زمانگرتن لە قسە کردندا

ژمارەی ئەوانەی لە کاتی قسە کردندا زمانیان دەگیرێ و ناتوانن بە ئاسایی بدوێن دەگاتە ٧٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا، تەنانەت جۆ بایدن ئەو کێشەیەی هەیە. ٥٪ ئەوانەی ئەو کێشەیان هەیە منداڵن، ٨٠٪یان بە تێپەڕبوونی کات و سەرکەوتنی تەمەن، نامێنێ. بەشێکی زۆریان لە منداڵیدا دەکەونە بەر هێرشی گاڵتەپێکردنی منداڵانی دیکە و هەیانە گرفتەکەی قورستر دەبێ. سەروو ٢٠٠ ساڵە زانست دەیەوێ تێبگات چی وا لەو کەسانە دەکات ئەو گرفتەیان هەبێ. چەندین بیردۆز و بیرو بۆچوونی هەڵە خراونەتە بەردەست و بە هەڵە ئەو بابەتە باسکراوە

 

هەندێک ڕەگی ئەو کێشەیە بۆ هەبوونی گرفت لە پێکهاتەی زمان لە ناو دەمدا، دەگێڕنەوە، یان کێشەکە دەخەنە پاڵ قورقوڕاگە، واتا ئەو شوێنەی دەنگەکان دروست دەکات. زۆر جاریش گوێمان لێ دەبێ گرفتەکە بە ڕاڕایی و کێشەی دەروونی کەسەکە دەبەستنەوە، یان دەڵێن پەروەردەی دایک و باب خراپ بووە و دەرهاویشتەی کێشەی ناوماڵ وادەکات ئەو کەسە نەتوانێ بە بەردەوامیی، بدوێ. دواییشیان دەڵێ کێشە لە پێکاهاتەو ئەرکی کۆئەندامی دەماری هەیە. بێگومان تا ئێستە خەڵک هەیە باوەڕی بە یەکێک لەو هۆیانەی سەرەو هەیە، بەڵام هەر هەموویان هەڵەن

 

جێڕاڵد ماگوایەر بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە زانکۆی ڕیڤەرسایدی کالیفۆرنیا بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی زمانگرتن، توێژینەوە دەکات. خۆی لە منداڵییەوە ئەو گرفتەی هەیە و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدات. یەکەم ئاماژە بۆ هۆکاری گرفتەکە لە مێشکدا لەساڵێ ١٩٩١ دەرکەوت، کاتێک توێژەران وێنەی ڕێڕەوی خوێنیان لەناو لوولەکانی مێشک، گرت. توێژەری دیکە لە پێوەندی نێوان جینەکان و زمانگرتنیان کۆڵییەوە، بەڵام زانستی جینەکان ئەوکاتە تازە لە سەرەتایدا بوو، بۆیە هێندە زانیاریی بەردەست نەبوو بەڵگەی تەواو نیشان بدەن

 

بە بەراورد لە نێوان چالاکی میشک لە نێوان ئەوانەی گرفتی زمانگرتنیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی نیانە لە کاتی قسەکردندا بۆ چاوی پسپۆری تیشکەکان، جیاوازیی دیارە. تاکە یەک بەشی مێشک ئەو جیاوازییەی تێدا نییە، بەڵکو کۆمەڵە شوێنێکن و پێوەندی نێوانیان ئەو جیاوازییە دەردەخات. بۆ نموونە لە بەشی چەپی مێشک بۆ ئەوانەی زمانیان دەیگرێ، پێوەندییەکی کەمێک لاواز لە نێوان بەشی گوێگرتن و بەشی جووڵەی ماسوولکەکان هەیە. هەمان بەراورد نیشانی داوە، پێکهاتەی ئەو گوریسەی لای چەپ بە لای ڕاستی مێشک دەبەستێ، لەوانەی زمانیان دەیانگری، کەمێک جیاوازە. خانەکانی جۆری ئەسترۆسایت ژمارەیان کەمە. ئەو خانانە وزەی کۆئەندامی دەمار دابین دەکەن و لە پاشەڕۆ پاکی دەکەنەوە

 

وا دیارە ئەو جیاوازییە کەمانە پێوەندی نێوان بەشەکانی مێشک دوادەخات. سەرنج دراوە ئەو منداڵانەی دوای چەند ساڵێک چاک دەبنەوە، پێوەندییەکانی نێوان بەشەکانی مێشکیان بێ دواکەوتنە و لەو گرفتە دربازیان بووە. بە شێوەیەکی گشتیی، لە مێشکی ئەو منداڵانەی زمانیان دەیگرێ لە کاتی قسە کردنیاندا ئەو بەشانەی مێشک کە ڕووداوی ڕابردووی تێدایە لەگەڵ ئەو بەشەی لە ئاییندە دەڕوانێ، چالاک دەبن. کەواتە ئەو دوو بەشە تۆزێک لە چالاکیی مێشک داگیر دەکەن و خێرایی پێوەندیی کەم دەکەنەوە. خۆ دەشکرێ بەشیک لەو گرفتە بۆ ماوەیی بێ

 

لە ساڵی ٢٠٠١دا، زانای جینناس دێنس دراینا لە کامیرۆنەوە ئیمەیلێکی پێگەیشت تێیدا هاتووە "من و ٢١ خوشک و برا لە یەک خێزاندا هەموومان زمانمان دەیگرێ، پێت وایە بۆ ماوەیی ڕۆڵی هەبووبێ؟" ، دوای گەڕان و توێژینەوە لە کامیرۆن و پاکستان (ژن خواستن لە پاکستان لە ناو خزماندا باوە) دراینا جینێک لە کامیرۆن و ٤ جینی لە پاکستان، بۆ دەستنیشان کرا، کە ئەگەر زۆرە لە زمان گرتندا ڕۆڵیان هەبێ. ئەوەی سەیرە هیچ لەو جینانە کۆنترۆڵی قسەکردن ناکەن، بەڵکو کاریان لە ناو میشکی مرۆڤدایە. دوایی جینێکیان لەناو کۆرپەلەیەکی مشکی تاقیگە دانا، بۆیان دەرکەوت جیکە جیکی مشکەکە پچڕانی پێوەیە، واتا وەکو قسەکردنی مرۆڤی زمان گرتوو، دەپچڕێ و دووبارە دەبێتەوە

 

جینێکی دیکە دۆزرایەوە (جی ئێن پی تی جی) پێوەندی بە ڕێژەی دروستکردنی وزە هەیە. وا دیارە ئەو بەشەی مێشك لە منداڵاندا، کە بەر لە تەواو فێربوونی قسەکردن، چالاکیی گۆێگرتن و قسە کردن ڕێکدەخات بە پێی پێویست وزەی پێناگات. بۆیە لەو بەشەدا گەشەی تەواو ڕوونادات و پێوەندی نێوان ئەو دوو بەشە لە میشکدا هەر بە سستی دەمێنێتەوە. هەر لە توێژینەوەکاندا دەرکەوی ئەو جینانەی لە بەرهەمهێنانی وزە بەرپرسن لە مێشکی ئەوانەی زمانیان نایگرێ، زۆر چالاکن

 

ماگوایەر خۆی بڕوای وابوو دۆپامین (پێکهاتەیەکی کیمیاییە زانیاریی لە ناو کۆئەندامی دەمار دەگوازێتەوە و هەستەکان و جووڵەی ماسوولکەکان ڕێکدەخات) بۆ قسە کردنیش جووڵەی وردی ماسوولکە لە دەمدا پێویستە. دۆپامین ٥ جۆر وەرگری هەیە دی ١ تا دی ٥. ئەوانەی زمانیان دەیگرێ، ڕێژەی چالاکیی دۆپامین لە مێشکیاندا زۆرە. دیارە ئەو ڕێژە زۆرە کاریگەریی زۆرە

 

سەرچاوە

 https://www.bbc.com/future/article/20200922-why-some-people-suffer-from-a-stutter