جەنگیزخان دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتی مۆنگۆلەکان بوو، دەسەڵاتیان ١٦٢ ساڵی خایاند. کەم کەس هەیە ناوی جەنگیزخانی نەبیستبێ، ٩٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەسەڵاتی خۆی بەسەر رووبەرێکی زۆری ناوەڕاستی ئاسیا، چینی ئێستادا سەپاندبوو. دواتریش کوڕ و نەوەکانی پانتایی دەسەڵاتیان فراوانتر کرد، تا سنووری گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستە و تەنانەت ئەوروپایش تا دەگاتە پۆلەندا و بولگاریا
لە وتەکانی جەنگیزخان، دەڵێ "زۆرترین خۆشیی بۆ پیاو ئەوەیە چۆک بە دوژمنەکەی دادا، لە پێش خۆی بیانڕەتێنێ، هەرچی هەیەتی بۆخۆی ببا، هەرچی ئەو خۆشی دەوێ چاوی پڕ فرمێسک بێ، سواری ئەسپەکانی بی، ژن و کچەکانی لە باوەش بگری"
لە هەموو ئەو شار و ناوچانەی سوپاکەی داگیری دەکردن، کچ و ژنییان بە دیاری بۆ جەنگیزخان دەنارد، هێندەی کەنیزەک و کۆیلە هەبووە، شەو هەبووە چەندین چادری کردووە. دەرئەنجام بە سەدان منداڵی ناوەتەوە، زۆربەی هەرە زۆریان وەکو کچ و کوڕی جەنگیزخان نەناسراون. دوای خۆی کوڕەکەی (ئۆگێیدی) ئینجا کوڕی ئۆگێیدی (گویوک)، دواتریش نەوەکانی جەنگیزخان لە کوڕەکەی (تۆلوی) ، کە ناویان (هۆلاکۆ، قوبلای و مۆنگکی) بوو، هەموویان وەک جەنگیزخانیان دەکرد
کرۆمۆسۆمی دایک و باوک لە یەکەم خانەوە کە هێلکەی دایکە، یەک دەگرن. ئەو کرۆمۆسۆمەی خانە، منداڵ دەکاتە نێر یان کوڕ، پێی دەڵێن کرۆمۆسۆمی وای y ئەوە لە باوکەوە بۆ وەچە دەچێت، هەرکەسێکی نێر کرۆمۆسۆمی وای لە باوکی وەردەگرێت، دایک کرۆمۆسۆمی وای نییە. هەموو مێیەکان دوو کرۆمۆسۆمی ئێکس یان هەیە، نێریش یەک وای و یەک ئێکس، بەو جۆرە دەزانین کرۆمۆسۆمی وای تەنیا لە باوکەوە بۆ کوڕەکەی دێت
لە ٢٠٠٣ لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی بڵاوکرایەوە (لینکی خوارەوە بۆ گۆڤارێکی ئەمەریکاییە نووسینێکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاو کردۆتەوە) تێیدا هاتووە، هەر ٢٠٠ پیاو یان کوڕ لەسەر زەوی، کە ئێستا لە ژیاندان باپیرە گەورەیان جەنگیزخانە. ئەوەش دەکاتە ١٦ ملیۆن کەس (تەنیا نێر)، ئەوانە هەموویان بە دوور و نزیک، نەوەی جەنگیزخانن. بە مەزەندەی خۆم، ئەو ژمارەیە زۆر زیاترە
https://www.discovermagazine.com/.../1-in-200-men-direct...
ئێستە خەڵکێکی زۆر لە کورد، فارس، تورک و گەلانی ناوچەی بەلقانیش کرۆمۆسۆمی وای، کە لە جەنگیزخانەوە هاتووە، هەڵدەگرن. ئاساییە لە توێژینەوە زانستییەکاندا چەند سەد یان هەزار نموونەیەک وەردەگیرێ و لەوانەوە دەرئەنجام هەڵدەهێنجرێ، تا ڕاددەیەکی زۆر ئەنجامەکان دروستن، بەڵام نموونەکان هەموو ئەو گەلانەی نەگرتووەتەوە کە لە ژێر دەستی مۆنگۆلەکان بوون، بۆیە من پێم وایە ژمارەکە لە ١٦ ملیۆن زۆر زیاترە
لە دە ساڵی رابردوودا پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ هەموو کەس بەردەست کرا، هەر کەسێک دەتوانێ بزانێ رەچەڵەکی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە، لەو ئەنجامانەی راگەیەندران گەلێک زانیاری سەیری تێدا بوو، لەوانە پشکنینی دی ئێن ئەی سەلماندی، فیرعەونەکانی میسری کۆن هێندەی ئەوروپی بوون، ئەوەندە عەرەب نەبوون، نەک هەر ئەوە بەڵکو میسرییەکان واقیان وڕ ما، کاتێک ئەنجامی پشکنینەکانی ژمارەیەکی زۆریان راگەیەندرا، ئەو کاتە زانرا میسرییەکان تەنیا ١٧٪ ی جینەکانیان عەرەبە، بێگومان عەرەب تەنیا بە مانای ئەوانە دێت کە لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا دەژیان، هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێستا وڵاتی عەرەبین خۆیان بە عەرەب نازانن، لەوانە ئەمازیغ، توارق، هۆزەکانی رۆژئاوای مەغریب و مۆریتانیا. خۆشیی و تامی زانست ئەوەیە، ئەو شتانەی بە ئەنجامی دەگەیەنێ گومان هەڵناگرێ، بۆچوونی کەسەکان و لایەنەکانی تێدا نییە. زانایانیش کە لە بوارە پێشکەوتووەکانی وەک جینۆم و دی ئێن ئەی و سەدان بواری دیکە کاردەکەن، هێندە رەوشت بەرز و بێ لایەن پەروەردە دەکرێن، بە دەگمەن دەکرێ تانە لە توێژینەوە و دەرئەنجامەکانیان بدرێت
هەمان ئەو پشکنینانە بۆ خەڵکی عێراق بە کورد و عەرەبەوە کراوە، نزیکترین گرووپ لە کوردی هەرێمی کوردستان خەڵکی یەمەنن، عەرەبی عێراق لە ئێمە دوورترن وەک لە خەڵکی یەمەن، پێدەچی ئەوە بۆ ئەو کاتەی سەڵاحەددینی ئەیوبی بگەڕێتەوە کە کۆمەڵێکی زۆ لە کوردی ئەم ناوچەیە لەگەڵی رۆێشتن و لە یەمەن مانەوە، سەیری لینکی خوارەوە بکە
زۆر توێژینەوەی کۆن (بە تایبەتی ئەوانەی لەلایەن مێژوونووسانەوە کراوە) لەسەر ئەوە کۆکن، شوێنی ژیانی کوردەکان ١٠ بۆ ١٢ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکانی زنجیرەی زاگرۆس بووە. ئەو ناوچانە بەشی هەرە گەورەی ئێرانی ئێستەیە تا دەگاتە ئەرمینیا. ئەو ناوچەیە بە بەردەوامی کوردی هەر لێ بووە. لە ساڵی ١٢٥٩ زۆربەی ناوچەکانی کوردنشین کەوتبووە ژێر دەستی مۆنگۆلەکان، لەو داگیرکارییەی شوێنی کوردنشینەکان، چەندین ئافرەتی ئەو ناوچانە بە دیاری بۆ هۆلاکۆ دەنێردران ، بە هەمان شێوە کرۆمۆسۆمی (وای)ی جەنگیزخان تێکەڵی ئەوانە بوو کە لەوانەوە کەوتنەوە، ئەو ئافرەتانەی لە کۆشکی هۆلاکۆ دەمانەوە بەردەوام ئاڵ و گۆڕیان پێدەکرا، ئەوان دەڕۆیشتن و کۆیلە و کەنیزەکی نوێ شوێنیان دەگرتنەوە. ئەو ١٦ ملیۆن کەسەی لەسەرەوە باسم کردن، ئاوا هاتوونەتە ژیان
ئەگەر کوردەکان وابن، هیچ گومان لەوەدا نییە کە نەتەوەکانی دیکەش هەر وان و هەمان شتیان بەسەر هاتووە، نموونەیەکی کورت بۆ ئەو باسە دێنمەوە؛ مەسیحییەکانی عەنکاوە، زیاتریش ئەوانەی ناوچەی موسڵ، زۆر دەمارگیرن، خۆیان بە نەوەی ئاشوورییەکان و تەنانەت ئەکەدی و سۆمەرییەکانیش دەزانن، هەیانە کە لە فەیسبوک دەنووسێ وادەزانی بە تەسکەرە کوڕی ئاشوور پانیپاڵە، خۆ بە لامەوە لەنگیی نییە هەر کەسێک چۆن خۆی دەناسێت، بەڵام مێژووی مرۆڤایەتیی پڕیەتیی لە رووداوی هاوشێوەی داگیرکاریی مۆنگۆلەکان، هیچ مەرج نییە ئەو کەسەی لە هەولێر دەژیت باب و باپیرانیی کورد بووبن، لەوانەشە لە شەڕی داعش خەڵک شەهید بووبێ کە ٢٠ نەوە پێش ئێستا لێرە گیرساونەتەوە. خەڵک هەیە لە کرواتیان بەڵام دەڵێن ئەوان کوردن. دەزانن باب و باپیرانیان کورد بوون بەڵام نازانن بە کوردی بدوێن. یان وەک تورکمانەکان، کە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانییەکاندا لە کازاخستان و ئۆربەکستانەوە هاتبوون، کار و باری دەوڵەتی عوسمانییان لێرە رایی دەکرد، ئێستا لە هەولێر پێیان دەڵێن خەڵکی ئەسڵیی هەولێرن
توێژینەوە نوێیەکان بە پشکنینی دی ئێن ئەی پشت ئەستوورن، رەچەڵەکی کوردەکان دەگێڕنەوە بۆ ئەو سەردەمەی مرۆڤ بەر لە ١٠ هەزار ساڵ، لە راو بەرەو کشتوکاڵ وەرچەرخا، ئەو وەرچەرخانە شۆڕشێکی گەورە و دەگمەنی مرۆڤایەتییە بۆ پێشکەوتن، مرۆڤ لە کۆمەڵگای راو و ئەشکەوت، بەرەو کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵیی هەنگاوێکی گەورەی نا. هەر ئەو وەرچەرخانەش بوو مرۆڤی لەگەڵ یەکدیدا کۆکردەوە تا وای لێهات گوند و شار دروست بن. شۆڕشی کشتوکاڵ بە بەخێو کردنی ئاژەڵ و پەلەوەریشەوە، لە ناوچەی ئەنادۆڵ و رۆژهەڵاتی چیاکانی زاگرۆس بۆ یەکەم جار سەری هەڵداوە، ئەوێش نشینگەی کوردەکان بووە (مەبەستیشم ئەوە نییە تەنیا کوردی لێ بووە)، لەوێشەوە بەرەو ئەوروپا چووە. ئەو دەرئەنجامانە پشتی بە لێکۆڵینەوە و هەڵکۆڵینی شوێنەوارناسان بەستووە، کە مێژووی کشتوکاڵ کردن لە دیاربەکر بۆ پێش ١١ هەزار ساڵ، گەنج دارە یان گەنج دارا لە کرماشان بۆ پێش ١٠ هەزار ساڵ و چەرمۆ لە سلێمانی بۆ پێش ٨ هەزار ساڵ، دەگێڕێتەوە
تۆماری ئەو گۆڕانکارییانە لە راو بۆ کشتوکاڵ لەسەر جینی کوردەکاندا هەیە، بەهەمان شێوە لەسەر جینی ئەوروپییەکانیش هەیە، لە نێوان٢٠ هەزار تا ١٠ هەزار ساڵ پێش ئێستا زۆربوونێکی دیار بەسەر ژمارەی مرۆڤدا هاتووە، بەڵگە نەویستە، کە ئەو زۆربوونە لە ناکاوە لە ماوەی ١٠ هەزەر ساڵدا بۆ گۆڕانی ژیانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە دەگەڕێتەوە، کە لە راو و ئەشکەوت بەرەو کشتوکاڵ و هەرەوەز هەنگاویان ناوە. بفەرموو لینکی خوارەوە لە لاپەڕە ٧٧٤
پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ کوردانی رۆژهەڵات، هەرێمی کوردستان، باکوور و کوردانی جۆرجیا دەیسەلمێنێ کە ئەوانە تەنیا گرووپی وردیلەو هۆز هۆزی بچووک، یان خێزانی تاک نەبوون، راستە هەموویان لە ناوچەی قەوقازەوە کۆچیان بەرەو ئانادۆڵ و چیاکانی زاگرۆس کردووە، بەڵام گرووپێکی تەواو گەورە و سەربەخۆ بوون، ئەوانەی بە پشت بەستن بە زمان لەگەڵ فارس گرێیان دەدەن، بەهەڵەدا چوون. بۆچوونی زمانەوانان وایە، کە ئەوان پێش زمانی کوردی ئێستا، زمانێکی کۆنی دیکەیان هەبووبێت، بەڵام دواتر لەگەڵ زمانە ئێرانییەکانی دەیکە تێکەڵ بووبێت و گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، تا بووەتە زمانی کوردی ئێستا. ئەوە بۆچوونی خۆم نییە، (لەم لینکە بڕۆ بۆ دەرئەنجام لاپەڕە ٧٧ ، بەداخەوە سەرچاوەکە تەنیا بە ئینگلیزی هەیە. مێژوو نووسی هەنگاریایی فێردیناند هینەربیشلەر کتێبێکی بە ناوی رەچەڵەکی کوردەکان نووسیوە، ئەو لینکەش بەشێکی ئەو کتێبەیە
https://www.researchgate.net/.../265947.../citation/download
کورد وەک نەتەوە، لەگەڵ هەندێ نەتەوەی ئەوروپا لە سەر هەمان هێڵە، واتا خزمن. پشکنینەکان هیچ جینێکی بیابانی عەرەبی یان ئەوانەی ئەفریقا لە ناو گروپە کوردەکاندا نادۆزێتەوە. هەموو جینەکان ئەوانەن کە لەگەڵ نەتەوەکانی ناوچەی ناوەڕاستی ئاسیادا هاوبەشن، بێگومان ئەوە لە هەموو کاریگەرییەکانی داگیرکاریی مۆنگۆلەکان، تورکەکان و دواتریش ئەوانەی لەسەر رێگای ئاوریشم هام و شۆیان هەبووە، بەدەر نییە
کوردیی وەک زمان، خزمایەتیی نزیکیی لەگەڵ فارسیی، پشتۆ، زازاکی و تالیش هەیە. چونکە هەموویان سەر بە خێزانی زمانە هیندۆئۆرۆپییەکانن، کە زمانی دیکەی ئەوروپا و هیندیش لە خۆ دەگرێت، بەستنەوەی کورد بە فارس لەسەر بنچینەی لێکچوونی زمان هەرگیز دروست نییە و راستییەکی سەلمێندراوی زانستییش نییە، ئەوە دەرەنجامی ئەو توێژینەوەیە کە لە خوارەوە ئاماژەم پێداوە
https://www.ias.ac.in/article/fulltext/jgen/095/04/0767-0776
لەو توێژینەوە زانستییەدا، کە لەسەر هەمان رێچکەی پشکنینی دی ئێن ئەی کراوە، تەنانەت هەورامییەکان وەک گروپێکی جیاواز لە گروپی کوردەکان دەناسێنێ، هەوارمییەکانی باشووریش تۆزێک لەوانەی رۆژهەڵات جیان !! وا دیارە رۆژهەڵاتییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە لاچەپەک بووبن بۆیە گۆڕانکاری کەمتریان لە دی ئێن ئەی بەسەردا هاتووە، بەڵگەی زانستیی لە پشکنینی کرۆمۆسۆمەکانی مایتۆکۆندریا (ئەوەیان تەنیا لە دایکەوە بۆ وەچەکانی دەچێت) دەرکەوتووە، کە گۆڕانکاریی کەمی بەسەر هاتووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ، کە هەورامییەکان لەگەڵ کەس تێکەڵ نەبوون، گۆشە گیربوون. تەنانەت ئەو وتەیەی (کورد جگە لە چیاکان، دۆستی نییە) هەر بۆ هەمان لاچەپەکیی کوردەکان دەگێڕێتەوە، لەوانەشە ئەو وتەیە سەرچاوەکەی لە هەورامان بێت، کە یەکجار زۆر دوورەپەرێز و لاچەپەک بووبن. بڕۆ بۆ لاپەڕە ٧٧٣، لە وێنە شیکارییەکەدا دیارە هەورامییەکان لەگەڵ خەڵکی سەردینیای ئیتالیا نزیکترن وەک لە کوردی رۆژهەڵات و باشوور! ئەوە بەڵگەی زانستییە، بۆچوونی من و تۆ هەڵناگرێ، شەرم لەکەس ناکات، ئەوەی دەیەوێ بیڵێ هەر دەیڵێ
ناوچەی قەوقاز ١٨ بۆ ٢٠ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا، جێ نشینی زۆر لە گەلانی ئێستا بووە، زۆربەی هەرە زۆری گەلانی ئەوروپا و ئەوانەی بە ئێرانییەکان دەناسرێن، لە قەوقازەوە بەرەو باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا کۆچیان کردووە. ئەوانەی بەرەو باکوور چوون، گەلانی روس و لقەکانی لێ پەیدا بووە، ئەوانەی رۆژهەڵات، گەلانی چین، کۆریا، ژاپۆن، ئیندۆنیزیا، مالیزیا و دواتریش دانیشتووانی کۆنی ئوسترالیایان لێ پەیدا بووە. ئەوانەش بەرەو باشوور کۆچیان کردووە، هیند و گەلانی ئێرانی و تورکیان لە پەیدا بووە. هەرچی ئەوانەشە بەرەو رۆژئاوا کۆچیان کردووە، گەلانی ئەوروپایان لێ پەیدا بووە (جگە لە هەنگارییەکان، ئەوان لە چیاکانی ئۆراڵەوە دواتر بەرەو ناوەڕاستی ئەوروپا کۆچیان کردووە). جینی ناسراو بە ئار ١ ئەی ١ تەنیا لەو گەلانەدا هەیە کە ٢٠ هەزار ساڵێک لەمەوبەر لە ناوەڕاستی ئاسیادا ژیاون، ئەوان باپیرە گەورەن، ئەو جینە لە سەر کرۆمۆسۆمی ناو خانەکانی هەموو ئەو گەلانەدا هەیە، کە خۆیان بە ئاری دەزانن. بە واتایەکی دیکە هەڵگری ئەو جینە ئارییە، بڕوانە لاپەڕە ٧٠ و ٧١
نزیکترین خزمایەتی کورد لەگەڵ ئەرمەنەکانە، ئەرمەنەکانیش لقێکی ئەو کۆچەن، کە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بەرەو باشوور و رۆژئاوای باشوور هاتوون. ئەرمەنەکان لە ئەرمینیا و رۆژهەڵاتی ئێستای تورکیا ماونەتەوە. ئەوانەی زیاتر بەرەوخوار هاتوون باپیرە گەورەی کوردەکانن، لە هەمان توێژینەوەی زانستیی فێردیناند هینەربیشلەر لێکچوونی هەرسێ زمانەکانی سۆمەرییەکان، زمانی خەڵکی هەرێمی باسک لە ئیسپانیا و شێوە زاراوەی گۆرانی لە ناو کورداندا، نیشان دەدات؛ هەرچەندە هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە کە ئەوانە (باسک و گۆران) لەگەڵ سۆمەرییەکان خزمایەتییان هەیە، بەڵام دەڵێ دەبێ پشکنینی زیاتر بۆ ئێسک و پروسکی سۆمەرییەکان بکرێت تا بە بەڵگە بسەلمێندرێ ئەگەر خزمن یان نا، مەبەست لە خزمایەتیی لێرەدا ئەوەیە ، کە ئەگەر هەیە سۆمەرییەکانیش هەر لە ناوەڕاستی ئاسیاوە کۆچیان بەرەو باشووری میزۆپۆتامیا کردبێت. دواتر نووسینێکی دیکە لەسەر رەچەڵەکی هەموو مرۆڤایەتیی دەنووسم، بێگومان هەموو ئەوەی دەمەوێ بینووسم، پشت بە زانست دەبەستێت
هەرچییەک بی، وامەزانە رەگت بە پاکی وەک خۆی ماوەتەوە، تێکەڵەیەکی وا لە نێوان نەتەوەو گەلاندا هەیە زانست نەبێت، کەس سەرە و دەری لێناکات. دەمارگیری و نەتەوە پەرستیش دەبێ سنوورێکی هەبێت، چونکە راستییەکان هەندێ جار لە دژی ویستەکانی خۆتن. خۆزگە لینکی ئەم ڤیدیۆیەم بە وەرگێڕدراوی عەرەبی یان کوردی دەدۆزیەوە، بەڵام ئەگەر سەیری ڤیدیۆیەکە بکەی و لێی تێبگەی، دەزانی لێرەدا ویستم باسی چی بکەم
. https://www.youtube.com/watch?v=tOLgSi8awdk&t=10s
ئەوەی لەو لینکە هەیە، کچێکی کوردی رۆژهەڵاتە، پشکنینی رەچەڵەکی بۆ کراوە، ئەنجامەکان زۆر پڕ سۆزن، چ بۆ ئەو کچە یان بۆ ئەوانەی دیکە.
ئەگەر توانیت لەم نووسینە تێبگەی، واتا کورد زمانی. ئەگەر دەرفەتت هەبوو پشکنینی دی ئێن ئەی باپیرە گەورە (ئەنسێستری) بکەی، ئەو کات بۆت دەردەکەوێ لەهەمان هێڵی جەنگیزخانەوە هاتووی. لەوانەشە وا نەبێت، رەگی عەرەبت زیاتر تێدا بێت کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیسلامدا بۆت ماوەتەوە
سەرچاوەی دیکە
https://www.nature.com/articles/s41598-020-72283-1
https://www.ias.ac.in/article/fulltext/jgen/095/04/0767-0776