پێشتر لە ساڵی ١٩٥٤ گردی بانەهیلک وەک شوێنەوار دەستنیشان کراوە. ئەو کاتە پی. جەی. واتسۆن هەڵکۆڵینی تێدا کردووە و سیرامیکی ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایینی لێ دۆزراوەتەوە، واتا لە سەردەمی شارستانییەتی حەلەف (٥٧٠٠ تا ٥٣٠٠ ساڵ پ.ز)، ئەوێ نیشتەجێ بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ و لە میانی پرۆژەکانی گەڕان بە دوای نیشتەجێکانی دامێنی زاگرۆس دەست بە هەڵکۆڵینی نوێ لەو شوێنە کرایەوە
بانەهیلک دەکەوێتە ناو سۆران و نزیکەی ١٠٠ بە ١٥٠ مەتر دەبێ و ٥ مەتر بەرزە. سێ چاڵی هەڵکۆڵین لێدرا، هەر زوو دیواری بەردی گەورەی بە قوڕ هەڵچنراو دەرکەوت. شێوەی پێکهاتەکان لاکێشە بوون، بە خشتی قوڕ و بەرد دروست کراون. لە چاڵی یەکەمدا پارچەی گۆزە و دیزەی سەردەمی حەلەف، بەشێکیان ڕەنگ کراوبوون، لەگەڵ ئێسقانی ئاژەڵ، دەرهێندران. دواتر تەنیا لە قوڵایی ١٠-١٢ سانتیمەتر چینێکی ڕەش دەرکەوت. دیارە ئەو شوێنە ئاگردان بووە و ئەوەی لەوێیە خەڵووزە. دواتر دەمیکی فراوانی ٤٠ تا ٤٥ سانتیمەتر دەرکەوت، لە ناویدا تا قوڵایی ٦٢ سانتیمەتر بەتاڵ بوو، لە بنەکەیدا بەردی تەخت ڕیزکرابوو. چوواردەوری بە خشتی قوڕ گیرابوو و خشتەکانیش هەر بە قوڕ لەگەڵ یەکتریدا جووت کرابوون. ئەو چاڵە تەندوور بووە، بە ئەستووری ٣ تا ٦ سانتیمەتر لە ناوەوە قوڕێکی سوورباوی سواغ، هەیە
لە چاڵی دووەمدا شتێکی وا گرنگ دەست نەکەوتووە بەڵام لە قووڵایی ٢٤ سانتیمەتر بەردێکی کەمێک گەورە بازبە بازنە نەخش لەسەر دەرهێنرا. دواتر لە چاڵی سێیەم لە قوڵایی ٤٠ سانتیمەتر بڕێکی دیکە پاشماوەی خەڵووز دەرکەوت، لەگەڵیدا هەندێک وردە سیرامیک هەبوون. لە بەشێکی دیکەی چاڵەکەدا ئاگردانێکی شێوە خڕ دەکەوت. یان بە خشتی گەرمکراوە دروست کراوە، یانیش دوای بەکارهێنان خشتەکانی دەوری گەرم بوون و سووتاون
لەو شوێنەدا سێ چین لە وردە سیرامیکی چاخی بەردینی نوێ هەیە. خشتی قوڕ و دیواری بە بەرد هەڵچنراو واتای شوێنی ژیانە. دیارە ئەو شوێنە وەکو خانوو بەکارهاتووە. زەوی شوێنەکە کوتراو بوو، سێ پێکهاتەی قوڕی شیوە چاڵ هەبوو تا نزیکەی ٢٠ کیلۆ شت هەڵدەگرن دۆزرانەوە. ئەوانە وەکو کۆگا بەکارهاتوون و لە ناوەوە بە قوڕی لووس سواخ دراون
دەرهێنراوەکانی ساڵی ١٩٥٤ تەمەنی نیشتەجێیەکەی بۆ نێوان ٥٤٧١ تا ٥٢٠٠ دیاریکردبوو. ئەوە بۆ ساڵانی ٥٠ زۆر باش بووە. دۆزراوەکانی ساڵی ٢٠١٨ لە گردی بانەهیلک دوو دەنکە جۆی سووتاو بوو لە ئاگردانەکان دەرهێندرابوونەوە، نیشانی دەدەن تەمەنی یەکەمیان بۆ ٥٥٢٥ تا ٥٤٦٠ ساڵ بەر لە زایین، دەگەڕێتەوە. دەنکە جۆی دووەمیش بۆ نێوان ساڵی ٥٥٥٩ تا ٥٣٧٣ ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەو دوو تەمەنە نیشانی دەدەن ژیان لە گردی بانەهیلک بۆ سەردەمی حەلەف (٦٥٠٠-٥٥٠٠ ساڵ پ.ز) دەگەڕێتەوە. تۆوی هەندێک ڕووەک و بەرهەمی دیکە دۆزرانەوە بەڵام لەبەر شییبوونەوە، یان تێکچوون نەتوانرا هەموویان توێژینەوەیان بۆ بکرێ
شیکردنەوەی دۆزراوە سیرامیک و گڵسازییەکانی گردی بانەهیلک بەشێکی گرنگی مێژووی ئەو شوێنەمان پێ دەڵێ. هەندێکیان لە قوڕی زبر دروست کراون. بەشێک لەوانە ڕەنگ کراوە و نەخشیان لەسەر کراوە. هەندێکیان دەفرن، هەندێکی دیکەیان گۆزە و دیزەن. دۆزینەوەی سیرامیکی لوسکراو و دەفری بچووک نیشانەی بەکارهێنانی ئەو دەفرانەن بۆ ژیانی ڕۆژانەیان. پێدەچی گڵسازیی و نەخشی ناوچەی خابوور هاتبێتە ناو سیرامیکەکانی گردی بانەهیلک. بە شێوەیەکی گشتیی کۆمەڵە دۆزراوەکان لەگەڵ کۆتایی سەردەمی حەلەف تەریبن. هەمان جۆری سیرامیک لە چەند ناوچەیەکی دیکەی وەکو (چاگەر بازار، ئارپاچیا و یاریم تەپە) دۆزراونەتەوە، کە هەموویان بۆ سەردەمی حەلەف دەگەڕێنەوە
هەرچی دۆزراوەکانی ئاژەڵانە، نیشانی دەدەن ئەو ئاژەڵانە ماڵییکراو بوون و لەگەڵ مرۆڤەکان، ژیاون. ئێسقانی مانگا، بزن، مەڕ و بەراز دۆزرانەوە. تەمەنی هەندێک لەو ئاژەڵانە لە کاتی کوشتنەوەیان دیاریکراوە، جگە لە بەراز، هیچیان لە کاتی کوشتنەوەدا ساوا نەبوون. بزن و مەڕ هەبووە تەمەنیان لە کاتی کوشتنەوەیاندا، سەروو ٦ ساڵ بوون. هەرچی ئاژەڵی کێوییە، هەندێ پاشماوەی ئێسقانی جۆرێکی نەزانراو لە ئاسک دۆزرایەوە. پێشتر لەو ناوچەیە ئاسکە سوور هەبووە، بەڵام دڵنیا نین ئەو ئێسقانانە لە ئاسکە سوور مابنەوە. لە دۆزینەوەکانی پێشتردا ئێسقانی ڕێوی سوور، پڵنگ، گورگ، ژیشک، ورچ، هەندێ باڵندەو ماسی دۆزرانەوە. بەڵام لە گەڕانی نوێدا، هیچ لەوانە نەدۆزرانەوە
پێنچ پارچە ئێسقانی ئاژەڵ دۆزرانەوە وکو دەرزی بەکارهاتوون. ئەوانە بەڵگەن بۆ ئەوەی لەو نیشتەجێیەدا جۆرێک لە دوورمان هەبووە. شوێنەواری ڕووشان و برینداربوون لەسەریان دیارە، کە بەڵگەی بەکارهێنانیان نیشان دەدات
دۆزینەوەکانی گردی بانەهیلک وەک بەشێک لە شارستانییەتی سەردەمی حەلەف بایەخی زۆری هەیە. نیشتەجێی بانەهیلک دەیسەلمێنێ ماڵییکردنی ئاژەڵان لەو سەردەمەدا لە دەڤەری سۆران هەبووە (توێژینەوەکە هیچ ئاماژە بۆ کشتوکاڵ ناکات). هەرچەندە تەمەنی نیشتەجێیەکە زۆر درێژ نەبووە، بەڵام هەموو ئاکارەکانی کۆتایی سەردەمی حەلەفی لە خۆ گرتووە
سەرچاوە
https://journals.openedition.org/paleorient/680