چۆن شیردەرەکان بوونە بوونەوەری پلە یەک

بەپێی زانست بێ، ئەوانەی بە شیردەرەکان دەناسرێن و پۆلێن کراون تەنیا دوای قڕبوونی داینەسۆرەکان بەر لە ٦٥ ملیۆن ساڵ، دەرکەوتوون و بەرەبەرە توانیویانە باڵادەستیی وەرگرن. لەبەر بچووکی قەبارەیان توانییان دوای بەرکەوتنی بەردەنەیزەکەکەی داینەسۆرەکانی لەناو برد، بمێننەوە، کەچی هەر تەنیا ٧٪ی ئەو جۆرە شیردەرانەی ئەو کاتە لە قڕبوونی یەکجارەکی، ڕزگاریان بوو، ئەوانیش کێشیان لە نیو کیلۆ، کەمتر بووە

 

شیردەرەکان وەکو خێزان و جۆر، ١٥٠ ملیۆن ساڵ بەر لەوە دەرکەوتبوون، بەڵام لە پلەکانی ژێرەوەی دەسەڵات بوون. لە ساڵی ٢٠٠١ زانایان دۆزینەوەیەکی گیانەوەرێکی بچووکی بە تووکی بە بەردبووی، کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە چین دۆزرابووەوە، ڕاگەیاند و وەک خزمێکی شیردەرەکانی ئێستەیان لەقەڵەم دا. ئەو گیانەوەرە بچووکە ١٩٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، واتا لە سەرەتای چاخی جوراسیدا، ژیاوە. دۆزینەوەی ئەو گیانەوەرە، دەرکەوتن و ژیانی شیردەرەکانی ٤٠ ملیۆن ساڵ بردەوە دواوە

 

یەکەمین شیردەرەکانی سەر ڕووی زەوی گیانداری بچووکی مێرووخۆر بوون و زیاتر شەوانە ڕاویان کردووە. نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەرکەوتوون. تووکیان بۆ پەیدا بوو، پلەی گەرمی لەشیان جێگیر کرد و بە هاتووچووی خوێن لە لەشدا،  پاراستیان. قەبارەیان لە نێوان مێشەنگوینی تووکدار تا سمۆرەیەک گەورەتر نەبووە و هەردەم خۆیان لە داینەسۆرەکان بەدوور گرتووە. شیردەرەکان قەفەسی سنگیان دەکەوێتە ژێر لەشیان، مێشکان کەمێک گەورە بووە، پێکهاتەی ئاڵۆز لە لەشیاندا هەیە، ڕژێنەری شیریان هەیە و دەمیان چەند جۆرێک ددانی تێدایە (بڕەر و خرێنە). ٢٠٠ هەزار ساڵ دوای نەمانی داینەسۆرەکان توانیان بە ڕۆژ لە کونەکانیان بێنە دەر و ڕاو بکەن

 

هۆکاری دەرکەوتنی شیردەرەکان ئەوە بووە داینەسۆرەکان هێلکەکانی گیانلەبەرەکانی دیکەیان دەخوارد. لەبەر گەورەیی داینەسۆرەکان، هیچ ئاژەڵیک خۆی لە قەرەیان نەدەدا. بۆیە سروشت لە هێلکە دانان بەرەو هەڵبژاردنێکی دیکە چوو، ئەویش وەچە نانەوەیە و بە شیر گەورەبکرێ. ئاوا شیردەرەکان توانییان وەچەکانیان باشتر بپارێزن و بشارنەوە

 

 سێ جۆری سەرەکی لەو شیردەرانە تا ئێستە ماون (گیاندارە لووت درێژەکان، تەنیا لە ئوسترالیا و نیوگینیا هەن، هێلکە دەکەن بەڵام وەچە بە شیر گەورەدەکەن. کەنگەر و شیردەرەکانی دیکە کە بەچکەیان لە ناو توورەکەیەکی سکیاندا هەڵدەگرن. ئینجا ئەوانەی بەچکەکانیان لە ناو سکیاندا بۆ ماوەیەکی درێژ هەڵدەگرن و لە دایک دەبن). پاش نەمانی داینەسۆرەکان، ژمارە و جۆری شیردەرەکان یەکجار زۆر بوون. تەنیا لە ١٠ ملیۆن ساڵدا، ١٣٠ هێڵی گیاندارانی خزم بەیەک دەرکەوتن و ٤٠٠٠ جۆریان لێ پەیدا بوو، لەوانە نەهەنگ، شەمشەمەکوێرە و قرتێنەرەکان. ئەو جۆرە زۆربوونە لە ناکاوە لە زیندەوەرزانی پێی دەڵێن تیشکی خۆگونجاندن

 

ئەو دیاردەیە کاتێک ڕوودەدات ئەگەر بەربەستێک لەبەردەم زۆربوون و بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە ژینگەیەکدا، نامێنێ. داینەسۆرەکان بۆ شیردەرەکان ئەو بەربەستە بوون. جیهان و ژینگەی دوای داینەسۆرەکان گەلێک لەوەی سەردەمی ئەوان جیاواز بوو، خواردن و ژینگەی نوێ هاتبووە پێش. تەنیا لە ماوەی ٣٠٠ هەزار ساڵدا، کێشی شیردەرەکان گەیشتە ١٥ کیلۆ. لەو سەردەمەدا بوو ڕووەکەکان گوڵیان بۆ پەیدابوو. ئەوان بوونە خواردنی مێرووەکان و زۆربوون، مێرووەکانیش لەگەڵ تووەکان و میوەکان، بوونە خواردنی شیردەرەکان

 

٢٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، کیشوەرەکان لەیەک جیابوونەوە. لەگەڵیاندا هەندێ لەو شیردەرانەی دەرکەوتبوون جیابوونەوە و پێوەندییان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پچڕا. لە هەندێ شوێن دایک توورەکەی بۆ وەچەی پەیدابوو وەکو کەنگەر، لە هەندێ شوێنی دیکە دایک لە ناو سکی خۆی بۆ ماوەیەکی درێژ، وەچەی هەڵگرت. تا ئێستە هەر ئەو دوو شیوازەی وەچە نانەوە لە ناو شیردەرەکان باوە و ماوە

 

بەر لە ٥٦ ملیۆن ساڵ، لە ناکاو زەوی گەرم داهات و تینی هەتاو هێندە زۆر بوو کەم گیانەوەر لەبەری دەحەوایەوە. ئەوەیان وەک ڕووداوەکەی ٦٥ ملیۆن ساڵ نەبوو، بۆیە گەلێک لە شیردەرەکان مانەوە. بەڵام ڕووداوەکە وایکرد بەشێکی زۆر لە شیردەرەکان بەرەو ناوچە ساردەکانی دوور لە هێڵی کەمەر کۆچ بکەن و خۆیان بۆ ژینگەی نوێ بگونجێنن. ئەوەبوو، بۆ خۆگرتن بە دارودەوەن، نینۆک لە چوار پەلەکاندا دەرکەوتن. میشک گەورەبوو. بۆ ئەوەی بتوانن ڕابکەن، جومگەکان و پەنجەکانی پێ، گۆڕان

 

جۆرێکی نوێی دار و دارستان دەرکەوتن و بوونە نشینگەی هەندێک جۆری شیردەرەکان کە بەر لە ٥٠ ملیۆن ساڵ دەرکەوتبوون. دوای ٤٥ ملیۆن ساڵێش، بوونەوەرە قیتەکان (دووقاچەکان) دەرکەوتن، لە ناویاندا مرۆڤی کۆن

 

سەرچاوە

https://www.pbs.org/wgbh/evolution/library/03/1/l_031_01.html#:~:text=In%20the%20early%20Cenozoic%20era,evolved%2C%20encompassing%20some%204%2C000%20species.

https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC7645244/