لە نووسینەکانی پێشووتردا، چەند جارێک ئەوە هاتە بەرچاوان کە مێشکی مرۆڤ لە پووکانەوەدایە (مەبەستم قەبارەکەیەتی). قەبارەی ناوەوەی کەللەسەری مرۆڤی ئۆواسا ٢، لە ڕۆمانیا دۆزرایەوە و بڕوا وایە ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیابێ، لە نێوان ١٥٢٥ تا ١٦٠٠ سانتیمەتر سێجایە. بەڵام کەللەسەری هەر مرۆڤێکی ئەوروپای ئێستە کەمێک لە سەروو ١٤٠٠ سانتیمەتر سێجایە. بەو پێیە بێت، لە کۆتایی دوایین چاخی بەستەڵەکەوە (نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر)، مێشک بەرەو بچووکبوونەوە، دەڕوات
لە ماوەی ١٠ هەزار ساڵی ڕابردوودا، قەبارەی مێشکی ئافرەت لە ئەوروپا، لە تێکڕای ١٥٠٢ سانتیمەتر سێجا بۆ ١٢٤١ سانتیمەتر سێجا، کەمیکردوە. هەمان ڕاستیی بۆ ئەوانەی چین، ئوسترالیا و ئافریقا هەیە. لە هەموو شوێنێکی دیکەی جیهاندا هەر وابووە. شوێنی نیشتەجێبوون، کەشوهەوا و نەژادی مرۆڤەکانیگەر نەبوون. کەواتە ئەو دیاردەیە جیهانیی بووە. ئەو ڕاستییەی سەرەوە جێی تێڕامانی زۆرە
لە ٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەرەوە بەردەوام قەبارەی کەللەی سەری مرۆڤی کۆن و باب و باپیرە گەورەکانی، ئەوانەی بە قیتیی لەسەر دوو قاچ ڕۆیشتوون، بە خێرایی گەورەبووە. بە شێوەیەک هەر ١٠٠ هەزار ساڵێك نزیکەی ٧٠ سانتیمەتر سێجا، گەورەبووە
ئەو کەمبوونەوەیە لە قەبارە، هاوکاتی هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیەکان، دۆزینەوە و داهێنانەکانی زانستە جۆراو جۆرەکان بووە. هیچ ئاماژەیەکی کەمبوونەوەی توانای درککردن لە مرۆڤدا نییە. پێچەوانەکەی ڕاستە. لەگەڵ ئەوەدا تا ئێستە هیچ هۆکارێکی سەرەکیی و زانستیی بۆ ئەو بچووکبوونەوەیە، دەستنیشان نەکراوە. بە شێوەیەکی گشتیی، کەس بە تەواوی نازانێ بۆ. بەڵام سێ ئەگەر لە ئارادان
یەکەم: ماڵییبوونی مرۆڤ (کەویبوونی مرۆڤ)، بەوە دەگووترێت هەڵبژاردن دژی کاردانەوەی شەڕانگێزیی. لە لای زانایانی مرۆڤناسیی کاردانەوەی شەڕانگێزی واتا ناکۆکی و پێکهەڵپرژان لە ناو کۆمەڵەکانی مرۆڤدا. بە واتای ئەوەی لە ناو کۆمەڵەکانی مرۆڤدا ئەو جۆرە ناکۆکیانە کەمترن. هەمان هەڵسوکەوت لە گیانداراندا بە دیدەکرێ. گیاندارە ماڵییەکان لە چاو کێویەکان، ئارامترن. لەبەرئەوە، جووتیارە سەرەتاییەکانی چاخی بەردینی کۆن، بە وردی ئەو گیاندارانەیان هەڵبژارد، کە بتوانن لەگەڵیاندا بژین
جیاوازی نێوان قەبارەی نێر و مێ و جیاکەرەوەکانیان، لە گیاندارە ماڵییەکاندا کەم بووەوە. دەموچاویان لە چاو کێویەکان کورتترە، چونکە پێسویتیان بە ددانی درێژ و تیژ نەماوە. بە هەمان شێوە قەبارەی مێشکیان بچووکترە. مێشکی سەگ ٢٩٪ لەوەی گورگ بچووکترە. ئەوەی بەراز ٣٤٪ لە چاو بەرازی کێوی بچووکترە. ئەوەی مانگا ٢٥٪ لە چاو هاوەڵە کێویەکانی بچووکترە. ئەو بچووکبوونەوەیە لە مرۆڤی هۆمۆسایپیانیش لە چاو مرۆڤەکانی دیکەی کۆن، دەرکەوتووە
دووەم: قەبارەی مرۆڤ بە گشتیی لە بچووکبوونەوەدایە. بچووکبوونەوەی قەبارەی مرۆڤ لە نێوان ٥٠ تا ٣٠ هەزار ساڵ لەومەوبەرەوە دەرکەوتووە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ جۆری خواردن و شێوازی ڕاوکردن گۆڕاوە، چونکە پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی وەکو دروستکردنی ڕم و تیروکەوان بۆ ڕاوکردن، ئەرکی ڕاوکردنی ئاسان کردووە. مەرج نییە تەنیا بە گۆڕانی شێوازی ڕاوکردن، قەبارە گۆڕابێ. لە سەردەمی شۆڕشی کشتوکاڵدا بەر لە ١٢ هەزار ساڵ، مرۆڤ شیوازی ژیانی گۆڕا. پەیکەرە ئێسقانەکانی لەو کاتەوە ماونەتەوە بەدخۆراکییان پێوە دیارە. دەکرێ وشکە ساڵی و نەخۆشیی ئاژەڵان، ماوە ماوە برسییەتی هێنابێ. بۆیە بە نەبوونی خواردن قەبارەی مرۆڤ پووکاوەتەوە
بە شێوەیەکی گشتیی لە ١٠ هەزار ساڵدا بە تێکڕا ٥ کیلۆگرام لە لەشی مرۆڤ کەم بووەتەوە. بە پێی ڕێژەی مێشک بۆ لەش، ئەو کەمبوونەوەیە دەبوایە تەنیا ٢٢ سانتیمەتر سێجا لە قەبارەی مێشک کەمبکاتەوە، بەڵام مرۆڤ لە نێوان ١٠٠ تا ١٥٠ سانتیمەتر سێجای لە دەست داوە. کەواتە دەبێ هۆکاری دیکە هەبێ
سێێەم: سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر بچووکبوونەوە زۆر بە خێرایی دەستیپێکردووە. درککردن کەمینەکردووە. کەواتە دەبێ هۆکار ئەوەبووبێ پێویست بووە مێشک بە قەبارەی بچووکتر هەمان کار بکات. واتا کارایی خۆی زۆر بکات. کارایی لەوەدایە هیچ توانایەکی کەم نەبێتەوە. بەڵام بۆ تەنیا ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە
مرۆڤ تەنیا دوای شۆڕشی کشتوکاڵ کەوتنە ئەوەی زۆرتر لەگەڵ یەکدا بن و نزیک لەیەک بژین. یەکەمین کۆمەڵگەکان هەر لەو کاتەدا دەرکەوتوون. کۆمەڵگەکانی مرۆڤ چەندی دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. وایلێهات شار و ژیانی شار دەرکەوت، پێکەوەژیان وایکردووە پێویست نەبێ هەموو شتێک بۆخۆمان بیکەین. دوای ئەویش، نووسین وایکردووە لە ونبوونی زانیاری دەربازبین. هەرکاتێک ویستمان دەتوانین بۆ دەقە
نووسراوەکان بگەڕێینەوە. ئەو جۆرە ژیانە نوێیەی مرۆڤ وایکردووە پشت بە یەکتری ببەستین و پێویست نەمێنی بە تەنیا بین. لەوەدەچێ گۆڕان لە شێوازی ژیان پاڵنەری بچووکبوونەوەی مێشکی مرۆڤ بووبێت
مەرجیش نییە هیچ لەو سێ ئەگەرە تەواو ڕاست بن. بەڵام جارێ ئەوەندەمان لەبەردەستە.
سەرچاوەکان:
https://www.bbc.com/future/article/20220503-why-human-brains-were-bigger-3000-years-ago