گرێ مرازا –  ئامرازەکانی داکردنی (پرۆسەکردنی) خۆراک

لێرەدا تەنیا ئاماژە بۆ کتێبێکی لۆرا دیاتریش دەکەین سەبارەت بە ئامرازە بەردینەکانی گرێ مرازا نووسیویەتی. کتێبەکە تەنیا لە ئامرازەکانی داکردنی خۆراک دەکۆڵێتەوە و لە لایەن زانایانی پەیمانگەی ئەڵمانیا بۆ شوێنەوار ئامادەکراوە. تەنیا لەوەندەی هەڵکۆڵینی بۆ کراوە بڕی ١٠١٨٠ پارچە شوێنەواری لە بەرد دروستکراو دۆزراونەتەوە. هەموویان بۆ داکردنی خواردن و هەڵگرتنی، بەکارهاتوون. بەشێک لە و ئامرازانە بە تەکنۆلۆجیای نوێ و وێنەی دیجیتال و بەکارهێنانی بەرنامەکانی کۆمیپوتەر بۆ دیاریکردنی شوێنە زبرەکان لەگەڵ شوێنە لووسەکانی ناو دەفر و ئامرازەکان، شیکاریی بۆ کراوە

 

بەشێکی دیکەیان بە مایکرۆسکۆپ لێی وردبوونەتەوە بۆ دیاریکردنی ئەو جۆرە بەرهەمانەی پێی کوتراوە و لە ناویاندا هەڵگیراون. هەر جۆرە بەرهەمێک جۆرێک لە ڕووشان و داخوران لەهەر هاڕەرێکدا دروست دەکات. ئەوە تەکنیکێکی شوێنەوارناسییە بۆ دەستنیشانکردنی مەبەستی بەکارهێنان و ئەو بابەتانەی بۆی بەکارهاتووە. هەندێکیشیان لەناو کون و کەلێنی بەردەکاندا دەمێننەوە، ئاوا دەزانین چی پێ کراوە و کوتراوە

 

لە توێژینەوەکاندا، پێنچ بەرنامەی تایبەت بە ئامرازەکانی دەست بۆ کوتان و هاڕین داڕشتووە، تا بتوانن بەراورد لە نێوانیاندا بەکەن و مەبەست و شێوازی بەکارهێنانی هەر دەستەبەردێک (بەردی دەست) بدۆزنەوە. وردەکارییەکان زۆرن، لە لاپەڕە ١٤ی بەڵگەنامەکەوە دەستپێدەکات. وێنەی هەندێک لەو دەستبەردانە لە لاپەرەی ١٥ هەیە. لە لەلاپەڕە ١٦دا خشتەکانی تاقیکردنەوەکانی هاڕینی دانەوێڵە هەیە، زانیاری زۆریان تێدایە. ١١ کەس لە ئەندامانی تیمەکە بەو جۆرە بەردانە گەنمیان کردە ئارد. تەنانەت هاڕین بە درێژیی لەگەڵ هاڕینی بازنەیی دوو جۆر ئاردی بەرهەمهێنا. لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا نیسک کوترا و کرا بە هەویر. (لەو جۆرە شوێنانەدا بۆ تاقیکردنەوەکان، هەرگیز بەردە دۆزراوەکە بەکارناهێنن. بەردی وەکو ئەوان دروست دەکرێن و تاقیکردنەوەیان پێ دەکرێت)

 

بە شێوەیەکی گشتیی ٣٣٥٧ دەستەبەرد دۆزراونەتەوە. هەموویان جێ دەستەکانیان خڕیلە تاشراون و کێشیان تا ٨٠٠ گرامە. تیمی توێژینەوە بەپێی جۆری بەکارهێنان و قەبارە، بۆ ١٠ جۆریان دابەشکردن. قورسترین پرسیار بۆ تیمەکە ئەوەبوو تا چەند ئەو دەستەبەردانە لوس کراون و لێیان داتاشراوە تا بۆ کارەکانیان گونجاو بن. بەردی نزیک لەوانەی لە گرێ مرازا دۆزراونەتەوە لە دەورووبەری ئەو شوێنە بڵاوە و دەکرێ هەر بەردێک بە نزیکەی ٢ کاتژمێر ئامادە بکرێ و بۆ هاڕین و کوتان گونجاو ببێ. هەرچی بەردە گەورەکانە کاری زۆری نەویستووە، تا ئیستە ئەو جۆرە بەردە لەو شوێنە هەر زۆر هەیە

 

لەگەڵ ئەواندا ١٩٥٥ بەردی دیکە دۆزرانەوە، کاریان کوتانی دانەوێڵەکان بووە. لە شێوەکانیان وەک ئەوەی لە لاپەڕە ١٠٠دا هاتووە وەکو دەسکەوان (دەستهاوەن)ی ئاسایی وان، ئەوانیشیان بۆ ٩ جۆر دابەش کردن. قورسایی و شێوەیان بەکارهاتووە تا زۆرترین هێز بۆ کوتان دەستەبەر بکات. لە تاقیکردنەوەکانی تیمی توێژەران بۆیان دەرکەوت بەردێکی لەو جۆرە (دەسکی گرتنی هەبێ) بە ماوەی یەک کاتژمێر و نیو دەکرێ بە لێدانی هێواش و بەردەوام، دروست بکرێن. ئەم جۆرە بەردانە لە سەردەمی پێش-گڵسازیی چاخی بەردینی نوێ (٨٨٠٠ تا ٧٣٧٠ ساڵ پێش زایین) بەدواوە بەرە بەرە کەم دەبنەوە و ئامرازەکانی هاڕین جێگەیان دەگرنەوە

 

پاشماوەی دوو جۆر گەنم، جۆ و گوڵەدان لەسەر دەستبەردەکانی ١٢ هەزار ساڵ کۆن، لە گرێ مرازا دەستنیشان کران. هێچ گومان لەوەدا نییە دانیشتووانی گرێ مرازا تەواو زانیویانە گەنم بکوتن و بیکەنە ئارد. لەبەرئەوەی پارچەکانی بۆ ئەو کارە بەکارهاتوون گەلێک زۆرن، کەواتە ئەو گەنم و دانەوێڵەیەی لەوێ کاری لەسەر کراوە یەکجار زۆر بووە، یان بەردەوام بۆ چەندین ساڵ کاری تێدا کراوە. لەگەڵیاندا ژمارەیەکی زۆر لە ئێسقانی ئاسکە کێوی و ئاژەڵی دیکە دۆزرانەوە. واتا ئەوانە راو کراون

 

لە هەردوو جۆری سەرەوە گرنگتر، ئەو بەردانەن گەورە و ناو قووڵن. ئەوانە وەکو بەردی ژێر بەردەدەست و دەسکاوەنەکان بەکارهاتوون. دانەوێڵە و بابەتەکان لەناو ئەو بەردە قووڵانە دانراون و هاڕدراو یان کوتراون. کۆی ٢٠٧٨ بەردی لەو جۆرە دۆزرانەوە. بایەخی ئەو جۆرە بۆ کۆمەڵە خەڵکی ئەو کاتە زۆر بەرز بووە. بۆیە هەندێ جار لە نەوە بۆ نەوە ماوەتەوە. تەمەنی یەکێک لەو بەردانە وەکو نموونە ڕەنگە بگاتە ٦٠ بۆ ٢٠٠ ساڵ بە پێی ئەستووری و ئەو کارەی ڕۆژانە پێی دەکرێ. وردەکارییەکانی باسکردنی ئەم جۆرەیان یەکجار زۆرە ناکرێ هەمووی لێرە بنووسرێ

 

ئینجا بەردە دەفرەکان، ٣٤٩ دانە لەوانە دۆزراوەتەوە، ئەستووری دیوارەکانیان/لێوەکانیان لە نێوان ٦ بۆ ١٣ سانتیمەترە.  هەموویان شوێنەواری داتاشینی کاتی دروستکردنیان پێوە دیارە. ئەوانە بۆ کاری ڕۆژانەی لینانی خواردن و دانانی خواردن و ساردکردنەوە بەکارهاتوون. ئەوانە زیاتر دوای دەرکەوتنی نیشتەجێ هەمیشەییەکان لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵ دەرکەوتوون. بەپێی ئەوەی لەسەر ڕووی ناوەوەی هەندێ لەو دەفرە قووڵانە ماوەتەوە، دانەوێڵەیان (گەنم، جۆ، گوڵەدان)، تۆوی هەندێ دارودەوەن و گژوگیایان لەناو کوڵێندراوە. دەرکەوتووە هەندێکیان بیرەیان لەناو هەڵگیراوە. یان دانەوێڵەیان بە تەڕی (شێدار) لە ناو هەڵگیراوە و ماددەی (ئۆکسالایت)ی لەسەرد دیواری دەفرەکان، دروست کردووە

 

بەشێکی دیکەی ئەو دەفرانە لە ڕووی دەرەوەیان بۆ جوانکردن، نەخشی هێڵکاریی فرەچەشنی لەسەرە. زۆربەیان پارچەی ورد وردن بۆیە نەکرا بە تەواوی ئەو نەخشانە ڕوون بکرێنەوە و بکێشرێنەوە (بڕوانە لاپەڕە ١٤٠ و ١٤٤ تا ١٥٢)

 

https://www.researchgate.net/publication/357581162_Plant_food_processing_tools_at_Early_Neolithic_Gobekli_Tepe