شەراب لە ئیسلامدا

خواردنەوەی شەراب لە ئیسلامدا کۆتایی پێهاتووە و بۆ هەموو موسوڵمانێک قەدەغەیە. نووسەری یەمەنی علی المقری لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا لەو بابەتەی کۆڵیوەتەوە و کتێبێکی نوێی بڵاوکردەوە بە ناوی (الخمر والنبيذ في الإسلام) تێیدا لە مێژووی شەراب لە ئایینەکانی ئیبراهیم دەکۆڵێتەوە، لێرەدا بە کورتی دەیخەینە بەر دەستتان.


وشەی خمر لە عەرەبیدا بە ئاوی ترێ دەگوترێ کە سەرخۆشت بکا. خمر بە واتای ترێیش هەر دێ. ئیبن ئەعرابی دەڵێ "ناوی خمر لەوەوە هاتووە ئەگەر ترێ بەجیبێڵی دەبێتە خمر (واتا شەراب). ئەوەی خمر دەخواتەوە بە سێ قۆناغدا دەڕوات: کەیف سازیی، سەر مەستیی و سەرخۆشیی. هەرچی ابن منظورە دەڵێ "شتێکی نەفرەت لێکراوە" مەبەستی هەر شتێک لە ترێ، خورما و مێوژ، بەجێی بێڵی و بترشی و ببێتە سەرخۆشکەر.


شەراب لە سەردەمی فیرعەونەکان و جوولەکەکانیشدا بە هێمای لاویەتیی و نەمریی تێی ڕوانراوە. سەرکردە کۆنەکانی ئەو کات هەموویان شەرابیان خواردووەتەوە، نموونە داود و ئەیوبە. لە تەوراتدا چیرۆکی هەندێ خوان هاتووە تێیدا شەراب هەبووە. بەڵام ڕێی نەداوە لە پەرستگەکاندا بخورێتەوە. لە مەسیحییەتیشدا، یەکەم پەرچووی (معجزە) مەسیحیش گۆڕینی ئاو بۆ شەراب بوو. کڕین و فرۆشتنی شەراب لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، یەمەن، شام و عێراق لە لایەن جوولەکەکان و مەسیحییەکان هەبووە و شەراب خوراوەتەوە.


بە پێی مێژوونووسی عێراقی جواد علی لە کتێبی (المفصل في تاريخ العرب قبل الإسلام) باسی دێری مەسیحییەکان دەکات، دەنووسێ ئەوان شوێنی خواردنەوەی شەرابیان هەبووە و عەرەبەکانیش سەردانیان کردووە. لە بەناوبانگترین دێرەکان دێری هند بنت النعمان ابن المنذر، ئەو کات لاوانی کوفە دەچوونە ئەوێ بۆ کات بەسەربردن و خواردنەوە.


بە پێی هەندێ سەرچاوەی مێژوویی، چاندنی ترێ لە سەدەی چوارەم لە شامەوە گەیشتووەتە حیجاز. ئیدی بە باخچەکانی یەمەن، تائیف، یەسریب و دۆڵی لادێکان (وادي القری) بڵاوبووەتەوە، دار مێو بە باڵای دار خورمادا سەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا عەرەب شەرابیان هەر هاوردە کردووە. عمرو بن کلثوم لە هۆنراوەیەکیدا باسی شەرابی ئەندەرین دەکات، ئەوکات ئەندەرین شارێکی سوریا بووە. بە شەرابی باش بەناوبانگ بووە. بەڵام هێشتا کەسایەتیی عەرەب هەبووە هەرگیز شەرابی نەخواردووەتەوە وەکو عثمان بن عفان، وأمية بن أبي الصلت، وورقة بن نوفل والوليد بن المغيرة.


لە کتێبێکی دیکەیدا بە ناوی (من قاموس التراث) هادی علوی دەڵێ "موسەڵمانەکان وەک کافرەکان شەرابیان دەخواردەوە، دوای کۆچ بۆ مەدینە، تا چەند ساڵێك هەر وابوون". جواد علی لە کتێبی (تاريخ العرب في الإسلام) نووسیویەتی "شەراب بازرگانی پێوە کراوە و خواردراوەتەوە، دەوڵەمەندەکان لە بۆنە و ئاهەنگە کۆمەڵایەتییەکانیان دەیانخواردەوە". بخاری لە زمانی عائشەوە نووسیویەتی ئەگەر ئیسلام لەگەڵ هاتنی شەرابی قەدەغە کردبا دەیانگوت "هەرگیز ڕێ بە شەراب خواردنەوە نادەین".


ابن هشام لە کتێبی السيرة (بەشی ١)، هەواڵێک دەگێڕێتەوە هەندێک رەتیان کردووەتەوە راست بێ، تیایدا دەڵێ خویلد لە بەر هەژاری و بێ کەسیی پەیامبەر، ڕازی نەبوو خدیجەی کچی بداتێ. بۆیە خدیجە خوانێکی ئامادەکرد و خەڵکی بانگ کرد، بابی سەرخۆش بوو، ئینجا خدیجە بە بابی گوت "محمد کوڕی عبداللە داوام دەکا، بمدەیە". پاشان ویستی لە قسەی خۆی پەشیمان بێتەوە، خدیجە پێی گوتووە شەرمە لە قسەی خۆت پەشیمان بیەوە، دەبی بە گاڵتەجاڕی قریش، بۆیە رازی بوو.


تەنانەت لە قورئاندا لە سورەتی نحل ئایەتی ٦٨ باسی سەرچاوەکانی شەراب کراوە و قەدەغەی نەکردووە. لەویش زۆرتر، بەڵێنی شەرابی لە بەهەشتیش داوە. دوای ئەوە ئایەتێکی دیکە هاتووەتە خوار باسی خراپی و باشیی شەراب دەکا، بەڵام قەدەغەی ناکا. ئینجا ئەو ئایەتەی دەڵێ بە سەرخۆشیی مەچنە نوێژ. تا دوای ئەوەیش هەندێ کەس لە کاتەکانی نوێژ نەیاندەخواردەوە. پاشان چەند ڕووداوێک ڕوویانداوە کاریگەری سیاسیی بە دواوە دەهات، وەکو ئەوەی هادی علوی باسی رووداوێک دەکات تێیدا هەردوو هۆزی ئەوس و خەزرەج دوای خواردنەوەی زۆری شەراب سەرخۆش دەبن و خەریک بووە بەشەڕ بێنەوە. ئینجا دوو ئایەتی ٩٠ و ٩١ لە سورەتی مائیدە بۆ قەدەغە کردنی شەراب هاتوونەتە خوار.


هەرچەندە بە پێی ڕای هادی علوی بێ، هەردوو ئایەت باسی حەرامکردنی شەراب ناکەن، بەڵکو بە باشی دەزانێ لێی دوورکەونەوە. چونکە هەموو حەرامەکانی دیکە لە قورئاندا زۆر بە ڕوونی وشەی حەرامی بەکارهێناوە، وەک حەرامکردنی گۆشتی بەراز و حەرامکردنی هاوسەرگیریی مەحرەم. بەڵام دیارە هەندێ پیاوی ئایینی لەبەر هۆی کەسیی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی هەموو توانایەکیان بۆ دژایەتیکردنی خواردنەوەی شەراب وەگەڕ خستووە. مقری لە کتێبەکەیدا (الخمر والنبيذ في الإسلام) دەڵی خواردنەوەی شەراب بۆ موسەڵمانانیش دوای ئەو دوو ئایەتە هەر هەبووە، هەندێک لەوانە والی بوون، وەکو عمر بن خطاب، قدامة بن مظعون والي البحرين والنعمان بن نضلة والي ميسان.


ڕەوتی توندڕەوی دژی شەراب بە ڕای هادی علوی بۆ زانا ئایینەکانی چەندین ساڵ دوای ئەو دوو ئایەتە دێ، ئەو توندڕەویەیش بە ڕای ئەو، بە کامڵ بوونی ئەقڵییەتی ئاینییە لەسەر حسابی هۆشی شارستانیی ئیسلام.