منداڵ و ژن، مەڕوماڵات وسەگ کێشراون

 

بەردە هەڵکۆڵدراوەکانی تاسیلی ناجر بە درێژایی ٣٠ کیلۆمەتر لەو ناوچەیەدا بڵاون. شیوەی ئاژەڵان و هەندێ شیوەی ئەندازەییان تێدایە. ئەوانیش وەک ئەوانەی ناوچەی قورتەی میسرن. مێژووی کۆنترینیان بۆ ١٦ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەمان سەردەمی نیگارەکانی ئەشکەوتی لاسکاوی فەرەنسان. ئەو ئەشکەوتەشیان نزیکەی ٦ هەزار نیگاری تێدایە و بۆ سەردەمی پێش مێژوو دەگەڕێتەوە (واتا سەردەمی پێش داهێنانی نووسین)

 

بە ماڵیی کردنی ئاژەڵان لە ناوەڕاستی بیابانی باکووری ئافریقا بۆ ٧ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. پێدەچی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەوان گەیشتبێ.  نیگارەکان مرۆڤی ڕەشپێستی ئافریقا و ئاکار ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تێدایە. بەڵام لە ٤ هەزار ساڵەوە ئیدی مرۆڤی ڕەشپێست بە تەواوی نەماوە، تەنیا مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نیگارەکاندا ماوە. ئەوەش واتای کۆچی ڕەشپێستەکان بۆ شوێنی باشتری لەوەڕ و بەخێوکردنی ئاژەڵان، دەگەیەنێ. سەردەمی دەرکەوتنی ئەسپ سەردەمێکی گرنگی ژیانی مرۆڤە، لە نیگارەکاندا ئەسپ سواری چەکدار هەیە

 

لەگەڵ فراوانبوونی بیابان، بەر لە ٢٠٠٠ سال ئەسپ سواریی و کەر بەکارهێنان بۆ هاتووچوون دیارنەمان، لە جێی ئەوان حوشتر شوێنەکەی پڕ کردوە. سەردەمی حوشتریش دوایین سەردەمیی نیگارەکانە

 

سەرچاوە

https://www.khanacademy.org/humanities/ap-art-history/global-prehistory-ap/paleolithic-mesolithic-neolithic-apah/a/rock-art-in-north-africa

http://africanrockart.org/wp-content/uploads/2013/11/Coulson-article-A10-proof.pdf