بانکی جینی عێراق لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئەبوغرێب دامەزراوە. تا ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی هەموو جۆرەکانی گەنمی جیهانی تێدا هەڵگیرابوو. ساڵانە تۆوی هەمەجۆری بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانی بەرهەم دەهێنا و بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکرد. لە ٢٠٠٣ بانکەکە نموونەی ١٤٠٠ تۆوی دانەوێڵەی جۆراوجۆر و ڕووەکی پزیشکیی و ٥٠٠٠ نموونەی گەنمی تێدابوو. بە داگیرکردنی عێراق هەمووی فەوتا. هەرچەندە عێراق لە ساڵی ١٩٩٦ بەشێکی ئەو نموونانەی بۆ سوریا نارد تا لەوێ بپارێزرێن. بەڵام پێناچی دوای جەنگی سووریا، لەوێش هیچی لێ دەرچووبێ. ئەگەرێک هەیە بۆ سڤاڵبارد، نێردرابن
دوای ڕزگارکردنی عێراق لە دکتاتۆر، ئەمەریکا سەرەتا حاکمێکی میانڕەوی بۆ عێراق دانا. زۆری پێنەچوو بە پۆل بریمەر گۆڕدرا. گومان نییە لە ماوەی حوکمی بریمەردا، چەندین بڕیاری سەیروسەمەرە دراوە، هەندێکیان هیچ بنەمایەکی واقیعبینانەی نەبوو. لە چەند بوارێکدا ئەمەریکا دەستی بەسەر عێراقدا گرت و ویستی وەک ویلایەتێکی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکات
لە ماوەی حوکمیدا، بریمەر ١٠٠ فەرمانی دەرکرد، ئەو فەرمانانە وا داڕێژرابوون تەنانەت دوای پێکهێنانی حوکوومەتیش لە بەغدا، ئەو حوکوومەتە مافی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی نەبێ. ئاگادارنیم لە واقیعدا هیچ بڕیارێک بۆ پووچەڵکردنەوەیان دەرچووبێ. لە ناو ئەو ١٠٠ فەرمانەدا، فەرمانی ٨١ تایبەت بە کشتوکاڵە و دەڵێ جووتیارانی عێراق مافی هەڵگرتنی تۆوی کشتوکاڵ، دابەشکردنی، گۆڕینەوەی لەگەڵ جووتیارانی دیکەیان، نییە. فەرمانی ٨١ بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای کشتوکاڵی عێراق بوو لە ساڵی ١٩٧٠ دەرچووە و یاساکە جووتیاران سەرپشک دەکات چۆن و چەند تۆوی خۆیان بپارێزن و ساڵی داهاتوو بەکاریان بهێننەوە
دوای فەرمانی ٨١ی بریمەر، ناڕەزایی لە زۆر ڕێکخراو و وڵاتانەوە دەرکەوت، بۆیە لە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤ ئەمەریکا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە تیایدا هاتووە، کە فەرمانی ٨١ بە هەڵە لێکدراوەتەوە. بڕیارەکە مەبەستی ئەوە بووە جووتیاران نابێ تۆوی جین گۆڕدراو، کە بە ناوی کۆمانیاکانی ئەمەریکاوە (وەکو مۆنسانتۆ، سینگێنتا، بایەر و داو کێمیکەڵ) تۆمارکراون، بچێنن و تۆوی لەبەر بگرنەوە. ڕاستییەکەی فەرمانی ٨١ جەنگی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری کشتوکاڵی ئەمەریکا بوو لەگەڵ جووتیارە ڕەش و ڕووت و نەدارەکانی عێراق. خەڵکی عێراق هەر بە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان شەکەت بووبوو، مۆنسانتۆیشی هاتە سەر
دەرهاویشتەکانی فەرمانی ٨١ی بریمەر، فرەجۆریی کشتوکاڵی لە عێراق لە ناودەبرد، کشتوکاڵ بەرەو کزیی دەچوو. بەد خۆراکیی لە ئەنجامی نەبوونی کشتوکاڵی بەبەرهەم، بڵاو بووەوە. لەناوچوونی ئەزموونی چەند هەزارساڵەی کشتوکاڵ و تۆو گرتنەوە. نەمانی بژێوی ژیان و نەمانی هەست بۆ خاک. لەدەستدانی هەلی کار و بڵاوبوونەوەی بێکاریی. لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵی ٢٥٪ی منداڵانی عێراق بە شێوەیەکی ئاساییانە خۆراکییان لەبەردەست نەبووە. ٧.٧٪یشیان بەدخۆراکن
بۆ چاکسازیی لە بواری یاساکانی بازرگانیکردن و هاوردەکەردن، کە پێشتر لە بەغداوە پلانی بۆ دادەنرا و لەوێوە کۆنترۆڵی دەکرا،، ئەمەریکا گرێبەستێکی ٥ ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ئەمەریکایی بە ناوی بەدیلەکانی گەشەپێدان -واژۆ کرد، ئەوانیش بەشێک لەو گرێبەستەیان دایە کۆمپانیایەکی ئوسترالیا بە ناوی ساگریکی نێودەوڵەتیی، ئوسترالیا. ئەرکی ئەوان بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق، ئەوەبوو دەرفەتەکانی بازرگانیی و کشتوکاڵیی پەرەپێبدەن و بەو شێوەیە بازاڕ بۆ بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانی کشتوکاڵ لە دەرەوەی عێراقەوە دابین بکرێت
بەو پێیە، کاری ئاوەدانکردنەوە و دووبارە ڕێکخستنەوەی کەرتی کشتوکاڵی لە ناوخۆی عێراقدا هیچ بایەخێکی نەبووە. بەڵکو یارمەتی کۆمپانیاکانی پەسەند کراوی ئەمەریکا دەدات، بازاڕی عێراق بەرەوە سەرمایەداریی ببەن و سوود لە دەرفەتەکانی بازاڕ لە عێراق وەربگرن. ئەو چوارچێوە یاساییەی کە بریمەر دایناوە، دڵنیایی دەدات لەوەی هەرچەندە ڕەنگە سەربازانی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا عێراق بەجێبهێڵن، بەڵام هەژموونی ئەمریکا لەسەر ئابووری عێراق، بمێنێتەوە
کشتوکاڵ لە عێراق بە جۆرێک داڕما تا وایلێهات لە ساڵی ٢٠٠٥ عێراق تەنیا ٥٪ی تۆۆی کشتوکاڵی ناوخۆی دابین دەکرد. ٩٥٪ی هاوردەدەکرا و زۆربەی ئەو هاوردەکردنە لە کۆمپانیای مۆنسانتۆ و ئەوانی دیکەی ئەمەریکا بوو. هەندێ تۆوەکانی مۆنسانتۆ دوای چاندنیان هەر تۆو دروست ناکەن، تا نەتوانرێ بۆ ساڵی داهاتوو تۆوی ڕووەکێکی مۆنسانتۆ، هەڵبگیرێ. کەواتە هەتا ماوی دەبێ تۆوی مۆنسانتۆ بکڕی. هەر مۆنسانتۆ خۆی بەوە تۆمەتبارە لە دوای جەنگی ٢٠٠٣ کۆگەی جینی عێراقی تاڵان کردووە. تۆوەکانی مۆنسانتۆ پێشتر لە هیندستان تاقیکرابوونەوە و بووە هۆی خۆکوشتنی ژمارەیەکی زۆری جووتیارانی هیندستان
پۆڵ بریمەر و ڕاوێژکاری کشتوکاڵی ئەمەریکا لە عێراق (هەر خۆی سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمەریکا بوو بۆ بەرهەمهێنانی تۆوی جین گۆڕدراو) بڕیاریان دا، تەنیا ٦ جۆر تۆوی گەنم بدرێتە جووتیارانی عێراق، ٣ نموونە لەوانە تایبەت بوون بە گەنم بۆ دروستکردنی پاستای ئیتاڵی. نەدەبووە ئەو نانەی خەڵکی عێراق دەیخۆن. بەر لە ١٩٩١ ساڵانە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بایی ١ ملیار و نیوی گەنم و برنجیان بە عێراق دەفرۆشت. لەگەڵ سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بازاڕەی لەدەست چووبوو
سەرچاوە
https://grain.org/article/entries/150-iraq-s-new-patent-law-a-declaration-of-war-against-farmers
https://kitoconnell.com/2016/05/23/iraq-war-monsanto-cargill-dow-chemical-took-iraqi-agriculture/