خۆر و ئەستێرەکانی دیکە

گەلەئەستێرەکان ڕووداو و پێشهاتی وێرانکەریان تێدا ڕوودەدات. چونکە زۆر تەن هەیە لە بۆشایی گەلەئەستێرەدا بە خوولگەی جیاواز لەچاو ئەستێرەکانی دیکە دەخوولێتەوە. هەموو تەن و ئەستێرەکانیش بەهەمان خێرایی ناجوڵێن.ئەگەرچی ئەستێرەکان یەکجار زۆر لەیەک دوورن، کەچی ئەگەری نزیکبوونەوە لە یەکتری و شێواندنی یەکتریان، هەیە. تەنانەت ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمانەی هەسارەیان تێدایە، هەیە. بە تێڕوانین لە جووڵەی ئەستێرەکانی ناو گەلەئەستێرەی خۆمان، دەبینین، ئەستێرەکان هەموویان بە هەمان خێرایی، لە هەمان خوولگە یان هەمان ئاستی دەفری گەلەئەستێرە نین. بۆیە، زۆر ئەستێرە و سیستەم هەن، جووڵەیان لە چاو ئەستێرەکانی دیکە جیایە و لە ئایندەدا لەیەک نزیک دەبنەوە

 

ئەوەی لێرەدا گرنگە، سیستەمی خۆری خۆمان لەبەردەم کام ئەگەری پێکدادان و لێک نزیک بوونەوەیە؟ هەر ٥٠ هەزار ساڵ جارێک ئەگەری تێپەڕینی ئەستێرەیەک لە نزیک (لێرەدا مەبەست چەند ساڵێکی ڕووناکییە) خۆری خۆمان، هەیە. زۆربەیان بێ هیچ کاریگەرییەک تێدەپەڕن. بەڵام جاریش هەیە بە چاو دەبینرێن و هەوری ئۆرتی سیستەمی خۆر دەشێوێنن. هەوری ئۆرت هەزاران تەنی بەستەڵەکی لەخۆ گرتووە، هەرکامێکیان بەرەو زەوی بێت، مەترسییە

 

ئەستێرەی شۆڵز لە ساڵی ٢٠١٣ دۆزراوەتەوە، شۆڵز سیستەمێکی دووانەیە (دوو ئەستێرەی بچوکن و پێکەوەن، لە دەوری یەک دەخولێنەوە). بە سەرنجدان لە خوولگەی سووڕانەوەی بەدەوری گەلەئەستێرەدا، دەردەکەوێ کە بەر لە ٧٠ هەزار ساڵ لە خۆر نزیک بووەتەوە، تەنانەت بە ناو هەوری ئۆرتدا تێپەڕیوە! هەندێ لە گەردوونناسان پێیان وایە چەند تەنێکی ئۆرتی بەرەو خوولگەکانی ناوەوەی سیستەمی خۆردا ناردووە. لەبەرئەوەی شۆڵز بچووک و زۆر خێرایە، بۆیە کاریگەریی کەم بووە. بەڵام شۆڵز تاکە سیستەم نییە ئەوەندە لێمانەوە نزیک ببێتەوە، ئەگەری نزیکبوونەوەی لەو جۆرە زۆر زۆرترە لەوەی جاران دەمانزانی. بەڵکو ئەگەری نزیکبوونەوەی مەترسیدارتر لە ئایندەی نزیکدا هەیە


مانگی دەستکردی ئاژانسی بۆشاییگەری ئەوروپایی (گایا) بۆ نەخشەکێشانی ئەستێرە نزیکەکانی سیستەمی خۆر هەڵدراوەتە ئاسمان. کاری ئەو مانگە دەستکردە ئەوەیە شوێن، شێوەی جووڵە و دووری ئەستێرە نزیکەکان لە خۆرەوە، بدۆزێتەوە. لە یەک کاتدا، سەرنجی یەک ملیار ئەستێرە دەدات. لە ساڵی ٢٠١٨ تیمێکی سەر بە پەیمانگەی گەردوونناسیی ماکس پلانک لە ئەڵمانیا، داتاکانی گایایان شیکردەوە، ئەوەیان لێوە هەڵێنجاوە، تەنیا لە ماوەی ١٥ ملیۆن ساڵی داهاتوودا، نزیکەی ٧٠٠ ئەستێرە هەیە تا ١٥ ساڵی ڕووناکیی لە خۆر، نزیک دەبنەوە. تیمەکە پێیان وایە هەر ملیۆنێک ساڵ جارێک، ٢٠ ئەستێرە تا چەند ساڵێکی ڕووناکیی لێمانەوە نزیک دەبنەوە. کاریگەریی زۆربەیان کەم دەبێت، بەڵام هەیانە هێندە لە هەوری ئۆرت نزیک دەبێتەوە، هاوسەنگی تەنەکانی ئۆرت دەشێوێنێ و لەوانەیە تەنە گەورەکانیشمان بۆ بنێرێت

 

دوور یان نزیک، ئەگەر ئەستێرەیەکی گەورە و خێرایی کەم لە هەوری ئۆرت نزیک ببێتەوە، لەوانەیە ڕوداوی کارەساتبار بۆ زەوی بهێنێت. هەموو سیستەمی خۆر دەهەژێنێت. زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەردەنەیزانەی بەر زەوی کەوتوون هەر لە هەوری ئۆرتەوە هاتوون و هەر لەوێیشەوە بەردەوام دێن. داتاکانی گایا دەڵین دوای ملیۆن و چوارسەد هەزار ساڵ، ئەستێرەی گلییس ٧١٠ تا ١٠ هەزار یەکەی گەردوونی (تێکڕای دوورێ نێوان زەوی و خۆر –نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کیلۆمەتر) لێمانەوە نزیک دەکەوێتەوە. واتا لە دیوی دەرەوەی هەوری ئۆرت زۆر نزیک دەبێت

 

گلییس ٧١٠، نیوەی بارستایی خۆری هەیە و زۆریش لە شۆڵز گەورەترە (شۆڵز تەنیا ١٥٪ی بارستایی خۆری هەیە). ئەگەر گلییس گەیشتە نزیکترین خاڵ لە زەویەوە، دەبێتە گەشترین ئەستێرەی ئاسمان، بە ڕەنگێکی پرتەقاڵی لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە. هێندە گەش دەبێت هەموو کەس بە چاو دەیبینێت. نزیک بوونەوەی گلییس ٧١٠ زۆرترین مەترسییە تا ئێستە زانایان دەستنیشانییان کردبێت. هەرچەندە هەسارەکانی ناوەوەی سیستەمی خۆر بچووکن، ئەگەری کەوتنەوەی بەردەنەیزەکەکان زۆر کەمە، بەڵام ئەگەرێکی مەترسییدارە و دەبێ لەبەر چاو بگیرێ. جارێ ڕووداوەکە خۆی سەروو ملیۆن ساڵی ماوە ڕووبدات، تەنەکانیش ئەوەندەی دیکەیان دەوێ تا دەگەنە خوولگەکانی ناوەوەی سیستەمی خۆر. بۆیە با جاری دڵە ڕاوکێ نەتانگرێ

 

لەویش دڵخۆشکەرتر ئەوەیە، تا ئەو کاتە توانا زانستیی و زانیارییەکانی مرۆڤ هێندە گەورە و زۆر دەبێ، دەکرێ زۆر بە ئاسانی ئەو جۆرە مەترسییانە لە زەوی دووربخرێتەوە. لەوانەیە تا ئەو کاتە مرۆڤ هەموو سیستەمی خۆری تەنیبێتەوە، خۆی بۆ هەموو ئەگەرێکی لەو جۆرەیش ئامادە کردبێت