ئۆزۆن بەشێکی زۆر گرنگی بەرگە هەوای زەوییە، پارێزەری هەموو شێوەکانی ژیانی سەر ڕووی زەویە، بە بێ ئۆزۆن ژیان یان هەر نەدەبوو، یانیش بە شیوەیەکی دیکە دەبوو
بەرگەهەوای زەوی لەچەند چینێک پێکدێت، هەر یەکەیان ناوی خۆی هەیە، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە تەنیا چینی ئۆزۆنە، ئەو چینەش بۆ دوو بەش دابەشکراوە، بەشێکی خراپ، کە لەسەر رووی زەوی هەیە و بەهۆێ پیس بوونی ژینگە پەیدا بووە، واتا چالاکییە پیشەسازییەکانی مرۆڤ دروستی دەکەن و بەشێکە لە پێکهاتەی هەوای پیس. بەشی دووەمیش ئەوەیە، کە لە نێوان ١٠ تا ٥٠ کیلۆمەتر بەرزە و بە سروشتی دروست بووە، لێرەدا باسی بەشی دووەم دەکەین
ئۆزۆن سێ گەردیلەی ئۆکسجینە یەک دەگرن و ئۆکسجینی سێ گەردیلەیی دروست دەکەن، گازی ئۆکسجین خۆی لە هەوادا هەیە، خۆر شەبەنگێکی فراوانی تیشکەکان پەرش دەکات، لەوانە تیشکی سەروو وەنەوشەییە، ئەو تیشکەی خۆر لە بەرگە هەوا دەدات و گەردیلەکانی گازی ئۆکسجین دەشکێنی بۆ دوو گەردیلەی ئۆکسجینی تەنیا، هەر تیشکی سەروو وەنەوشەیی تاکە گەردیلەی ئۆکسجین لەگەڵ ئۆکسجینی دووانە گەردیلە (گازی ئۆکسجین) لێکدەداتەوە و ئۆکسجینی سێ گەردیلە (ئۆزۆن) دروست دەکات. ئەو پرۆسەیە چەندین ملیۆن ساڵە هەیە، پێی دەڵێن سووڕی ئۆزۆن – ئۆکسجین
بۆچی چینی ئۆزۆن ئەوەندە گرنگە
گرنگیی چینی ئۆزۆن ئەوەیە ناهێڵێ تیشکی سەروو وەنەوشەیی بە رێژەی زۆر بگاتە سەر رووی زەوی، ئەو تیشکە هێندە زیان بەخشە، هەڕەشەیەکی زۆر مەترسیدارە نەک تەنیا بۆ مرۆڤ بەڵکو بۆ زۆربەی هەرە زۆری بوونەوەرانی سەر زەوی، ژیان لە بندا هەڵدەتەکێنێ، زۆربەی لە ناو دەبات. تیشکی سەروو وەنەوشەیی لە هەموو ئەستێرەکانەوە دەردەچێت، بەشێکە لە ژیانی ئاسایی ئەستێرەکان. سێ جۆریشی هەیە ئەی، بی، و سی. ئەوەی زۆر زیانبەخشە جۆری (سی) یە، چینی ئۆزۆن و گازی ئۆکسجینی ناو بەرگە هەوا هەمووی دەگێڕنەوە، دوای ئەو(بی) یە، سەرەڕای چینی ئۆزۆن بەشێکی زۆر کەمی هەر دەگاتە سەر زەوی، هەرچی جۆری (ئەی) یە هیچی بە ئۆزۆن گل نادرێتەوە، ئەوەیان پێست رەش ناکات بەڵام بەڵگە هەیە، کە زیانی بۆ پێست هەیە
تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیان بە دی ئین ئەی خانەکانمان دەگەیەنێت، وا دەکات بەرنامە تۆمەرکراوەکان بگۆڕێت و خانەی زیانبەخش دروست ببن وەکو خانەکانی شێرپەنجە. نەک هەر ئەوە، بازدانی جینەکانیش دروست دەکات، ئەو بازدانانە ئەگەر بە سروشتی و باری ئاسایی نەبێت، ئەنجامی زۆر خراپ و مەترسیداری هەیە
کاتێک دەبیستی دەڵێن چینی ئۆزۆن کون بووە، ئەوە راست نییە، مەبەست لەو کون بوونە ئەوەیە، کە تەنک بووە، زیاتر تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەگاتە سەر ڕووی زەوی و دەریاکان، بۆیە گشتیی مەترسیی لەسەر ژیان هەیە. ئەو تەنک بوونە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٨٥ باس کراوە، لەو کاتەی زانراوە ئەو چینە تەنک بووە تا ئێستا زۆر رێکاری کاریگەر بۆ کەم کردنەوەی ئەو تەنک بوونە، گیرانەبەر. سێ مانگی دەستکرد و سێ وێستگەی سەر زەوی بەردەوام چاویان بڕیبووە تەنک بوون و چاک بوونەوەی چینی ئۆزۆن، تا گەیشتە ئەوەی لە ئابی ٢٠٠٣ خاوبوونەوەی تەنک بوونی چینی ئۆزۆن راگەیاندرا، وا چاوەڕوان دەکریت ئۆزۆن تا ساڵی ٢١٠٠ بە تەواوی بگەڕێتەوە دۆخی ساڵانی ٦٠ و ٧٠کانی سەدەی رابردوو
بابەتێکی دیکەی پێوەست بە ئۆزۆن لە میدیا و تەنانەت هەندێ ماڵپەڕ و گۆڤاریش باس دەکرێت، ئەوەیە کە تەنک بوونی چینی ئۆزۆن رۆڵی لە گەرم بوونی جیهاندا هەیە، ئەو بابەتە نە زۆر و نە کەم هیچ کاریگەری لەسەر گەرم بوونی جیهان و قەتیس بوونی گەرمیی نییە، دوو بابەتی تەواو لەیەک جیان، زانستخوازان دەبێ لەوە شارەزابن ئەو تیشکە سەروو وەنەوشەییەی دەگاتە سەر زەوی هێندە زۆر و هێندە بە وزە نییە گەرمیی ناو بەرگە هەوا زیاد بکات. هیچ بابەتێکی زانستیی یان توێژینەوەی زانستیی نییە ئەو دوو بابەتە لەسەر بنچینەی زانستیی لەیەک ببەستێ، ئەوەی هەیە هەندێ ماڵپەڕ و گۆڤاری عەرەبین یان زانست دۆستی بێ ئەزموون و کەم خوێندنەوەن، نازانم بۆ بەڵام پێیان وایە تەنک بوونی چینی ئۆزۆن گەرمیی لە ناو بەرگەهەوادا قەتیس دەکات