ئایا دەبێ لە ژیریی دەستکرد بترسین؟

جارێ نازانین بازاڕی کار لە ساڵی ٢٠٥٠ چۆن دەبێ. بە گشتیی هاوڕایی لەسەر ئەوە هەیە رۆبۆتەکان زۆر کاری مرۆڤ دەبەن. ڕای جیاوازیش لەسەر سروشتی کاریگەرییەکان و چەندە توند دەبن، هەیە. هەندێک پێیان وایە لە ماوەی بیست ساڵی داهاتوودا، ملیارێک کەس کاریان نامێنێ. هەیشە دەڵێ، بە هاتنی رۆبۆتەکان بۆ ژیانی مرۆڤ، هەلی کاری نوێ دەڕەخسێ و خۆشگوزەرانی بەردەوام دەبێ. ترسی مرۆڤ لەوەی رۆبۆت و مەکینەکان جێی بگرنەوە لە سەدەی نۆزدەوە هەیە، کەچی تا ئێستەیش بەدی نەهاتووە


لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە، بۆ هەر کارێک مەکینە لە مرۆڤی وەرگرتبێت، کارێکی دیکەی ڕەخساندووە. ئاستی ژیانیش زۆر باشتر بووە. تا ئێستە، رۆبۆت و مەکینەکان کارەکانی جەستەیی مرۆڤیان وەرگرتووە، ئەوەی پێویستی بە مێشک و چالاکییەکانی درککردنەوە هەیە هەر لای مرۆڤ ماوە. بەو پێێە، لەبەرئەوەی کارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی بۆ مرۆڤ جەستەیی بوون مەکینەکان دەیکەن، بەڵام کاری دیکەی خزمەتگوزار وەکو فێربوون، شییکردنەوە و پێوەندیکردن، ڕەخسان. دەبێ وریا بین، ژیریی دەستکرد لەو بوارەیشدا وا دێتە پێش


زۆر گرنگە لەوە تێبگەین ژیریی دەستکرد تەنیا بەرەوپێشچوونی خێرایی کۆمپیوتەرەکان نییە. ژیریی دەستکرد هەنگاوی گەورەی لە زانستەکانی زیندەیی و کۆمەڵایەتیی، ناوە. چەندی زۆرتر لە هەست و نەست، ئارەزوو و بژاردەکانی مرۆڤ و کارلێکە کیمیاییەکانی تێدەگەین، ئەوەندە زۆرتر لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ تێدەگەین و دەتوانین پێشبینیی بڕیارەکانی بکەین. توێژینەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو بۆی دەرخستووین لۆگاریتمەکانی کاری مێشک ڕێکدەخەن بێ کەموکوڕێ نین، هێشتا بە مێژووی باپیرە گەورە ڕاوچییەکانی ئافریقاوە بەستراوەتەوە. بۆیە هێشتا پارێزەرانمان، فەرمانبەری قەرزدان لە بانک و شوفێری ئۆتۆمبیلەکان هەڵەی گەمژانە دەکەن. بێگومان رۆبۆت لەوانەدا زۆر لە ئێمە باشتر کارەکان دەکات


شوفێرێک پێشبینی جووڵەی پیادەیەک بکات، فەرمانبەری بانک قەرزی بانک نەدات و پارێزەرێک دانوستاندنی گرێبەستێک بکات، ئەوانە سیحر و جادوو نین. هەرسێکیان بۆ بڕیاردان پشت بە مێشکیان دەبەستن. مێشکیش بە بەراوردکردنی ڕووداوی ڕابردوو لەگەڵ ئەوەی ئێستە، گۆڕان لە ئاکاری دەموچاو، نەرمی و ڕەقی دەنگ و جوڵەی دەست لەگەڵ قسەکردندا، بڕیار دەدات. خۆ ئەگەر رۆبۆتێک هەموو ئامرازەکانی شییکردنەوەی ئەو سێ حاڵەتەی سەرەوەی هەبێ، زۆر لە مرۆڤ باشتر بڕیارەکان دەدات


کەواتە هاتنە پێشەوەی ژیریی دەستکرد تەنیا بە پێشکەوتن لە بواری زانیارییدا بەرهەم نایەت. دەبێ زانیارییەکان لەگەڵ زانستی زیندەیی تێکەڵ بن. دوو سیفاتی زۆر گرنگی ژیریی دەستکرد (پێوەندیی کردن و خۆ گونجاندنە). مرۆڤەکان تاکن، لەگەڵ یەکتردا بە ئاسانی پێوەندی ناکەن، ناشتوانن هەموو لەگەڵ یەک چەقدا پێک ببەسترێنەوە. بەڵام رۆبۆتەکان وا نین، هەموویان دەکرێ بە یەک کۆمپیوتەری سەنتەرەوە پێوەند بن و ببەسترێنەوە. بۆیە جێگرەوەی چەند ملیۆن مرۆڤێک چەند ملیۆن کۆمپیوتەر نییە، بەڵکو تۆڕێکی پێوەندی کردنە


دوو شوفێری ئۆتۆمبیل کە بەیەکەوە دەگەنە چوار ڕیانێک، لەوانەیە هەڵە بکەن و لەیەک بدەن. بەڵام ئەگەر رۆبۆت ئۆتۆمبیلەکان لێخوڕن، پێکەوە پێوەندییان هەیە و هەردووک بەشێکی هەمان لۆگاریتمی کۆمپیوتەرێکن، هەڵە ناکەن. ساڵانە ١ ملیۆن و نیو کەس بە ڕووداوی هاتووچوو دەمرن، ئەو ژمارەیە دوو ئەوەندەی کۆی کوژراوانی جەنگەکان، تیرۆر و تاوانەکەنە. ٩٠٪ی ڕوداوی هاتووچوو لە هەڵەی مرۆڤ ڕوودەدەن. ٣١٪ی ڕووداوەکان لە ئەمەریکا هۆیەکەی ئەوەیە سەرخۆشە و شوفێری دەکا، ٣٠٪ تیژ ڕەوییە و ٢١٪ بێ هۆشیی لە لێخوڕینە. رۆبۆتەکان هەرگیز ئەو گرفتانەیان نییە


بە هەمان شێوە، ئەگەر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەخۆشییەکی نوێی ناساند، یان تاقیگەیەک دەرمانێکی نوێی دروست کرد، ئەستەمە هەموو دکتۆرەکانی جیهان لە یەک ڕۆژدا ئاگەدار بکرێنەوە. بەڵام بۆ دکتۆرە رۆبۆتەکان هەموویان لەیەک چرکەدا تازەترین هەواڵ و توێژینەوەیان پێدەگات. کەواتە زۆر گونجاوە لە هەندێ بواردا رۆبۆتەکان جێگامان بگرنەوە، چونکە لە ئێمە باشترن، بەڵکو هەرزانتریشن. دەکرێ گوندنشینێکی دوورەدەست تەنیا بە مۆبایلەکەی دەستی، لە لایەن رۆبۆتێکی دکتۆرەوە خزمەتگوزاریی تەندروستیی باشتر لە دەوڵەمەندێکی ئێستەی، پێبگات


ژیریی دەستکرد لە ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ مرۆڤ، یاریدەدەر دەبێ. لە بری ئەوەی مرۆڤ ڕکابەری رۆبۆتەکان بێ، دەتوانێ لە بواری خزمەتگوزاریی کار بکات. بۆ نمونە جێگرتنەوەی رۆبۆتەکان لە ناو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کۆمەڵێکی دیکەی هەلی کاری چاککردنەوە، دوورە کۆنترۆڵکردن، شییکردنەوەی داتاکان و ئاسایشی دیجیتالی ڕەخساند. سوپای ئەمەریکا بۆ فڕاندنی هەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی (پریداتۆر و ڕیپەر) لەسەر سوریا پێویستیی بە ٣٠ کەس هەیە. شییکردنەوەی داتاکانیش هەر نەبێ ٨٠ کەسی دیکەی دەوێ. لە ساڵی ٢٠١٥ دا سوپا ئەو هەموو کەسەی دەستنەدەکەوت


تیمی تێکەڵەی مرۆڤ و رۆبۆت لە پۆلیس تا دەگاتە بانکەکان ئەنجامی باشتری لەوەی ئێستە هەیە. کاتێک کۆمپیوتەری (دییپ بلو) شەترەنجی لە پاڵەوانی جیهان گاری کاسپارۆڤ بردەوە، مرۆڤ وازی لە یاریکردنی شەترەنج نەهێنا. بەڵکو ژیریی دەستکرد پاڵەوانانی جیهانی لەو یارییە باشتر کرد. لە شەپۆلی پێشووتری جێگرتنەوەی مرۆڤ بە رۆبۆت، خەڵک بە ئاسانی لە کارێکی رۆتین ئاساوە بۆ کارێکی دیکەی رۆتین ئاسا دەچوو. لە ساڵی ١٩٤٠ تراکتۆرێک جێی جووتیاری دەگرتەوە، جووتیارەکە لە کارگەیەکی دروست کردنی تراکتۆر لە شاردا کاری دەست دەکەوت. لە ساڵی ١٩٨٠ کرێکارێکی کارگەیەکیش کاری نەمابا لە سوپەرمارکێتێکدا کاری دەست دەکەوت. چونکە کارەکان ڕاهێنانی زۆر و بڕونامەی بەرزی نەدەویست تا لە نێوانیاندا بێی و بڕۆی


لە ساڵی ٢٠٥٠ ئاوا نامێنێ، رۆبۆتێک جێی کرێکارێک لە کارگەی قوماش بگرێتەوە، کرێکارەکە ناتوانێ ببێتە کارپێکەری درۆن یان توێژەری شێرپەنجە لە تاقیگەیەکدا. هێندەی لێهاتوویی نابێ ئەو کارانە بکات. ئاسان بوو لە جەنگی جیهانی یەکەمدا چەند ملیۆنێک سەرباز ببرێنە بەرەکانی جەنگ، بەڵام سوپای ئەمەریکا ناتوانێ کاشێری سوپەرمارکێتێک بکاتە کارپێکەری درۆن، دەنا لەوانەیە لە بری کۆبوونەوەیەکی تالیبان لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوە بدات. کەواتە لەگەڵ ئەوەی هەلی کاری زۆر دەڕەخسێ، بەڵام چینێکی بێ کاری بێ سوودیش دروست دەبن. لەوانەیشە بە هەردوو باردا گرفتمان بۆ دروست بێ، چی ئەوەی بێ کاریی زۆر هەبێ، یانیش، ئەوەی کورتهێنان لە کەسی لێهاتوو، زۆر هەلی کار بە بەتاڵی بهێڵێتەوە


ناکرێ هەر بینەر بین. کارێکی مەترسیدارە وابزانین جێگرتنەوەی رۆبۆت بۆ کارەکانی مرۆڤ هەردەم هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێ. ئەگەرچی پێشتر وابووە، بەڵام دڵنیا نین ئەمجارەیشیان هەر وا دەبێ، چونکە دۆخی سەدەی بیستو یەک تەواو جیاوازە. پشێویی لە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان دەبێ زۆر بە بایەخەوە ببینین. شۆڕشی پیشەسازیی گرفت و دۆخی وای هێنا ئارا، هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی، ئایینی و سیاسیی لەگەڵی نەدەگونجا. دەرەبەگایەتیی، موڵکایەتیی و ئایینەکان نەیانتوانی شارە پیشەسازییەکان بەڕێوەببەن. بۆیە مرۆڤایەتیی مۆدێلی نوێی بەرپا کرد، سۆشیالیزم، لیبرال دیموکرات و فاشیزمی لێ بەرهەم هات. چەندین جەنگ و شۆڕشی لە ماوەی سەدەیەکدا ویست تا هەرسێ مۆدیلەکە تاقی بکەینەوە. کارکردنی منداڵ لە کانەکانی خەڵووز، برسییەتی ئۆکراین لە ١٩٣٢ و جەنگی جیهانی یەکەم، نرخی تاقیکردنەوەی ئەو مۆدیلانە بوون


ئاستەنگەکانی بە هۆی تەکنۆلۆجیای زانیاریی و تەکنۆلۆجیای زیندەیی تووشی دەبین، گەلێک لەوانەی سەدەی نۆزدەیەم بە هۆی مەکینەی هەڵم، هێڵی شەمەندەفەر و کارەبا تووشێ بووین، قورسترن. ئێستە توانای تێکدەر و ڕووخاندنمان هێندە گەورەیە، ناکرێ مۆدیلی نوێ تاقی بکەینەوە، نەوەک پێکهەڵپرژانی لە شیوەی جەنگی جیهانیی و شۆڕشی خوێناوی، دروست ببن. شکستی مۆدیلێکی دیکە لەوانەیە جەنگی چەکی ئەتۆمیی، داڕمانی تەواوی ژینگە و دڕندەی ئەندازەی بۆماوەیی لێوە پەیدا بێ. بۆیە دەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی دانایانە تر لەوەی بەرانبەر شۆڕشی پیشەسازیی کردمان، بگرینە بەر