لەوەتای شۆڕشی فەرەنسا بەرپابووە، شۆڕش کراوە و مرۆڤ و مرۆڤایەتی چاویان کراوەتەوە و لەبەرانبەر پاشاکاندا، کە خۆیان بە دەست و داری خوا لەسەر زەوی زانیوە، داوای مافە گشتییەکانی خەڵک کراوە. بەر لەوە کەس نەیوێراوە نقە بکات. بیرمەندانی سەدەی ١٧ی جیهانی ڕۆژئاوا وەکو تۆماس هۆبز، جاک رۆسۆ و جۆن لۆک، بە ئامانجی ڕەتکردنەوەی مافی خوایی پاشاکان و ڕەوایی میتافیزیکی و ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە زۆرینەی خەڵک، ئەو بیرە ڕۆشنگەراییەیان بڵاو کردەوە. گریمانە ئەوەبوو ئەو واتایانە لە جیهانی کۆندا پێشینەیەکی نەبووە، یان لانیکەم بۆ سۆفستاییەکان و ڕەواقییەکان دەگەڕێتەوە.
دوای لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی نوێ سەبارەت بە ئایینی مهر/میترا، ئە وگریمانەیە گۆڕاوە. میترا بە واتای گرێبەست/پەردیس و سازان دێت. لەسەردەمی مادەکان تاکو سەردەمانی مەزدەکییەکان و خورەمدینەکان، ئەوە ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی باب و باپیرەی کوردەکانی ئێستە بووە. بە پێچەوانەی ئایینی زەردەشت و ئیسلام ، کە لەسەردەمی ساسانییەکان و عەباسییەکاندا ڕەواییبەخشی هژموونی نەتەوایەتی فارس و چینایەتی عەرەب بوون. بزووتنەوەکانی کورد هەموو کات شۆڕش دژ بە سیستەمی چینایەتیی و ڕەوایی میتافیزیکی پاشاکانی ئێرانی/عەرەبی، بوون.
مێژووی وشەی میترا بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. لەسەردەمی هیرۆدۆتس، جارێ خەڵکی ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستە ئایینی ئاهورامەزدایان نەناسیوە. لەسەردەمی ئاڤێستا و هخامەنشیدا لە وڵاتێکی نا ئاریایی، واتا لە وڵاتی ماد، میترا وەکو خوا پەرستراوە. جاران وا دەزانرا تەنانەت وشەی میترا، وشەیەکی هیندۆئەوروپییە و لەگەڵ ئاریاییەکان بەرەو ناوچەی زاگرۆس هاتووە. بەڵام زمانناس جولیانۆ بۆنفانتێ لە دایکبووی میلانۆی ئیتاڵیا (١٩٠٤-٢٠٠٥) سەلماندوویەتی ئەو وشەیە بۆ سەردەمانی بەر لە کۆچی ئاریاییەکان، دەگەڕێتەوە. بنەڕەتی وشەی میترا لە وشەی ماد سەرچاوەی گرتووە و لە وڵاتی مادەوە بەرەو هیند ڕۆیشتووە.
لە شوێنەواری نوزی لە کەرکوک لە ناو نزیکەی ٥٠٠٠ سواڵەت (تەختە قوڕ)، سواڵەتێک دۆزرایەوە مێژووەکەی بۆ ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە و چەندان وشە هاتوون لە ناوی میتراوە سەرچاوەیان گرتووە. یەکەم شوێنیش بە نووسین ناوی میترای تێدا هاتبێ شوێنەواری (بگاز کۆی) تورکیایە. ئەو شوێنە لە ناو دەسەڵاتی هیتییەکان و میتانییەکان بووە. هەر لەوێش ناوی میترای میتانی لەسەر گڵسازییەکان دۆزراونەتەوە، کەوایە میتانییەکان میترایان وەکو خوای خۆیان، قبووڵ کردووە.
هیچ بۆچوونێکی بڕواپێکراو سەبارەت بە کۆچی هیندۆئەوروپییەکان بۆ میتانی کۆن لە ٢٠٠٠ پێش زایین نەخراوەتە بەردەست، تا هیندی بوونی خوای میترا لەسەر پارچە بەردەکانی بگازکۆی بسەلمێنێت. هەر لێکچوونێک لە نێوان ناوەکان و خواکانی میتانی و هیندیدا هەبێت، لەبەرئەوە نییە میترا هیندی بووبێت و بەرەو زاگرۆس هاتبێ، بەڵکو لە کتێبی (ودا-کۆنترین نووسراوە بە زمانی هیندۆئەوروپییەکان) جگە لە یەک دوو جار -ئەویش بە کورتی- ناوی میترا بە تەنیا نەهاتووە، بە شێوەی میترا-وارۆنا هاتووە. دواییش لە ئێراندا، میترا وەکو ئەهریمەن و دێو پێناسە کرایەوە. بناغەی وشەی میترا، لە ئێران بۆ ئاهورا و لە هیند بۆ وارۆنا، گۆڕاوە. میتراپەرستیی هیچ کات ئایینی ئاریایی و ئێرانییەکان نەبووە.
ئیگۆر دیاکۆنۆف سەبارەت بە پێکهاتەی نەتەوەیی مادەکان، ئایینی میهرانی بە تایبەتمەندی و هۆکاری نەتەوەیی مادەکان دادەنێت. بەشێک لە خەڵکی ماد، بە میهرانی دواون. زمانی میهرانی بۆ ئاماژە بەو ناوچانە بەکارهێندراوە، بە وڵاتی گوتییەکان ناسراوە (دواتر وڵاتی مادەکان بووە). وشەی میهری و میهرانۆ لەسەردەمی دەسەڵاتی تیگلات ونینۆرتای و سەدەکانی ١١ تا ١٣ پێش زایین، بۆ ئاماژە بە خەڵکی ڕەسەنی ماد بەکارهاتووە. مادەکان هەمان ماناییەکان بوون. هەردوو وشەی میتانی و میهری، ناوی خوای میتانی و مادەکان بوون و هەردووکیان یەک واتایان هەیە.
گروپی نەتەوەی مار لە نووسینەکانی هیرۆدۆتس هاتووە. بەپێی سەرچاوەکانی ئاشوورییەکان لەسەدەی ١٣ی پێش زاییندا، نەتەوەکانی میهری و میهرانی لە ناوچەکانی ورمێ و وان نیشتەجێ بوون و بە زمانی میهری دواون. ئەسەرحەدوونیش ئاماژە بە نەتەوەی میهرانی لە چیاکانی زاگرۆس دەکات. لە گرێبەستی پاشاکانی هیتییەکاندا لە سەدەی ١٣ پێش زایین، ئاماژە بۆ وڵاتی میهری کراوە. وشەی مار شێوەی کورتکراوەی وشەی میهر بووە.
وشەی پەردیس، وشەیەکی مادی کۆنە واتای خۆشیی و شادیی لە ڕادەبەدەری ئەم دونیایە، لە کەلتوورەکانی دیکەدا واتاکەی بۆ فیردەوس یان بەهەشتی ئاسمانیی گۆڕاوە. پەردیس هەمان وشەیە لە ئینگلیزییدا بووە بە پارادایس (بەهەشت). پەردیس یان بەهەشتی ماد، شوێنی خۆشیی و هەڵپەڕکێ و مەستیی بووە، کۆت و بەندی میتافیزیکی و ئایینی لەوێدا نەبووە. ڕەنگدانەوەی سیاسی ئەم بۆنە و نەریتە لەسەردەمی مەزدەکییەکان و خورەمدینەکاندا، دەبینین. لەو دوو سەردەمەدا، تاکە بەربەست بۆ چێژبردن ڕەزامەندی لایەنی بەرانبەر بووە، نەک بەربەستە ئایینی و میتافیزیکەکان. گرێبەست/پەردیس بە واتای زەمینی بوونی کوردەکان و ڕەتکردنەوەی باڵادەستیی سیاسی و میتافیزیکی، لە پێناو بەرگری لە عەقڵی مرۆیی بووە.