هەڵبەت لە جیهاندا بە ناوە تورکییەکەی ناسراوە (بۆنجوکلو تارلا)، ئەویشیان هەر لە ناوە کوردییەکەیەوە کراوە بە تورکی. ئەو شوێنەوارە دەکەوێتە سەر گردێکی ٥٠٠ مەتر بەرز و بەسەر ڕووباری نیڤالادا دەڕوانێ، کەمێک لا چەپەک کەوتووە. چیایەکی گڕکانی لێوە نزیکە، سەرچاوەی زۆر بازلت و ئاوی بە گۆگردە. نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی گرێ مرازایە. لەبەر دروستکردنی بەنداوی ئیلیسو، ڕووماڵی ئەو ناوچەیە کراو هەر زوو هەڵکۆڵینی تێدا کراوە
هەڵکۆڵین ساڵی ٢٠١٢ دەستیپێکرد و تا ساڵی ٢٠١٧ ناوە ناوە بەردەوام بووە. کۆی ڕووبەری شوێنەوارەکە نزیکەی ٣٥٠٠ مەتر دووجایە. بەڵام ڕووبەری ٣٥٠ مەتر دووجا هەڵکەندرایەوە. شوێنەوار تەنیا لە ١٠سانتیمەتری ژێر گڵی سەرەوە دەرکەوت. کۆی نیشتەجێیەکە ٦ چینی تێدایە. چینی سەرەوە بۆ چاخی بەردینی نوێ و چینی ٦ لە بنەوە بۆ ١٠٣٩٠ ساڵ دەگەڕێتەوە. هەموویان پێکەوە نزیکەی ٢ مەتر و نیو لە ژێر ڕووی زەوین. ٢٢٥ سانتیمەتری بە پێوە مابوو، ٢٠ تا ٣٠ سانتیمەتریش ڕووخابوو
لە ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتەی جی دی ٤ دۆزرایەوە، چەند مەترێک لە هەردوو پێکهاتەی جی دی ١ و جی دی ٢دووربوو. هەرسێ خانوو یان پێکهاتە خەسڵەتی خانووەکانی نیمریک ٩ی سەر ڕووباری دیجلەی ناو عێراقی ئێستە، هەبوو. جگە لەوایش، هەندێ ئاکاری پێکهاتەی ژمارە ٧ی گردی گوسیر، زنجیرە خانووەکانی ٣/٢٦٧/٢٩٨/٣٥٠ی ناوچەی ئێچ ١٢ی حەسەنکێف، خانووەکانی ٧،٨ و ١٥ی گرێ فیلە/گرێ کوردان و پێکهاتەی ئی ئەی ٦ لە وادی تومباق، هەبوو
بۆ چەندان ساڵ خەڵکی ناوچەکە مت و مورووی لەبەرد دروستکراویان لەو شوێنە دەدۆزییەوە، بۆیە ناویان ناوە زەڤیا ب موری. هەر بە کرمانجی سەروو ناوێکی دیکەی هەیە پێی دەڵێن (زەڤیا مەهێرک). کێڵانی زەوی وایکردووە هەرجارە و کۆمەڵێک دەرکەون، بازنی دەست لە مەڕمەڕ دروستکراوە، ملوانکە و گوارەی لە هەمەجۆرەی بەرد و ئێسقانی ئاژەڵان داتاشراون و دروستکراون. پەیکەری بچووکی لەبەرد داتاشراو بەشێکی دیکەی دۆزراوەکان بوو. هەیانە لە شێوەی سەری ئاژەڵان دروستکراون، وەکو سەری گا، ئاسک، پڵنگ، مار، دووپشک و بزنە کێوی. مس و بەردە مس لە دروستکردنی ئەو شێوانە بەکارهاتوون. تاکە یەک پەیکەری بەرد بە بەرزی ٦٥ سانتیمەتر لە شێوەی مرۆڤ دروستکراوە، دۆزرایەوە
خانووەکانی چینی ١ و ٢ لاکێشەن. لە چینی ١ خانوویەکی ١٠ بە ٥ مەتر و نیو دەرکەوت، بۆ ١٢ ژوور دابەشکرابوو. لەگەڵ ئەودا، پێکهاتەیەکی وەکو پەرستگەیە هەیە، دیارە پێشتر ئەو خانووە لە چینە کۆنەکاندا هەبووە و نوێ کراوەتەوە. ژوورێکی بچووکی تەنیشت خۆی خراوەتە سەری تا ڕووبەرەکەی تا ١٩٥ مەتر دووجای لێبێ. زەوی ئەو شوێنە بە قوڕێکی پەستروای ڕەنگ سوور بە ئەستووری ١٧ سانتیمەتر، داپۆشراوە. هەرچەندە بە هۆکاری داماڵین و کشتوکاڵ بەشێکی زۆری نەماوە، بەڵام ئەوەی ماوە زۆر سەرجڕاکێشە. مێژووی دروستکردنی بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە
پێکهاتەی جی دی ٤ هێلکەییە، تیرە درێژەکەی ٨٩٠ سانتیمەتر و کورتەکەی ٨٦٠ سانتیمەترە. دیوارەکانی ٦٦ سانتیمەتر پانن، لە بەردی گرانیتی ناو ئاو دروستکراون و بەبەردی لایمستۆن لەیەک گیر کراون. ڕووی بەردەکان بەلای درێژیدا بۆ ناوەوە ڕیز کراون (بڕوانە وێنە ٢). دیوارەکانی تا بەرزیی ٢٢٥ سانتیمەتر لە زەویەکەیانەوە مابوون. بە پێی ئەوەی لەو دیوارانەوە بەربوونەتەوە، دیارە ٢٠ تا ٣٠ سانتیمەتر لەوەی ماوە، بەرزتربوون. ڕووی ناوەوەی دیوارەکانیان بە چینێکی ئەستووری قوڕ، سواغ درابوون، لە ناویدا بەردی تەنکی ناو ئاو داندرابوون. وەکو جوانکاریی دەردەکەوتن. ئەو تێخزانەی بەردی لووسی ناو ئاو، وایکردووە قووڵایی دیوارەکان لە دەرەوەی جیا نەکرێتەوە. هەمووی یەک لەتەنیشت یەک ڕیز کرابوون
چوار ستوون لەناو ئەو پەرستەگەی داندراون، شێوازی دانان و شێوە گشتییەکەی لەوانەی نەوالێ چۆرێ و گرێ مرازا دەچن. بەڵام نەخش و هەڵکۆڵینی وەکو ئەوان لەسەر نەکراوە. بۆچوون وایە ئەو ستوونانە بۆ هەڵگرتنی بن میچ داندرابن. ژووری بچووک لە تەنیشتی ڕۆژئاوای ئەو پێکهاتەیە شوێنی ژیان بووە. مردووەکانیان هەر لە زەوی بن خۆیان ناشتوون. بەردی دانەوێڵە و تۆو هاڕین، دەسکەوان (دەسک هاوەن) و ئاگرادنیان تێدا بووە. کەواتە ئەوانە شوێنی ژیانی ڕۆژانە بووە
باوەڕ وایە ئەو پەرستگەیەی لە زەوی بە موروو دۆزراوەتەوە، چەند سەد ساڵێک لە پەرستگەکەی گرێ مرازا (گۆبەکلی تەپە) کۆنتربێ. ئەگەر هەیە ١٠٠٠ ساڵ کۆنتر بێ، کەواتە کۆمەڵە ڕاوچییەکانی سەردەمی چاخی بەردین بەر لە دەستپێکردنی دروستکردنی بابەتەکانی گڵسازیی، کۆمەڵێکی باوەڕداربوون و پەرستگەیان هەبووە
هەرچی ژوورەکانی لای ڕۆژهەڵاتییەتی، کۆگەکانی خواردن بوون. هەموو کۆمەڵگەکە بە هەمان مەبەست بەکاریهێناون. لە چینی چوار خانووەکان و پێکهاتەکان لە نێوان بازنەیی و لاکێشەدان. یەکێکیان تیرەی ٥ مەترە و سێ دەرگای هەیە، ئەوە تاکە خانووە ئەو شێوەیەی هەبێ و لە ناو بۆشایی خانووە نیمچە لاکێشەکاندا دروستکراوە. پێچەوانەی ئەوانی دیکە، ئاگردانی لێ نییە
هەرچی چینی پێنجەمە، دوو پێکهاتەی بازنەیی لە هەڵکۆڵینی چاڵی جەی ١ دەرکەوتن. تیرەیان لە نێوان مەتر و نیو تا دوو مەترە. باوەڕ وایە کۆگەی خواردن بووبن، نەک شوێنی ژیان. شێوەیان لەوانەی چەمی هەللان دەچن، لایەکی بازنەکە کراوەیە. لە گەڵ ئەوانەدا، بەشێکی زۆری ئامرازەکانی بەرد دۆزرانەوە، زۆربەیان لە بەردە شووشە دروستکراون. سەرە تیر لەبەرد دروستکراوە، بەردی هەردوولا تیژ بۆ بڕین و داماڵینی گۆشت، بەردی لا تیژ بۆ بڕینی ڕووەک و وردکردن و چەندین بابەتی دیکە
لە کۆی ٧٠ گۆڕی مرددوەکانیان، ١٣٠ پەیکەری ئێسقان دەرهێندرانەوە. هەر هەموویان پیاو بوون. جگە لەو گۆڕانە ٣ گۆڕی دیکە بە جیا هەبوون. لە ٧ گۆڕی دیکەدا ٩ کەللە سەر هەبوون، لەوانەیە ئەوانە دوای مردنیان سەریان لەلاشە جیاکرابێتەوە. ٩ گۆڕی دیکە هەبوون هەر یەکەیان دوو تەرمیان تێدا نێژرابوو، ٥ی دیکە هەبوون هەر یەکەیان سێی تەرمیان تێدا بوو، ١ گۆڕی دیکە چوار تەرمی تێدا بوو، گۆڕێکی دیکە شەش تەرم و ٢ گۆڕی دیکە هەر یەکەیان ٧ تەرم و دوایینیان ١١ تەرمی تێدا نێژرابوو
شوێنەواری زەوی بە موروو، لە ماوەی چەند هەزار ساڵی ڕابردوودا شارستانییەتی سۆمەر، بابل، ئەکاد، هیتیت، ئاشوور، ڕۆمان، سەلجووق و عوسمانییەکان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەبووە. ئەوانە جگە لە ماد، هخامەنشین و ساسانییەکانیش
سەرچاوە:
http://www.tayproject.org/TAYages.fm$Retrieve?CagNo=10860&html=ages_detail_e.html&layout=web
https://lens.idai.world/?url=/repository/eDAI-F_2022-1/eDAI-F_Kinzel.xml#content/figure_reference_2