ئەشکەوتی دوودەری (بە عەرەبی ناویانناوە غارة الدودرية) واتا دوودەرگا، دەکەوێتە باکووری دیمەشق و ٤٠٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. دوو دەرگەی چوونە ژوورەوەی هەیە بۆیە لە کوردیدا بە دوو دەر ناونراوە، ئاشکرایە عەرەبیەکە هەر لەو ناوە کوردیەیەوە وەرگیراوە. لە بەرزایی ٤٥٠ مەتری چیای سەمعانە و دەڕوانێتە سەر دۆڵی دوودەری. ناو ئەشکەوتەکە ١٥ مەتر پانە، ٨ مەتر بەرزە و ٥٠ مەتریش درێژە. لە دوو وەرزی گەڕانی ١٩٨٩ و ١٩٩٠ چاڵێک بۆ پشکنینی سەرەتایی لێدرا و دەرکەوت ژیانی تێدا هەبووە. هەر ئەوکاتە چەند ئێسقانێکی مرۆڤی نیاندرتاڵ دۆزرایەوە. بۆیە گەڕانی چڕ لە ساڵی ١٩٩٣ دەستیپێکرد
لە گەڕانی سالی ١٩٩٣، لە پشتەوەی ئەشکەوتەکە پەیکەری منداڵە ساوایەکی نیاندرتاڵێکی سەردەمی ماوستریان نێژراو دۆزرایەوە (ماوستریان واتا نێوان ٨٠ هەزار تا ٣٥ هەزار ساڵ بەر لە زایین)، ناونرا نێژراوەی ١. شوێن و دابەشبوونی ئێسقانەکان بە وردی تۆمارکرا و نەخشەی بۆ کێشرایەوە. لە کاتی مردنیدا، منداڵەکە تەمەنی ٢ ساڵ بووە و لە قووڵایی مەتر و نیوێک دەرهێندرایەوە. کەللەسەرەکەی زۆر باش مابوو، زۆربەی ئیسقانەکانی دیکەیشی لە شوێنی خۆیان مابوون. چاڵێکی گەورەی ٢ مەتر و نیو تیرە بە ١ مەتر قووڵ پڕ بوو لە پارچە شکاوی گلسازیی وردە بەردی ئامرازە بەردەکان و ئامرازەکان خۆیان، دۆزرایەوە. بنی ئەو چاڵە زەوییەکی ڕەق بوو. ئەو پاشماوانە لە چاو نیاندرتاڵەکە، نوێ بوون و بۆ سەردەمی ئارامییەکان لە نێوان ٧٠٠٠ تا ٦٠٠٠ سال بەر لە زایین، دەگەڕانەوە
لە نێوان ١٩٩٧ و ١٩٩٨دا وەرزی دیکەی گەڕان بەڕێوەچوو و زۆرتر بایەخی بە پشتەوەی ئەشکەوتەکە دا و زەویەکەی بۆ ٢٠ چوارگۆشەی ٢ بە ٢ مەتر دابەشکرا. بەپێی جۆرەکانی گڵ و پاشماوەکان، چینەکانی گڵ بۆ ١٥ چینی جیۆلۆجی لە سەرەوە بۆ خوارەوە، دابەشکران. دەتوانین بڵێین هەموو چینەکان پاشماوەیەکی دەوڵەمەندی ژیانی سەردەمی ماوستریانی تێدابوو. چینی ١ پەیکەرەکەی تێدا دۆزرایەوە. لە چینی ٣دا لە قووڵایی ٥٠ سانتیمەتر، پەیکەرێکی دیکەی نیاندرتاڵی ماوستیریان، دۆزرایەوە ناویان نا نێژراوەی ٢. وا دیارە چینی ٣ لە ناوەڕاستی قۆناغەکانی ماوستریان دروستبووە و کۆبووەتەوە، لەوێدا چەند ئاگردانێک بە تیرەی ٣٠ تا ٤٠ سانتیمەتر دۆزرانەوە. لە دەوری ئەو ئاگردانانە پاشماوەی خۆڵەمێش، ئێسقانی سووتاو و داری سووتاو هەبوو، زۆربەیان داری هەکبێری بوون (هەکبێری-جۆرە توویەکە ناوە کوردییەکەیم نەدۆزییەوە)
دۆزراوەکەی ١٩٩٨ هەموو پەیکەرەکەی ئەو مرۆڤە نەبوو، لە چاڵێکی ٧٠ بە ٥٠ سانتیمەتر و ٢٥ سانتیمەتر قووڵ نێژرابوو. چاڵەکە لە بنی چینی ٣ بووە. چینی سێ پاشماوەی ڕەنگ بۆر، ڕەش، سپی و رەساسی تێدایە. ئەو گڵەی بەسەریدا کرابوو ١٤ ئامرازی بەردی ماوستریان، ١٠٠ وردە پارچەی ئامرازی دیکەی بەرد، بڕێکی زۆری وردە ئیسقانی ئاژەڵ و چەند قاوغێکی کیسەڵی تێدابوو. لەوەدەچی ئەو ئامراز و بابەتانەی بە تایبەتی لەگەڵ داندرابێ. هەرچەندە هەموو ئێسقانەکان لە شوێنی خۆیان نەبوون بەڵام هەموویان ئێسقانی یەک مرۆڤ بوون چونکە هیچ ئێسقانێک نەکەوتبووە سەر یەکێکی دیکە، بۆیە لەوەدەچی ئەو کەسە نێژرابێ. دەشبێ کەمێک بە ئاژەڵانی دیکەی هاتوونەتە ناو ئەو ئەشکەوتە، تێکچووبن
کەللەسەری نێژراوەی ٢ تاڕاددەیەکی زۆر هەموو بەشەکانی مابوو. شەویلاگی خوارەوەی، جگە لە دوو کەڵبەکان زۆربەی ددانەکانی لەسەر بوون، وەکو خۆیان مابوونەوە، هەر لە نزیک ئەوان دوو ددانی شیریی سەرەوە دۆزرانەوە. لەبەر بچووکیی و شیواوی ئێسقانەکانی شانەی پێیەکان، نەمانتوانی ئەوان وەکو خۆی دروست بکەینەوە. هەرچی ئێسقانەکانی پشت و قەفەسی سنگە، زۆربەیان شیی بوونەتەوە. جگە لە شانەکانی دەست، شتێکی وا لە ئێسقانەکانی شان و دەست نەماون. بەڵام هەندێ ئێسقانی ڕان و شانەی پێیەکان مابوون. بە پێێ دروستبوونی چینی ددانەکان و بەراورد لەگەڵ دۆزراوەی دیکە لە ئەوروپا، ئینجا نەلکانی هەندێک ئێسقانی لەش پێکەوە، دەردەکەوێ تەمەنی ئەو ساوایە لە نێوان ١ ساڵ ٨ مانگ تا ٢ ساڵ و نیو بووە. شیوەی ئێسقانەکانی دەموچاو و پێکهاتەی کەللەسەرەکەی، ئاکاری نیاندرتاڵی هەیە و تەواو لە نێژراوەی ژمارە ١ دەچێ
هەردوو چینی ٣ و ١ هەردوو پەیکەرە ئیسقانەکانی تێدا دۆزراونەتەوە، زۆر ئامرازی بەردی بڕین و لەتکردنی کاری ژیانی ڕۆژانەی تیدا بوو، هەموویان لە جۆری لێڤالۆیس بوون (لێڤالۆیس تەکنیکی دروستکرانی ئامرازی بەردی تیژە، شێوەیان سێگۆشەیە و تەنکە، مرۆڤ لە نێوان ٢٥٠ هەزار تا ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر بەکاریهێناوە)، زۆربەی ئامرازە دۆزراوەکان درێژکۆلەن. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە هەردوو چیندا ئامرازەکانی داماڵین لەو پارچە شکاوانەی دروستکردنی بڕەرەکانی لیڤالۆیس، دروستکراون. ئەوانیش بە پیێ شێوەی لا تیژەکەیان بۆ دوو بەش دابەشکراون. هەیانە لایەکی قۆقزە و هەیانە لایەکی قووڵە و جێگەی شکان و چاککردنەوەیان پێوە دیارە، ئەوانەی لایەکیان قوولە ئەوانەن بەشە بڕەرەکەیان لێکراوەتەوە
لە چینەکانی ١٥ تا ١٢ زۆربەی ئەو ئێسقانانەی ئاژەڵان یان مەڕی کێوین، یانیش ئێسقانی بزنە کێوین. هەرچەندە لە چینەکانی نێوان١١ بۆ ٧ ئەو دوو جۆرە ٨٠٪ ئێسقانەکانن، بەڵام بەرە بەرە ئێسقانی ئاژەڵانی ناوچەی گەرم وەکو ئاسک، ئاسکە سوور، کەرکەدەن، کەر، ئاسکە نێرەی دارستان، ئاسکی خاڵ خاڵی میسۆپۆتامیا، بەرازی کێوی و گا، زۆردەبن. لە چینەکانی سەرەوەتری ٦ تا ٣ ئێسقانی ئاسکەکان نزیکەی ٣٠٪ی پاشماوەکانی ئاژەلانی ناوچەی گەرم لە چینی یەکەم دەبێتە ٥٣٪. بەڵام لە چینی ١، ئێسقانی بزن و مەڕی کێوی تەواو زۆرینە و دەبنە ٨٠٪. لەگەڵ سەرکەوتن بۆ چینەکان ئاژەڵانی ناوجەی گەرم زۆرتر دەبن، واتا پلەکانی گەرما بەرەو سەروو چوون و کەشوهەوا بەرەو گەرمیی بووە
سەرچاوە
https://www.researchgate.net/publication/251028760
دەمێکە دەمزانی مرۆڤی دێرین، بە نیاندرتاڵیشەوە لە چیاکانی زاگرۆس لە دێر زەمانەوە هەبوون. ئەوە یەکەمجارم بوو بزانم نیاندرتاڵ لە ڕۆژئاوای کوردستانیش هەبووە و ژیاوە. بۆیە هەر زوو ئامادەم کرد، تا ئێوەشی لێ ئاگەدار بن